دووشەممە, 25 ماي 2020 – 08:16 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، “پەیمانی هاوکاریی و ئاسایشی سنووری” واژۆکردبوو، هەر ئەو ساڵە هێرشەکانی بۆسەر باشوری کوردستان دەستپێکرد.
یەکەم هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی باشوری کوردستان، کە ٢٥ی گوڵانی ١٩٨٣ بە بەشداریی هەزاران سەرباز ئەنجامدرا، لەلایەن کوردانی ئەوروپاوە بە ڕێپێوان و خۆپیشاندان شەرمەزارکرا.
لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، هەموو کورد، گەلانی تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین، چالاکیی شەرمەزارکردنیان بەڕێوەبرد، ڕێپێوانەکە لە ١ی حوزەیرانی ١٩٨٣ بەڕێوەچوو و برایە بەردەم باڵیۆزخانەی دەوڵەتی تورک و عێراق و دروشم دژی داگیرکاریی تورک و هاوکاریی ڕژێمی بەعسی عێراق لەگەڵیدا، بەرزکارایەوە.
هێرشەکەی دەوڵەتی تورک ئەوکاتە لە میدیا جیهانییەکان دەنگێکی زۆری دایەوە و جێگەیەکی فراوانی پێدرا، زۆرێک لە ڕۆژنامە بیانییەکان، هێرشەکەیان کردە مانشێت و بە سەرناوگەلێکی وەک؛ “هێرشەکان دژبە کورد سنوورەکانی عێراقی تێپەڕاند”، “نەتەوەی بێ دەوڵەت”، “بەغدا و تورکیا پێکەوە دژی کورد”، “هێرشی کراوەی یەکینەکانی تورک دژی گەریلاکانی کورد” و … بڵاویان کردەوە.
ڕۆژنامەی Reinicshe Post، ڕۆژی ٢٨ی گوڵان، بە مانشێتی “تورک لە ٪ دەچێتە ناو عێراقەوە”، هەواڵەکەی بڵاوکردەوە.
ڕۆژی ٣ی حوزێرانی هەمان ساڵ، ڕۆژنامەی Die Tat، بە مانشێتی “جموجوڵ و هێرش دژی کورد، سنووری عێراقی بەزاند”، بڵاو کرایەوە.
ڕۆژنامەی Frankfurter Rundchau، ٢٨ی گولانی ١٩٨٣، لەسەر هێرشەکە، سەرناوی؛ “شەڕ لە سنووری تورکیا-عێراق”، “هیرشی کراوەی یەکینەکانی تورک دژی گەریلاکانی کورد”ی بەکارهێنا، ڕۆژی ٣٠ی گوڵانیش هێرشەکەی وەک؛ “بەردەوامکردنی کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا دژی کوردەکان” بینیوە و بە سەرناوی “کۆمەڵکوژکردنی کوردەکان بەردەوامە”، بڵاوبووەتەوە.
هەر ئەوکاتانە ڕۆژنامەی Die Tageszeitung، بە هەواڵی؛ “فشار دەگاتە لوتکەیەکی دیکەی نوێ”، سەرنجی ڕاکێشابووە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.
هەروەها News Statesmanی بەریتانیش لە هەواڵێکی خۆیدا، لەسەر بابەتەکە وەها شرۆڤەی کردبوو، “ئەم هێرشە، ساڵێک لەمەوبەر، لە نێوان کاربەدەستانی تورک وئەمریکا باسی لەسەر کراوە”.
ک.س