مێژووی شەڕی ناوخۆ و دەستی وڵاتان تێیدا

لەساڵی ١٩٧٨وە شەڕی چەکداریی لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا (شەڕی براکوژی) دەستی پێکردووە، تێیدا بە هەزاران پێشمەرگە و لایەنگری لایەنەکان کوژراون و کەمئەندام بوون و هەزاران کەسیش کۆچبەربوون، بەپێی وتەی شارەزایانی مێژوو، هەموو شەڕەکانی براکوژی بە پیلان و پشتیوانی داگیرکەرانی کوردستان ( عێراق- تورکیا- ئێران) کراوە.


یەکەم شەڕی براکوژی

یەکەمین شەڕی براکوژی، لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بووە، لە ساڵی ١٩٧٨ دا، کە یەکێتییەکان بە کارەساتی )هەکاریی( ناوی دەبەن، بەر لەم شەڕە و بەر لە ئاشبەتاڵی شۆرشی کوردی لەلایەن مەلامستەفای بارزانییەوە، لە گۆڕەپانی سیاسی باشوری کوردستاندا حزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق هەبوون، ئەم دوو حزبە، چەندین جار لایەنگر و ئەندامانی یەکیان گرتووە و ئەشکەنجەیان داون، بەڵام ململانێکانیان نەگەشتووەتە ئاستی پێکدادانی چەکداریی.

لەدوای ئەوەی ئێران و عێراق پەیماننامەنی جەزائیر مۆردەکەن لەساڵی ١٩٧٥دا، مەلا مستەفای بارزانی، ئاشبەتاڵ ڕادەگەیەنێت و کۆتایی بە شۆڕشەکەی دەهێنێت، دوای ساڵێک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دادەمەزرێت و دەست بە تێکۆشانی سەربازی و سیاسی دەکەن لە چیا و گوندەکانی کوردستان، لەدوای دامەزراندنی یەکێتی، ئیدریس بارزانی کوڕی مەلا مستەفای بارزانی، دەست بە ڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەی پێشمەرگەکانی پارتی دەکاتەو و سەرکردایەتییەک بۆ پارتی بەناوی سەرکردایەتی کاتی( قيادة مؤقت) دادەمەزرێنێت، لەدوای ئەوەی کە هێز پەیدا دەکەن ناکۆکییان لەگەڵ یەکێتی زیاد دەکات.

لە هاوینی ساڵی ١٩٧٨ یەکێتی دەیەوێت هێزەکانی بباتە ناوچەی برادۆست، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە هێرشێکی ڕژێمی بەعس بکات بۆ ئەو ناوچەیە، هەروەها دەیەوێت، سود لە سنورەکانی ئێران و تورکیا وەربگرێت، دەشیەوێت، کە ڕێگا لە فراوانبوونی دەسەڵاتی سەرکردایەتی کاتی بگرێت، بەڵام بە پیلانی سەرکردایەتی کاتی پارتی و بە هاوکاری میتی تورک و دەزگای سیخوڕی عێراق، هێزەکانی یەکێتی کە ژمارەیان زیاتر لە ٧٠٠ پێشمەرگە دەبێت، ئاڕاستە دەکرێت بۆ باکوریی کوردستان، بە هاندانی میتی تورک، لەلایەن هێزەی عەشایەرە کوردییەکانی باکوری کوردستانەوە لێیان دەدرێت و هێزەکانی یەکێتی پەرتەوازە دەبن، پاشان لەلایەن هێزی سەرکردایەتی کاتی پارتییەوە پەلامار دەدرێن و هەموو هێزەکەی یەکێتی دەکوژن.

شەڕەکانی دوای ١٩٨٠

لەدوای شەڕی (هەکاریی) چەندین شەڕی بچوک لەنێوان ( یەکێتی و پارتی و سۆسیالست و پاسۆک و شیوعی) ڕویداوە، چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی یەکتر و ئەندامانی یەکتریان کوشتووە.

لە ساڵی ١٩٨٠، دوو بەرە لە نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست دەبێت، بەرەی نیشتیمانی ‌و نەتەوەیی دیموكراسی عێراق – جوقد، کەپێک هاتبوون لەهەریەكە لە یەكێتی نیشتیمانی کوردستان ‌و  حیزبی سۆسیالستی كوردستان- حیسك‌ و هەرێمی سەركردایەتی حیزبی بەعس ‌و بزوتنەوەی سۆسیالستی عەرەبی‌ و حیزبی شیوعی عێراقی ، لە بەرەی جوقد-دا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باڵادەست بوو.

بەرەی دووەم ناوی بەرەی نیشتیمانی دیموكراسی عێراق- جود بوو، کە پێک هاتبوو لە (پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، حزبی سۆسیالستی کوردستان، حزبی شیوعی، پارتی سۆسیالستی کورد-پاسۆك)، لەم بەرەیەشدا پارتی باڵادەست بوو.

حزبی شیوعی کوردستان، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە هەردوو بەرەکەدا ببوە ئەندام، دواتر سۆسیالستیش لەهەردوو بەرەکەدا بووە ئەندام، بەڵام ئەمە نەیپاراستن لە زیانەکانی شەڕی ناوخۆ.

لە ساڵانی ١٩٨٢ و بۆ ١٩٨٤، چەندین شەڕ لەنێوان بەرەی جوقد و جود ڕوودەدەن، کە بەناوبانگترینیان شەڕی پشتئاشانە، ئەویش لەدوای چەندی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی دێت لە نێوان هەردوو بەرەکەدا، لەمانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٣، بەرەی جود، پەلاماری مەڵبەندی یەکێتی دەدەن لە بالیسان و دەستی بەسەردا دەگرن، بۆیە یەکێتیش لە بەرەبەیانی ١ – ٥ – ١٩٨٣ لە گوندی پشتئاشانی قەندیل هێرش دەکاتە سەر بەرەی جود و ٦٨ پێشمەرگە لە حزبی شیوعی ‌و ١٢ پێشمەرگەی حسك دەكوژرێن.

شەڕی ناوخۆ لە دوای ڕاپەڕین

لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، بەرەی کوردستانی کە لەهەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دروست بوو، ناوچە ئازادکراوەکانیان بەڕێوە دەبرد، لەساڵی ١٩٩٢ هەڵبژاردن ئەنجامدرا و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دروستکرا و حکومەت دامەزرا، بەڵا هێشتا زامی شەڕی ناوخۆ ساڕێژ نەکرابوو، بۆیە تا ساڵی ١٩٩٤ چەندین وردە شەڕ لەنێوان لایەنە گەورەو بچوکەکاندا ڕوویدا، بەڵام شەڕی گەورەی ناوخۆ لەنێوان یەکێتی و پارتیدا ڕوویدا لە ساڵی ١٩٩٤ دا و تا ساڵی ١٩٩٧ بەردەوام بوو، هەتا ئێستاش کە ٢٢ ساڵ بەسەر کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆدا تێپەڕییوە هێشتا کارییگەرییەکانی ماوە، لە شەڕی ناوخۆدا زیاتر لە ١٠ هەزار ئەندامی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیان کوژراون، هەروەها زیاتر لە ٣٠ هەزار هاوڵاتی کۆچبەر بوون.

ئاکامەکانی شەڕی ناوخۆ

بەهۆی شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستانەوە، چەندین سەرکردە و پێشمەرگەی ئازا شەهیدبوون، لە هەموو لایەنەکان، کە لەئەنجامدا زیانی گەورەی لە بزوتنەوەی ڕزگاریی خوازی گەلی کورد داوە.

لەشکر کێشی ئێران و تورکیا

بەهۆی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتییەوە، دەرفەت بۆ دەوڵەتانی ئێران و تورکیا درووست بووە، کە لەشکرکێشی بکەن بۆناو خاکی باشوری کوردستان و هێرش بکەنە سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیان، دەوڵەتی ئێران هەم لەشاخ و هەم لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەسنووری دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هێرشی کردووەتە سەر حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەڕێگای دەزگا سیخوڕییەکانیەوە سەدان ئەندامی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە باشوری کوردستان تیرۆر کردووە.

ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک بە سودوەرگرتن لە شەڕی ناوخۆ کردوویەتی

  • دەوڵەتی تورک لە ٢٧ی ٥ی ١٩٨٤ دا هێرش دەکاتە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە دەڤەری بارزان، بەئامانجی دورخستنەوەیان لە سنوورەکانی باکوری کوردستان.
  • لە ١٥- ٨ -١٩٨٦ هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی پەکەکە لەناو خاکی عێراقدا.
  •  ٤-٣-١٩٨٧ دیسان هێرش ئەنجامدا.
  • لە  ٥- ١٣ی مانگی ٨ی ساڵی ١٩٩١ بەسود وەرگرتن لە بارودۆخی نائاسایی هەرێمی کوردستان ئۆپراسیۆنی گسک، ئەنجامدەدات.
  •  لە ٥ی ٩ تا ١٥ی ١٠ی ساڵی ١٩٩٢ بە هاوکاری هێزی یەکێتی و پارتی ئۆپراسیۆن لەناو خاکی باشوری کوردستان  ئەنجامدەدات دژی پەکەکە.
  • لە مانگی ١٠ی ١٩٩٢ ئۆپراسیۆنی خواکورک دەستپێدەکات.
  •  ١٢ی مانگی ٣ تا ٢ی مانگی ٥ی ١٩٩٥ ئۆپراسۆنی پۆڵا ی ئەنجامدا بەهاوکاری هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق.
  •  مانگی ٤ی ١٩٩٦ ئۆپراسیۆنی باز-ی ئەنجامدا.
  • ١٤ی مانگی ٦ ی ١٩٩٦ ئۆپراسیۆنی (زلـلە)ی ئەنجامدا کەتا ساڵی ١٩٩٧ بەردەوام بوو.
  • ١٢ی مانگی ٥ بۆ ٧ی مانگی ٧ ی ساڵی ١٩٩٧ ئۆپراسیۆنی (چەکوش)ی ئەنجامدەدات، هەر هەمان ساڵ پارتی هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەیەکی گەریلا و دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە شاری هەولێر و زیاتر لە ٦٠ کەسی کوشت کە هەموویان بێچەک بوون.
  •  ٢٥ی مانگی ٩ تا ١٥ی ،مانگی ١٠ ی ساڵی ١٩٩٧ ئۆپراسیپۆنی (شەبەق)ی ئەنجامدا.
  •  مانگی ٤ تا مانگی ٥ی ١٩٩٨ ئۆپراسیۆنی (موراد)ی ئەنجامدا.

دەوڵەتی تورک، لە زۆربەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی ئەنجامی داوە، هاوکاری لە هێزی پارتی یان یەکێتی یان هەردوکیان وەرگرتووە، یاخود سودی لە بارودۆخی خراپی باشوری کوردستان و ناکۆکی نێوان لایەنەکان وەرگرتووە، هەرچەند لە ئۆپراسیۆنەکاندا، سەدان هەزار سەرباز و کەرەستەی جەنگی پێشکەوتووی بەکار هێناوە بەڵام نەتواندراوە ئەنجام بەدەست بهێنێت.

هێزەکانی عێراق

هەرچەن هێزەکانی ڕژێمی بەعس، بە شەرێکی گەورە و ڕاپەڕینی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان لەساڵی ١٩٩١ لە باشوری کوردستان دەرکرا، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، لەساڵی ١٩٩٦ ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی بەعس ئەنجامدا و بەهاوکاریی ٣٠ هەزار سەربازی عێراق و ٥٠٠ زرێپۆش، لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ شاری هەولێری لەدەستی هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەرهێنا و دەبابەی عێراقی بردە ناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە.

د. سەلام عەبدولکەریم، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی هەڵەبجە،  لەبارەی کارەساتی هەکاریی و شەڕەکانی ساڵی ١٩٨٢ بەدواوە دەڵێت: ئەو برینەی کارەساتی هەکاریی کردییە جەستەی پەیوەندی لایەنە کوردییەکانەوە هەتا ئێستاش چارەسەر نەکراوە، لە ساڵی ١٩٧٨ کارەساتی هەکاریی ڕوودەدات، ساڵێک دواتر، لە ئەنجامی جیابوونەوەی سۆسیالست لە یەکێتی هەندێک شەڕ لەنێوانیاندا ڕوودەدات، ساڵی ١٩٨٠ لەبری ئەوەی برینەکانی ساڕێژ بێت، سود لەو ئەزمونە تاڵە وەربگیرێت کە ڕوویداوە، دوو بەرەی جیاوازی (جود و جوقد) دروستدەکرێت، کە دوو خولی شەڕی ناوخۆ ڕوودەدات لە نێوانیاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی سەدان پێشمەرگەی ئازا و جوامێر بکوژرێن.

د. سەلام، ئاماژەی بە ڕۆڵی داگیرکەرانی کوردستانکرد لە دروستکردنی شەڕی ناوخۆدا و وتی: کاریگەریی وڵاتانی دراوسێ و میتی تورکی هەبووە لە ڕوودانی کارەساتی هەکارییدا، هەروەها لەماوەی ساڵانی ١٩٨٠ – ١٩٨٨ ئێران ڕۆڵی هەبووە لە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆدا، لە سەردەمی دانووستانی یەکێتی و حکومەتی عێراقدا، لە ساڵی ١٩٨٤، نزیک دەبنەوە لە ڕێککەوتن، بەڵام تورکیا فشار لە حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتنە ئەنجامنەدات، بەگشتی وڵاتانی دراوسێ دەستیان لە درووستکردنی شەڕی ناوخۆدا هەبووە، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیان لەو شەڕەدا هەبووە، چونکە ئەوانیش هەر یەکەیان پارچەیەکی کوردستانیان داگیرکردووە هەم لە باکوری کوردستان هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت پێکنەهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی ئەو وڵاتانەی تێدایە، لەبەر ئەوەی هەریەکەیان دەیانەوێت حکومەتێک بە گوێرەی ئەوان دروستبێت.

ئەو شارەزایەی مێژوو، ئاماژەی بە ئەو سودانەکرد، کە دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لە شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی بینیویانە، لە ساڵی ١٩٩٤دا و وتی: لە ساڵی ١٩٩٤ کە شەڕی ناوخۆ دەستپێدەکات ئیتر هێزەکوردییەکانی دەبن بە ئامرازێک بەدەست وڵاتانی دراوسێوە، هەتا ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ دابەشبوونێکی هەرێمی دروستدەبێت، هەم هێزی ئێران دیتە ئەم ناوچەیە، هەم هێزی تورکی، کە هەتا ئێستاش ئەو هێزانەیان نەکشاندووەتەوە، بۆنمونە ئەو هێزانەی تورکیا کە لە چوارچێوەی ئۆپراسیونەکاندا هاتوونەتە هەرێم هێشتا لە بادینان و نەکشاونەتەوە.

هەوڵەکانی دروستکردنی شەڕی ناوخۆ لە ئێسیتادا

لەدەڤەری برادۆست و ناوچەی بادینان، دەوڵەتی تورک هێزیکی زۆری کۆ کردووەتەوە و بەردەوام ناوچەی زیاتر داگیردەکات، هەروەها ڕۆژانە لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانەوە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە قوربانی، هێزی زیاتریش دەهێنێتە هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردووا ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە هێزیکی زۆری سوپای تورک بەشیوەیەکی ئاشکرا بەناو شاری دهۆک-دا تێپەر دەبن، بەڵام لەبەرئەوەی شەڕی ناوخۆ نییە لەهەرێمی کوردستان، ژینگەی لەبار لە هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا نییە بۆ ئەوەی هێرشی فراوان ئەنجامبدات، بۆیە لە هەوڵی دروستکردنی شەڕی ناوخۆدایە لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەندێک هەواڵ، سەربازانی دەوڵەتی تورک بە بەرگی پێشمەرگەوە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی گەریلا، ئەوەش بۆ ئەوەی ئاگری شەڕی ناوخۆ هەڵبگیرسێنێت، هەروەها هێزەکانی پارتی ناچارکردووە پاسەوانی لە بارەگاکانی سوپای تورک بکەن لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، ئەوەش لەبەر ئەوەی ئەگەر گەریلا چالاکی ئەنجامدا، شەڕ لەنێوان پێشمەرگەکانی پارتی و گەریلادا ڕووبدات و ببێتە هەوێنی شەڕی ناوخۆ.

دکتۆر سەلام عەبدولکەریم، لەبارەی پێویستییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانەی دەوڵەتان دایانناوە بۆ دروستکردنەوەی شەڕی ناوخۆ دەڵێت: پێویستە یەکگرتووبین، دەبێت ئەو درز و کەلێنانە نەهێڵینەوە کە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بتوانن سودی لێوەربگرن، ئێمە میللەتێکین کێشەیەکی ڕەوامان هەیە، پێویستە قەوارەیەکی تایبەتمان هەبێت، پێویستە وتارێکی ئاشتی خوازانەی پێکەوی لەنێوا ماڵی کوردا دروستبێت.

دەشڵێت: ڕاستە شەڕی ناوخۆ نابینین، بەڵام ئاماژەکانی شەڕی ناوخۆ دەبینین، ئەوە پێویستە لانەکانی شەڕ ڕەت بکەنەوە، ساژشکردن بۆ یەکتری گەورەییە، هیوادارین بتوانین یەکگرتوو بین، کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستییەکی گرنگە، بۆئەوەی ئاشتەوایی بێنێتە کایەوە و ئەو گرژییەی کە هەیە بیڕەوێنێتەوە.

د.ع