مەترسیى دروستبوونى تاکڕەویى لە دەسەڵاتى هەرێم دەکرێت

پ- د- ک، هەوڵدەدات بە پشتبەستن بەو کورسیانەى لە پەرلەمانى هەرێم بەدەستى هێناوە، زۆرینەى پۆستە سیادییەکانى هەرێم بۆخۆى ببات، ئەوەش نیگەرانى و دڵەڕاوکێکى لاى لایەنەکانى دیکە و چاودێران دروستکردووە و پێیان وایە ئەوە مەترسى حوکمێکى تاکڕەوى و عەسکەرى بۆ دەسەڵاتى هەرێم دروستدەکات.


لە ڕۆژى ٣٠ ئەیلول ( ڕەزبەر)، هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرا، ڕۆژى ٢٠ى تشرینى یەکەم، ئەنجامى هەڵبژاردنى ئاشکرا کرا، بە پێى ئەنجامى هەڵبژاردن، کە لەلایەن کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەوە ڕاگەیەندرا، پارتى ٤٥ کورسى و یەکێتى ٢١ کورسى، بزوتنەوەى گۆڕان ١٢ کورسى، نەوەى نوێ هەشت کورستى، کۆمەڵى ئیسلامى حەوت کورسى، هاوپەیمانى ئیسڵاح پێنج کورسى، هاوپەیمانى سەردەم یەک کورسى، لیستى ئازادی یەک کورسى-یان بەدەستهێنا.

 ڕۆژى ٦ى تشرینى دووەم یەکەمین دانیشتنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرا، لە دانیشتنەکەدا پەرلەمانتاران سوێندى یاساییان خوارد، بەڵام لەبەر ئەوەى ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکان نەکرابوو، نەتواندرا دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵبژێرێت و دانیشتنەکە هەتاکو ئێستا بە کراوەیى ماوەتەوە.

هەتاوەکو ئێستا شاندى فەرمى بۆ پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکنەهێندراوە لەلایەن پ- د- ک، وە بەڵام لەسەر ئاستى حزبى دووجار پارتى لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کۆبوونەتەوە بەڵام کۆبوونەوەکان هیچ ئەنجامێکى بەرچاوى نەبووە.

بەپێى ئەو لێدوانانەى بەرپرسانى پ- د- ک، لە ڕاگەیەندنەکانەوە دەیدەن، پارتى خواستى ئەوەى هەیە، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، کە نێچیرڤان بارزانى بۆ کاندید کردووە، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە مەسرور بارزانى بۆ کاندید کردووە، وەربگرێت، واتا لە چوار سەرۆکایەتییەکى هەرێم دەیەوێت دوو سەرۆکایەتى وەربگرێت، هەروەها خواستى ئەوەى هەیە زۆر لە وەزارە سیادییەکانى نێو حکومەت وەربگرێت.

لە کابینەکانى پێشووى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا بەردەوام وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لاى پارتى بووە، ئەوەى ئێستا لە لێدوانی بەرپرسانى پارتی-دا دەردەکەوێت، بێجگە لەو دوو وەزارەتە، پارتى خواستى ئەوەى هەیە زۆرینەى وەزارەتەکان وەربگرێت، چونکە دەڵێن، کە ئەوان دەنگى زۆریان بەدەستهێناوە و پێویستە دەنگى خەڵک لە حکومەتدا ڕەنگ بداتەوە، هەروەها ڕاشکاوانە دەڵێن، کە وەک شەریک مامەڵە لەگەڵ یەکێتیدا ناکەن.

پرسەکە لێەردا ئەوەیە، ئایا وەرگرتنى زۆرینەى دەسەڵاتەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن پ- د- ک، وە چ زیانێک بە پڕۆسەى دیموکراتى و ئازادى ڕادەربڕین و ئیدارەکردنى هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت، چ زیانێکى بۆ یاسادانان دەبێت؟

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس، بۆ ڕۆژنیوز باسى لە مەترسییەکانى وەرگرتنى زۆرینەى پۆستەکانى هەرێمى کوردستان کرد لەلایەن پ- د- ک وە و وتى: جۆرێک دەسەڵاتى تۆتالیتاریی شانشینى نادانپیاندراو لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەوەش لە کاندیدکردنى مەسرور بارزانى بۆ سەرۆکى حکومەت بەتەواوەتى دەرکەوت، پۆستى سەرۆکى هەرێم پەپێى یاسا لەناو خەڵکەوە هەڵدەبژێرێت، کاندیدکردنى کەسێک بۆ ئەو پۆستە لەلایەن پارتییەوە جۆرێک لە دەستدرێژییە بۆسەر بنەماکانى دیموکراتى، پارتى هەر لەئێستاوە دەیەوێت مەرکەزییەت بەهێز بکات، هەروەها دەیەوێت گەرەنتى ئەوە وەربگرێت، کە پرسى یاساى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و پرسى دەستورى هەرێمى کوردستان لەپەرلەمان تێەپڕێنێت.

لەبارەى مەترسییەکانى کۆبوونەوەى زۆرینەى دەسەڵاتەکانى هەرێم لاى حزبێک، نیاز عەبدوڵا وتى: ئەم هەنگاوانەى پارتى چەسپاندنى حکومەتێکى تۆتالیتار و ستەمکارە لە هەرێمى کوردستان، ئەم حکومەتەى پارتى دەیەوێت دروستى بکات بە هاوکارى یەکێتى و بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى بەدى دەهێنێت، چونکە هیچیان هەتاوەکو ئێستا ڕایاننەگەیاندووە ئامادەنین بەشدارى لە حکومەتێکى بەو شێوەیەدا بکەن، پارتى دەیەوێت لەسەر بنەماى ئەو کورسیانەى کە هێناویەتى، داهاتووە خۆى بەهێزبکات، ئەوەش چاوەڕێى ئەوەى لێدەکرێت، کە ئازادى ڕادەربڕین بەرتەسکبکرێتەوە، پێشێلکارى بەرامبەر مافەکانى مرۆڤ زیادبکات، ڕۆژبەڕۆژ پرسى ئازادییەکان بەرتەسکتر ببێتەوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە، پێی وابوو، کە کۆبوونەوەى زۆرینەى دەسەڵاتەکان لەدەستى پ- د- ک، تەنها مەترسى بۆ سەر هەرێمى کوردستان نییە، بەڵکو مەترسى بۆ سەر پارچەکانى دیکەى کوردستان هەیە و وتى: ئێمە مەترسى زۆر گەورەمان هەیە لە داهاتوودا لەڕێگەى پەیوەندییە دبلۆماسییەکانەوە دەستتێوەردانى زۆر گەورە بکرێت لە پرسى ڕۆژئاواى کوردستان و باکورى کوردستان لەپرسى سنورەکان، هەموو ئەمانە بابەتى مەترسیدارن، کە پارتى ئەتوانێت بەکاریانبهێنێت وەکو ئەوەى ئێستا پارتى پێشمەرگەکانى ڕۆژ بەکاردەهێنێت لەبەرامبەر ڕۆژئاواى کوردستان.

هەروەها وتیشى: چاروەڕوانى ئەوە ئەوەدەکەین، کە تورکیا دەستدرێژییەکانى زۆر لەوەى ئێستا زیاتربکات بۆسەر هەرێمى کوردستان، یەکێتى لە سلێمانى بەشێک لە داواکارییەکانى تورکیا جێبەجێدەکات، پارتیش بەهەمان شێوە، بۆیە تورکیا لەڕوى سەربازى و سخوڕییەوە زیاتر پەلدەهاوێت لە هەرێمى کوردستان، چاوەڕوانى ئەوەدەکرێت ئەو هاوڵاتیانى باکورى کوردستان، کە لەباشورن دەستگیربکرێت، خاکى شەنگال و مەخمور زیاتر خاپوربکرێت.

نیاز عەبدوڵا، پێى وابوو، کە دەبێت خەڵکى ئازادیخواز و ئەوانەى دژى ستەمکارین بەرەنگارى ئەمجۆرە لە ستەمکارى ببنەوە، وتى: دەبێت ڕووى ستەمکارییەکان هڵبماڵین، ئێستا حزبى ئۆپۆزسیۆن نەوەى نوێ و یەکگرتووى ئیسلامین، ئومێد دەکەم، بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامیش بڕۆنە پاڵیان، پارتى و یەکێتى دوو پڵنگى پەڕۆینن، بەڵام لەبەر ئەوەى حزبە ئۆپۆسزیۆنەکان لاوازن پارتى و یەکێتى وەک دوو پڵنگى ڕاستەقینە دەردەکەون.

لەسەر هەمان بابەت، شادى نەوزاد، ئەندامى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ، بە ڕۆژنیوزى وت: دواخستنى پێکهێنانى حکومەت لەلایەن پارتییەوە بۆ ئەوەیە، کە زۆرینەى پۆستە سیادییەکان لاى خۆى بهێڵێتەوە، ئەوەش بێگومان کاریگەرى زۆرى دەبێت لەسەر بەرتەسکبوونەوەى ئازادییەکان، بە گرتنە دەستى سەرۆکایەتى حکومەت لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، حکومەتێکى پۆلیسى چاوەڕێمانە، ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى کات و شوێن نەمێنێت بۆ دەربڕینى بیر و بۆچوونە جیاوازەکان.

ناوبراو پێى وابوو، کە دەبێت لایەنە سیاسییەکانى دەرەوەى یەکێتى و پارتى هەوڵبدەن بۆ ئەوەى ڕێگربن لە بەرتەسکبوونەوەى ئازادییەکان لە هەرێمى کوردستان، هەروها پێى وابوو بۆ بەرنگاربوونەوەى ئەو مەترسییانە پێویستە ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێز لە هەرێمى کوردستان هەبێت.

شادى نەوزاد، نیگەرانى خۆى لە بەرامبەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانى پێشوى هەرێمى کوردستان دەربڕى کە ئێستا خواستى ئەوەیان هەیە بەشدارى کابینەوەى نوێى حکومەتى هەرێم بکەن و وتى: ئەو حزبانەى پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون، لە بیرکردنەوەى ئەوەدان بۆ حزبەکەیان باشە بەشدارى حکومەت بن یان ببنە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام پێویستە بیر لەوە بکەنەوە چى باشترە بۆ گەل نەک بۆ حزبەکەیان، لە ئێستادا گەل پێویستى بە ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێزە بۆ ئەوەى دەسەڵات بەلاڕێدا نەبرێت، بۆیە پێویستە حزبەکان ببنە ئۆپۆزسیۆن چونکە هەتاوەکو ئۆپۆزسیۆن بەهێزتر بێت باشترە بۆ گەل.

د.ع