مەخمور هەولێری پاراست کەچی ئێستا دەسەڵاتی هەولێر گەمارۆی داوە

دوێنێ ساڵیادی هێرشی چەتەکانی داعش بوو بۆسەر مەخمور، پێنج ساڵ پێش ئێستا چەتەکانی داعش چوونە ناو مەخمور و بە ئاڕاستەی هەولێر هەنگاویان نا، بەڵام بە بەرخۆدانی گەریلاکانی هەپەگەو  یەژاستار و هێزەکانی پاراستنی کامپی مەخموور توانیان دڕندەیی داعش تێکبشکێنن ، کەچی ئەمڕۆ لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە ماوەی ٢٢ ڕۆژە لەژێر گەمارۆیەکی توند دایە.


کامپی پەنابەرانی شەهیدڕۆستەم جودی لەمەخمور لەڕۆخی چیای قەرەچوغ لەسنووری پارێزگای موسڵ دایە، ٧٥ کم لەموسڵ و نزیکەی ٦٠کم لەهەولێرەوە دوورە، نزیکەی ١٢ هەزار کەس تیایدا دەژین، کەپێکهاتوون لەخەڵکی باکوری کوردستان و لەساڵی ١٩٩٤ دا بەهۆی زوڵم و زۆرداریی دەوڵەتی تورک بەناچاری ڕوویان لەباشوری کوردستان کردووە .

لەپاش ٧ کامپ لەمەخمور نیشتەجێ دەبن

خەڵکی ئاوارەی مەخمور پاش بڕینی ڕێگایەکی دوور و درێژ سەرەڕای هێرش، ئازار و ئێشی ژیان ، دواجار لەمەخمور نیشتەجێ دەبن، لەساڵی ١٩٩٤- وە سەرەتالە کامپی بهێرێ، پاشان کامپەکانی شەرانیش، بێرسیڤێ، گەلی قیامەت، ئەتروش، نینۆڤا و نەهداران نیشتەجێ بوون.

لەم شوێنانەشدا زۆر ئێش و زەحمەتیی ژیانیان بینیوە، زۆرێک لەمنداڵ، ژن و بەتەمەن گیانیان لەدەستداوە، ئەمە سەرەڕای هێرش بۆسەریان، کەچەندین هاوڵاتی کۆمەڵکوژ کران، لە کامپەکانی ئەتروش، گەلی قیامەت و نینۆڤا چەندین هێرشیان کرایە سەر.

ژیانێکی نوێیان خوڵقاند

کۆچبەرانی باکور پاش بڕینی ڕێگای سەخت لەساڵی ١٩٩٨ لەدامێنی چیای قەرەچوغ لەمەخمور نیشتەجێ دەبن، لەسەرەتاکانی نیشتەجێبوون لەمەخمور زۆر زەحمەتیان بینی تەنانەت ئاوی خواردنەوەشیان بۆ پەیدا نەدەبوو، چەندان کەس بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە گیانیان لەدەستدا.

سەرەڕای ئەو هەموو زەحمەتییانە توانیان ژیانێکی نوێ بخوڵقێنن، ماڵیان درووستکرد، دامەزراوەی بەڕێوەبەریی، شارەوانیی،پەروەردە، تەندروستیی و پاراستنیان دروستکرد.

لەهەمان ساڵ واتە ١٩٩٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەشێوەیەکی فەرمی وەکو کۆمەڵگایەکی پەنابەریی قبوڵ کرا.

هێرشی داعش و مەترسیی لەسەر هەولێر

کامپی مەخمور سەرەڕای بەسەرهاتەکانی خۆی، بەبەرخۆدانی لەبەرامبەر چەتەکانی داعش بووە ڕۆژەڤێکی گەرمی کوردستان و جیهان ، کاتێک چەتەکانی داعش لەساڵی ٢٠١٤ هێرشیان لەعێراق و سوریا دەستپێکرد و گەلێک ناوچەیان داگیرکرد و خەڵکیان کۆمەڵکوژ کرد، لەسەرەتادا هیچ هێزێک لەبەرامبەریان خۆی نەگرت و سەرجەم هەرێمەکان بووبونە ئامانجی هێرشەکانیان.

چەتەکانی داعش لە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ دا هێرشیان کردە سەر شەنگال و دەوروبەری و کۆمەڵکوژییان پێکهێنا، بۆجاری یەکەم گەریلاکانی هەپەگە و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە پێشیان لەو هێرشانە گرت وبەرخۆدانیان کرد.

چەتەکانی داعش پاشان هێرشی داگیرکارییان بەئاڕاستەی هەولێر دەستپێکرد، کەوتنە ناو مەخمور، هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پارتی دیموکرات ئەو هەرێمەیان بۆ داعش چۆڵکرد و پاشەکشەیان کرد، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتی خۆی لەمەخمور داخست و چۆڵی کرد، بەمشێوەیە جارێکی تر ئەو کامپەکەیان بەتەنها جێهێشت، لەو کاتەدا مەترسییەکی گەورە بۆسەر شاری هەولێر دروست بووبوو خەڵک شارۆچکە و گوندەکانی خۆیان چۆڵ کرد.

بەرخۆدانی کامپی مەخمور مەترسییەکانی سەرهەولێری لابرد

لەکاتی هێرشی چەتەکانی داعش ، لە کامپیی شەهید ڕۆستەم جودی ' تەدبیر ' وەرگیرا ، لەچوارچێوەی ئەو 'تەدبیرانە' دا خەڵک لەنێو ئەو کامپەدا لەلایەن هێزەکانی پاراستنی کامپەکەوە دوورخرانەوە.

لە ٧ی ئابدا چەتەکانی داعش هێرشیان کرد سەر کامپەکە، لەبەرامبەردا هێزەکانی پاراستنی کامپەکە و هێزەکانی پاراسستنی گەل-هەپەگە کە بۆ پاراستنی شەنگال هاتبوون بەهاوبەشی بەخۆدانێکی گەورەیان بەرامبەر داعش نیشان دا، لەئەنجامی بەرخۆدانی ٣ڕۆژدا لە١٠ی ئاب ئەو کامپە لە چەتەکانی داعش پاککرایەوە و ئەفسانەی داعش تێکشکا، هەروەها شارۆچکەی مەخمور بەتەواویی ڕزگارکرا ، لەوکاتەدا پێشمەرگەش بەشداری ئەو بەخۆدانەیان کرد و بەمشێوەیە مەترسی لەسەر هەولێر نەما.

بارزانی سوپاسی گەریلا و وارگەکەی کرد

پاش ڕزگارکردنی کامپەکە و ناوچەی مەخموور ، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان 'مەسعود بارزانی ' سەردانی کامپەکەی کرد و لەگەڵ فەرماندەکانی هەپەگە کۆبوونەوەی سازدا.

بارزانی سوپاسی گەریلای کرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی پەیوەندیی نێوان گەریلا و پێشمەرگە.

دەوڵەتی تورک جارێکی تر بووە بەڵا بەسەر ئەو کامپەوە

پاش ئەوەی کامپەکە و مەخمور ڕزگارکران و گەل گەڕانەوە بۆ شوێن و واری خۆیان، ئەمجارە بەڵایەکی تر بەسەریاندا هات، دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە نزیکەی ١٢هەزارکەسی لەواری خۆیان ئاوارەی ٧ کامپ کردبوو، جارێکی تر ڕووی هێرشی کردە ئەو کامپە.

لە٦ی کانونی یەکەم ٢٠١٧  فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک مەخموریان بۆردوومان کرد و ٥ ئەندامی هێزەکانی پاراستی جەوهەریی بەناوەکانی ' باگەڕ بۆران ، بۆتان ئامەد ، چەکدار ماوا ، دەوران ماردین و باز دژوار ' شەهیدبوون.

لە١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورک بۆمبارانی کامپی مەخموریان کرد، کەسێکی مەدەنی بەناوی ' ئاسیا علی محەمەد' تەمەن ٧٣ساڵ و کچەکەی ' نارنج فەرحان' ی تەمەن ٢٦ساڵ و نەوە ١٤ساڵیەکەی بەناوی ' ئەڤین کاوە' و ' ئەیلەم محەمەد ئەمیر ' ی تەمەن ٢٣ ساڵی شەهیدبوون.

پاش ڕووداوی هوقەباز ، هێرش و گەمارۆدان

لە١٧ی تەموز دا لە ڕێستۆرانتی ' هۆقەباز ' لەهەولێر بەرپرسیاری میت ' ڕێکخستنی سیخوڕی تورک ' بەناوی 'عوسمان کۆسە '  کوژرا ، پاش ئەو ڕووداوەش جارێکی تر کامپی مەخمور بووە ئامانجی هێرش.

١٨ی تەموز واتە ڕۆژێ دوای ئەو ڕووداوە ، فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک کامپەکەیان بۆردوومان کرد ، لەئەنجامی ئەو بۆردوومانەشدا ٢ هاوڵاتی برینداربوون.

لەلایەکی تر دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق هاوڵاتیانی ئەو کامپەیان بەئامانج گرت، لەژێر ناوی ' لێپرسینەوە لەڕووداوی هوقەباز ' بەدەیان گەنجی خەڵکی مەخمور کەلە هەولێر کاری جیاجیان دەکرد دەستگیرکران و خرانە ژێر لێکۆڵینەوە.

پاش جەند ڕۆژێک زۆربەیان ئازادکران، بەڵام تائێستا چارەنووسی ٢ لەو هاوڵاتیانە دیار نییە، هەروەها لەو کەسانەی خەڵکی کامپەکە، کە لە نەخۆشخانە، دامەزراوەکان و کارگەکان کاریان دەکرد لەکارەکانیان دوورخرانەوە.

ڕێگای هاتووچۆ داخرا

دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق لە ١٧ی تەمموزەوە  گەمارۆی توندیان خستووەتە سەر کامپەکە و ڕێگەنادەن هیچ کەسێک بچێتە هەولێر ، ئەمڕۆ ٢٢ڕۆژە ئەو گەمارۆیە بەردەوامیی هەیە ، بەهۆی ئەو گەمارۆیەشەوە بەدەیان نەخۆش کە دۆخی تەندروستیان خراپە ناتوانن بچنە نەخۆشخانەکانی هەولێر ، هەرەدوایش ٢ دایکی دووگیان کە دۆخی تەندروستیان خراپ بوو پێویست بوو بچن بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر، بەڵام لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە ڕێگریان لێکرا و هەردوو منداڵەکەیان لەبارچوو، هەوەها نەخۆشێکی تر کەپێویستی بەنەشتەرگەریی هەبوو ڕێگری لێکراو ڕیخۆڵە کوێرەی تەقی، بەدەیان کەس کە کاریان لەنێو شاری هەولێرە ڕێگە نادەن بچنە هەولێر بۆسەر کارەکانیان.

هاوسەرۆکی شارەوانی مەخمور:  ئەوەی ئازارمان دەدات ئەوەیە، کەس خەباتی کامپەکە نابینێت

لەیلا ئارەزوو، هاوسەرۆکی شارەوانی مەخمور سەبارەت بەم بابەتە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز قسەی کرد و تیشکی خستە سەر سەرچاوەی ئەو گەمارۆیەی کەئێستا بەردەوامیی هەیە.

لەیلا ئارەزوو، بەبیریهێنایەوە کە کامپی پەنابەرانی مەخمور چەندین جار دووچاری هێرش و زوڵم هاتووە، بەڵام ئەوەی ئەوان ئازار دەدات، ئەوەیە، کە ئەو خەباتەی خەڵکی کامپەکە بۆ نرخی نەتەوەیی دەیکەن کەس نایبینێت.

ناوبراو، وتی : خەڵکی کامپی مەخمور بەخەبات و تێکۆشانی خۆی خاوەنداریی لەنرخی نەتەوەیی کردووە، بەڵام ئێستا هێرشی دڕندانەی دژەمرۆڤایەتی لەسەر مەخمور پێک دێت، بەدرووستکردنی گروپی چەتەی داعش ویستیان تەواوی نرخە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان بسڕنەوە، مەخمور دژی ئەمە وەستا، سەرەڕای هەموو ئەمانەش گەلی مەخوور دانبەخۆداگرتن و بەرخۆدانی پیشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەن.

بۆجاری یەکەم داعش لەمەخموور تێکشکا ، بەڵام ئێستا هەموو کەس لەبەرامبەر ئەم دۆخە بێدەنگە

لەیلا دەستنیشانی کرد، کە ساڵڕۆژی هێرشی چەتەکانی داعشە بۆسەر وارگەی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لەمەخمور و وتی:"جاری یەکەم هێرشی داعش لێرە تێکشکا، هێزەکانی خۆپاراستن و گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار و پێشمەرگە هەرێمەکەیان ڕزگارکرد، سەرۆکی پارتی ' مەسعود بارزانی ' هاتە کامپەکە و سوپاسی هێزەکانی خۆپاراستنی مەخموور ، هەپەگە، یەژاستار و پێشمەرگەی کرد، بەڵام ئێستا هیچ یەک لە حکومەتەکانی عێراق و هەرێم و نەتەوەیەکگرتووەکان خاوەنداریی لە مەخمور ناکەن".

وتیشی:"مەخمور خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقی پاراست، بەڵام ئێستا دووچاری هێرش و گەمارۆدان بووەتەوە، بۆئەوەی شاری هەولێر نەبێتە کۆبانێ-ی دووەم گەلی مەخمور گیانی خۆیان کردە قەڵغان، بەڵام ئێستا ڕێگە لەچوونی مەخموورییەکان دەگیرێت بۆ هەولێر ، هەبوونی گەلی مەخمور بۆ هەولێر وەکو مەترسییەک دەبینن ئەمەش بۆ ئێمە جێگای ئێش و نیگەرانییە".

ش.