ناکۆکیی لایەنەکان بوێریى داوەتە تورکیا دەستوەردان لە کاری حکومەتى هەرێم بکات

دەوڵەتى تورک لە ڕێگەى بایۆزەکەیەوە دەستێوەردانى ڕاستەوخۆ دەکات لە پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چاودێرانى سیاسیش پێیان وایە، کە بەهۆى ناکۆکى نێوان لایەنە کوردییەکانەوەیە کە تورکیا بوێرى ئەوەى هەیە دەستێوەردانى سەربازى و ئیدارى لە هەرێمى کوردستاندا بکات.


لەڕوژى ٢٩/١١/٢٠١٨ لە هوتێل 'كوارتز' لە شارى هەولێر، هاکان قەرەچای كونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەركردەی لایەنە توركمانییەكان، لەنێویاندا بەرەی توركمانی، كۆبووەوە، داواى لێکردوون، کە لە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا داواى جێگرى سەرۆک وەزیران و وەزیرێک و چەند بەڕێوبەرایەتییەک بکەن، چاودێرانی سیاسیش، ئەوە بە دەستێوەردانێکى ڕاستەوخۆ و پێشێلکردنى سەروەرى هەرێمى کوردستان دەزانن.

کەمال ڕەئوف، چاودێر سیاسى، لەسەر ئەو دەستێوەردانەى دەوڵەتى تورک لە کاروبارى هەرێمى کوردستان بە ڕۆژنیوەزى وت: تورکیا بەردەوام چاوى لەسەر ئەوەیە کە چى دەگوزەرێت لە باشورى کودستان، پێى وایە، کە دەبێت باشور لەژێر کۆنتڕۆڵ و هەیمەنەى ئەودابێت، بۆیە لەگەڵ لەشکرکێشیەکانیدا دەستێوەردان لە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمدا دەکات، چونکە پێیان وایە دەبێت لایەنە دەستڕۆشتووەکانى باشورى کوردستان لە ژێر فەرمانى ئەواندابن، وە تا ڕادەیەکیش ئەوەیان بۆ چووەتە سەر، ئەمە ئەگەر ڕووبەڕووى نەبینەوە سەردەکێشێت بۆ دەستێوەردانى زیاترى تورکیا لە هەرێمى کوردستان.

هەروەها وتیشى: باشترین چارەسەر بۆ ڕاگرتنى دەستێوەردانەکانى تورکیا لە هەرێمى کوردستان ئەوەیە، کە لەڕێگاى ئەو لایەنانەى کە لەگەڵ دەستتێوەردانەکاندا نیین، پرسەکە ببرێتە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى.

کەمال ڕەئوف، پێى وابوو، کە ناکۆکى لایەنەکانى هەرێمى کوردستان بوێرى ئەوەى داوە بە تورکیا دەستوەردان لە کاروبارى هەرێمى کوردستاندا بکات و وتى: تورکیا بەشێک لە لایەنەکانى هەرێمى بە ناوى بازرگانى و وەبەرهێنانەوە پەیوەستکردووە بەخۆیەوە، هەروەها باس لەوەدەکرێت، کە قەرزێکى زۆرى دابێت بە لایەنێک، لەلایەکى دیکەوە لەبەر ئەوەى لایەنەکان لەناو خۆیاندا تەبانین هەمیشە پەنا بۆ ئەوەدەبەن پشتیوانێکیان هەبێت بۆ ئەوەى پشتیان بگرێت لەبەرمبەر لایەنەکەى دیکەدا، بۆیە هەندێک لایەنیش پەنایان بۆ تورکیا بردووە.

مەسعود عەبدولخالق، نووسەر و چاودێرى سیاسى، لەسەر هەمان پرس قسەى بۆ ڕۆژنیوز کردو وتى: سیاسەتى تورکیاى  نوێ ئەوەیە، کە هیچ قەوارەیەکى کوردیى لەهیچ شوێنێکى دونیا قبوڵ ناکات، بەیەک شێوە کوردى قبوڵە ئەویش لە چوارچێوەى مەزهەبیدا و بەکارهێنانى لە بەرامبەر مەزهەبى شیعەدا، دەیەوێت وەک سەردەمى سەفەوى و عوسمانییەکان، کورد بکاتەوە بە سوارەى حەمیدیى، تورکیا سوپاى بردووەتە سێ پارچەى کوردستان و دەیەوێت هەیمەنەى خۆى بسەپێنێت، بۆیە هەر سەرکردەیەکى کورد، پشتیوانە نێودەوڵەتییەکانى بگۆڕێتەوە بۆ پشتیوانى تورکیا ئەوە بە هەڵەیەکى گەورەدا چووە.

ناوبراو تیشکى خستە سەر پیلانگێڕییەکانى دەوڵەتى تورک، لە هەرێمى کوردستان و وتى: لە ئێستادا تورکیا لەگەڵ ئێران و عێراق-دا لە پیلانگێڕییەکى گەورەدایە بۆ ئەوەى ئەزمونى هەرێمى کوردستان کۆتایى پێبهێنێت، بەڵێنى بە عێراق داوە، ئەگەر ئەو سوپا بهێنێت بۆ هەرێمى کوردستان ئەوا ئەو لە هەرێم دەکشێتەوە، تورکیا لە برى دەوڵەتە داگیرکەرەکان و بە نوێنەرایەتى هەرموو داگیرکەرەکان سوپاى هێناوەتە خاکى کوردستان، کەواتە زۆر مەترسیدارە ڕیگابدرێت تورکیا دەستێوەردانی ئیداریى و سەربازیى و ئابووریى لە هەرێمى کوردستاندا بکات.

مەسعود عەبدولخالق، لە کۆتایى قسەکانیدا، باسى لە ئەو هۆکارانەکرد، کە ڕێگاى خۆشکردووە بۆ تورکیا دەستوەردان لە هەرێمى کوردستاندا بکات و وتى: تورکیا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بە دەوڵەتێکى بێزارکەر ناودەبرێت، چونکە پابەند نییە بە یاسا نێودەوڵةتییەکانەوە، دەستێوەردان لە هەرێمى کوردستان و زۆر وڵاتى دیکەدا  دەکات، دەستێوەردانەکانى تورکیا لە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستاندا نییە، بەڵام ئەوەش بەهۆى ئەوەوەیە، کە سەرکردەکانمان دزى و تاڵانى دەکەن و لەگەڵ میللەت ڕێک نین بۆیە ناچارن سازش بۆ داگیرکەرێکى وەک تورکیا بکەن.

د.ع