هێزی زەمینی ئەرتەشی ئێران دەبێتە هێزێکی جۆڵەکەری هێرشبەری تایبەت

فەرماندەی بڕیارگەی باکوری ڕۆژئاوای ئێران ڕایدەگەیەنێت، کە "سوپای ئێران ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی دووژمنە و لەمەودوا هێزی زەمینیی ئەرتەشی ئێران دەبێتە هێزێکی جۆڵەکەری هێرشبەری تایبەت".


دوێنێ عەلی حاجیلو، فەرماندەی بڕیارگەی باکوری ڕۆژئاوای ئێران (باکوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان)لە هێزی زەمینی ئەرتەشی ئێران، لە مەراسیمی ناساندنی فەرماندەیەکی ئەو هێزە، ڕایگەیاندووە، کە ئەرتەشی ئێران بە فەرمانی ڕێبەری ئێران دەجوڵێتەوە و لەمەودوا ڕۆڵی خۆی وەک هێزێکی کلاسیک دەگۆڕێت.

حاجیلو، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەرتەشی ئێران ئامادەیە ڕووبەڕووی هەڕەشەکەنی دووژمن ببێتەوە و وتویەتی:"لەمەودوا هێزی زەمینی ئەرتەشی ئێران دەبێتە هێزێکی جۆڵەکەری هێرشبەری تایبەت".

ئەم وتانەی حاجیلو لەکاتێکدایە کە ئەمریکا هێزێکی زۆری هێناوەتە ناوچەکە، وڵاتانی عەرەبیش ئامادەکاریی بۆ پاراستنی خۆیان دەکەن و بەریتانیاش دوو گروپی هێزی تایبەتی خۆی هێناوەتە کەنداو بۆ هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکا، لەلایەکی دیکەشەوە هەم ئێران و هەم گروپە گرێدراوەکانی لە ناوچەکە ئامادەیی خۆیان بۆ شەڕ ڕادەگەینن.

جێگای ئاماژەیە کە هێزی 'ئەرتەش'ی ئێران، هێزی فەرمی وکلاسیکی سەربازیی ئێرانە و جیایە لە هێزی 'سوپای پاسداران'ی ئێران.

ش.ف