هێشتا ڕووفاتی ١٨١ هەزار ئەنفالکراو لە بیابانەکانی عێراقدان

٣٢ ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی ١٨٢ هەزار ڕۆڵەی کورد-دا تێپەڕبوو، کە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لەوکاتەدا ئەو هاوڵاتیانە ڕاگواستران بۆ بیابانەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و لە ٣٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵکران، تا ئێستا تەنها حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و ڕووفاتی ٧٥٥ کەس گەڕێندراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەو پێیەش هێشتا زیاتر لە ١٨١ هەزار ئەنفالکراو لە بیابانەکانی عێراقدان. 


سەدەی ٢٠ لە مێژووی گەلی کورد و بەتایبەت باشوری کوردستاندا پڕە لە کۆمەڵکوژیی و زوڵم و ستەم، ڕژێمە داگیرکەرەکان بۆ سەرکووتکردنی گەلی کورد هەموو جۆرە ڕێگایەکی دڕندانە و دوور لە بەها مرۆییەکانیان بەکاردەهێنا، یەکێک لەو نموونە زەقانەشی کە هێشتا لە زیهنی هەموو تاکێکی کورد-دا بە زیندوویی ماوەتەوە، پرۆسەی ئەنفالە کە ڕژێمی بەعس لە بەهاری ساڵی ١٩٨٨دا دژ بە گەلی کورد ئەنجامیدا و ١٨٢ هەزار کەسی تێدا بوونە قوربانیی.

١٤ی ٤ی هەموو ساڵێک، وەک ساڵیادی ئەنفالی باشوری کوردستان دەستنیشانکراوە، ساڵانە لەمڕۆژەدا یادی ئەو تاوانە و قوربانییەکانی دەکرێتەوە، بەڵام هێشتا هاوشێوەکانی ئەنفال لە کوردستان بنبڕ نەبوون.

قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ئەنفال لە باشوری کوردستان لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ لە پەراوێزی شەڕی عێراق و ئێران دەستیپێکرد و بە هەشت قۆناغ ئەنجامدرا و تا ئەیلولی هەمان ساڵی خایاند.

 

قۆناغەکانی پرۆسەی ئەنفال لە دۆڵی جافایەتییەوە تا بادینان:

قۆناغی یەکەم: ڕۆژی ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ تا ١٩ی ئازار بە سەرپەرشتیی سوڵتان هاشم، وەزیری ئەوکاتی بەرگریی عێراق و بە بەشداریی ۲۰ لیوا و٦٠ فەوج-ی ‌هێزەکانی ڕژێمی بەعس دەستیپێکرد، لەو قۆناغەدا هێرشکرایە سەر گوندەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵو-ی دۆڵی جافایەتی و شارەدێی بنگرد لە ڕۆژھەڵاتی دەریاچەی دوکان و شارۆچکەی دوکان، لە وێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەکانی ماوەت و چوارتا-شی گرتەوە.

قۆناغی دووەم: لە ڕۆژی ۲۲ی ئازار تا ١ی نیسانی ١٩٨٨، قۆناغی دووەمی ئەنفال بەردەوامبوو، قۆناغەکە ناوچەی قەرەداغ-ی گرتەوە، شارەدێکانی تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە، دەربندباسەڕە، قۆپی قەراخ و چەند شوێنێکی دیکە لەم قۆناغەدا بەرکەوتن، گشت گوند و ئاوەدانییەکانی ئەو ناوچە جوگرافییەی گرتەوە.

سەرەتای ھێرشەکە بە کیمیابارانکردنی چەند شوێنێکی ستراتیژیی لە ناوچەکە بوو بە شێوەیەکی زۆر سەخت، ئەوەش بووە هۆی دووبارە ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە، کە بەشێکیان بەرەو سلێمانی چوون و زیانیان کەمبوو، بەڵام ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە بەرەو خوارووی گەرمیان ئاوارەبوون، ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکران، کە دواتر شوێن بزرکران.

قۆناغی سێیەم: لە ۷ی نیسانی ١٩٨٨، شاڵاوی ئەنفالی سێ ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، ئەم قۆناغە بە گەورەترین و بەرفراوانترین ھێرش و پەلامار بۆ سەر گەلی کورد دادەنێرێت لەو ساڵەدا، کە ناوچەکانی خورماتوو، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە و بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەر-ی گرتەوە.

ئەو قۆناغە، کە تا ٢٠ی هەمان مانگ بەردەوامبوو، نزیکەی ٥٠٠ گوندی ئەو ناوچانە وێران کران، لە ۱٤ی نیسانی ۱۹۸۸ دا چوار شارۆچکە و شارەدێ لەیەککاتدا خاپوور کران، نزیکەی ٢٠ ھەزار ژن و منداڵ و پیاو بۆ سەربازگەی قۆرەتوو گواسترانەوە، بۆیە ئەم ڕۆژە لە ھەموو ساڵێکدا کراوەتە ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانی ئەنفال لە باشوری کوردستان.

قۆناغی چوار: ئەم قۆناغە لە ٣ی ئایار تاکو ٨ ئایاری ۱۹۸۸ بەردەوامبوو، شارەدێکانی ڕێدار، ئاغجەلەر و تەقتەق و دەشتی کۆیە و چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپەی گرتەوە.

قۆناغەکانی پێنج و شەش و حەوت-ی ئەنفال، شارۆچکەی ڕەواندوز و شارەدێکانی خەلیفان و خۆشناو و ناوچەکانی دۆڵی بالیسان، دۆڵی مەلەکان، دۆڵی وەرتێ، دۆڵی ھیران و سماقوڵی گرتەوە، سەرەتای ھێرشەکە، کە لە ۱٥ی ئایار تا ۲٦ی ئابی ۱۹۸۸ی خایاند، چەند فڕۆکەیەک کەوتنە کیمیابارانکردنی گوندەکانی نازەنین، کاموسک، سپیندارە، عەلیاوە و سماقوڵی، کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی گوندەکان و مرداربوونەوەی ئاژەڵەکانیان.

قۆناغی ٨ و کۆتایی ئەنفال: ناوچەی بادینان-ی گرتەوە، لە ۲٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلولی ۱۹۸۸ بەردەوامبوو، ناوچەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ-ی گرتەوە.

ئەمە سەرباری ئەوەی ڕژێمی سەدام چەکی قەدەغەکراوی وەک کیمیایی و هێشوویی لەو تاوانەدا بەکارهێنا و زۆرینەی گوند و ناوچەکانی خاپوورکرد، ئەو ڕەفتارانەش وایکرد ئەنفال وەک یەکێک لە تاوانە تۆقێنەرەکانی مێژوو هاوشێوەی جینۆسایدی هۆڵۆکۆست تەماشا بکرێت، کە ڕژێمی بەعس دژ بە گەلی کورد ئەنجامیدا.

لە ئەنجامی ئەو جینۆسایدە مێژووییەدا ١٨٢ هەزار کەس لە تەمەنە جیاوازەکان شەهیدبوون، کە گواسترانەوە بۆ بیابانەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و لە ٣٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ کران، تا ئێستاش تەنها حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە کە ٩٢٦ ڕوفاتی تێدا بووە، لەو ژمارەیەش ٧٥٥ ڕوفاتیان گەڕێندراونەتەوە بۆ باشوری کوردستان و ١٧١ ڕوفاتی دیکە هێشتا نەگەڕێندراونەتەوە.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تائێستا نەیانتوانیوە ناوماڵی پەرتەوازەی کورد یەکبخەن، هەر بۆیە ئەمڕۆ ئەنفال لە بەرگی دیکەدا لە کوردستان بەردەوامە.

بۆ نموونە هەر لە باشوری کوردستان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا حکومەتی عێراق کەرکوک و سەرجەم ناوچە دابڕێندراوەکانی خستەوە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و کار لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیاکەی دەکات، ئەمە جگەلەوەی دوای ١٧ ساڵ لە پرۆسەی ئازادیی عێراق هێشتا نەتواندراوە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت.

لە باکوری کوردستانیش کۆمەڵکوژیی و ئەشکەنجە و زیندانییکردن و زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورک لەسەر گەلی کورد بەردەوامە و دەیان هەزار سیاسەتمەدار و چالاکوان و لاوی کوردی لە زیندانەکان ئاخنییوە، جگەلەوەی ڕۆژانەش بە فڕۆکەی جەنگیی و تۆپ خاکی باشوری کوردستان بۆردوومان و تۆپباران دەکات و جگە لە شەهید و بریندارکردنی هاوڵاتیی مەدەنیی، ژینگە و سروشتی ناوچەکەش تێکدەدات.

هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک عەفرین و سەرێکانی و گرێسپیی داگیرکردووە و ڕۆژانە هاوڵاتیی کورد شەهید دەکات یاخود دەیڕفێنێت و بێسەروشوێنیان دەکات و ماڵەکانیان داگیردەکات، لەبەرامبەریشدا خێزانی چەتەکانی سەربەخۆی لە ناوچەکانی دیکەی سوریاوە دەهێنێت و لەشوێنیان نیشتەجێی دەکات و دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت.

بەهەمانشێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش زیندانیکردن و لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی کورد بەردەوامیی هەیە و دوایینیان لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمیی بوو، کە دوای ١٧ ساڵی زیندانیکردن لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا لە زیندانی سەقز هەڵهات و وەک باس دەکرا هاتووەتە سنوورەکانی باشوری کوردستان و لەلایەن هێزەکانی باشوری کوردستانەوە ڕادەستی ڕژێمی ئێران کراوەتەوە و لە ١١ی نیساندا لەسێدارەدرا، کە ئەمەش دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.

عومەر محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری ئەنفالستان و چالاکوانی بواری ئەنفال، بۆ ڕۆژنیوز باس لەوە دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانی لە ئاست گەورەیی تاوانی ئەنفالدا مامەڵە بکات و دەڵێت: لەڕووی سیاسیی، هونەریی، کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییەوە تا ئێستا کارێکی وەها نەکراوە کە وێنای کوردی پێ بگۆڕدرێت، هەر ئەمەش وایکردووە ئەمڕۆش جارێکی دیکە تاوانی هاوشێوە دووبارە ببێتەوە وەک ئەوەی لە شەنگال بینیمان.

ک.س