هەرێمی کوردستان لەنێوان قەیران، بەرژەوەندیی و گوشاردا

هەرێمی کوردستان لەلایەک لەژێر گوشار و هێرشی هێزەکانی دەرەوەدایە، لەلایەکیش قەیرانی ئابووریی و سیاسیی ناوخۆیی و شەڕی بەرژەوەندیی بەرۆکی پێ بەرنادات، ئەوەشی کە لەو نێوانەدا بەسەریدا دێت، بەرۆکی بەها نەتەوەییەکان و خەڵکی هەرێم دەگرێت.


لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە، باشوری کوردستان سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا و حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی دامەزراند، لە ساڵی ٢٠٠٥یشەوە خاوەن فیدراڵییە لە حکومەتی عێراقدا، بەڵام لە بواری سیاسیی، ئابووریی و سەربازیدا هەتا ئێستاش لەژێر کاریگەریی و مەترسیی وڵاتانی دەرەوەدایە، لەبەر ئەمەش سیاسەتی هەرێمیش بەپێی ئەم ئەم دۆخە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، سەرباری کێشە و قەیرانەکانیش، زیاتر خەڵکی هەرێم کاریگەر دەبن و ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن.

دەستێوەردانی سەربازیی:

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان دەستیپێکرد، کاتێک ساڵی ١٩٩٢ ئۆپەراسیۆنێکیان دژی پارتی کارێکارانی کوردستان-پەکەکە بە ناوی "ساندویج" ئەنجامدا و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیش هاوکاری ئەو ئۆپەراسیۆنە بوون. 

لەدوای ئەو ئۆپەراسیۆنەشەوە، دەوڵەتی تورک لە دهۆک، زاخۆ و هەولێر و هێڵەکانی نێوانیان، دەیان بنکەی سەربازیی و سیخوڕی میتی دامەزراند.

لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تاوەکو ئێستا، دەوڵەتی تورک لە سنوورەکانی باشوری کوردستان، جگە لە بۆردوومان و تۆپبارانە بەردەوامەکانی، ٢٤ ئۆپەراسیۆنی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە ئەنجامداوە، لە بەرامبەر ئەم ئۆپەراسیۆنانەشدا دەسەڵات و حکومەتی باشوری کوردستان جگە لەوەی کە بێدەنگبوون، باس لەوەش دەکرێت، کە هاوکاری ئەو ئۆپەراسیۆنانە بوون. 

سەرباری ئەوەش، ئێستا دەوڵەتی تورک نزیکەی ٢٠ سەربازگەی لە ناوچە سنوورییەکانی باشوری کوردستاندا هەیە، کە دەکەونە ناوچەکانی برادۆست و بادینانەوە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٨یشەوە سوپای تورک نزیکەی ٢٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر بە ئاراستەی قۆڵایی خاکی باشوردا پێشڕەویی کردووە.

لەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکدا، تەنها لە دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٠ هاوڵاتیی مەدەنیی شەهید بوون، هەروەها زیانی زۆری ماددیش گەیشتووەتە گوند و ڕەز و باخی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە.

هەرچەندە ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی بۆ دەرکردنی سوپای تورک لە خاکی باشور دەرکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارە هەر لەسەر کاغەز ماوەتەوە و کاری پێنەکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش جگە لەوەی هیچ هەڵوێستێکی جددیی بۆ دەکردنی سوپای تورک نییە، بگرە زۆرترین جاریش بە لێدوانەکانیان، ڕەوایەتییان بە داگیرکارییەکانی سوپای تورک داوە و پەکەکەیان تاوانبار کردووە.

لە بەرامبەر بێدەنگیی حکومەت و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیش بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، خەڵکی ئەو ناوچانە چیتر سەبریان لەبەر بڕاوە و ناڕەزایەتیی نیشان دەدەن.

لە دواترین ڕووداویشدا، دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک لە ناوچەی دێرەلوک چوار هاوڵاتییانە شەهیدکرد، ڕۆژی ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩، خەڵکی شارەدێی شیلادزێ لە دەڤەری بادینان، دژ بە بارەگاکانی سوپای تورک ڕاپەڕین و بارەگایەکیان بە کەلوپەلە سەربازییەکانییەوە سووتاند.

لەدوای ڕاپەڕینەکەی خەڵکی شیلادزێ، هەرزوو ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک نیگەرانیی خۆی لەو ڕووداوانە دەربڕی، حکومەتی هەرێمیش هەڵمەتێکی ڕەشبگیریی دژ بە چالاکوانانی بادینان دەستپێکرد و زیاتر لە ٨٠ کەسی دەستگیرکرد، کە تاوەکو ئێستاش ١٨ کەسیان لە زینداندا ماون.

دەستێوەردانی سیاسیی و کاریگەرییەکانی:

هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی هەرێمی فیدراڵەوە لە باشوری کوردستان، هێزە دەرەکییەکان فشار لەسەر هەرێمی کوردستان دەکەن، بەتایبەت تورکیا لەلایەک بە فەرمیی دان بە هەرێمدا نانێت، لە لایەکی دیشەوە بە گوشار هەوڵدەدات، کە سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بەڕێوەببات.

حکومەتی هەرێمیش بەتایبەت بەهۆی پرسی ئابوورییەوە، زۆر جار لە ژێر کاریگەریی ئەو سیاسەتەدا دەمێنێتەوە، بەتایبەت دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، گەمارۆکانی سەر باشوری کوردستان زیادیکرد، حکومەتی هەرێمیش ناچاربوو هەنگاوەکانی بەرەو دواوە بگێڕێتەوە، بەوهۆیەشەوە حکومەتی هەرێم پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، تورکیا و ئێران سەرلەنوێ داڕشتەوە.
 
ڕۆژی ٢٥ی تشترینی دووەمی ٢٠١٨، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی بۆ داخستنی ئەو حزب و ڕێکخراوانە دەرکرد، کە مۆڵەتی هەرێمی کوردستانیان نییە، دوو ڕۆژ دواتریش بڕیارەکە بەسەر تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان-دا سەپێندرا و سەرجەم بارەگاکانیان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، داخران.

ئەگەرچی بڕیارەکە بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرا، بەڵام ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەفلزیۆنیدا، ئاشکرایکرد، کە "لە پێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا، بارەگاکانی تەڤگەری ئازادییان داخستووە".

هەروەها هاکان قاراچای، سەرکۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢٩ی ١١ی ٢٠١٨، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسییدا، خۆشحاڵیی خۆی لەپای بڕیاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر دەربڕی و ڕایگەیاند، کە دەبێت تەڤگەری ئازادیی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسرێت.

هەروەها، دوای ئەوەشی کە گروپێک ژنی ئەنجومەنی عەشتاری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە لە بەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان گەمارۆی خستە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور.

دوای هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی هەرێمی کوردستانیش، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم پێکنەهێندراوە، لەلایەک ناکۆکیی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، لە لایەکیش تورکیا بە ئاشکرا دەستێوەردانی لەو پرسەدا کرد.

هاکان قاراچای، سەرکۆنسوڵی تورکیا لە هەرێم، ڕۆژی ٢٩ی ١١ی ٢٠١٨ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرەی تورکمانیی لە هەولێر ئەنجامدا و دواتریش وتی، کە دەیانەوێت جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ تورکمانەکان بێت.

 

مەسعود عەبدولخالق: دەسەڵاتداران ئینتیمای نیشتمانییان نییە

مەسعود عەبدولخالق، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسیی، کەوتنە ژێرباری ئەجێندای تورکیا لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە "ئەوانەی کە دەسەڵاتدارن، وەک پێویست ئینتیمای نیشتمانییان نییە و دوای بەرژەوەندیی خۆیان کەوتوون"، بۆیەش دەڵێت: لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە ئێستا بەشێکی بچووکی باشوری کوردستانمان بۆ ماوەتەوە.

مەسعود عەبدولخالق، بۆ ڕۆژنیوز دەشڵێت: باشوری کوردستان بە خەباتێکی دوورودرێژ و خوێنڕشتنێکی زۆر ئازادکرا، بەڵام بەداخەوە گروپێک لەناو زۆربەی حزبەکان پەیدابوون، لە پێناو بەرژەوەندیی و گەندەڵیی خۆیان، هەموو جۆرە پێشێلکارییەک دەکەن، یەکێک لە پێشێلکارییەکان ئەوەیە، هەندێ جار لەگەڵ داگیرکەرانیش ڕێککەوتن دەکەن.

کاریگەریی ئابووریی: 

لە بواری ئابوورییەوە، کاڵای تورکی بازاڕەکانی باشوری کوردستانی داگیرکردووە، بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە دوو هەزار کۆمپانیای تورکی لە بوارە جیاجیاکاندا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.

بەگوێرەی ئاماری یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، قەبارەی ساڵانەی هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان ١٠ ملیار دۆلارە، هەروەها قەبارەی ساڵانەی هەناردەی ئێرانیش بۆ هەرێمی کوردستان پێنج ملیار دۆلارە، کە بەشێکی زۆری پێداویستیی خۆراکیی و پیشەسازیی و وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان پڕدەکەنەوە، لە بەرامبەریشدا بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم تەنها ٥%ی پێداویستی بازاڕ پڕدەکاتەوە.

تەنانەت نەوتیش کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکدە‌هێنێت، لە ڕێگای تورکیا هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت، بەوپێیەی بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێرانەوە، عێراق هەناردەی نەوتی خۆی لە ئێستاوە بە ئاراستەی تورکیادا گواستووەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە حکومەتی هەرێم بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی دەرکرد، تا دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و دەستبەسەرداگرتنەوەی بیرە نەوتەکانی کەرکوک لەلایەن عێراقەوە، ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگای تورکیاوە هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرد، داهاتی فرۆشتنی ئەو نەوتەش لە هاڵک بانکی تورکیادا هەڵدەگیرا، لە سەروبەندی ڕیفراندۆمیشدا چەندین جار ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی پارەی داهاتی نەوتی هەرێمی دەکرد.

دەوڵەتی تورک هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ، تا ئابووریی هەرێمی کوردستان  داڕمێنێت، تەنانەت هەندێ کاڵا کە هەرێمی کوردستان خۆی دەتوانێت پێویستی ناوخۆییشی پێ دابین بکات، بەڵام تورکیا بەزۆر دەینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان.

بۆ نموونە، ڕۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨، نازم عەبدوڵا، جێگری بەرپرسی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاشیکرایکرد، کە ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم پێی وتوون کە "ناتوانن هاوردەکردنی مریشکی بەستوو لە تورکیاوە قەدەغە بکەن، چونکە ئەو بازرگانییە ڕاستەوخۆ دەستی ئەردۆغانی تێیدایە".

وەک شارەزایانی بواری ئابووریش دەڵێن، بەوپێەی کە ئابووریی و سیاسەت دوو فاکتەری پێکەوە گرێدراون، ئەو قەبارە بازرگانییە زۆرەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا هەیە، وایکردووە کە تورکیا دەستی خۆی لە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستاندا فراوانبکات و بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی خۆی، فشاری ئابووریی بخاتە سەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.

محەمەد ڕەئوف: تورکیا هەرێمی تەنها نەکردووەتە بازاڕ...

دکتۆر محەمەد ڕەئوف، پسپۆڕی ئابووریی بۆ ڕۆژنیوز باس لەوە دەکات: تورکیا تەنها بەوەوە نەوەستاوە کە هەرێمی کوردستان بکات بە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی خۆی، بەڵکو ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش کەوتووەتە لای، کە بڕبڕەی ئابووریی هەرێمی کوردستانە.

ناوبراو، ئەو قسەیەی ئەردۆغان بەبیردێنێتەوە، کە لەدوای ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان وتبووی: ئەگەر ئێمە نەبین، هەرێمی کوردستان نە نانی دەبێت بیخوات، نە جلی دەبێت لەبەری بکات.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، دەشڵێت: تورکیا دەمێکە پارتی دیموکراتی کوردستانی لە بەرژەوەندیی خۆی کۆنترۆڵکردووە، زۆر جار بە فەرمانی تورکیا کار دەکات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئاستی پارتی نەچووبووە ژێر ڕکێفی دەوڵەتی تورکەوە، بەڵام دوای داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دەرکردنی نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە، تورکیا بە فشارەکانی وای لە یەکێتیی کرد، کە بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی دابخات.


ک.ک