هەرێم چاوی لەدەستی کازمیە و کازمیش خۆی گرفتارە

پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، گفتوگۆکانی هەرێمی لەگەڵ بەغدا گەڕاندەوە خاڵی سفر و دووجار سەردان و قاقا و پێکەنین و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم هیچی سەوز نەکرد، زیاتر لەوەش پەرلەمانتارێک دەڵێت: هەرێم بەو ئاستەوە ناگاتە هیچ ئەنجامێک، لە ئێستاشدا هەرێم چاوی لەدەستی کازمییە بۆ ئەوەی لە کێشەکانی دەربازیی بکات، بەڵام کازمیش جگە لە کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق هێشتا حکومەتەکەی نیوە ناچڵە و خۆشی بەدەست چەندین پرسەوە گرفتارە.


ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە مستەفا کازمی، لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، متمانەی پێدرا و کابینەکەی بۆ وەرگرتنی ئەرکی حکوومەتی داهاتوو پەسەندکرا، بەڵام هێشتا حکومەتەکەی کازمی لەبەردەم چەندین ئاستەنگ و ڕێگریی و بەربەستی گەورەدایە، لەوانە ناکۆکی نێوان لایەن شیعەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو وەزارەتانەی کە ماون لەگەڵ پرسی بودجە و نەوت هەروەها جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق کە لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردووە دەستیان بەدەربڕینی ناڕەزایەتی کردووە، ئێستاش بەرپرسانی هەرێم چاویان لە دەستی کازمییە لە قەیرانە قوڵ و کەڵەکە بووەکان ڕزگارییان بکات.

گرفتار چارەسەر کەربێت، چارەسەری گرفتەکانی خۆی دەکات 

گرفتەکانی بەردەم کازمیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەندی ئەستەمتر کردووە.

هەفتەی ڕابردوو شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند دووجار سەردانی بەغدایان کرد، بەڵام شاندەکەی هەرێم جگە لە کۆبونەوەی بێ ئەنجام هیچی دیکەی سەوز نەکرد و بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە.

پرسیارە سەرەکییەکەی ئێستای شەقام و خەڵک ئەوەیە ئایا پێکهێنانانی کابینەکەی کازمی گفتوگۆکانی هەرێمی بەرەو کوێ بردووە؟ ئایا کازمی بەو کێشانەی هەیەتی دەتوانێت هەرێم لە زەلکاوی کێشە کەڵەکەبووەکانی وەک مووچە، دۆسییەی نەوت، قەرزی کۆمپانیاکان، داهات و دەیان قەیران و کێشەی دیکە ڕزگاربکات؟

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، شاندەکەی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک واژۆ بکات لەگەڵ عێراق، بەوپێیەی ئەو کەسانەی ئەوان دانوستانیان لەگەڵ کردوون لە ئیستادا هیچ پلە و پۆستێکی ئیدارییان نییە، بە سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەریشەوە، واتا هەوڵەکانیان هاتۆتەوە خاڵی سفر لەبەرئەوە دەبێت شاندەکە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، بۆ دانوستانکردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەناو کابینەی نوێی عێراق.

کابینەکەی کازمی کەی تەواو دەکرێت؟

هێشتا لە کۆی ٢٢ وەزارەتی کابینەکەی کازمی، ١٥ وەزیر متمانەیان وەرگرتووە ٧ وەزارەتیش پۆستەکانیان بە بەتاڵی ماونەتەوە، کە لەناو ئەو وەزارەتانەی ماونەتەوە دوو وەزارەتیان لە پشکی کوردە کە بەهۆی ململانێی حزبی نێوان یەکێتی و پارتی و دیارینەکردنی کاندیدێکی گونجاو کە دڵخوازی سەرجەم لایەنەکان بێت نەتوانراوە یەکلا بنەوە.

لەنوێترین بڕیاریشدا کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌رجه‌م پۆسته‌ وزاریه‌ به‌تاڵه‌كانی به‌شێوه‌ی وه‌كاله‌ت و كاتی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وه‌زاره‌ته‌كان له‌ڕێگه‌ی ئه‌ندامانی نوێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ پڕكرده‌وه‌.

لەبارەی یەکلاکردنەوەی ئەو وەزارەتانەش کە هێشتا بێ وەزیرن، بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڕۆژنامەی (ئەلسەباح)ی، ڕاگەیاندووە "مستەفا کازمی کاندیدانی دیکەی کابینەکەی پێش جەژنی ڕەمەزان دەخاتەڕوو و ئێمەش کاتێک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستنیشاندەکەین بۆ ئەوەی متمانەیان پێبدرێت".

دەربارەی ئەرکی لە پێشینەی کابینەکەی کازمی بەشیر حەداد، ئاماژەی بەوەکردووە "ئەرکی حکوومەتی نوێ لەم قۆناغەدا، ناردنی یاسای بودجەی عێراق، دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و چاککردنی گوزەرانی ئەوانەیە کە داهاتیان سنووردارە کاسب و کرێکارن، هەروەها ئەرکێکی دیکەشی دابەشکردنی بیمەی کۆمەڵایەتییە".

ئەوەشی خستوەتەڕوو دەبێت "حکومەتی نوێ کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکات و هەژموونی وڵات و هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس بگەڕینێتەوە، سەرەڕای ئاشکراکردنی بکوژی خۆپیشاندەران و تێوەگلاوانی کەیسی گەندەڵی و ڕادەستکردنیان بە دادگا".

کازمی دەتوانێت سەرکەوتووبێت؟

ئەگەرچی لەگەڵ وەرگرتنی متمانەدا کازمی لە لایەن ئەمریکا و ئێرانەوە پشتیوانی لێکرا دوێنێش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی دووپاتکردەوە، هەروەها لەماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردووی دەستبەکاربوونیشیدا چەند هەنگاوێکی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانداناوە، لەوانە:

بڕیاری ئازادکردنی خۆپیشاندەرەکان، گەڕاندنەوەی عەبدولوەهاب ساعیدی، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بۆ پۆستەکەی، لە نوێترین بڕیاریشدا دوێنێ ئەو کەسانەی دەستگیرکرد کە لە بەسرە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، بەڵام سەرەڕای ئەوانە هێشتا کازمی زۆر ڕسکی دیکەی ماوە کە ئەنجامی بدات، چونکە کازمی جگەلەوەی لەژێر فشاری جێبەجێکردنی داخوازییەکانی ئەمریکا و ئێراندایە، دەشبێت بڕیاری دروست بدات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی عێراقدا دەکات کە ماوەی چەند ڕۆژێکە سەریان هەڵداوەتەوە و ئایا دەتوانێت دەستی ئەو بەرپرسانە ببڕێت کە دڵخوازی ئەمریکانین، هەروەها چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکات.

سەبارەت بە دەستتێوەردانەکانی ئێران و ئەمریکا بۆ کابینەی نوێ، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، وتی: حکومەتەکەی کازمی لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێت، ڕاشکاوانە بە کازمییان وتووە، کە لە دوای ١٢٠ ڕۆژ دەبێت هەڵوێستی خۆی یەکلایی کاتەوە لە مامەڵەکردنی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەتایبەتی سوتەمەنی، هەروەها دەبێت هەڵوێستێکی ڕوونی هەبێت بەرامبەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، واتا دوای ١٢٠ ڕۆژی دیکە دۆخی عێراق یان بە ئاراستەیەکی تەندروست دەڕوات لە بەرژەوەندی ئەمریکا، یانیش پشێوی دروستدەبێت و ئەمریکا هەڵوێستی توند نیشان دەدات، دوور نییە شەڕی ناوخۆ دروستببێت، دۆخەکە بۆ ئێرانیش بە پێچەوانەوەیە.

سەبارەت بە بەربەستەکانی بەردەم کابینەکەی کازمیش ئاماژەی بەوەدا: گرفتە گەورەکەی ئابورییە و لە ئیستادا نرخی نەوت زۆر دابەزیووە، بۆیە عێراق لە ئێستادا ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی خۆی دابین بکات، کە لە پلانیدا هەیە پەنا ببباتە بەر قەرزی دەرەکی و ناوخۆ، گرفتێکی دیکە هەبوونی ئەو چەکانەیە کە بەدەست کەسانێکەوەن، لە دەرەوەی یاسان، هەروەها کێشەی سیاسی هەیە لە نیوان پێکهاتەکاندا و کێشەی ئیداری هەیە لەناو دەزگاکانی حکومەتی هاوبەشدا، بۆیە کێشەی هەرێم ئاسان نییە و زەحمەتە چارەسەرکردنی بە ئاسانی بگاتە بەر دەستی کازمی.

حکومەتی کازمی و کارنامە و ئەرکەکانی  

كازمی دوای سوێندخواردنی لە پۆستە نوێیەکەی، لە بەردەم پەرلەماندا کارنامەی حکومەتەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند کاری لەپێشینەی ئامادەسازییە بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و ئاماده‌كردنی پرۆژه ‌یاسای بودجه‌ و ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و گوێگرتن لە داواکاری خۆپیشاندەران و خستنه‌گه‌ڕی تواناكانی ده‌وڵه‌ت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانیان و کار بۆ سه‌پاندنی شكۆی ده‌وڵه‌ت و پاراستنی سنورەکان دەکات و کێشە هەڵپەسێردراوەکانیش لەگەڵ هەرێم چارەسەر دەکات.

کازمی ناتوانێت هیچ شتێك ببەخشێت

دەربارەی چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوان هەرێم و عێراق ئەحمەدی حاجی ڕەشید، زیاتر قسەیکرد و وتی: کازمی ناتوانێت هیچ شتێك ببەخشێت بە هەرێمی کوردستان لە داهاتی عێراق، ئەگەر لە چوارچێوەی یاسا و ڕێککەوتندا نەبێت، ڕەنگە کازمی نەرمی بنوێنێت، بەڵام ناتوانێت بەخشندەبێت بەرامبەر هەرێم، چونکە ئەو چۆن بەرپرسە لەتەواوی خەڵکی عێراق ئاواش بەرپرسە لە داهاتەکانی هەرێم، دەکەوێتەوە سەر ئەوەی هەرێم تاچەند ئامادەیە جێبەجێی یاسای ئیدارەی دارایی بکات و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی یەکگرتوودا بکات.

سەبارەت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمیش وتی: عێراق ناتوانێت بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بنێرێت بۆ پەرلەمان، چونکە بودجەی ساڵی داهاتوو دەبێت لە ١٥ی ئەم مانگەوە دەستپێبکات، لەم کاتەشدا ناتوانرێت بودجەی ئەم ساڵ دابینبکرێت.

شاندی هەرێم دەتوانێت چی بۆ هەرێم بکات؟

سەبارەت بە دواین زانیاری و بەرنامەی شاندەکەی هەرێم بۆ سەردانی بەغداد ئەحمەدی حاجی ڕەشید، وتی: حکومەتی هەرێم بە بەرنامە کاری نەکردووە تا لەمەبەدواش بەرنامەی هەبێت، بەڵکو لەسەر بنەمای کاربەڕێکردنی ڕۆژانە کاردەکەن، وا بڕیارە هەمان شاندی پێشوو بگەڕێنەوە بەغداد، بەڵام بەو ئاستەوە ناگەنە هیچ ئەنجامێک، چونکە مامەڵەی وردیان نییە لەگەڵ بابەتەکەدا، دواجار دەبێت وەفدێکی هونەری مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا بکات، بەتایبەت بە وردی خوێندنەوە و گفتوگۆ بۆ بابەتی نەوت و گرێبەستەکانی هەرێم و عێراق و خاڵە سنورییەکان و باجی گشتی بکەن، ئەوەی لە چوارچێوەی یاسای ئیدارەی داراییدا هەیە یەکلایی بکەنەوە، دواتر بەرپرسانی باڵای هەرێم بچنە پێشەوە.

ک.س