هەزار و ٢٨٥ کەس لەباشوری کوردستان بۆ ئۆجالان مانیانگرتووە

لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و شارۆچەکانی مەخمور، کەلار و پێنجوێن، تا ئێستا هەزار و ٢٨٥ کەس بەشداری مانگرتنی خولی بوون دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کریکارانی کوردستان،- پەکەکە، هەروەها سێ کەسیش بۆ هەمان مەبەست لە مانگرتنی بێسنوردان.


دەوڵەتی تورک، لە ٢٧ تەموز ٢٠١١ وە ڕێگای نەداوە، پارێزەران سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بکەن لە دورگەی ئیمڕاڵی، لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ وە ڕێگەی نەداوە 'شاندی ئیمڕاڵی' سەردانی ئۆجالان بکەن، هەروەها لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ وە ڕێگا بە خانەوادەی ئۆجالانیش نادریت سەردانی ئیمڕاڵی بکەن.

تا ئێستا ٨٠١ داواکاریی پاریزەرانی ئۆجالان بۆ سەردانی ئیمڕاڵی ڕەتکراوەتەوە، هەروەها هەموو داواکارییەکانی بنەماڵەی ئۆجالانیش بۆ سەردانی ئیمڕاڵی بە بیانووی جیاجیا ڕەت دەکرێنەوە.

بەهۆی ئەو گۆشەگیرییە توندەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە خراوەتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، لە ڕۆژی ٧ی تشرینی دووەم لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە، لە زیندانی ئامەد، مانگرتنی بێسنووری ڕاگەیاند، کە ئێستا ماوەی ١٤٠ ڕۆژە لە مانگرتنی بێسنوردایە و باری تەندروستی خراپە.

لەدوای مانگرتنەکەی لەیلا گوڤەن، لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان و ناو زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا مانگرتن دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، دەستی پێکرد و بەردەوام بەرەو فراوان بوون دەچێت و تا ئێستا بە هەزاران کەس بەشداریی مانگرتن بوون.

لە باشوری کوردستانیش لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و کامپی شەهید ڕۆستەم جودی( مەخمور) لە شارۆچکەی مەخمور و لە شارۆچکەی کەلار و شارۆچکەی پێنجوێن مانگرتن دەستی پیکرد.

بە گشتی ئەو مانگرتنانەی دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دەدرێن دوو جۆرن، جۆری یەکەمیان مانگرتنی خولیی-یە، کە مانگران ماوەی دوو ڕۆژ یان زیاتر لە مانگرتندا دەمێننەوە و پاشان لەلایەن گروپێکی دیکەوە درێژە بە مانگرتنەکە دەدرێت، تا ئێستاش لە باشوری کوردستان هەزار و ٢٨٥ کەس بەشداری مانگرتنی خولی بوون کە زۆربەیان دوو ڕۆژ لە مانگرتندا ماونەتەوە و سێ کەسیان ماوەی هەفتەیەک لە مانگرتندا ماونەتەوە لە شارۆچکەی کەلار، هەروەها شەیما عەدنان هەر لە شارۆچکەی کەلار مانگرتنی بۆ ماوەی مانگێک ڕاگەیاند، یونس عومەر، بۆماوەی ١٠ ڕۆژ مانگرتنی لە شارۆچکەی پێنجوێن ڕاگەیاند.

مانگرتنی خولی بۆ یەکەمجار لە باشوری کوردستان، لە شاری هەولێر لەلایەن (نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان) دەستی پێکرد، کە ئێستا ماوەی ١٢٧ ڕۆژە مانگرتن لە نوێنەرایەتی هەدەپە، بەڕێوەدەچێت و ٤٩٤ کەس بەشدارییان لە مانگرتنەکەدا کردووە لە چوارچێوەی ٦٣ گروپدا.

دوای شاری هەولێر، لە شاری سلێمانی، کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، مانگرتنی خولییان ڕاگەیاند و ١٠٤ ڕۆژە مانگرتنەکەیان بەردەوامە و تا ئێستا ٢٠٤ کەس لە چوارچێوەی ٥٢ گروپدا بەشدارییان لە مانگرتنی خولیدا کردووە.

لە دوای شاری سلێمانی، لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی، لە شارۆچکەی مەخمور، مانگرتنی خولی ڕاگەیەندرا، مانگرتنەکەی مەخمور ماوەی ١٠٢ ڕۆژە بەردەوامەو ٥٨٢ کەس لە چوارچێوەی ٣٤ گروپدا بەشدارییان تێدا کردووە.

لە ڕۆژی ٣٠ کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٩ شاندێک لە مانگرتووانی مەخمور، لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری هەولێر خێمەیان هەڵدا و دریژەیان بە مانگرتنی خولیدا، بەڵام لە ئاسایشی هەولێر چەند جارێک هێرشی کردە سەر مانگرتووان و خێمەکانی تێکدان، هەرچەند کەش و هەوا ساردبوو لەوکاتەدا بەڵام مانگرتووان سوربوون لەسەر چالاکییەکەیان و لەبەر سەرمادا درێژەیان بە مانگرتنەکەیان دا، بەڵام چەندین جاری دیکە ئاسایش هێرشی کردنەوە سەرو لە ڕۆژی ٧ی مانگی شوبات هەموو مانگرتووانیان دەستگیرکرد.

هەروەها لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بێجگە لە هەرێم مەحمود، کە مانگرتنی بێسنووری ڕاگەیاندووە، بێنج کەس مانگرتنیان بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕاگەیاند و کەسێکیش بۆ ماوەی مانگێک مانگرتنی ڕاگەیاند، هەروەها ڕۆژی ١٨ی ئازار،  گوڵەباخ جەلال ئەندامی ئەنجومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، دەستی بە مانگرتنی ماوە نادیار لە خورادن کرد.

هەر لە باشوری کوردستان سێ کەس مانگرتنی بێسنووریان دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاندووە، یەکێک لەو کەسانە، ناسر یاگز-ە، کە لەنوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان ماوەی ١٢٧ ڕۆژە لە مانگرتنی بێسنووردایە و باری تەندروستی بەردەوام بەرەوخراپی دەڕوات، چاوەکانی کز بووە و توانای وەستان و ڕۆشتنی لاواز بووە.

لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی مەخمور، فادیلە تۆک، ماوەی ٦٧ ڕۆژە لە مانگرتنی بێسنووردایە، هەرێم مەحمود، کە گەنجێکی ئەندازیارە لە شارۆچکەی کەلار، ماوەی ٣٢ ڕۆژە لە مانگرتنی بێسنووردایە.

لە ژێر فشاری مانگرتنەکاندا دەوڵەتی تورک ڕێگایدا، کە محەمەد ئۆجالانی برای عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژی ١٢ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، سەردنی دورگەی ئیمڕالی بکات و چاوی بە ئۆجالان بکەوێت، ئامانجی دەوڵەتی تورک لە ڕێگادان بەوسەردانە ئەوەبوو کە چالاکیی مانگرتووان کۆتایی پێبێت، بەڵام مانگرتووان ڕایانگەیاند، کە گۆشەگیریی کۆتایی نەهاتووە و هەتا بە یەکجاری گۆشەگیریی کۆتایی پێنەیەت بەردەوام دەبن لە مانگرتن، بۆیە هەتا ئێستاش چالاکییەکانی مانگرتووان بەردەوامە.

د.ع