هەوڵەکانی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد- بەشی یەکەم

لە دوای دروستبوونی پارتی سیاسی لە کوردستان، هەرچەند ناکۆکی و شەڕ لەنێوان پارتەکاندا ڕووی داوە، بەڵام چەندین هەوڵی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی هەبووە و هەندێکیان ئەنجام و ئامانجی گەورەی لێکەوتووەتەوە.


لە قۆناغە جیاوازەکاندا پارت و لایەنە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان، هەم لەناو پارچەکانی خۆیاندا، هەم لەگەڵ پارچەکانی دیکەدا هەوڵی پێکهێنانی یەکڕیزیی و یەکێتی نەتەوەییان داوە، ئێستا کە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و کوردستان بە ئاڵۆزی و گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت، هەم هێرشێکی فراوانی دەوڵەتانی داگیرکەر لەسەر کوردستان هەیە، هەم دەرفەتیش بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هەیە، بەڵام نەبوونی یەکێتی نێوان گەلی کورد و ئەو دابڕانەی کە لەنێوان لایەنەکانی کوردستاندا دروستبووە بووەتە هۆی ئەوەی ئەگەری بە ئامانج گەیشتنی گەلی کورد لاوازببێت.

ڕەنگە جێگەی خۆی بێت، بپرسرێت، ئایا لەڕابردوودا هیچکاتێک هەوڵی یەکێتی گەلی کورد دراوە، هیچ ڕێککەوتنێک لەلایەن لایەنە کوردییەکاندا ئەنجامدراوە؟ چی ڕێگر بووە لەوەی یەکێتی نەتەوەیی کورد دروستبکرێت، لەم ڕاپۆرتەدا باس لەو هەوڵانەدەکەین کەبۆ یەکێتی نەتەوەیی کورد دراوە و بەربەستەکان و هۆکارەکانی دروستنەبوونی یەکڕیزی کورد دەخەینە ڕوو.

ئەو هەوڵانەی دراوە بۆ یەکڕیزیی کورد

لەساڵی ١٩٨٠ پارتەکانی باشوری کوردستان دوو بەرەی جیاوازیان دروستکرد بەناوی بەرەی (بەرەی نیشتیمانی دیموکراتی- جود) و ( بەرەی نیشتیمانی و نەتەوەیی دیموکراتی- جوقد)، ئەم دوو بەرەیە لە بنەڕەتدا بە ئامانجی پێکهێنانی یەکێتی نێوان لایەنە کوردییەکان پێکهات، بەڵا لە ئاکامدا شەڕێکی ناوخۆیی توندی لێکەوتەوە لەنێوخۆی ماڵی کورددا و چەندین پێشمەرگەی ئازا شەهید بوون.

  لەساڵی ١٩٨٣، ڕێککەوتنێکی نۆ خاڵی لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، واژۆکرا بۆ کاری پێکەوەیی، ئەم ڕێککەوتنە تا ساڵی ١٩٨٦ بەردەوام بوو، لەماوەی ساڵانی ڕێککەوتنەکەدا گەلێک ئامانجی گرنگ بەدەست هاتن بۆ خەباتی هەردوولا و خەباتی ڕزگاریی خوازانەی گەلی کورد، هەدوولایان پێکەوە چەندین جار با هاوبەشی شەڕی دوژمنانی گەلی کوردیان کرد، لەساڵی ١٩٨٦ ئەم ڕێککەوتنە یەک لایەنە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوەشێندرایەوە.

لە ساڵی ١٩٨٩ دا و لە نێوان لایەنەکانی باشوری کوردستاندا بەرەی کوردستانی دروستکرا، ئەم بەرەیە ئامانجی بوو ببێتە بەرەیەکی کوردستانی هەموو پارچەکانی کوردستان، لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی خەڵکی باشوری کوردستاندا دژی ڕژێمی بەعس، بوونی بەرەی کوردستانی وایکرد، کە ئیرادەیەکی بەهێز لە بەرامبەر ڕژێمی بەعسدا نیشان بدرێت، ئەوەش یەکێک لەو هۆکارانەبوو کە نەتەوەیەکگرتووەکان هاتە سەر خەت و بۆ پاراستنی باشوری کوردستان هێڵی دژە فڕینی دیاری کرد.

بەرەی کوردستانی لەساڵی ١٩٩٤ بەهۆی شەڕی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوەشایەوە، لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکڕیزیی نێوان لایەنە کوردییەکان لە باشوری کوردستان هەم سوپای بەعس توانی بێتەوە هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان داگیربکات، هەم دەسەڵات و بنکەو بارەگای سوپای ئێران و تورکیا لە باشوری کوردستان زیادیکرد.

لەدوای ساڵی ١٩٩٤ وە چەندین هەوڵ درا بۆ کۆکردنەوەی لایەن و ڕێکخراوە کوردییەکان لە دەوری یەک، ئەم هەوڵانە گەشتنە ئەوەی لەساڵی ١٩٩٥دا پەرلەمانی کورد لە دەرەوەی وڵات دروستبێت، کە نوێنەری سەرجەم پارچەکانی کوردستانی تێدابوو، ئەم ڕێکخراوە بەردەوام بوو لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و ئەنجامدانی کاری هاوبەش هەتا ساڵی ١٩٩٩.

لەساڵی ١٩٩٩دا ناوی پەرلەمانی کورد لە دەرەوەی وڵات، کرا بە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، هەتا ئێستا لەژێر ئەم ناوەدا بەردەوامە لە خەباتکردن.

خەباتەکانی (کەنەکە) بۆ یەکێتی نەتەوەیی

کۆنگەری نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، چەندین هەوڵی داوە بۆ ئەوەی یەکێتییەکی بەهێز لە نێوان هەر چوار پارچەی کوردستاندا دروستبکات، بۆ ئەوەش هەم لەگەڵ لایەنکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و هەم لەگەڵ ڕێکخرا و دامەزراوە و ڕۆشنبیر و کەسایەتییەکان و هاوڵاتیان ڕاوێژی کردووە و هەوڵی پێکهێنانی یەکڕیزیی کوردی داوە بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆنفڕانس و کۆنگرە و کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

یەکەم ڕاوێژی یەکێتی نەتەوەیی مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١١ لەسەر بارودۆخی کوردستان لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ئەنجامدرا، کە تیێیدا نوێنەری زۆرینەی لایەنەکانی باشوری کوردستان ئامادەبوون.

دووەم ڕاوێژی یەکێتی نەتەوەیی لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٢ ئەمجامدرا، لە پەرلەمانی فەرەنسا، کە تایبەت بوو بە قسەکردن لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و ئەو پێشهاتە نوێیەی لەوێ هاتبووە ئاراوە، کە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوو.

سێهەم ڕاوێژی یەکێتی نەتەوەیی، لەساڵی ٢٠١٤ لە وڵاتی سوید ئەنجامدرا، کە تایبەت بوو بە قسەکردن لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و یەکڕیزیی نێوان لایەن و ڕێکخرا و دامەزراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

چوارەم ڕاوێژی یەکێتی نەتەوەیی لەمانگی ٩ی ساڵی ٢٠١٦ لە شاری کەرکوک ئەنجامدرا، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی باشوری کوردستان، ئەم ڕاوێژە بە بەشداریی لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی باشوری کوردستان و کەسایەتییەکان ئەنجامدرا، تێیدا گفتوگۆ لەبەرەی یەکێتی نەتەوەییەوە کرا.

پێنجەم ڕاوێژی یەکێتی نەتەوەیی، لە مانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٧ لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، ئەم ڕاوێژە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەنجامدرا، کەنەکە، بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕاوێژە سەردانی هەموو لایەنکانی چوارپارچەی کوردستانی کرد، هەروەها بانگهێشتی کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی هەرچوار پارچەی کوردستانی کرد، کۆبوونەوەکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو زۆرینەی لایەن و ڕێکخراوەکانی باشوری کوردستان تێیدا ئامادەبوون، لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەدا کە لەوێ کرا بڕیار درا، کە لایەنەکان و ڕێکخرا و کەسایەتی و پێکهاتەکانی هەر پارچەیەکی کوردستان پێکەوە گفتوگۆبکەن و کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژیی تایبەت بەخۆیان ببەستن.

لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەی لە کۆبوونەوەی ڕاوێژی گشتیدا درا، لە مانگی ٩ی ساڵی ٢٠١٧ لە وڵاتی سوید، کۆبوونەوەی ڕاوێژیی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدرا، کە نوێنەری پارت و ڕێکخراو پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا ئامادەبوون.

هەروەها لەمانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٧ لە شارۆچکەی ڕومێلای ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی تایبەت بە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا، تێیدا زۆرینەی پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشدار بوون.

لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٧ دا لە وڵاتی هۆڵەندا کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی کوردانی تاراوگە ئەنجامدرا.

هەواڵدانی ساڵی ٢٠١٣

لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، لە ساڵی ٢٠١٣ دا کۆبوونەوەیەکی فراوان لە شاری هەولێری باشوری کوردستان ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری سەرجەم پارچەکانی کوردستان بەشداربوون، بۆ یەکەمین جار نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق بەشداربوو، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی بوو، کۆبوونەوەکان ماوەی شەش مانگ بەردەوام بوو، چەندین لیژنەو گروپی جیاواز بۆ ڕێکخستنی کارەکان پێکهێندرا، عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، پێشنیاری کرد کە لەیلا زانا و مەسعود بارزانی ببنە هاوسەرۆکانی ئەو ڕێکخراوە نەتەوەییەی کە پێک دێت، سەرئەنجام بەهۆی بەربەست و ڕێگرییەکان ئەم هەوڵە بە ئاکام نەگەشت.

لەم ڕاپۆرتەدا تەنها باسی هاوڵەکانی دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیمان کرد، لە بەشی داهاتوودا باسی هۆکارەکانی پێک نەهاتنی یەکێتی نەتەوەیی دەکەین.

د.ع