ئەو هەڕەشەیەی بۆ یەکەم جار ڕژێمی بەعس لە ١٦ی نیساندا لەڕێگای بۆمبی کیمیاییەوە لەسەر ژینگەی باشووری کوردستان دروستیکرد، دەوڵيتی تورک زۆر مەترسییدارتر بەردەوامیی پێدەدات.
ڕۆژی ٧ی نیسانی ٢٠٠٨، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٦ی نیسانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیارییکرد، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی بۆردوومانکردنی گوندی شێخ وەسانان و بالیسان لە دۆڵی خۆشناوەتی لە ساڵی ١٩٨٧ بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی، کە ئەوەش یەکەمجار بوو ڕژێمی بەعس بەو چەکە قەدەغەکراوە بۆردوومانی خەڵک بکات لە باشووری کوردستان و بەهۆیەوە، ١٩٧ کەس لە دانیشتوانی گوندەکە شەهید بوون و سەدانی دیکە برینداربوون.
ساڵانە لەم ڕۆژەدا لەپێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان و زیادکردنی هەستی بەرپرسیارێتی لای هاوڵاتیان، چالاکیی و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بەڕێوەدەچێت.
ئەو هۆکارەی وایکرد ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیاریی بکرێت، کە پیسکردنی ژینگەی کوردستانە بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی، تاکو ئێستا بەردەوامی هەیە و هیچ هەوڵێکیش نییە بۆ ڕاگرتنی، ئەویش بۆردوومانەکانی تورکیایە لەناو قوڵایی خاکی کوردستاندا.
تەنها لە شەش مانگی سەرەتای٢٠٢١-دا دەوڵەتی تورک ٣٢٣ جار چەکی کیمیایی دژ بە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەکارهێناوە، زۆرترین جاریش بەکارهێنانی ئەو چەکە قەدەغەکراوە لە وەرخەلێ و ئاڤاشین بووە.
دەوڵەتی تورک، ڕۆژانە بە سووتاندن و بڕینەوەی دارستانەکان، جینۆسایدی ژینگەیی لەسەر باشووری کوردستان بەڕێوەدەبات، زەوییە کشتوکاڵییەکان بەھۆی بۆردوومانەکانەوە دەسووتێن و دار و درەختەکانیش دەبڕنەوە.
سەروەر قەرەداغی، هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: لە ڕابردوودا ڕژێمی بەعس بەشێوازی جۆراوجۆر کاری لەسەر تێکدانی ژینگەی کوردستان کردووە، بەهەمان شێوەش لەئێستادا ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا دەیکات، بەردەوامیی دەدات بە هەوڵەکانی بەعس بۆ تێکدانی ژینگە و خاکی کوردستان.

باسی لەوەش کرد، دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانیدا چەکی کیمیایی دژی گەریلاکان بەکارهێناوە، ئەو چەکەش جگە لە زیانە مرۆییەکانی، زیانی گەورەی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە و کاریگەریی خراپ و دێژخایەن لەسەر ڕەگەزە ژینگەییەکانی ئاو و هەوا و خاک جێدەهێڵێت.
باشووری کوردستان بەدەست دەیان گرفتی ژینگەییەوە دەناڵێنێت، حکومەتی هەرێمیش، نەک کار بۆ چارسەرکردنیان ناکات، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا خۆی هۆکاری دروستبوونی ئەو گرفتانەیە.
سەروەر قەرەداغی، باسی لە دیارتریین کێشە ژینگەییەکانی باشووری کوردستانی کرد و وتی: “دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت سەرەکیترین سەرچاوەی کێشە ژینگەییەکانە، نەبوونی کارگەی ڕیسایکلین وایکردووە ئەو خاشاکەی کۆدەکرێتەوە لەبری ئەوەی دووبارە سودی لێوەربگیرێت، دەخرێتە ژێر زەوی یان دەسووتێندرێت بەوەش خاک و هەوا پیس دەکات، لەهەمانکاتدا زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل و قەرەباڵەغیی سەر شەقاماکانیش، هۆکارێکی دیکەی کێشەکانی ژینگەن”.
لەساڵی ٢٠١٥-ەوە بە لەپەرلەمانی عێراق یاسای باجی ژینگەی ساڵانە خرایە سەر ئۆتۆمبێل و هەرێمی کوردستانیش کار بەو یاسایە دەکات، بڕی باجەکەش لە ٦٠ بۆ ٦٠٠ هەزار دیناری عێراقییە، بەڵام دەستەی ژینگەی کوردستان ساڵانە باس لەوە دەکەن کە ئەو پارەیە ناگەڕێتەوە بۆیان تاکو خزمەتی ژینگەی پێبکەن.
هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەبارەی ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە کوردستان لەئاستی پێویستدا نییە و کاری جدیش نەکراوە بۆ سەوزکردنی ناوچەکان و وتی:”تائێستا دەستەی پاراستنی ژینگەی کوردستان لەقۆناغی دروشم و قسەدایە و هەوڵنەدراوە بۆ چارەسەری کێشەکان”.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگەی کوردستان سەروەر قەرەداغی پێشنیار دەکات، کە پاراستنی ژنگە بکرێت بە بابەتی ناوەندەکانی خوێندن و سەرجەم قۆناغەکان بگرێتەوە.
هەروەها، دەزگاکانی ڕاگەیاندن وەک بابەتێکی جدیی و مەترسیدار مامەڵە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە بکەن و بیخەنە ناو پرۆگرامەکانیان.
ش.ف