وەزیرە بێ وەزارەتەکان دەسەڵاتەکانیان بەیاسا ڕێکنەخراوە

لە زۆرینەی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کورستاندا چەند وەزیریک هەبوون بەناوی وەزیری هەرێمەوە، بەڵام هیچ وەزارەتێکیان نییە و بەڕوونیش دیار نییە چ کارێک دەکەن، ئەرک و دەسەڵاتیشیان بەگوێرەی یاسا دیاری نەکراوە، پەرلەمانتارێکی پێشووی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت ئیش دۆزینەوەیە بۆ خەڵک و هیچیتر.


ڕۆژی ١٠-٧-٢٠١٩ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان متمانەی لە پەرلەمان وەرگرت، کە پێکهاتبوون لە ٢٢ و وەزیر و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام تەنها ١٩ وەزیر وەزارەتیان هەیە، سێ وەزیر، وەزیری بێ وەزارەتن کە بە وەزیری هەرێم ناودەبرێن.

وەزیرەکانی هەرێم

لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا خالید سەلام ( خالید شوانی) وەزیری هەرێمە بۆ پەیوەندی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، ڤاڵا فەرید، وەزیری هەرێمە بۆ پەیوەندی نێوان پەرلەمان و حکومەت، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێمە بۆ کاروباری پێکهاتەکان.

وەزیری هەرێم چییە؟

لە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٢ ئەنجومەنی وەزیران، کە لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرچووە، لە ماددەی نۆ دەڵێت، دەکرێت ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند وەزیرێکی هەرێمی تێدابێت، لە کۆتا هەموارکردنەوەی ئەم یاسایەدا لە ساڵی ٢٠١٤دا هاتووە، کە دەکرێت کابینەی ئەنجومەنی وەزیران سێ وەزیری هەرێمی تێدابێت، بەڵام هیچ یاسایەک نییە کە بەڕوونی ئەرک و دەسەڵاتی وەزیری هەرێم دیاریی بکات.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دەسەڵاتەکانی ئەم وەزیرانەوە بە ڕۆژنیوزی وت: لەهەموو دنیادا وەزیری دەوڵەت هەیە، ئەکرێ وەزیری هەرێم هەبێت، یاسا نییە بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان دیاری بکات، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەرک و دەسەڵاتیان بۆ دیاری دەکات.

هەرەوەها شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر هەمان بابەت بە ڕۆژنیوزی وت: ئەمە ئیش دۆزینەوەیە بۆ هەندێک کەس و هیچی تر، ئەم کابینەیە بەحساب کابینەی چاکسازیی بوو، بەڵام هات لەڕێگای زیادکردنی چەند وەزیرێک و یاریدەدەرێکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەندەی دیکە کابینەکەی گەورەکرد، بەبێ ئەوەی بەشی هەرەزۆریان دیاربێت کە کاریان چییە و یاسایەکی تایبەت هەبێت کاری لەسەر بکەن، تەنها بۆ ڕازیکردنی دڵی حزبەکان و زیادکردنی بارگرانییە لەسەر حکومەت، ئەمانە لەبری ئەوەی بێن سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەکان دابمەزرێنن کە یاسا دیاری کردووە و سەرۆکی سندوقەکەش پلەی وەزیری هەیە، دێن شتێک زیاددەکەن کە یاسای نییە.

وەزیری مووچە

لەهەموو خولەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا وەزیری هەرێم هەبووە، کە ژمارەیان تا خولی نۆیەم زیاتر لە ٣٠ وەزیر بووە، ئەمانە هەموو ماف و ئیمتیازێکی وەزیریان هەبووە و بە مووچەی زیاتر لە ٦ ملیۆن دینار خانەنشین کراون، کە ئەمەش بارگرانی لەسەر داهاتی هەرێم دروستکردووە، بەڵام بێجگە لەم وەزیرانە کە تا کۆتایی کارەکەیان وەزارەت نابینن، سەدان کەسی دیکە لە سەرۆکی حزبە بچوکەکان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبەکان بە پلەی وەزیر خانەنشی کراون کە نە وەزارەتیان بینیوە و نە ڕۆژێکیش وەک وەزیر دەوامیان کردووە.

د.ع