١٦ی ئۆكتۆبەر و دەرهاویشتەكانی

ساڵێك بەسەر ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەردا تێپەڕدەبێت، لەو ڕۆژەدا كورد زیاتر لە ٥١% خاكی باشوری كوردستانی لەدەستدا و كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەکان كەوتنە دەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، تا ئێستا و ماوەی ساڵێكە حوکمی سەربازیی لەو ناوچانە بەردەوامە و لە ژێر دەستی سوپا و حەشدی شەعبییدان.


ڕۆژنیوز لەم دۆسیەیەدا تیشك دەخاتە سەر ڕووداوەكانی ناوچە دابڕێندراوەکان، ڕووداوی ١٦ی ئۆكتۆبەر و كاریگەریی و دەروهاویشتەكانی لە كەركوك و ئەو ناوچانەی تر كە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەستیان بەسەردا گرت.

كەركوك بە یەكێك لە كۆنترین شارەكانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دادەنرێت، مێژووكەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا، لەڕووی سامانی سروشتیی و بەتایبەت نەوتەوە، بە یەكێك لە دەوڵەمەندترین شارەكانی جیهان هەژماردەكرێت، چوار پێكهاتەی سەرەكی لە كەركوك دەژین (كورد، عەرەب، توركمان، ئاشور).

لەڕووی مەزهەبییشەوە دانیشتوانی شارەكە بەسەر سوننە و شیعەدا دابەش بوون، جگە لە بوونی كوردانی كاكەیی.

بەپێی سەرژمێرییەك كە لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕێگای فۆرمی خۆراكەوە ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتوانی كەركوك زیاترە لە ٩٠٠ هەزار كەس، كە نەتەوەی كورد زیاتر ٥٠%ی دانیشتوانی شارەكە پێكدەهێنێت.

زیاتر لە ٤٠ گەڕەك لە كەركوك بوونیان هەیە، هەرسێ شارۆچكەی (داقوق، دوبز، حەویجە)-ی لەسەرە، هەروەها ١٦ شارەدێ و زیاتر لە ٥٠٠ گوند سەر بە كەركوكن، كە پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەكان بەسەر شارۆچكە و شارەدێ و گوندەكاندا دابەش بوون.

كەركوك بە چوارەم گەورەترین پارێزگا لە عێراق هەژمار دەكرێت، لە ساڵی ١٩٢٧ لە كێڵگەی نەوتی باباگوڕگوڕ دەست بە دەرهێنانی نەوت كراوە، شارەكە خاوەنی چوار كێڵگەی نەوتی گەورەیە كە پێكدێن لە (باباگوڕگوڕ، زەمبور، بای حەسەن، هاڤانا)، بوونی ئەو كێڵگە نەوتییانە و سامانی سروشتی، كەركوكی كردووەتە ناوەندێك بۆ ململانێی هێزە ناوخۆ و دەرەكییەكان.

لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، كەركوك لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە حكومەتی عێراق بووە، سەرجەم فەرمانگە حكومیەكان سەر بە ناوەند بوون، جگە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خوێندنی كوردیی، بەڵام كورد بەهێزترین پێكهاتەی شارەكە بووە، بە جۆرێك زۆربەی بەڕێوەبەری فەرمانگە و دامەزراوەكان كورد بوون، هەروەها دۆسیەی ئەمنیی شارەكە لە دەستی كوردا بوو، پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن پشكی كورد بوون.

باڵادەستبوونی كورد لە شارەكە، نەبووە هۆكار بۆ سەقامگیربوونی كەركوك لە ڕووی ئەمنییەوە، ڕۆژانە تەقینەوە و حاڵەتی كوشتن و ڕفاندن تۆمار دەكران، تا ئێستاش ئەو حاڵەتانە بەردەوامییان هەیە.

لەپێش ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەكان لە ئاستێكی باشدا بوو، نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەكان پێكەوە دەژیان، ئەمەش بووبووە جوانترین نمونەی پێكەوەژیانی دیموكراتییانە، وەك نەتەوەكانی كەركوك خۆیان باسی لێوەدەكەن ئەو پێكەوە ژیانە ڕەگی داكوتاوە و هەمیشە وەك برا و خوشک دەژین، ئەو ناكۆكییانەی كە باسی لێوەدەكرێت سیاسییەكان دروستی دەكەن و ئەوان خوڵقێنەری فیتنەوە و ئاژاوەن.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ و لەگەڵ سەرهەڵدانی چەتەكانی داعش و داگیركردنی شاری موسڵ و بەشێك لە شار و ناوچەكانی باكور و ناوەڕاستی عێراق، بەهۆی بەرگریی نەكردنی سوپای عێراق، چەتەكانی داعش توانیان شارۆچكەی حەویجەی سەر بە كەركوك و شارەدێكانی (زاپ، ڕیاز، ڕەشاد، عەباسیە)ی سەر بە حەویجە بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، وە هەڕەشەی داگیركردنی كەركوكیان دەكرد.

بۆ بەرگرییكردن لە شاری كەركوك، هێزەكانی پێشمەرگە بە درێژایی سنووری باشور و ڕۆژئاوای كەركوك سەنگەری بەرگرییان لێدا و لە ناوچەكە جێگربوون و بۆ ماوەی زیاتر لە دووساڵ هاوشان لەگەڵ گەریلاكانی هەپەگە و یەكینەكانی ژنانی ئازادی ستار (یەژا ستار) بەرگرییان لە شاری كەركوك كرد و چەندین جار هەوڵی داگیركردنی كەركوكیان لە لایەن چەتەكانی داعشەوە تێكشاند.

بڕیاری ڕیفراندۆم

ساڵی ٢٠١٧، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، كاردانەوەی ناوخۆیی هەرێمی و جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا، حكومەتی عێراق هەڕەشەی توندی لە حكومەتی هەرێم دەكرد، جگە لەوەی كە وڵاتە زلهێزەكانی جیهان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوون، توركیا زیاد لە جارێك هۆشدارییدا لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەمریكاش لەرێگەی ریكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتیەوە نامەیەكی ئاراستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان كرد، داوایكردبوو ریفراندۆم دوابخات و واشنتۆنیش هەوڵی تەواو دەدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەگەر كێشەكانیش وەكو خۆیان مانەوە، دوای ساڵێك هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدات و ئەوكات ئەمریكا پشتیوانییان دەكات، بەڵام مەسعود بارزانی سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بڕیاری دا بە ئەنجامدانی لە ٢٥-ی ئەیلولی ٢٠١٧.

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە دابڕێندراوەکان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كردە دوو بەرەوە، جگە لە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری ئەوکاتی كەركوك، یەكێتی لە كەركوك هەر زوو هۆشداری دا لە تێكچوونی دۆخی كەركوك و لەدەستدانی شارەكە.

ئەوكات ڕەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كەركوك، لەكاتی كۆبوونەوەیەكی حزبە كوردستانیەكانی كەركوك، ڕایگەیاند: میتی توركیا پیلانی تێكدانی دۆخی كەركوكی هەیە و نابێت ڕیفراندۆم لە كەركوك ئەنجام بدرێت.

لە كەركوك ڕیفراندۆم ئەنجامدرا.

دوای ڕیفراندۆم، كەركوك بە دۆخێكی ناسەقامگیردا تێپەر دەبوو، ترس و دڵەڕاوكێ باڵای بەسەر كەركوكییەكاندا كێشابوو، بەڵام فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە دڵنیاییان دەدا كە مەترسیی هیچ هێرشێك لەلایەن هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە بۆسەر كەركوك بوونی نیە.

لە ڕۆژی ١٤ی ئۆكتۆبەر فەرماندە باڵاكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە نزیك گوندی مەكتەب خالید لە باشوری كەركوك كۆبوونەوە، دواتر فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە دڵنیاییان دایەوە هاوڵاتیان كە هیچ مەترسییەك لەسەر كەركوك بوونی نیە، بەڵام شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی ئۆكتۆبەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، لە گوندی بەشیر-ەوە لە سنووری شارەدێی تازە لە باشوری شاری كەركوك دەستیان بە جوڵە كرد بەرەو شارەكە.

لە چەند شوێنێكی كەم نەبێت، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ڕووینەدا، لە كاتی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا زیاتر لە ٥٠ پێشمەرگە شەهید بوون، ئەو ژمارە کەمە گەریلایەی کە لە سنوورەکەدا بوون هاوشان لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆبەخشی سنوورەکە دەستیان بە بەرگریی کرد، بەڵام بەهۆی کەمیی ژمارەیان ناچار بوون پاشکەشە بکەن، هەر لەو ڕۆژەدا لە داقوق هۆگر باران، کادری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە شەهیدبوو.

لە بەرەبەیانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەتەواوەتی كەركوكیان كۆنترۆڵ كرد.

ترسی بەشێك لە كوردانی شاری كەركوك لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، وای لە بەشێك لە دانیشتوانی كوردی شاری كەركوك كرد شارەكە چۆڵ بكەن، بەو هۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار كەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، بەڵام دوای دوو ڕۆژ، بەشێك لە دانیشتوانی ئاوارەبووی شاری كەركوك دووبارە گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لەگەڵ ئەوەدا تا ئێستا نزیكە ٥٠٠ خێزانی كەركوك نەگەڕاونەتەوە بۆ شارەكە.

دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، جگە لە شاری كەركوك، تەواوی شارۆچكە و شارەدێكانی سەر بەو پارێزگایە، جگە لە شارەدێی قەرەهەنجیر، كەوتە دەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی.

لە میانی ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، نەجمەدین كەریم پارێزگاری ئەوكاتی كەركوك و ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا، شارەكەیان بەجێهێشت، دواتر بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ڕاكان جبوری وەك پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت دەستنیشان كرا، دواتریش ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی كەركوك ناونرا (چەسپاندنی یاسا).

هەرزوو ڕاكان جبوری، بە پشتگیریی سوپا و هێزە ئەمنییەكان، دەستی كرد بە هەڵمەتی داگیركردنی زەویە كشتوكاڵەكانی كورد لە دەوروبەری كەركوك، هەروەها چەندین فەرمانبەر و بەڕێوەبەری كوردی لە پۆستەكانیان دوورخستەوە، ئەمەش بەوتەی خۆی بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك، بۆیە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە كورد لە كەركوك دةيان پۆستی باڵای لێسەندراوەتەوە.

دۆخی ئەمنیی شارەكە و ناوچەكانی دیكەی دەوروبەری لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە ناسەقامگیرە و دەیان تەقینەوە و حاڵەتی رفاندن و كوشتن ڕوویانداوە و قوربانییان لێكەوتووەتەوە، ناوبەناو چەتەكانی داعش جووڵە و کردداری تیرۆرستیان هەیە و سوودیان لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە كە لە دەوروبەری كەركوك و بەشێك لە ناوچە دابڕێنراوەكان دروستبووە، بەتایبەت لە داقوق هەڕەشەی جدییان لەسەر گوندە كاكەییەكان دروستكردووە، بەشێوەیەك بەشێك لە دانیشتوانی كاكەیی ئەو ناوچەیە ناچاربوون بەهۆی هەڕەشەكانی داعشەوە گوندەكانیان چۆڵبكەن.

لە شارۆچكەی خانەقین و شارەدێی گوڵاڵەش داعش بە هەمانشێوە جموجوڵی هەیە و مەترسیی لەسەر دانیشتوان دروستكردووە، هێزە عێراقییەكان چەند جارێك لەناوچە جیاجیاكان ئۆپەراسیۆنی سەربازییان ئەنجامداوە بۆ ڕاوەدوونانی چەتەكانی داعش، هەر ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە وای لە كورد كردووە داوا بكات هێزە کوردییەکان بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە لەدەستیداوە.

توركیاش بە بیانوی پاراستنی توركمانەكانی كەركوك، بەناوی پاسەوانەوە هێزێكی ٥٠٠ كەسیی بۆ بەرەی توركمانی پێكهێناوە، كە هەنگاوی لەو شێوەیە ڕۆڵی دەبێت لە ئاڵۆزتركردنی دۆخی كەركوك.

هەر لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، دۆخی خوێندنی كوردی لە كەركوك لەبەردەم مەترسیدایە، بەو پێیەی هەردوو حكومەتی هەرێم فیدراڵ یارمەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی نادەن، بۆیە هەم مامۆستایانی خوێندنی كوردی هەوڵدەدەن راژەكانیان بگوازنەوە سەر حكومەتی فیدراڵ، هەم خوێندكارانیش دەیانەوێت خوێندنی كوردی بەجێبێڵن و گرفتی ئەوەیان هەیە دواتر نە لە زانكۆكانی هەرێم، نە لە زانكۆكانی سەر بە حكومەتی فدراڵیش دەتوانن بخوێنن.

بەم دواییانەش حكومەتی عێراق بڕیاریدا چەند خاڵێكی گومرگی لەنێوان كەركوك و شارەكانی تری هەرێم دابنێت، كە لەئەگەری دانانی ئەو خاڵە گومرگییانە لەرووی ئابوری و داهاتەوە زیان بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەگات و ئەگەری هەیە سەر بۆ بەرزبوونەوەی نرخی شمەك و كاڵا بكێشێت.

دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر كەركوك لەرووی ئیداریشەوە گرفتی گەورەی بۆ دروستبووە. تا ماوەی پێشوو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوونەوەی نەدەكرد، بەڵام لە دوو هەفتەی رابردوودا ئەنجومەنەكە دوو كۆبوونەوەی راوێژكاریی ئەنجامداوە، بێ ئامادەبوونی ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگا، بەو پێیەی ئامادە نین بگەڕێنەوە كەركوك، ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنەكەش لە هەولێرە و بەهەمانشێوە ئامادە نییە بگەڕێتەوە كەركوك.

بەڵام بڕیارە پێكهاتەكانی كەركوك دووبارە دەستبكەنەوە بە دابەشكردنەوەی پۆستە گرنگ و سەرەكییەكانی ئەو پارێزگایە، لەو چوارچێوەیەشدا كورد سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك و یەكێتی بە پشكی خۆی دەزانێت، پارتیش لەگەڵ ئەوەی هیچ بەرپرس و ئەندامێكی نەگەڕاوەتەوە بۆ كەركوك، بەڵام دەڵێت كاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.

س.ح