١٧ ساڵە داوای دەرکردنی سوپای تورک دەکرێت بەڵام ...

دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک زۆرجار کەمپەین ئەنجامدراوە و زیاتر لە ملیۆنێک واژۆ کۆکراوەتەوە و داواکراوە کە بارەگاکانی دەوڵەتی تورک دابخرێن، پەرلەمانی هەرێمیش ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر ئەو بابەتە بڕیارێکی دەرکرد، بەڵام داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک بەرفراوانتر بوون و لەئێستادا ٣٠ بارەگای لە باشور هەیە و ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشور و ئێستاش بەنیازە پیلانەکەی لەسەر قەندیل جێبەجێی بکات.


لە ساڵی ١٩٨٣ـەوە، دەوڵەتی تورک داگیرکەرییەکانی لە باشوری کوردستان بە تاکتیک و ستراتیژی جیاواز هەمیشەیی دەکاتەوە و زەمینەی دروستکردنی بارەگاکانی بە هێرشە جۆربەجۆرەکان و هەر جارە و بە ناوێک دروست دەکات، تا ئێستا ٣٠ بارەگای گەورەی کە هێلیکۆپتەر و تۆپخانەی تێدایە لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە، جیاواز لەمانەش چەندین بنکەی سەربازیی و سیخوڕیی سەربە دەزگای میتی لەناو شارو شارۆچکەکان دروست کراون.

دروستکردنی بارەگای سەربازی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە باشوری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٤، جێگیربوونی هێزەکانیشی بە پەسەندکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە بووە.

بارەگا سەربازیی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورک، لە هەفتانین تا برادۆست دانراون، بە گوێرەی سەرچاوە تورکییەکان ساڵی ١٩٩٤ یەکەمین بارەگای سەربازیی لە شارۆچکەی سەلاحەدین (پیرمام) لە ٢٥ کم نزیک هەولێر کراوەتەوە، کە یەکینە تایبەتەکانی سوپای تورک تێیدا جێگیرکراون.

دوای ئەوەش ساڵی ١٩٩٧ سوپای تورک لە هەولێر، زاخۆ، سلێمانی، دهۆک، دیانا، باتوفا، بامەڕنێ، ئامێدی و کانی ماسی یەکینەکانی جێگیرکرد، ئێستاش هەوڵدەدرێت هەمان ستراتیژی لە قەندیل جێبەجێی بکات.

ئەو بارەگا سەربازییانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لەناو ٢٥ ساڵدا لە باشوری کوردستان کراونەتەوە، بەم شێوەیەن:

بارەگای سەربازیی باتوفا

بارەگای سەربازیی کانی ماسی (گردی باروخ)

بارەگای سەربازیی، لۆجستی و فڕۆکەخانەی سەربازیی لە بامەڕنێ

بارەگای سەربازیی سنک

بارەگای سەربازیی بێگۆڤا (گردی بی)

بارەگای سەربازیی گەلیی زاخۆ

بارەگای سەربازیی سیرێ (شیلادزێ)

بارەگای سەربازیی سیرێ (شیرتێ)

بارەگای سەربازیی کوپکێ

بارەگای سەربازیی قمرێ لە بەرواری

بارەگای سەربازیی کۆخێ سپی

بارەگای سەربازیی دەرگای داوەتییە

بارەگای سەربازیی چیای سەرزێڕی

بارەگای سەربازیی شارەدێی زێلکان لە بناری چیای مەقلوب

بارەگای سەربازیی باشیک (باشوری ڕۆژهەڵاتی موسل)

بارەگای سەربازیی بامەڕنێ

بارەگای سەربازیی چیادێل

بارەگای سەربازیی لێلکان

بارەگای سەربازیی چیای کتکین

گردی پارتیزان لە هەفتانین

گردی کۆنفرانس لە هەفتانین

ناوەندەکانی میت

جگە لە بارەگا سەربازییەکان، ناوەندەکانی دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک- میت، لە باشوری کوردستان کراونەتەوە کە زۆربەیان لە دهۆک'ن، بەپێی سەرچاوە هەرێمییەکان، لە شارۆچکەی باتوفای سەربە زاخۆ، لە ناوەندی زاخۆ و ناوەندی دهۆکیش ناوەندی میت هەیە.

دەوترێت فڕۆکە سیخوڕییەکان و یەکینەیەکی هەواڵگیری دەوڵەتی تورک لە فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی حەریری سەربە هەولێر هەرچەند بە ئاشکراش نەبێت لەژێر ناوی ئەمریکا جێگیر کراون، کە زانیاریی لەسەر گەریلاکانی پەکەکە کۆدەکەنەوە.

بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، ناوەندە هەواڵگیرییەکانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی، نوێنەرایەتی، کۆنسوڵخانە یان ناوەندی پێدانی ڤیزا، جێگیرکراون.

لە زۆرێک لە تیرۆرە سیاسییەکانیش کە لە هەرێم ئەنجامدراون، دەرکەوتووە کە یەکینە هەواڵگیرییەکان نەک تەنها لە دهۆک و هەولێر، لە ڕاپەڕین و سلێمانیش بەڕکخستن کراون، لە ١٥ی ١٠ی ٢٠١٩ـدا، دوو کادری پەکەکە لە چیای گویژە لە سلێمانی لە ئەنجامی پیلانێکی هەواڵگیری شەهیدبوون، دەوترا کە ئەو هێرشە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە، هەر ئەو ساڵە دیار غەریب ئەندامی سەرۆکایەتی کۆنسەی کەجەکە، لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ خەڵکدا کرایە ئامانج و شەهیدبوو.

فڕۆکە سیخوڕیی و جەنگییە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر شارەکانەوە دەسووڕێنەوە

فڕۆکە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە پێشتر تەنها بەسەر ناوچە شاخاوییەکان و گوندەکانەوە دەگەڕان، ئێستا بەسەر شارە گەورەکانیشەوە بێ وەستان دەسووڕێنەوە.

زۆرجار داوای دەرکردنی سوپای تورک کراوە بەڵام ...

لە باشوری کوردستان زۆرجار هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران، داوای دەرکردنی سوپای تورک و داخستنی بارەگاکانیان کردووە، بەڵام حکومەت گوێی لە داوای خەڵک نەگرتووە.

ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە ٣٨ـیان بۆ دەرکردنی سوپای تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان دەرکرد، سەرەڕای ئەوەی ١٧ ساڵ بەسەر بڕیارەکەوە تێپەڕیوە، بەڵام حکومەت بڕیارەکەی جێبەجیی نەکردووە، بە پێچەوانەی حکومەت، خەڵکی باشور لە هەر دەرفەتێکدا دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵویستیان نیشانداوە.

هاوڵاتیانی ئامێدی ڕێگەیان نەدا تانکەکانی سوپای تورک بێنە ناوەوە

کاتێک سوپای تورک ساڵی ٢٠٠٧ لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئەمریکا و دەوڵەتی تورک بڕیاری هێرشی بەرفراوانی بۆسەر بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان و داگیرکردنی زاپی دا، خەڵکی شیلادزێ، سەرسنگ، سیرێ، بامەڕنێ و ئامێدی، چوونە سەر ڕێگای تانکەکان و کاروانە سەربازییەکانی سوپای تورک و ڕێگەیان نەدا بێنە ناو هەرێمەکانی گەریلا، خەڵکی هەرێمەکە ئەو کاتە لە نزیک گەلیی باڵندە و نزیک بارەگای سیرێ، چالاکییان بەڕیوەبرد و ڕژانە شەقامەکان، ئەو هەڵویستە نیشانیدا کە گەل بە هیچ شێوەیەک هەبوونی دەوڵەتی تورک لە باشور قبوڵ ناکەن.

کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوە بۆ دەرکردنی هێزە داگیرکەرەکان لە باشور

گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان ساڵی ٢٠١١ لە زۆرێک لە شارەکانی باشوری کوردستان، مێزی کۆکردنەوەی واژۆیان بۆ دەرکردنی سوپای تورک دانا، لە ئەنجامدا نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی بەشدارییان لە کەمپەینە کرد، ئەو واژۆیانە ڕادەستی کاربەدەستانی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان کران، بەڵام بێ وەڵام مایەوە.

لەئازاری ساڵی ٢٠١٨ـەش ڕێکخراوی Inef بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەگەری، بۆ دەرکردنی سوپای داگیرکەری تورک لە باشوری کوردستان کەمپەینێکی کۆکردنەوەی واژۆیان دەستپێکرد، لەم کەمپەینەدا ١٠ هەزار واژۆ کۆکرایەوە و ڕادەستی حکومەت کرا، بەڵام ئەمەش بێ وەڵام مایەوە.

دژی داگیرکاری نزیکەی هەزار واژۆ ڕادەستی پەرلەمانی عێراق کرا

لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩ـدا، لەدژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، جارێکی دیکە کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوە دەستپێکرد، و ٨٩١ واژۆ کۆکرایەوە، واژۆکان لەگەڵ داواکارییەکاندا ڕادەستی نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی کرا، هەروەها ٥٢ پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتیوانییان لە کەمپەینەکە کرد و واژۆیان لەسەر کرد.

پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای گروپە شێعەکان و بەبێ بەشداریی فراکسیۆنە کوردەکان بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە سەرتاسەری عێراق دا، کە هێزەکانی ئەمریکا، ئێران و تورکیاش دەگرێتەوە.

گۆڕەپانێکی دیکە دژی داگیرکاریی تۆڕی کۆمەڵایەتی بوو

زۆرجار هاوڵاتیان لەدژی بۆردومانەکان و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەمپەینی جۆراوجۆریان بەڕێوەبردووە، هەرچەند زۆرێک لەوانەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردێنن لەو چوارچێوەیەدا ناڕەزایەتییان نیشاندا، بەڵام لەلایەن کاربەدەستانی باشورەوە حسابی بۆ نەکرا.

گەنجانی باشوری دژی داگیرکارییەکان خۆیان کردە قەڵغانی زیندوو

گەنجانی باشوری کوردستان بە پشتیوانیی پێشمەرگە دێرینەکان، مامۆستایانی ئایینی، ڕۆشنبیران و ژنان لە مانگی شەشی ٢٠١٨ـدا، دژی سوپای تورک و هەوڵە داگیرکارییەکانی، چالاکیی قەڵغانی زیندوویان دەستپێکرد، ئەو چالاکییە لە قەندیل و هەرێمی برادۆست بە دروشمی "سەرهەڵدە، داگیرکەری تێکبشکێنە"، بۆ ماوەیەکی درێژ و لەژێر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورک بە پێداگرییەوە بەردەوام بوو و خەڵکیش بە سەردانی بەکۆمەڵ پشتیوانیی خۆیان لە گەنجان ڕاگەیاند.

سەرهەڵدانی خەڵکی شیلادزێ

بە گوێرەی زانیارییەکان تەنها لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، ٣٠ هاوڵاتیی مەدەنی لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گیانیان لەدەستداوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەلای خەڵکی باشور بە تایبەت هاوڵاتیانی شارۆچکەی شیلادزێ تووڕەیی گەورەی لێکەوتەوە، هاوڵاتیانی شیلادزێ ڕۆژی ٢٦ی مانگی ١١ی ٢٠١٨، ڕاپەڕین و بارەگایەکی دەوڵەتی تورکیان لە شیلادزێ سووتاند.

پەرلەمان داوای دەرکردنی سوپای تورکی کرد

پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش لەم داگیرکارییانە بێزاربوو، ڕۆژی ١٥ی مانگی ١٠ی ٢٠١٩، پەرلەمانی هەرێم لەسەرهێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دانیشتنێکی تایبەتی بەڕێوەبرد و تێدا زۆرێک لە پەرلەمانتاران داوای دەرکردنی سوپای تورکیان لەسەر خاکی باشوری کوردستان کرد و بڕیارێکی ١١ خاڵییان دەرکرد، بەڵام نە ناوی دەوڵەتی تورکی تێدا هاتبوو نە باسی دەرکردنی سوپای تورکی تێدا کرابوو، هەر ساڵی ڕابردووش ١٠ پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردەوە کە پەرلەمان لەسەر دەرکردنی سوپای تورک دانیشتنێکی تایبەت بکات.

مەترسییەکان لەسەر باشور زیاد دەبن

ئەدهەم بارزانی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکارتی کوردستان- عێراق، لە کاتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا وتبووی: دەوڵەتی تورک نیوەی خاکی باشوری کوردستانی داگیرکردووە، پلانیشی هەیە دوای ڕۆژئاوا دەست بە هێرش بۆسەر باشوری کوردستان بکات.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کاربەدەستانی پارتی کە خۆیان ئەو هۆشدارییەیان دابوو، ئەمڕۆ لە ئاڵۆزییەکانی زینی وەرتێ-دا، لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکان بێدەنگن، شرۆڤەکاران و سیاسەتمەداران دەڵێن کە ئاڵۆزییەکانی زینی وەرتێ، بەشێک لە پیلانی داگیرکردنی قەندیلە.

هەوڵدانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ نانەوەی شەڕی ناوخۆیی و داگیرکردنی قەندیل لەلایەن زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردەوە شەرمەزار دەکرێت و بەو مەبەستەش لە زۆر شوێنی باشوری کوردستان چالاکی بەڕێوەدەبرێت.

دوایین جاریش کەسایەتییەکانی ناوچەی زینی وەرتێ سەردانی بارەگای ئەو هێزانەیان کرد براونەتە ناوچەکەیان و داوایان کرد کە هێزەکانیان لە زینی وەرتێ بکشێننەوە.

س.ح