٢٥ساڵە کورد لە باکور داوای ئاشتیی دەکات بەشەڕ وەڵام دەدرێتەوە

ماوەی ٢٥ ساڵە، گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادیی خوازیی گەلی کورد لە باکوری کوردستان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی دەدات بە ڕێکاری ئاشتی، لەو چوارچێوەیەشدا پەکەکە سێ ئاگربەستی تاک لایەنەی ڕاگەیاندووە و جاریکیش کەوتووەتە ناو پرۆسەی ئاشتییە و چەندین جاریش بانگەوازیی بۆ ئاشتی کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورک بە شەڕ و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن وەڵامی هەوڵەکانی ئاشتی داوەتەوە.


لەساڵی ١٩٧٨ پەکەکە وەک پارتێکی سیاسی لە باکوری کوردستان دامەزراوە، لەسەرەتادا لە هەوڵی ئەوەدابوو لەڕێگای خەباتی سیاسییەوە لە باکوری کوردستان و تورکیا کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد و مافی گەلانی دیکەی تورکیا بکات، بەڵام ڕێگەی پێنەدرا و دەوڵەتی تورک کەوتە دەستگیرکردن و ڕاوەدوونانی ئەندامەکانی، بۆیە بەناچاری لەساڵی ١٩٨٣وە دەستی بەخەباتی چەکداریی کرد.

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، سەرباری ڕاگەیاندنی شۆڕشە چەکدارییەکەی بەڵام لە هەوڵە دیبلۆماتکارییەکانی هەر بەردەوام بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشیەی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە.

هەوڵەکانی ئاشتی و وەڵامی دەوڵەتی تورک

یەکەم هەوڵی ئاشتی لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک لەساڵی ١٩٩٣دا بوو، جەلال تاڵەبانی، سکرتێری ئەوکاتەی یەکێتی هەوڵی پێکهێنانی ئاشتی دا لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک-دا، ئەوکاتە تورگوت ئۆزاڵ، سەرۆک وەزیران بوو، بۆیە بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئاشتی پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام بەهۆی مردنی گووماناوی تورگۆت ئۆزال پرسی ئاشتیش لە نێوان پەکەکە و تورکیا کۆتایی هات.

لەدوای کۆتایی هاتنی ئەو هەوڵی ئاشتییە، دەوڵەتی تورک هێرش و ئۆپراسۆنەکانی دەستپێکردەوە و لەناو سنووری تورکیا و دەرەوەی سنوور دەستی بە پلانگێڕی و هێرشەکانی کردەوە.

ئۆپراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور

لەساڵی ١٩٩٣ تا ساڵی ١٩٩٧ دەوڵەتی تورک لە دەرەوەی سنوور و لەناو خاکی باشوری کوردستان ئەم ئۆپراسیۆنانەی ئەنجامداوە.

- لە مانگەکانی (١-٥-٧-٨) ١٩٩٤هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر هەرێمی زەلێ.

- دەوڵەتی تورک ١٢ی ٣ تا ٢ی ٥ی ١٩٩٥ ئۆپراسۆنی چەلیک ( پۆڵا) ئەنجامدەدا، لە ئۆپراسیۆنی پۆڵا ٣٥ هەزار سەرباز بەشدارییان کردووە، سەرچاوە تورکییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ٤٠ کیلۆمەتر هاتوونەتە خاکی باشوری کوردستانەوە و تێچووی ئۆپراسیۆنەکە ٢ تلیریۆن ٨٠٠ ملیار لیرەی تورکیی بووە، دوای ئەو هێرشە، ٢٠ هەزار سەربازیان گەڕانەوە و ئەوی دیکە لەو بارەگایانە مانەوە کە لەباشوری کوردستان دروستیان کردوون، لەم ئۆپراسیۆنەشدا پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق هاوکار بووە، ئۆپراسیۆنەکە هەموو دەڤەری بادینانی گرتەوە.

- لە مانگی ٤ی ساڵی ١٩٩٦ دا، دەوڵەتی تورک ئۆپراسیۆنی (باز)ی  ئەنجامدەدات.

- لە ١٤ی ٦ ی ١٩٩٦ بۆ ساڵی ١٩٩٧ ئۆپراسیۆنی زلـلە ئەنجامدەدات، لە هەرێمی بادینان، ئەم ئۆپراسیۆنە بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکان ئەنجامدەدات.

- دەوڵەتی تورک لە ڕۆژی ١٢ی ٥ بۆ ڕۆژی ٧ مانگی ٧ - ١٩٩٧ ئۆپراسیۆنی چەکوش لەسەر داواکاریی پارتی ئەنجامدەدات، ئەم ئۆپراسیۆنە یەکێک بووە لە گەورەتری ئۆپراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان، کە  ٢٠٠هەزار سەرباز بەشدارییان تێدا کرد، دەوڵەتی تورک لەم ئۆپراسیۆنەدا  ١٥ کیلۆمەتر دێنە خاکی باشوری کوردستان، لەم ئۆپراسیۆنەدا ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی جەنگی و کۆپتەر بەکار دەهێنێت، بەڵام بەبێ ئەنجامێکی بەرچاو دەگەڕێتەوە.

- لەبەر ئەوەی ئۆپراسیۆنی چەکوش، ئەنجامی بەدەست نەهێنا و سوپای تورک لەناوخۆی تورکیا ڕووبەڕووی ڕەخنە بوویەوە، دەوڵەتی تورک لە ڕۆژی ٢٥ی ٩ تا ڕۆژی ١٥ی مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٩٧ ئۆپراسیپۆنی شەبەق-ی ئەنجامدا، ئەم ئۆپراسیۆنە هەرێمی (زاپ)ی لە بادینان کردە ئامانج، سوپای تورک لەیەککاتدا هێرشی ئاسمانی و وشکانیی بۆ زاپ ئەنجامدا، لەهێرشەکەیاندا هەزاران سەرباز و جاش بەشداربوون.

ئەو ئۆپراسیۆنانەی دەوڵەتی تورک لەو ساڵانەدا ئەنجامیدا نەیتوانی ئەنجام بەدەستبهێنێت، پەکەکە، لەهەموو ئۆپراسیۆنەکاندا بەسەر دەوڵەتی تورکدا سەرکەوت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەساڵی ١٩٩٨ جارێکی دیکە پەکەکە ئاگربەستی تاک لایەنەی ڕاگەیاند، هەروەها لەساڵی ١٩٩٩ جارێکی دیکە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند تا ساڵی ٢٠٠٣ ئاگر بەستەکە بەردەوام بوو، بەڵام دیسان دەوڵەتی تورک بە ئاگربەستەوە پابەند نەبوو.

دوای ساڵی ٢٠٠٣ جارێکی دیکە شەڕ لەنێوان پەکەکە و تورکیادا دەستی پێکردەوە، شەڕ و پێکدادانەکان تا ساڵی ٢٠١٣ بەردەوام بوو، بەڵام دیسان بە دەستپێشخەری عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکور وەک چارەسەرییەک ڕاگەیاندرا و

لە ئاهەنگی نەورۆزی هەمان ساڵدا لە ئامەد پەیامە ئاشتییەکەی ئۆجالان خوێندرایەوە.

ئارامی باڵای کێشا بە سەر ناوچەکە

لەدوای دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، ئارامی باڵی کێشا بەسەر ناوچەکەدا و ئابووری تورکیا گەشتە بەرزترین ئاستی لە مێژووی خۆیدا، هەروەها لەبەر ئەوەی زۆرینەی شارەوانییەکان لەلایەن کەسانی کورد و کاندیدانی هەدەپەوە بەڕێوەدەبران، ئاوەدانی ڕووی لە ناوچەکانی باکوری کوردستان کرد و ژێرخانی ئابووری باکوری کوردستان بەرەوە گەشەکردن چوو، ئەو پرۆسەیە تا ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام بوو، دواتر شەڕ لەنێوان تورکیا و پەکەکە-دا دەستی پێکردەوە.

هەوڵەکانی ئاشتی لەلایەن ئۆجالانەوە بەردەوام بوون

دەوڵەتی تورک، لە ساڵی ٢٠١١وە نەیهێشت پارێزەران چاویان بە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە بکەوێت، هەروەها لەساڵی ٢٠١٦وە ڕێگەی بە خانەوادەکەشی نەدا سەردانی بکەن، بۆیە لە ڕۆژی ٨-١١-٢٠١٩ لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە، لە زیندانی ئامەدەوە دەستی بە مانگرتنکرد دژی ئەو گۆشەگیرییە، بەدوای ئەودا هەزاران کەس لەناو زیندانەکانی باکوری کوردستان لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، دەستیان بە مانگرنت کرد و دەوڵەتی تورک ناچاربوو، لەدوای نزیکەی ٢٠٠ ڕۆژ بەردەوامیی مانگرتنەکان ڕۆژی ٢٢-٥-٢٠١٩ ڕێگا بە پارێزەران بدات، کە سەردانی ئیمراڵی بکەن.

لەدوای نزیکەی ٢٠ ڕۆژ لە دیداری یەکەم، محەمەد ئۆجالان، برای عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لە ڕۆژی ٥-٦-٢٠١٩ چاوی بە ئۆجالان کەوتەوە و دووەم پەیامی ئۆجالانی لەگەڵ خۆی هێنایەوە.

هەروەها لەڕۆژی ١٤-٦-٢٠١٩ واتا نۆ ڕۆژ دوای دیداری خانەوادەکەی، پارێزەران چاویان بە عەبدوڵا ئۆجالان کەوتەوە، لەڕۆژی ١٨-٦-٢٠١٩، پارێزەران جارێکی دیکە چاویان بە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە کەوت، لە سەرجەمی ئەو دیدارانەدا کە ئۆجالان لەگەڵ خانەوادەکەی و پارێزەرانی ئەنجامیداوە، باسی ڕێگە چارەی ئاشتیانەی بۆ کێشەکانی تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتی کردووە.

 لەمانگی حەوت-دا هیچ دیدارێک لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامنەدرا، بەڵام لە ڕۆژی ٧-٨-٢٠١٩ پارێزەران دیدارێکی دیکەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا و ئۆجالان لەڕێگەی پاریزەرەکانیەوە دەربارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان وتبووی: هەوڵدانی دیموكراتیك لە كاتی ئۆزالەوە تا ئێستا هەمیشە لەلایەنی كۆنترا گەریلاكانەوە تێكدراون، هێزەكانی دژی چارەسەری ئەمڕۆش بۆئەوەی هەمان شت پێكبێت و ئاستێكی شەڕ دروستبكەن گەیشتونەتە هەل و مەرجێكی گونجاو، ئۆزاڵ لە ساڵی ١٩٩٣ وتبووی بە شەڕ چارەسەریی نابێت، لەگەڵ پاراستنی ڕاستی ئەو قۆناغە، ئیرادەی لێپرسینەوە  لەڕێگای چارەسەریی لێگەرینی هەیە، بە هەوڵدانێكی بە هەیبەت ئەو كاتەی دەوڵەت و ئەقڵیەتی دەوڵەتی شیدەكاتەوە، لە دژی ساختەكاریی مێژوو كات كوشتن و ساختەیی لە ئەقڵی شوڤێنیەتی، بە گوێرەی پەیوەندیەكانی كورد و تورك و دەمەوێت مێژووی ڕاست بۆ كوردان جێ بكەمەوە، لەو چوارچێوەیەدا هیچ پێوستیەكی كوردان بە (دامەزراندنی) دەوڵەتی تر نییە، بەڵام دەبێت كورد خاوەن ماف بێت.

سەردەمی ئۆزال هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ بۆ گەڕان بۆ ئاشتی و دیموكراتی بەردەوامە، لەگەڵ هەموو فشارەكان بەڵام ماوەی ٢٠ ساڵە لەسەر ڕێبازی ئاشتی بەرخودان دەكەم من دەمەوێت جێگایەك بۆ كورد بكەمەوە، وەرن پێكەوە كێشەكان چارەسەر بكەین من دەڵێم لە هەفتەیەكدا ڕەوشی شەڕ و ئیحتیمالی شەڕ نا هێڵم، من چارەسەریی دەكەم، من باوەڕم بەخۆم هەیە، من بۆ چارەسەری ئامادەم، دەبێت دەوڵەت و ئەقڵی دەوڵەت ئەو ئەركەی كە دەكەوێتە سەر شانیان پێی هەستن.

دەوڵەتی تورک تورک لەبری ئەوی دەستی ئاشتی درێژبکات و ڕێگا چارەی ئاشتی بۆ چارەسەری کێشەکان هەڵبژێریت، ڕۆژی ١٩-٨-٢٠١٩ هەرسێ سەرۆک شارەوانی ئامەد و وان و مێردین-ی لە کارەکانیان دوورخستەوە و خۆسەپێنی لەشوێنیان دانا، لە بەرامبەریشدا گەلی کورد بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتی داوای گەڕانەوەی سەرۆک شارەوانییەکانیان دەکەن.

واتا دەوڵەتی تورک نەک دەستی ئاشتی درێژ نەکرد و هەوڵی نەدا لەگەڵ بزوتنەوەی ئاشتی خوازانەی گەلی کورد-دا دانووستانی ئاشتی دەستپێبکاتەوە، بەڵکو هێرشی کردە سەر ئەو دەستکەوتانەش کە گەلی کورد لە باکوری کوردستان بە خەباتی مەدەنی و ڕێکارە دیموکراتییەکان بەدەستی هێناوە، ئەمەش دیسان دەرگای ئاڵۆزیی و کێشەکانی تورکیای ئاوەڵاتر کرد.

د.ع