٢٩ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی قاسملودا تێدەپەڕێت.. دۆسیە

دکتۆر قاسملو یەکێک لە سەرکردە کاریگەرەکانی جوڵانەوەی کورد بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو بە پیلانێک و لە کاتی گفتوگۆی ئاشتیدا بۆ چارەسەری پرسی کورد، تیرۆرکرا.


دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو لە ڕۆژی ٢٢ی دیسەمبەری ١٩٣٠ لە گوندێکی سەربە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبوو.

چۆنێتی تیرۆرکردنی قاسملو

ئەو لە ڕۆژی ١٣ی تەموزی ١٩٨٩ لە شاری ڤیەنای پایتەختی نەمسا، لەگەڵ عەبدوڵا قادری ئازەر، کاتێک کە لەسەر مێزێک لەگەڵ شاندێکی وڵاتی ئێران بۆ دۆزینەوەی چارەسەریەکی دیموکرات بۆ پرسی کورد دانیشتبوون، بە پیلانگێڕیەک و بەدەستی نوێنەرانی حکومەتی ئێران شەهیدکران.

ساڵی ١٩٨٨ شاندێکی حکومەتی ئێران بەنهێنی چووە ڤیەنا بۆ ئەوەی لەگەڵ دکتۆر قاسملو لە سەر پرسی خۆبەڕێوبەری بۆ کوردستان دانوستان بکەن.

شاندی ئێرانی پێکهاتبوو لە محەمەد جەعفەری سەحراروودی و مستەفا ئاجودی، هەروەها دکتۆر قاسملوش لەگەڵ جێگرەکەی، عەبدوڵا قادری ئازەر لەو زنجیرە دانیشتنانەدا بەشدارییان کرد.

تا پێش ئەو دانیشتنەی کە لە چوارچێوەیدا دکتۆر قاسملو و قادری ئازەر تیرۆر بکرێن، دوو خولی دیکە لەو دانیشتنانە لە ڤیەنا بەڕێوەچووبوون، لە خولی سێیەمدا قاسملو کە بێهیوابوبوو لەوەی ئەو دانیشتنانە ئەنجامی ئەرێنییان لێبکەوێتەوە، بڕیاردەدات کە بەشداری نەکات و سەعید شەرەفکەندی لە جیاتی خۆی بنێرێتە سەر مێزی دانوستان، بەڵام شاندی ئێرانی قبوڵی ناکەن و دەڵێن دەبێت سکرتێری حزبەکە لە دانیشتنەکەدا بەشداری بکات.

لە خولی سێیەمی دانیشتنەکاندا، شاندی ئێرانی دوو مەرج بۆ شاندی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران -حدکا دادەنێت، یەکەم ئەوەی جەلال تاڵەبانی کە یەکێک بوو لە ڕێکخەرانی ئەو زنجیرە دانیشتنانە، لە دانیشتنەکەدا نەبێت، دووەم جگە لەو شاندەی دانوستانی دەکرد کەسی دیکە لە دانیشتنەکەدا نەبێت، واتە دانوستانەکە بە بێ پاسەوان ئەنجامبدرێت.

سەرئەنجام قاسملو و عەبدوڵا قادری ئازەر و  فازل ڕەسول ڕۆژی ١٣ی تەموزی ١٩٨٩ بەبێ پاسەوان و شاندی ئێرانیش کە بریتی بوون لە محەمەد جەعفەری سەحراروودی (بەرپرسی کوردستانی وەزراەتی ئیتلاعات)، مستەفا ئاجودی (پارێزگاری سنە) و مەنسور بوزورگیان (نوێنەری تایبەتی سوپای پاسداران) لە شوێنی دانوستانەکە لە باڵاخانەیەک لە شەقامی لینکە بانگاسەی ڤیەنا ئامادەبوون.

چەند خولەکێک پاش دەستپێکردنی دانیشتنەکە شاندی ئێرانی تەقە لە شاندکەی حزبی دیموکرات دەکەن و هەر سێکیان شەهید دەکەن.

پاش تیرۆرەکە سەحراروودی و بزورگیان لەلایەن پۆلیسی نەمساوە دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا، لە لێکۆڵینەوەکاندا سەحراروودی بانگەشەی ئەوەی کرد، کە لە کاتی دانیشتنەکەدا هێرش کراوەتە سەریان، لەکاتێکدا بوزورگیان وتبووی، لە دانیشتنەکەدا ئامادەنەبووە، پۆلیسی نەمسا تەنانەت ئەو چەکەشی دۆزییەوە کە تەقەی پێکرابوو و ئاشکرابوو کە چەکەکان لە ئێرانەوە برابوون.

لەگەڵ ئەوەی هەموو بەڵگەکان دەیانسەلماند کە بکوژەکان لە دەستی پۆلیسی نەمسادان، بەڵام دەوڵەتی نەمسا بکوژەکانی ئازادکرد و ڕەوانەی ئێرانی کردنەوە، چەند مانگێک دواتر دادگای نەمسا بڕیاری دەستگیرکردنی هەر سێ بکوژەکەی دەرکرد، بەڵام لە کاتێکدا کە دەوڵەت خۆی بکوژەکانی ڕادەستی ئێران کردبووەوە.

ژیان و تێکۆشانی قاسملو

دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو، لەگەڵ ڕووخانی کۆماری مهاباد، بۆ خوێندن ڕێگای تارانی گرتەبەر و پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی چوو بۆ فەڕەنسا، لە فەڕەنسا ئەنجومەنی خوێندکارانی کوردی دامەزراند، لە ساڵی ١٩٥٢ دەگەڕێتەوە بۆ تاران و لە ناو ڕێکخستنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە تاران دەستی بە کاروخەبات کردەوە، پاش کودەتای شا لە ١٩٥٣دا ڕووی لە خەباتی نهێنی کرد و ڕۆژنامەی کوردستانی بەڕێوەبرد.

لە ساڵی ١٩٦٢ لە زانکۆی پڕاگ پلەی دوکتۆرای زانستی ئابوری وەرگرت، لە کۆنگرەی سێهەمی حدکا لە ساڵی ١٩٧١، وەکو ئەندامی کۆمیتە ناوەندی و پاشان سکرتێری گشتی حزبەکە هەڵبژێردرا و تا ساڵی ١٩٨٩ بەر لە تیرۆر وەک ڕێبەری حزب مایەوە.

لە سەردەمی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ یەکێک لە کەرەکتەرە سەرەکیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بوو، دروشمی دکتۆر قاسملو لە سەردەمی خەباتیدا (دیموکراسی بۆ ئێران، خۆبەڕێوبەری بۆ کوردستان) بوو، بەڵام ئەم داخوازیە هەمیشە بە شەڕ و فیشەک لە لایەن دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیەوە وەڵام درایەوە، هەر بۆیە سەرئەنجام بە پیلانێک و لە کاتی گفتوگۆی ئاشتیدا تیرۆر کرا.

تیرۆركردنی دكتۆر قاسملو یەكەمین و دواهەمین سەركردەی كورد نەبوو، كە بە پیلانگێڕیی تیرۆربكرێن یان دەستگیربكرێن، بەڵكو پێش ئەو و دوای ئەویش چەندین سەركردە و پێشەنگی كورد بە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لەناوبراون یان دەستگیركراون، بۆ نمونە پێشەوا قازی محەمەد ڕێبەری كۆماری مهاباد، بە پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی دەستگیركرا و دواتر لە سێدارە درا.

هەروەها شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دەرسیم و شەرەفەكەندی و چەندین سەركردەی دیكەی كورد بە پیلانگێڕیی لەناوبراون، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەكەكە لە زیندانە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٩ بە پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی دەستگیركرا و ڕادەستی توركیا كرا، ئۆجالان ماوەی ١٩ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی گۆشەگیركراوە، كە یەكێكە لە كاریگەرترین پێشەنگەكانی كورد لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا.
 


ک.ک