٣١ی ئاب لاپەڕەیەکی بە ئازار لە مێژووی باشوردا

ئەمڕۆ ساڵیادی ڕووداوی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ە کە بەهۆی شەڕی نێوان یەکێتی و پارتییەوە جارێکی دیکە دەبابەکانی ڕژێمی بەعس کۆڵانەکانی هەولێریان داگیرکردەوە، لە دوای دەیان ساڵ تێکۆشان، لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەشێکی گەورە لە خاکی باشوری کوردستان ئازادبوو، بەڵام لە ٣١ی ئاب-دا جاریکی دیکە مێژوویەکی بە ئازار تۆمارکرا و شانازییەکانی ڕاپەڕین کەوتە مەترسییەوە


لەساڵی ١٩٩١دا گەلی باشوری کوردستان، دژی ڕژێمی بەعس، ڕاپەڕینی ئەنجامدا و بەشێکی گەورە لە خاکی باشوری کوردستان-یان لەدەستی ڕژێمی بەعس ئازادکرد، بۆ جاری یەکەم ڕێگای ئازادییان کردەوە، ئەوە بووە لاپەڕەیەکی پرشنگدار لە مێژووی کوردستاندا، ئەم ڕاپەڕینە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بووە جێگای دڵخۆشی گەلی کورد.

لە ساڵانی دوای ڕاپەڕیندا، لەلایەک خۆشحاڵی و شانازی هەبوون، لەلایەکی دیکەش ناکۆکی و شەڕ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی باشوری کودستاندا هەبوو، هەروەها پلانی دەرەکی لەسەر پارتەکان و گەلی باشوری کوردستان هەبوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی جاریکی دیکە خوینی کورد بەدەستی کورد بڕژێ.

ئەو شەڕە ناوخۆییەکی لە باشوری کوردستان کە ساڵی ١٩٩٤ دەستی پێکرد، هەتا ساڵی ١٩٩٨ بەردەوام بوو، بووە خاڵێکی ڕەش لە مێژووی کوردستاندا، لە ڕۆژی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ دا جارێکی دیکە تانکەکانی ڕژێمی بەعس گەڕانەوە شاری هەولێر و بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان داگیرکرد، لەدوای هێنانەوەی هێزەکانی بەعسیش بۆ هەولێر هێشتا یەکێتی و پارتی نەیانتوانی کێشەکانیان چارەسەربکەن و بە ناوبژیوانی ئەمریکا ڕیککەوتنیان ئەنجامدا.

سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٤ شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕانیە دەستیپێکرد و پاشان هەموو باشوری کوردستانی گرتەوە، بارەگاکانی یەکێتی لە دهۆک و لقی چواری پارتی لە سلێمانی گیران.

ڕۆژی ٤ی ئایاری ١٩٩٤ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای وەستاندنی شەڕ و کۆبوونەوەی بەرەی کوردستانیی هەڵوەشاوەی کرد، بەڵام ئەمە سوودی نەبوو و ڕۆژی ١٥ی ئایار شەڕی یەکێتی و پارتی گەیشتە ناو شاری هەولێر.

ڕۆژی ١٩ی ئایاری ١٩٩٤ ژووی عەمەلیاتی ئاشتیی لە هاوینەهەواری پیرمام دروستکرا و دوای کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان هەردوولا درا، بەڵام ئەم بڕیارەش سوودی نەبوو شەڕ هەر درێژەی هەبوو.

ڕۆژی ٣-٦-١٩٩٤جەلال تاڵەبانی، سکرتێری یەکێتی یەکلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئەم بڕیارەش هاوکاتبوو لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەکانی قەڵادزێ و پێنجوێن لەلایەن هێزەکانی پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامییەوە.

ڕۆژی ٣٠ حوزەیرانی ١٩٩٤ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی کۆبووەوە و جۆرێک هێوربوونەوە هاتە ئاراوە، ئەگەرچی تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٤یش شەڕ ناوبەناو درێژەی هەبوو.

سەرەتای ساڵی ١٩٩٥ دیسانەوە شەڕ لەنێوان یەکێتی و پارتی دەستیپێکردووە، ڕۆژی ١٥-١- ١٩٩٥هێزەکانی یەکێتی شاری هەولێریان گرت و شەڕەکە بەوجۆرە درێژەی هەبوو، تا لە ٩- ٨- ١٩٩٥ هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و پارتی بە چاودێریی ئەمریکا لە دبلن-ی پایتەختی ئیرلەندا کۆبوونەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.

ڕۆژی ٢٨ی تەمموزی ١٩٩٦ هێزێکی سوپای پاسدارانی ئێران بەچاوساغیی یەکێتی، سنووری باشوری کوردستانیان بەزاند و لە چیای هەیبەت سوڵتانەوە هێرشیانکردە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.

شەوی ١٧ لەسەر ١٨ی مانگی ٨ی ١٩٩٦، جەولەی سێیەمی شەڕی ناوخۆ لە ڕەواندوزەوە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا دەستیپێکردەوە و یەکێتی سەفین و شەقڵاوەی گرت و لە سەری ڕەش نزیکبووەوە، لەوکاتەدا پارتی کەمتر لە ١ لەسەر سێی باشوری کوردستانی بەدەستەوەمابوو.

ڕۆژی ٢٢ی ٨ی هەمان ساڵ و تەنها نۆ ڕۆژ بەر لە ٣١ی ئاب، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نامەیەک ئاراستەی سەدام حسێن، سەرۆکی ڕژێمی بەعسی عێراق دەکات و داوای کۆبوونەوەی لێدەکات، نامەکە بەمشێوەیە دەسپێدەکات: بەڕێز جەنابی سەرۆک، ئێوە بە ژیریی خۆتان بیر لە دەستێوەردانی ئێرانییەکان لە کاروباری عێراق بکەنەوە.

بەپێ ڕێککەوتنەکەی بارزانی لەگەڵ سەدام حسێن، سوپای بەعس هاوکاریی پارتی دەکات بۆ گرتنەوەی هەولێر، لە بەرامبەردا پارتی ڕێگا بدات سوپای بەعس لایەنگران و کارمەندانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە هەولێر و پیرمام دەستگیربکات و دەستیش بەسەر بارەگاکانیاندا بگرێت.

ئەوەی وا لە مەسعود بارزانی دەکات کە پەلەبکات لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ سەدام حسێن، ئاشکرابوونی نامەکانی جەلال تاڵەبانی دەبێت بۆ ئێران، ڕۆژی ٢١ی ئاب واتا ڕۆژێک بەر لە نامەکەی مەسعود بارزانی بۆ سەدام حسێن، جەلال تاڵەبانی نامەیەک بۆ محەمەد جەعفەریی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەنێرێت و داوای لێدەکات، کە بەزوویی هێزەکانی بنێرێت بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بکات.

بەرەبەیانی ٣١ی  ئاب

بەرەبەیانی ٣١ی ئاب هێزەکانی سوپای بەعس لە کەرکوک و موسڵەوە بەرەو شاری هەولێر جوڵەیان پێکرا، کە ژمارەیان ٣٠ هەزار سەرباز و ١٥٠ تانک بوو، یەکەم شکانی هێزەکانی یەکێتی لە ڕێگای گوێر-هەولێر ڕوویدا و یەکێتی بێ بەرگریی هەولێری چۆڵکرد و ڕژێمی بەعس هەولێری داگیرکرد و دەبابەی بەعس گەیشتە بەردەم بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

لەدوای کشانەوەی هێزەکەی یەکێتی لە هەولێر و گرتنی کۆیە لەلایەن پارتییەوە، هێزی یەکێتی لە گوندی کانی وەتمان-ی سەر بە شارۆچکەی دوکان جێگیرببوون، ڕۆژی ٩ی ئەیلول یەکێتی سلێمانیش چۆڵدەکات و بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاشەکشە دەکات.

دوای مانگێک لە ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب، هێزەکانی یەکێتی بە هاوکاریی سوپای ئێران دژە هێرشیان دەستپێکرد و شاری سلێمانییان گرت و نزیکی هەولێریش بوونەوە، بەڵام لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە هەڕەشە لە یەکێتی دەکرێت، کە ئەگەر لەوە زیاتر پێشڕەویی بکەن، هێزەکانیان لە بەرژەوەندیی پارتی دەستێوەردان دەکەن.

دوای هەڕەشەکەی ڕژێمی بەعس-یش، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ بەرگرتن لە پێشڕەویی زیاتری هێزەکەی یەکێتی، لە سنووری شارۆچکەکانی کۆیە، شەقڵاوە و ڕانیە بۆردوومانی هێزەکانی یەکێتییان کرد و ئەوەش وایکرد یەکێتی نەتوانێت زیاتر پێشڕەویی بکات و لەو سنوورانەی کە پێشڕەوییان کردووە جێگیرببن.

ئەمەش بووە سەرەتای لەتکردنی باشوری کوردستان و دروستبوونی دووئیدارەیی، کە تا ئەمڕۆش ئاسەوارەکانی ماونەتەوە و لەگەڵ بوونی هەر گرژییەکی سیاسیی لەگەڵ نەیارەکانی، پارتی دەرگای هەولێر-یان بەڕوودا دادەخات و ئاودیوی دێگەڵەیان دەکات.

ڕێککەوتنی ئاشتی

دوای چوار ساڵ شەڕ و ململانێی تووندی نێوان یەکێتی و پارتی، ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٨ لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و جەلال تاڵەبانی، سکرتێری یەکێتی بە ئامادەبوونی مادلین ئۆلبرایت، وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد، کە بە ڕێککەوتنی ئاشتی ناسرا و بووە خاڵی کۆتایی شەڕی ناوخۆی نێوان ئەو دوو حزبە.

لەوکاتەدا، شەڕی ناوخۆ باشوری کوردستانی پارچە کردبوو بۆ دوو بەش، شاری هەولێر و دهۆک لەلایەن پارتی-ەوە بەڕێوەدەبرا و شاری سلێمانیش لەلایەن یەکێتییەوە، لە هەولێر پارتی حکومەتێکی دامەزراندبوو، لە سلێمانیش یەکێتی حکومەتێکی دامەزراندبوو.

محەمەد ساڵح بەرزنجی، نووسەر و ڕووناکبیر، لەبارەی لێکەوتەکانی ٣١ی ئابەوە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: هەموو لێکەوتەکانی ئەو مێژووە ناشرین و پۆخڵبوون، دوولەت بوونی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستاندا ناشرینیی بوو، کوشتنی ڕۆڵەی کورد بە دەستی کورد خۆی پۆخڵبوو، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەمانبینی خەڵکانێک هەبوون نەیاندەتوانی لە هەولێرەوە بێنە سلێمانی و بەپێچەوانەشەوە.

بەرزنجیی بۆ دووبارەنەبوونەوەی ٣١ی ئاب یەکێتیی کورد بەگرنگ دەزانێت و دەڵێت: لە سەردەمی بابانەکانەوە ناکۆکیی نیوان میرە کوردەکان وایکردووە دووبەرەکیی لەناو کورد خۆیدا دروستببێت، لە سەردەمی شێخ مەحمود-دا دیسانەوە ئاغاکانی سلێمانی چوونەتە پاڵ ئینگلیزەکان و دژی شێخ مەحمود وەستاونەتەوە، ٣١ی ئابیش ئەڵقەیەکی دیکەی زنجیرە ناکۆکییەکانی ناوخۆی کورد بوو، بۆ ئەوەی چیدی ئەو کارەساتانە دووبارە نەبنەوە، دەبێت کورد بە ئەقڵێکی فراوان و یەکترقبوڵکردنەوە مامەڵە بکەن، دەبێت یەکبوونی گەلی کورد بە بیروباوەڕی نوێ و بێ ڕەتکردنەوەی یەکترەوە پێکبهێنین.

د.ع