٣٧ ساڵە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشوری کوردستان بەردەوامە

ماوەی ٣٧ ساڵە دەوڵەتی تورک هێرشی ئاسمانیی و زەمینی دەکاتە سەر خاکی باشوری کوردستان، بەهۆیەوە سەدان هاوڵاتیی بوونەتە قوربانی، لە ئێستاشدا سەرەڕای بوونی زیاتر لە ٢٠ بنکەی سەربازیی لە باشور، فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک ڕۆژانە بۆردوومانی ناوچە سنورییەکان دەکەن.


لە ٢٣ی مانگی ٥ی ١٩٨٣دا، ڕێککەوتننامەیەک لەنێوان دەوڵەتی تورک و دەوڵەتی عێراق-دا واژۆکرا، کە ناوەڕۆکەکەی بێجگە لە بواری ئابووریی و نەوت، باس لەوەدەکات کە هەردوو دەوڵەت دەتوانن سنوورەکانی یەکتر ببەزێنن بۆ قوڵایی ١٥ کیلۆمەتر، بۆ ڕاوەدوونانی گروپە هەڵگەڕاوەکان ( کە مەبەستیان بزوتنەوە ئازادیی خوازەکانی گەلی کوردە)، ئەمڕۆ کە ٣٧ ساڵ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا تێدەپەڕێت و ڕژێمی ئەوکاتی عێراق ڕووخێندراوە، هێشتا داگیرکارییەکانی تورکیا لە سنووری عێراق و باشوری کوردستان بەردەوامە.

هێرشەکان شکستیان هێناوە

هەر لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، دەوڵەتی تورک لەساڵی ١٩٨٣دا هێرشی کردە سەر ناوچەی بادینان، لەوکاتەوە هەتا ئێستا بەردەوام دەوڵەتی تورک هێرشدەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و بۆردوومانی سنوورەکان دەکات، لەساڵانی ١٩٩٢، ١٩٩٥، ١٩٩٧، ٢٠٠٨ دا هێرشی گەورەو بەرفراوانی ئەنجامدا بە بەشداریی سەدان هەزار سەرباز و دەیان فڕۆکە و تانک و چەکی قورس، بەڵام لەسەرجەم هێرشەکاندا لەسەر دەستی گەریلاکانی بزوتنەوەی ڕزگارییخوازی گەلی کورد ڕووبەڕووی شکست بووەتەوە.

ماوەی سێ ساڵە، دەوڵەتی تورک، بەشێوەیەکی چڕ هێرش دەکاتە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە دەڤەری برادۆست و قەندیل، کە تا ئێستا لەئاکامی ئەو هێرشانەدا سەدان هاوڵاتی بوونەتە قوربانی و دەیان گوند چۆڵکراون.

چۆن ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و عێراق کرا؟

د هێرش عەبدوڵا، مامۆستا لە بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، لەبارەی هۆکاری واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٨٣ لەنێوان عێراق و تورکیادا بەڕۆژنیوزی وت: ڕێککەوتنەکە زیاتر پەیوەندی بە بارودۆخی ناوخۆی عێراقەوە هەبوو، عێراق لەو کاتەدا لە سنوورە وشکانییەکانیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی بوووەوە، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ ئێرادا لەشەڕدابوو، هەروەها لە سنوورە ئاوییەکانیشدا کەشتیەکانی لەژێر هەڕەشەی ئێرانییەکاندا بوو، بۆیە بە دوای دەرچەیەکدا دەگەڕا نەوتی خۆی بنێرێتە دەرەوە، لێرەدا تورکەکان دەیان زانی عێراق پێویستیەکی زۆری بە هاوکاریی تورکیا هەیە لەکاتی جەنگدا، بۆیە داواکارییەکیان پیشکەش کرد بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتن نامەیە بنوسرێت.

"تەنها تورکیا سودی لە ڕێککەوتنەکە بینیوە"

ئەو مامۆستایەی بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی پێی وایە، تەنها تورکیا سودی لەو ڕێککەوتننامەیە بینیوە و وتی: تورکەکان لەساڵی١٩٨٣ و ساڵانی دواییدا سودیان لە ڕێککەوتننامەکە بینی و بەکاریانهێنا، بەڵام کاتێک حکومەتی عێراق لە پرۆسەی ئەنفالدا و لە ساڵی ١٩٨٨ ویستی ئەو ڕێککەوتنە بەکار بهێنێت و ڕاوەدوی کوردەکان بنێت لە ئەودیو سنووری تورکیا، دەوڵەتی تورک ڕێگریی لێکرد، لێرەوە دەتوانین بڵێین حکومەتی عێراقی کاری بەو ڕێککەوتننامەیە نەکرد لە دوای ساڵی ١٩٨٨ وە.

لە دوای ساڵی ١٩٩١وە کاتێک ڕاپەڕین ڕوویدا و دەوڵەتی تورک ئەو بۆشاییە سەربازیی و سیاسییەی لە هەرێمی کوردستان دروستبوو قۆستیەوە و بەردەوام سەروەریی خاکی باشوری کوردستانی پێشێل دەکرد، لەشکرکێشیی دەکرد و بە فڕۆکە هێرشی دەکردە سەر.

"ڕێککەوتنێکی تا بڵێی خراپە"

د هێرش، لەبارەی کاریگەریی ئەو ڕێککەوتنە لەسەر هەرێمی کوردستان وتی: کاریگەرییەکی زۆر خراپی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئەوەی، کە سەروەریی هەرێمی کورستانی بە تەواوی لاواز کردووە، وای لەم هەرێمە کردووە لە ژێر سایە و سێبەری ڕەحمەتی سیاسییەکان و سەربازەکانی تورک-دا بێت، بۆیە ڕێککەوتننامەیەکی تابڵێی خراپە، ڕێککەوتننامەیەکە نەک بە قازانجی هەرێمی کوردستان بەڵکو بە قازانجی حکومەتی عێراقیش نییە.

"لایەنێک بۆ بەرژەوەندی خۆی پێشڕەوی بۆ سوپای تورک دەکات"

پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، تۆمتباردەکرێت بە هاوکاریی کردن و پێشەنگایەتی کردن بۆ سوپای تورک، د.هێرش پێی وایە بۆ بەرژەوەندی حزبیی هاوکاریی سوپای تورک دەکرێت لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت: بەشێک لە هێزی ئابووریی، سەربازیی و هەواڵگریی ئەم حزبانە لە وڵاتە دراوسێکان و وڵاتانی دەرەوەیە، مانەوەی ئەم حزبانە بەشێکی پەیوەندی بەو هێزە دەرەکیانەوە هەیە، بۆیە ئەو هێزە دەرەکیانە لە بەرامبەریشدا داواکاریان هەیە لێیان.

هەرچەند ٣٧ ساڵ لەمەوبەر حکومەتی عێراق و تورکیا، ڕێگایان داوە بەیەک، کە بۆ قوڵایی ١٥ کیلۆمەتر، سنوورەکانی یەکدی ببەزێن، بەڵام لەئێستادا دەوڵەتی تورک زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر خاکی باشوری کوردستانی بەزاندووە و سەربازگە و بنکە و بارەگای لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستکردووە، هەروەها ڕۆژانە بۆردوومانی سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هاوڵاتیان دەکاتە قوربانی، بەڵام نە حکومەتی عێراق دەسەڵاتەکانی بەکار دەهێنێت بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکاریانە، نە لەهەرێمی کوردستانیشەوە دەنگێکی ناڕەزایەتی بەهێز دروستدەبێت.

د.ع