٣٩ ساڵ پێش ئێستا خومەینی فتوای جیهادی دژ بە کوردی دا

ئەمڕۆ ٣٩ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرکردنی فتوای خومەینی، بۆ جیهاد لە دژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،


١٩ی ئابی ساڵی ١٩٧٩، لەکاتێکدا، کە بزوتنەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندبووەوە و حکومەتی ئیسلامی خومەینیش ساڵێک بوو دەستی بەسەر ئێراندا گرتبوو، خومەینی، ڕێبەری حکومەتی کۆماری ئیسلامیی فتوای جیهادی لەدژی گەلی کورد ڕاگەیاند.

خومەینی وەڵامی ڕەواترین داواکارییەکانی گەلی کورد، کە بریتیبوون لە دیموکراسیی و مافی خۆبەڕێوبەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە هێرشی سەربازی و سێدارە دایەوە.

ئەرتەش و سوپای پاسداران لەشکرکێشییان کرد بەرەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەکی دیکەوە سادق خەڵخاڵی وەک حاکمی شەرع ڕەوانەی ڕۆژهەڵات کرا، لەو ڕووەوە کە لەژی گەلی کورد جیهاد ڕاگەیەندرابوو، هەموویان بە کافر دادەنران و چیدی لە کوشتنی هیچ کوردێک چ چەکدار یان هاوڵاتی سڵیان نەکردەوە.

جگە لەو کەسانەی کرانە ئامانجی هێرشی سەربازیی سوپا و ئەرتەش، سەدان گەنجی دیکە، کە لە نوخبەکانی کۆمەڵگای کوردستان ئەژماردەکران، لە دادگا یەک خولەکییەکانی سادق خەڵخاڵیدا سزای سێدارەیان بۆ بڕایەوە و پاشان لەسێدارەدران.

هەروەها،  مستەفا چەمڕان، یەک لە فەرماندەکانی سوپا لە شەڕەکانی کوردستان بە نوێنەرایەتی هێزە چەکداریەکانی ڕژێمی ئێران ڕێگای کوردستانی گرتەبەر. دەوترێت لە یەک لە هێرشەکانی سوپا بۆ سەر گوندی قارنای سەر بە شاری نەغەدە لە سێ کاتژمێردا ٦٨ کەسی مەدەنی کوژران و گوندەکەیان بەتەواوی کۆمەڵکوژ کرد.

یەک ڕۆژ پاش فەتوای خومەینی هەموو زیندانیانی کوردی زیندانی تەورێز بێ دادگایی لە سێدارە دران، نیوەشەوی ڕۆژی ١٨ی ئابی ١٩٧٩ لە شاری پاوەی سەر بە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١١ کەس لە سێدارە دران، هەروەها ڕۆژی دوای ئەوە لە پاوە ٧ کەسی دیکە لە سێدارە دران، ٢٣ی ئاب ٩ کەس لە شاری مەریوان لە سێدارە دران کە مامۆستای خوێندنگا و پەرستاری نەخۆشخانە بوون، ٢٥ی ئاب ١١ کەس لە سنە لە سێدارە دران کە دوانیان بەبرینداری بردران بۆ بەر گولەبارانی سەربازەکانی سوپا، ٢٦ی ئاب ٢٠ کەس لە شاری سەقز لە سێدارە دران.

لەگەڵ ئەو هەموو دڕندەییەی لەدژی کورد ئەنجام دەدرا، گەل هێشتا چۆکی دانەدا و لە شارەکانی سەقز، بانە، مەهاباد و پاوە بەرخۆدانی مێژووییان کرد، نموونەی بەرچاوی ئەو بەرخۆدانە، بەرخۆدانی ٢٤ ڕۆژەی سنە بوو، کە لە کاتێکدا لە چوار لاوە گەمارۆدرابوو و بۆردوومان و تۆپباران دەکرا، شارەکە بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ بەرگریی لێکرا و ڕێگانەدرا بکەوێتە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە.

هەر ئەو سەردەمە، ئەبولحەسەن بەنی سەدر، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی حکومەتی ئیسلامیی ئێران، لە وتارێکدا بۆ هێزە سەربازییەکان وتی: "ئەرتەش بۆی نییە پوتەکانی لە پێ داکەنێت، تا ئەو کاتەی ئاژاوەی کوردستان لەناودەبەن و ئەو یاخییانە دەکوژن".

لە ٣٩یەمین ساڵیادی کوشتاری  گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە فتوای خومەینی، حکومەتی ئێران بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی لەدژی هاوڵاتیانی کورد و هێشتا وەک هاوڵاتی پلەچەند ڕەچاویان دەکات.

حکومەتی ئێران لە بنەڕەتەوە مافی گەلی کورد بۆ پێکهێنانی خۆبەڕێوبەریی و سیستمێکی دیموکرات لە ئێراندا ڕەتدەکاتەوە، وەڵامی ئەو داوکارییە ڕەوایەی گەلی کورد و گەلانی ئێران بە سەرکوت و کپکردن و قڕکردن دەداتەوە.

ش.ف