٤ی نیسان، لەدایکبوونی ژیان و سیستمێکی نوێ

لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد وەک لەدایکبوونەوەی گەلێک و سیستمێکی نوێ پێناسە دەکرێت، کە توانی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان لەخۆیدا کۆبکاتەوە.


٧١ ساڵ بەسەر لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد-دا تێپەڕدەبێت، کە ژیانی تەرخانکرد بۆ بەدیهێنانی ئازادیی و یەکسانیی و پێکەوەژیانی گەلان، زیندانەکەشی بە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەیەکی مێژوویی تەماشا دەکرێت.

ڕێبەری گەلی کورد لە ٤ی نیسانی ساڵی ١٩٤٩ لەدایکبووە، لەدایکبوونەکەی وەک لەدایکبوونەوەی گەلی کورد ناودەبرێت و ساڵانە بە ئاهەنگ، نەمام چاندن و چالاکیی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە.


٤ی نیسان، ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد

عەبدوڵا عومەر عەبدوڵا ناسراو بە عەبدوڵا ئۆجالان، ٤ی نیسانی ساڵی ١٩٤٩ لە خێزانێکی هەژاری گوندی ئامارای ناوچەی خەلفەتیڕەحا (ئورفا) لە باکوری کوردستان، لەدایکبووە.

هەر لە منداڵییەوە ئۆجالان خاوەن کەسایەتییەکی جیاواز بووە، کاریگەربووە بە کەسایەتیی ئوڤەیش-ی دایکی، هەوڵیداوە نەریتە کلاسیکییە کۆمەڵایەتییەکان بشکێنێت و نزیکترین هاوڕێی کوڕی بنەماڵەیەک بووە کە دووژمنایەتیی لەنێوانیاندا هەبووە.

لە سەرەتای تەمەنییەوە ناکۆکیی لەلای دروست دەبێت، وەک خۆی دەڵێت: لە گوندەکەمانەوە ڕێگایەکی زۆرم دەبڕی بۆ ئەوەی بچم بۆ خوێندنگە لە گوندێکی دیکە، لە ماڵەوە بە زمانی کوردی قسەمان دەکرد، بەڵام لەوێ زمانی کوردیی قەدەغە بوو، ئەوەش لای من جێی هەڵوەستە بوو.

ئۆجالان قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە ڕوحا تەواو دەکات و قۆناغی ئامادەیی لە ئەنقەرە دەخوێنێت، هەر لەوێوە بیری سیاسیی لەلای گەشە دەکات، ساڵی ١٩٧١ لە بەشی یاسای زانکۆی ئەستەنبوڵ وەردەگیرێت و هەمان ساڵ دەگوازرێتەوە بۆ بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە.

لەوکاتەی لە ئامەد فەرمانبەر بووە لە شارەوانی و دواتریش بووەتە خوێندکاری زانکۆ، تێڕوانینەکانی لە ئاست دەسەڵات، کۆمەڵگە، نەتەوە، ئابووریی و کولتووری فراوان دەبێت و دەکەوێتە ناکۆکییەوە لەگەڵیاندا.

ڕێبەری گەلی کورد، لە زانکۆی ئەنقەرە ئاشنای شۆڕشگێڕە چەپەکانی ئەوکاتی تورکیا دەبێت و دەست بە کاری ڕێکخراوەیی دەکات، هەر ئەوکات دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەی خوێنکارانی شۆڕشگێڕ و بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکدا دژی گولـلەبارانکردنی شۆڕشگێڕە چەپەکان، ماوەی شەش مانگ زیندانیی دەکرێت.

ساڵی ١٩٧٣ ئۆجالان لەگەڵ چەند شۆڕشگێڕێکی چەپی کورد و تورک وەک کەمال پیر، محەمەد خەیری دورموش، حەقی قەرار، دوران کاڵکان، عەلی حەیدەر قەیتان، جەمیل بایک و مستەفا قەرەسوو بە نهێنیی گروپێک بەناوی "ئاپۆچییەکان" پێکدەهێنن و ڕوو لە کوردستان دەکەنەوە.

دواتریش هەر لەگەڵ ئەو گروپەدا لە ساڵی ١٩٧٨ پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە دادەمەزرێنن و ئۆجالان دەبێتە ڕێبەری پارتەکە، دامەزراندنی پەکەکە بووە قۆناغی وەرچەرخانێکی مێژوویی لە کایەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و تا ئەمڕۆش پەکەکە پێشەنگایەتیی خەباتێکی هەمەلایەنەی فرەڕەنگ دەکات بۆ چەسپاندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و بەدیهێنانی ئازادیی و پێکەوەژیان بۆ گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە.

لەمڕۆد اهزر و ڕامانەکانی ڕێبەری گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لای گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بووەتە ڕێبازی تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراتی، لەسایەی فکری ڕێبەری ئۆجالانەوە ئەمڕۆ گەلی کورد لەلایەک بووەتە خاوەن ئیرادەی سەربەخۆ و لە تەواوی جیهان دەناسرێتەو، لەلایەکی دیکەشەوە بەپێشەنگایەتیی بزووتنەوەی کوردیی، بوونەتە تاکە ڕێچکەی ئازادیی.

ئەمەش وایکردووە هەموو ساڵێک یادی لەدایکبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تەنها لەلایەن گەلی کوردەوە پیرۆز نەکرێت، بەڵکو ئێستا لەناو زۆرێک لە نەتەوە جیاجیاکانی ناوچەکە و جیهانیشدا یادی ٤ی نیسان دەکرێتەوە.

لەکەیەوە ٤ی نیسان پیرۆز دەکرێت؟

ڕێبەری گەلی کورد لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییدا لە نایرۆبی پایتەختی کینیا ڕفێندراو و تا ئێستاش لە دوورگەی ئیمرالیی لە تورکیا زیندانیی کراوە.

ڕفاندنی ئۆجالان کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکیی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و گەلی کورد ئەو ڕۆژە وەک "ڕۆژی ڕەش" ناودەبەن و پێیانوایە، زلهێزان هەوڵیاندابە دەستگیرکردنی ئۆجالان ڕۆژی کورد ڕەش بکەن و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی لەناوببەن، هەربۆیەش ٤ی نیسان وەک جەژنی ژیانەوە ناودەبەن.

لە ساڵی ٢٠٠٠-ەوە بەشێوەیەکی گشتیی ٤ی نیسان لەناو گەلی کورد پیرۆز دەکرێت، ساڵانە بەم بۆنەیەوە لە کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش کوردان و دۆستانیان لە نەتەوە جیاوازەکان ڕۆژی لەدایکبوونی ئۆجالان بە ئاهەنگ و چالاکیی جۆراوجۆر پیرۆز دەکەن.

هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا دار دەچێندرێت و چەندین سیمیناری تایبەت بە ژیانی ئۆجالان و خەبات و تێکۆشانەکەی ساز دەکرێن، ڕێپێوان و مێتینگ و چالاکی جۆراوجۆری دیکە ئەنجام دەدرێن.

گەلی کورد چۆن لە لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان دەڕوانن؟

چاندنی دار لە یادی لەدایکبوونی ئۆجالاندا، وەک سیمبولێکە بۆ ژیانەوەی سروشت و سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی گەلێک، کە بەدرێژایی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو لەژێر زوڵم و زۆرداریی داگیرکەراندا بووە.

گەلی کورد ئەمڕۆژە بە سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی خۆیان و خەباتی ئازادییخوازییان پێناسە دەکەن و بە هەڵکەوتی دەبینن بۆ سووربوون لەسەر تێکۆشانیان لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و سۆسیالیزمییەکان، کە خۆی لە ئازادیی و یەکسانیی و پێکەوەژیانی گەلان دەبینێتەوە و بەردی بناغەکەی لەلایەن ئۆجالانەوە دانراوە.

جەختیش لەسەر پەیامی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی دەکرێتەوە، بەوپێیەی ئۆجالان بە دامەزراندنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد، توانی بۆ یەکەم جار خەباتی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان یەکبخات و تێکۆشانێکی سۆسیالیزمیی هاوبەش دابەزرێنێت.

بەتایبەتیش ئەمڕۆژە بۆ ژنان واتایەکی گەورە لەخۆدەگرێت، چونکە ژنان لەسایەی فکری ئۆجالاندا، بوونە خاوەن هێز و پێگەی خۆیان و لەناو بزووتنەوەی پەکەکەدا ڕۆڵیان بۆ گەڕێندرایەوە و هەموو دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسێندرا بۆ نمایندەکردنی تواناکانیان، بۆیەش ساڵانە زۆرینەی چالاکییەکانی ئەم یادە لەلایەن ڕێکخراو و پارتەکانی ژنانەوە ڕێکدەخرێت.

ئۆجالان لەبارەی لەدایکبوونی خۆیەوە چی دەڵێت؟

ڕێبەری گەلی کورد لەدایکبوونی خۆی بە لەدایکبوونێکی کەسیی لەقەڵم نادات و هاوبەشی ئەو بۆچوونەیە، کە لەدایکبوونی ئەو لەدایکبوونەوەی گەلێکی چەوساوەبوو.

عەبدوڵا ئۆجالان، ژیانی خۆی بۆ سێ جار له‌دایكبوون پۆلین ده‌كات: له‌دایكبوونی یه‌كه‌م: له‌دایكبوونی سروشتییه‌ تا ده‌گاته‌ دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌. له‌دایكبوونی دووه‌م: به‌ دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته‌ پیلانگێڕی نێوده‌وڵةتی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩. له‌دایكبوونی سێیه‌م: له‌ زیندانی ئیمراڵی و به‌ وه‌رچه‌رخانی فیكری و پارادایمی و ستراتیژی په‌كه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تاده‌گاته‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆ.

ڕێبەری گەلی کورد ڕامانی شارستانیی دیموکراتیی داڕێژا و پارادیگمای کۆمەڵگەی دیموکراتیی، ژینگەپارێزیی و ئازادیی ژن-ی پێشخست، ئەمڕۆش ئەم سیستمە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و شەنگال بەرجەستە بووە و لە هەرچوار پارچەی کوردستانیش بووەتە جێی خواستی خەڵک و کۆمەڵگە.

بەتایبەت دوای قەیرانە سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی سیستمی سەرمایەداریی، هزر و ڕامانەکانی ئۆجالانیش زیاتر بڵاودەبێتەوە و پەسەند دەکرێت.

 

ش.ف