٥٦ ساڵ لەمەوبەر بەعس یەکەم کۆمەڵکوژیی لە سلێمانییەوە دەستپێکرد

ڕژێمی بەعس دەستپێکی کۆمەڵکوژییەکانی لەسەر گەلی کورد لە شاری سلێمانییەوە دەستپێکرد و ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆی خوێناویی کرد و ٨٢ هاوڵاتیی شارەکەی کۆمەڵکوژ کرد.


ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣، بەڕۆژێکی خوێناویی دادەنرێت بۆ شاری سلێمانی و گەلی کورد لە باشوری کوردستان بەدەستی ڕژێمی بەعس، لەو ڕۆژەدا لیوای ٢٠ ی سوپای عێراق بەسەرپەرشتی زەعیم سدیق، قەدەغەی هاتووچۆیان لە سلێمانی ڕاگەیاند، کە بە مەنعە تەجەولەکە ناودەبرێت و دەستیان کرد بە دەستگیرکردن و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنیی کرد و ٨٢ هاوڵاتییان کۆمەڵکوژ کرد.

وردەکاریی ڕووداوەکە

لەدوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لەشاری مهاباد، مەلا مستەفای بارزانی ڕووی لە یەکێتی سۆڤیەت کرد و تا شۆڕشی ١٤ ی تەمموزی ١٩٥٨ ی عێراق لەو وڵاتە مایەوە، دوای ئەو شۆڕشە، کە ڕژێمی پاشەیەتیی عێراقی ڕووخاند، عەبدولکەریم قاسم، یەکەم سەرۆک کۆماری عێراق کۆمەڵێک بەڵێنی بە کورد دا بۆ داینبکردنی مافەکانی، لەسەر ئەو بنەمایەش مستەفا بارزانی گەڕایەوە بۆ باشوری کوردستان، دواتر وردە وردە عەبدولکەریم قاسم، لە بەڵێنەکانی پاشگەز بووەوە، بەوهۆیەشەوە ساڵی ١٩٦١ بە سەرکردایەتیی مستەفا بارزانی شۆڕشی ئەیلول لە باشوری کوردستان هەڵگیرسا.

لە ساڵی ٨/٢/١٩٦٣ حزبی بەعسی عێراق کودەتایان بەسەر عەبدولکەریم قاسم-دا کرد و لەناو بینای وێستەگە و تەلەفیزیۆندا عەبدولکەریم قاسم و چەند کەسێکی نزیکیان گولـلەباران کرد، ئیدی بەعس وردەوردە کەوتە لەناوبردنی هەموو ئەوکاسانەی نەیاری بوون و سەدان سەركردەی حزبی شیوعی و ئەفسەری پلە بەرز و كەسایەتی ناوداریان كوشت.

بەعسییەکان لەسەرەتای كودەتاكەیانەوە پەیوەندییان بەسەركردایەتی شۆڕشی كوردستانەوە كرد و بەڵێنی گەورە و گفتی قەبەیان بەكورد دا، یەکێک لەو بەڵێنانەش پێدانی لامەرکەزیی بوو، بەڵام هەر ئەوەندەی شوێن پێی خۆیان قایم کرد، پشتیان كردە داخوازییەكانی گەلی كورد و كەوتنە بەهانە هێنانەنەوە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ.

ڕۆژی ٨/٦/١٩٦٣، سوپای عیراق بەفەرماندەیی زەعیم سدیق مستەفا بەرەو شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ-ی شاری سلێمانی هەڵگەڕا، بەڵام پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بووەوە، زەعیم سدیق-یش ڕۆژی دواتر ڕق و توڕەییەکانی بە هاوڵاتیانی بێ چەک ڕشت.

ڕۆژی ٩/٦/١٩٦٣  هەر لەبەیانی زووەوە بەبڕیاری زەعیم سدیق هاتووچۆ لەشاری سلێمانیدا قەدەغەكرا، بەناوی گەڕان بەدوای چەك و پێشمەرگەدا ٨٢ کەسیان لە مامۆستا، خوێندكار، كاسبكار و فەرمانبەر دەستگیرکرد و بردیاننە شیوێكی نزیك (حامیە– سەربازگەی سلێمانی)، کە ئێستا کراوە بە پارکی ئازادیی و لەوێ‌ گولـلەبارانیان كردن، هەمان ڕۆژ لە شارۆچکەی کۆیە بە فەرماندەیی تەها شەکرچی سوپای بەعس ژمارەیەک تێکۆشەری گولـلەباران کرد.

هەروەها، بە سەدان کەس دەستگیرکران و جگەلەوەی حامیەی سلێمانی چێواخن كرا لەزیندانیی، تەنانەت تەویلەكانی بوو بەشوێنی دەستگیرکراوان، بۆ ڕۆژی دواتر بەعس بەفەرمیی لە ١٠ی حوزەیران جاڕی شەڕی دا و كەوتە بەكارهێنانی هەموو چەكێكی قەدەغەكرا و بەرانبەر بەكورد بەبۆمبای ناپاڵمیشەوە.

د. فایەق گوڵپی لە بیرەوەرییەکانیدا لە کتێبێکدا بەناونیشانی (کەلێرەرەوە سەیری ژیانی خۆ دەکەم) دەگێڕێتەوە:"ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەسەڵاتی شۆڕشی ئەیلول پەرەی دەسەند، پێشمەرگە دەستی بەسەر پانتایی فراواندا دەگرت، بەمەبەستی شکست پێهێنانی پێشمەرگە و دووبارە داگیرکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەدابوون، هاوینی ١٩٦٣ سوپای عێراق هەڵمەتێکی سەربازیی بۆسەر ناوجچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان دەستپێکرد، لەوکاتەدا زەعیم سدیق سەرپەرشتی هەڵمەتە سەربازییەکەی پارێزگای سلێمانی دەکرد، پێش ئەوەی زەعیم سدیق بەسوپاوە هێرش بکاتە سەر ناوچەی شارەزوور و هەورامان، لەسلێمانی و دووکان و کۆیە، هێرشی کردبوو، چەند کۆمەڵکوژییەکی ئەنجام دابوو، لەسلێمانی کۆمەڵکوژییە بەناوبانگەکەی ٩ی حوزەیرانی ئەنجام دا".

بەمشێوەیە ڕژێمی بەعس پێداگربوو لەسەر دژایەتی کورد و لەناوبردنی و لە کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالدا دڕندەیی ئەو ڕژێمە گەشتە لوتکە، دڕندەیی ئەو دەسەڵاتە لەسەر کورد بەردەوام بوو کۆتاییهاتنی  لەساڵی ٢٠٠٣.

بەدرێژایی مێژوو، هەر ڕژێمێک لە عێراق هابێتە سەر حوکم، سەرەتا کۆمەڵێک بەڵێنی بەگەلی کورد داوە، بەڵام لەگەڵ قاییمکردنی جێ پێی خۆی، پاشگەز بووەتەوە و کەوتووەتە لەناوبردنی کورد، ئەمەش بە یەکێک لەو هەڵانەی کورد دادەنرێت، کە بە خۆشباوەڕیی خۆی کەوتووەتە داوی دووژمنەوە و نەیتوانیوە بە بەرنامەیەکی تۆکمەوە هەلەکان بقۆزێتەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی.

ش.ف