٦٣ ساڵە شێخ مەحمود کۆچی دوایی کردووە هێشتا خەونەکەی بەدی نەهاتووە

بەر لە ٦٣ ساڵ شێخ مەحمودی حەفید کۆچی دوایی کرد، هەرچەند لەماوەی خەباتی سیاسی خۆیدا هەوڵی زۆری دا کە یەکێتی و یەکڕیی کورد دروستبکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لە قۆناغە جیاجیاکانی دوای کۆچی دوایی شێخ مەحمود چەندین جار هەوڵی یەکڕیزیی کورد دراوە بەڵام دەتوانین بڵێین هێشتا یەکڕیی کورد دروست نەبووە و خەونەکەی شێخ مەحمود بەدی نەهاتووە.


لە ڕۆژی ٩/١٠/١٩٥٦ دا شێخ مەحمودی حەفید، لە نەخۆشخانەکەک لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد و لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا کە خەڵکێکی زۆر تێیدا ئامادەبوون لە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی تەرمەکەی بەخاک سپێردرا.

ژیاننامەی شێخ مەحمود

شێخ مەحمود، ساڵی ١٨٨١ ناوچەی بەرزنجە لە شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی ئاینیی بەناوبانگە لەدایك بووە، بنەماڵەکەیان دوای هەرەس هێنانی میرنشینی بابان دەسەڵاتی ئایینی ‌و كۆمەڵایەتی و سیاسی باشوری كوردستانیان كەوتووە دەست.

ساڵی ١٩٠٨ بەپیلانی گروپی ئیتیحادو تەرەقی (دەوڵەتی عوسمانی) لەشاری موسڵ شێخ سەعیدی باوكی و شێخ ئەحمەدی برای شەهید كران ‌و ئیتر ئەركی بەڕێوەبردنی كاروباری بنەماڵەكە ئەكەوێتە ئەستۆی شێخ مەحمود، ساڵی ١٩١٨ كاروباری شاری سلێمانی گرتەدەست.

ڕاگەیاندنی یەکەم حکومەت

لە ڕۆژی ١٦/١١/ ١٩١٨، دا مێجەر نوئێل، نوێنەری ئینگلیزەکان لەگەڵ پێنج هاوکاریی دێنە سلێمانی و ڕۆژێک دواتر، لەبەردەرکی سەرای شاری سلێمانی لەبەردەم بەشێک لەسەرۆک هۆزەکاندا شێخ مەحمود، وەک حکومداری ناوچەکە دەناسێنێت، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە شێخ مەحمود حکومەتەکەی دادەمەزرێنێت.

ئینگلیزەکان شێخ مەحمود-یان وەک فەرمانڕەوا قبوڵ نەبوو

شێخ مەحمود، هەمیشە دوو پرسیاری لە ئینگلیزەکان دەکردووە، یەکەم دەیوت، مانای حکومدار چییە؟، کە من کراومەتە حکومداری ئەم ناوچەیە، دووەم دەیوت ئەگەر من حکومدارم سنووری ئەو ناوچەیە کامەیە کە حوکمی دەکەم؟، ئینگلیزەکان هیچ کات ئامادەنەبوون ئەوەی تێبگەیەنن، شێخ مەحمود دواتر تێگەشت کە ئینگلیز حکومداری ناوێت، پیاوێکی دەوێت کە ڕاجایەکی هیندی بێت لە ناوچەکەدا و بەگوێرەی خواستی ئەوان کاربکات.

شەڕ دەست پێدەکات

شێخ مەحمود، بەردەوام کێشەکانی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا زیادی دەکرد، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی مێجەرسۆن کە نوێنەری ئینگلیز دەبێت لەسلێمانی، ڕۆژی ٢١ی ئایاری ساڵی ١٩١٩سلێمانی بەجێبهێڵێت، دوای ئەوە شێخ مەحمود هەموو کارمەندانی ئینگلیز دەستبەسەر دەکات و ئاڵای بەریتانیا دادەگرێت و ئاڵای حکومەتەکەی خۆی هەڵدەکات، پاش چەند ڕۆژێک شەڕی دەربەن بازیان ڕوودەدات، لە کایەی یەکەمدا شیخ مەحمود، سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، بەڵام دواتر بەهۆی ناهاوسەنگی هێز و چەکەوە سوپاکەی شێخ مەحمود دەشکێت و شێخ مەحمود بە برینداریی دەکەوێتە دەست ئینگلیزەکان و لەپاش دادگایی کردنی دوور دەخرێتەوە بۆ هندستان.

شێخ مەحمود تکا لە هۆزەکان دەکات پشتی بگرن

شێخ مەحمود، لەدوای دامەزراندنی حکومەتەکەی تکا لە سەرۆک هۆزە کوردییەکان دەکات کە پشتی بگرن و هاوکاری بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەریتانییەکان، هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی یەکێتی لەنێوان کورداندا دروست بکات، بەڵام زۆرێک لە هۆزەکان بەدەم داواکەیەوە ناچن.

حکومەتی دووەمین و سێیەمینی شێخ مەحمود

لەدوای تێکچونی یەکەم حکومەتی شێخ مەحمود و دورخستنەوەی بۆ هندستان، لە ٢٨ی ئایاری ساڵی ١٩٢٢ ئینگلیزەکان شێخ مەحمود-یان هێنایەوە بۆ وڵاتی کوەیت، پاش چەند ڕۆژێک هێنایانەوە بەغدا و لەڕۆژی ٣٠ی ئەیلول شێخ مەحمود گەڕایەوە سلێمانی.

ڕۆژێک دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، شێخ مەحمودی حەفید، دووەمین حکومەتی خۆی دامەزراند، بەناوی ' حکومەتی کوردستان' خۆشی وەک سەرۆکی حکومەتەکە ناساند، بەپێی ناساندنی سنووری حکومەتەکەی شێخ مەحمود هەموو باشوری کوردستانی دەگرتەوە هەتا سنووری باکوری کوردستان و پایتەختی حکومەتەکەشی شاری سلێمانی دەبێت، لەم حکومەتەدا زمانی فەرمی کوردی دەبێت و سوپاکەی ناوی 'سوپای نەتەوەی کورد' بووە، جارێکی دیکە ئینگلیزەکان بەهێزێکی زۆرەوە هێرشیان کردەوە سەر سلێمانی و لە ڕۆژی ١٦ی ئایاردا سلێمانی-یان داگیرکردەوە.

لەدوای تێکچونەوەی حکومەتەکەی خەباتی شێخ مەحمود بەردەوام دەبێت و پاش ماوەیەک ئینگلیزەکان هێزەکانیان دەکشێننەوە بۆ شاری کەرکوک، بۆیە شێخ مەحمود لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٢٤ بۆ جاری سێیەم حکومەتی دامەزراند و لێخۆشبوونی گشتی بۆ هەموو ئەو کوردانە دەرکرد کە هاوکاریی ئینگلیزەکان کردووە.

لە ١٦ی مانگی ١١ی ساڵی ١٩٢٥دا کۆمەڵەی نەتەوەکان سنووری نێوان تورکیا و عێراق-یان جیاکردەوە، بەوەش باکور و باشوری کوردستان لەیەک جیاکرایەوە، بەڵام تیکۆشانی نەتەوەیی لەدژی ئینگلیزەکان و حکومەتی عێراق نەوەستا.

لە ساڵی ١٩٢٦دا هێزی هاوبەشی ئینگلیزەکان و عێراق و ئێران، دژی شێخ مەحمود شەڕیانکرد لە پشدەر و دەستیان لە هاوڵاتیانی مەدەنی نەدەپاراست، بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیی پێکنەیەت شێخ مەحمود بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئینگلیزەکاندا دەستی لەکاری سیاسی کشاندەوە، بەڵام چەندین جاری دیکە بەشداریی شۆڕشە خۆرسکییەکانی جەماوەری کرد و هەندێک جاریش لەڕێگای پەوەندییەکانیەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی دەدا.

لەکۆتایدا شێخ مەحمود، لەساڵی ١٩٣٢ بەیەکجاری وازی لە خەباتی سیاسی هێنا و لە ڕۆژی ٩-١٠ - ١٩٥٦ کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

هێشتا خواستەکانی شێخ مەحمود بەدی نەهاتووە

لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی کە شێخ مەحمود داویەتی بۆ یەکێتی گەلی کورد و بۆی بەدی نەهاتووە، هەروەها ئەو حەسرەتەی ئێستاش لەناخی گەلی هاوڵاتیانی کوردستاندا هەیە بۆ پێکهاتنی یەکێتی گەلی کورد، هونەرمەندی دیاری کورد، کاویس ئاغا، گۆرانییەکی وتووە بەناوی شێخێ من، ناوەڕۆکی گۆرانییەکە باس لە نیگەرانی هونەرمەند کاویس ئاغا دەکات لەبەرامبەر پارچەبوونی گەلی کورد، هەروەها لەدوای ئەو هەموو هەوڵە تاکە کەسی و بە کۆمەڵانەی کە لەدوای کۆچی دوایی شێخ مەحمودی حەفید داراوە بۆ پێکهێنانی یەکڕیزیی و یەکێتی کورد هێشتا یەکێتی نەتەوەیی کورد پێکنەهاتووە و کورد هێشتا کورد باجی یەکنەبوونی دەدات، لەئێستاشدا پلانێکی دیکەی نێودەوڵەتی بە پێشەنگایەتی فاشیزمی ئاکەپەو ئەردۆغان دژ بە گەلی کورد بەڕێوەدەچێت بەڵام گەلی کورد بە پارچەیی ماوەتەوە و لەبەرامبەر هەڕەشەکاندا هەنگاوی کرداریی بەرەو یەکبوون هەڵناگرێ.