٧٣ ساڵ بەسەر ڕووخانی کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت

٧٣ ساڵ بەسەر ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و لەناوبردنی دەستکەوتێکی مەزنی گەلی کورد تێدەپەڕێت، ئەزموونێک کە مەترسی دووبارەبوونەوەی، بەهۆی نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی کورد و پشت بە ستن بە هێزی دەرەکیی لە ئارادایە.


ئەمڕۆ ٧٣ ساڵ بەسەر ڕووخانی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە بە پێشەنگایەتیی قازی محەمەد لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندرا و دوای ١١ مانگ و لە ١٧ی کانونی یەکەمی ١٩٤٦ ڕووخا.

دەرفەتەکان چۆن ڕەخسا

بە دەستپێکردنی شەڕی دووەمی جیهانی و جارێکی دیکە داگیرکردنی ئێران لەلایەن ڕوس و ئینگلیزەوە، دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بەسەر وڵاتەوە نەما و بۆشایی هێز، وڵاتی ئێرانی گرتەوە، ڕەزاشا (پاشای ئەو کاتەی ئێران) لەژێر فشاری بەریتانیا، لە ئەیلولی ١٩٤١ـدا دەستی لەکارکێشایەوە و ئێرانی جێهێشت و دەسەڵات کەوتە دەستی کوڕەکەی واتا محەمەد ڕەزاشا.

داگیرکردنی ئێران لەلایەن سۆڤییەت و بەریتانیاوە، کەمبوونەوەی تەرکیزی حکومەتی ناوەندی لەسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران، هەروەها نیشاندانی پشتیوانیی لەلایەن سۆڤیەتەوە بۆ گەلانی بندەست، ئەو هەلەی ڕەخساند کە لە شارەکانی مهاباد و تەبرێز دوو کۆمار بە ناوەکانی "کۆماری کوردستان" و کۆماری "ئازەربایجان" دابمەزرێن.

هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان

ڕۆژی ١٦ی ئابی ١٩٤٢ "حسەین فروھەر، عەبدولڕەحمان زەبیحی، عەبدولڕەحمان ئیمامی، عەبدولقادر مودەریسی، نەجمەدین تەوحیدی، محەمەد نانەوازادە، عەلی مەحمودی، محەمەد ئەسحابی، عەبدولڕەحمان کیانی، سدیق حەیدەری، قاسم قادری" لە باخێکی تەنیشت مەهاباد بە ناوی "سیسە"، "کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان"ـیان ڕاگەیاند، قازی محەمەد کە کەسایەتییەکی ناسراوی مهاباد بوو، ساڵی ١٩٤٤ پەیوەست دەبێت بە "کۆمەڵەی ژێ کاف" و دوای زیندانیبوونی سێ کەس لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، ڕۆڵی سەرکردە لە (ژ.ک) دەگێڕێت و لە ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دەچنە "باکۆ" چاویان بە "جەعفەر باقرۆڤ" سەرۆک وەزیری کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت دەکەوێت و داوای پشتیوانیی و یارمەتی سۆڤیەت بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەکەن.

کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا

دوای گەڕانەوەی شاندەکە، کۆمەڵەی ژێ کاف ناوەکەی دەگۆڕێت بۆ حزبی دیموکراتی کوردستان و یەکەم کۆنگرەی خۆی لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ دەبەستێت، دوای ماوەیەک بە سوودوەرگرتن لە بارودۆخی ئەو کاتەی ئێران و نەمانی هێزەکانی لە ناوچەکە و پشتیوانیی سۆڤیەت، لە ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٥دا حزبی دیموکراتی ئازەربایجان بە سەرۆکایەتیی جەعفەر پیشەوەری، پارێزگای ئازەربایجان (ناوەندی تەبرێز)یان لە چنگی سوپای ئێران ڕزگار کرد و کۆماری ئازەربایجانیان ڕاگەیاند.

پێنج ڕۆژ پاش ئەوە لە هەوڵێکی هاوشێوەدا، مەهاباد لە چنگی هێزەکانی سوپای ئێران ڕزگار کرا و لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ـدا، کۆماری کوردستان لە مهاباد ڕاگەیەندرا و ئەو دوو کۆمارە پەیوندییەکی توندوتۆڵیان هەبوو.

ئامانجەکانی کۆماری کوردستان ڕادەگەیەنرێت و لە لایەن گەلەوە پێشوازیی لێدەکرێت، سەرەکیترین خاڵەکانی ئەو ئامانجانە ئەمانە بوون:

* زمانی کوردیی بکرێتە زمانی راگەیاندن ‌و خوێندن‌ و ئیدارە.

* ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێریی دەوڵەت‌ و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.

* ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن.

* یەکێتی‌ و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازربایجان بەهێز بکرێت.

* یاسایەک ھەبێت کە بە یەکچەشن مامەڵە لەگەڵ کرێکار ‌و کەسایەتییە باڵاکاندا بکات.

ڕێککەوتنی سۆڤیەت و حکومەتی ئێران

لە مانگی کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا، سۆڤییەت لەگەڵ حکومەتی ئێران ڕێککەوت، لە ٢٦ی ئازاری‌ ١٩٤٦، بەھۆی‌ فشاری‌ ھێزە ڕۆژئاواییەکان بە تایبەت ئەمەریکا، پەیمانی بە حکومەتی ئێران دا، کە لە باکووری ئێران بکشێتەوە.

سۆڤیەت پشتی لە کورد و ئازەری کرد

هەرچەندە سۆڤییەت بەپێی هزری لینین پابەندبوو بە هاوکاریکردنی گەلانی بندەست بۆ گەیشتن بە ئازادی و خۆبەڕێوەبەری، هەر بەهۆی یارمەتییەکانی سۆڤییەتەوە ژمارەیەکی زۆر لە گەلانی باشوری سۆڤییەت بە خۆبەڕێوەبەری گەیشتن، بەڵام لە بارەی کورد و ئازەرییەوە ئەو پابەندییەیان پێشێلکرد.

 دوای کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت، لە مانگی حوزەیراندا، ئێران دەستی گرتەوە بەسەر کۆماری ئازەربایجاندا، ئەمەش بووە ھۆی‌ دابڕانی کۆماری‌ کوردستان و پچڕانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ سۆڤیه‌ت و ڕاگیرانی پاڵپشتیەکان.

خیانەتی ناوخۆیی

سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری کوردستان بۆ بەشدارییپێکردن و پەیوەستبوونی خێڵ و عەشیرەتەکانی دیکەی کورد لەناو کۆمار، بەڵام نەیتوانی پشتیوانیی بەدەستبێنێت و سنوورەکانی لە موکریان و دەوروبەری مهاباد بەرفراوانتر بکات، هەربۆیە زۆرجار بە 'کۆماری مهاباد' ناو دەبرێت و دەناسرێت.

نەک هەر ئەوە، بەڵکو ، خێڵە کوردەکان کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لە کۆمار دەکرد، دوای پشتتێکردنی سۆڤیەت بەرھەم ‌و سەرچاوەی‌ داراییان نەما، ئیتر خێڵەکان هیچ بیانوویەکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەبوو، هەربۆیە زۆرێک لە خێڵەکان قاز‌یان بەجێھێشت، لە کاتی گەیشتنی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر سنوور، زۆربەیان هەڵهاتن و بەرەکانی بەرگرییان لە مهاباد چۆڵ کرد، مەلا مستەفای بارزانی کە پلەی ژەنەراڵی لە کۆمار و پێشەوا قازی وەرگرتبوو، لەگەڵ چەکدارەکانی کۆماری مهابادیان بەجێهێشت و  بۆ سۆڤیەت چوون.

کۆماری کوردستان ڕووخا

سەرەنجام لە ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦دا، واتا ٧٣ ساڵ لەمەوبەر، سوپای ئێران توانی بچێتە ناو شاری مهاباد کە ناوەند و پایتەختی کۆماری کوردستان بوو، دەستی بەسەر شارەکەدا گرت، دەوترێت"قازی محەمەد بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکە نەکەونە بەر کوشتاری هێزەکانی پاشایەتی ئێران خۆی بەدەستەوەدا" و دواتریش لە ڕۆژی ٣١ی ئازاری ١٩٤٧دا، قازی محەمەد و هاوڕێیانی لە سێدارە دران.

ئێستا و بە دەستێوەردانی زلهێزەکان لە ناوچەکان و بە تێپەڕینی ١٠٠ ساڵ بەسەر پەیمانە داگیرکەرییەکانی هێزە جیهانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەزموونەکان دووبارە دەبنەوە و هێشتا کورد نەیتوانیوە بەپێی پێویست یەکێتییەکی نەتەوەیی و گشتگیر لەناو خۆیدا دروست بکات و ئەمەش مەترسییەکە کە ئەزمونی کۆماری کوردستان لەسەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد و لەدەستچوونی دەرفەتەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی دووبارە بێتەوە.

لەسەر ئەو بابەتە لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەر و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، دەڵێت: کۆماری مهاباد و قسەکردن لە سەر ئەو ١١ مانگەی کە کورد خاوەنداری لێکرد، قسەکردنە لە سەر ئەزموونێک کە ئەگەر درێژەی بکێشایە ئەوا دەتوانرا دیموکراسی لەم ناوچەیەدا بەرجەستە بێت و کورد ڕۆڵی گەورەی هەبێت لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا، بەڵام یەکێک لە گرفتەکان ئەوە بوو کە هۆکاری ڕووخان، پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە ڕووسیا لە گەڵ کورد درۆی کرد و لە گەڵ ئێراندا ڕێککەوتن، کۆمارەکەش بەرگەی ئەو هەموو ململانێیەی نەگرت، تەنانەت بەشێک لە ئاغاکان کە زانیان بەرژەوەندییان دەکەوێتە مەترسیەوە چوونەوە پاڵ  حکومەت و کۆماریش بە لەسێدارەدانی قازی محەمەد و هاورێکانی کۆتایی پێهات.

لەتیف فاتیح فەرەج ئاماژە بە نەبوونی یەکڕیزی کورد بە درێژایی مێژوو دەکات و دەڵێت: هۆکاری یەکەمی درێژە نەدانی ئەزموونەکانمان نەبوونی پێکەوەیی و یەکڕیزییە، کە تا ئێستا ئێمە پێوەی دەتلێینەوە، کە بە داخێکی زۆرەوە تا ئێستا لە گیروگرفتی ئەوەداین هەموومان لە ژێر یەک ئاڵادا کۆبینەوە، بۆ نمونە بە مێژوو و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان زۆر جار هێزەکانی خۆمان دەچنە پاڵ دوژمنە داگیرکارەکان و لە هێزەکانی دیکەمان دەدەن، هەر نمونەی شەڕی داعش کە لە داقوق بوو و پەکەکە هات لە دژی ئەوان شەڕی دەکرد کەچی خەلک دەچوون ڕاپۆرتیان لە سەر ئەوان دەکرد.

لە کۆتایی قسەکانیدا لەتیف فاتیح فەرەج ، ئەندامی کەنەکە دەڵێت: بڕوام وایە ئێمە دەبێت واز لەوە بهێنین کە ئەمە مارکسە، ئیسلامە یان هەر ڕەنگ و ئایینێکە، ئەوەی کۆمان دەکاتەوە نەتەوە و زمان و مرۆڤ بوونمانە و دەبێت ئیمە مرۆڤ بوونی خۆمان لە پێش دانێین و ئەگەر برینێک لە جەستەماندا دروستبوو دەتوانین بەو یەکڕیزییەمانەوە پارێزگاری لە یەکتر بکەین، بۆیە چارەسەری سەرەکی گۆڕینی عەقڵیەتی سیاسی سەرکردەکانە.

ب.ش