لە مەلەفی تەمومژاویی نەوت و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا زۆر پرسیار و گرێ هەن کە هێشتا نادیارن، بەڵام ئایا هیچکات لەخۆمان پرسیوە ئەو بڕە پارەیەی لە هاڵک بانکی تورکیی هەڵدەگیرێت کۆی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستانە؟ یاخود نهێنی دیکە هەیە و هێشتا خەڵکی هەرێمی کوردستان نایزانن، لەم دۆسیەیەدا گوزەرێکی دیکە بەو مەلەفە پڕ لە نهێنییەدا دەکەین.
پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەینەوە، با جارێ بپرسین داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان چی لێدێت و بۆکوێ دەچێت؟ کۆی داهاتەکەی چەندە و چەندی بۆ هەرێمی کوردستانە؟هەربۆیە لەسەرەتادا دەبێت شیکارییەک بۆ بڕی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێنج ساڵی ڕابردوو و داهاتەکەی بکەین:
* لە ١٤ی ١٠ی ٢٠١٣ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتنی نەوت کرد بەشێوەیەکی سەربەخۆ، تا ١ی ٩ی ٢٠١٨ حکومەتی هەرێم ٧٤١ ملیۆن و ٢٧٣ هەزار و ٥٩٢ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.
خۆ ئەگەر هەرێم لە هەر بەرمیلێک نەوت تەنها ٣٠ دۆلاریشی بۆ مابێتەوە، ئەوە داهاتەكەی تا ساڵی ٢٠١٨ دەكاتە ٢٢ ملیار و ٢٣٨ ملیۆن و ٢٠٧ ههزار و ٧٦٠ دۆلار.
* بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢٩٣ ملیۆن و ٥٥٤ هەزار و ٥٤٨ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، کۆی داهاتەکەشی بۆ هەردوو ساڵەکە دەکاتە ١٤ ملیار و ٣٥٢ ملیۆن دۆلار.
واتا لە ساڵی ٢٠١٣ەوە تا ساڵی ٢٠١٩ حکومەتی هەرێم ٣٦ ملیار و ٥٩٠ ملیۆن و ٢٠٧ هەزار و ٧٦٠ دۆلار داهاتی نەوتی فرۆشراوی دەستکەوتووە.
ئەمە بەدەر لەو داهاتانەی حکومەتی هەرێم دەستیکەوتووە لە فرۆشتنی پێشەکی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەپێی ڕاپۆرتێكی ساڵی ٢٠١٥ی ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز-ی ئەمریکی، لە مانگی ٥ی ٢٠١٤ەوە نەوتی ھەرێمی کوردستان لە دەرەوەی كەناڵە فەرمییەكان و لەلایەن تۆڕێکیی بازرگانیی نادیارەوە سەدان ملیۆن بەرمیل نەوت بەشێوەی پێشەكی لێ فرۆشراوە و لە نێو ئەوكەسانەدا مورتەزا لاخانی هەیە، کە دەڵاڵی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی فاینانشاڵ تایمز، لە مانگی ٥ی ٢٠١٤دا مورتەزا لاخانی، بازرگانی نەوتیی پاکستانی ڕێككەوتنی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارە لۆجستییەكانی وەزارەتەکە، كە خۆی لە خشتەی باركردنی نەوتی ھەرێم و پەیوەندیکردن بە خاوەن کەشتییەکان و کۆمپانیاکانی بازرگانی نەوتی دەبینێتەوە.
بەپێی ڕۆژنامەکە لاخانی بە مووچەی مانگانەی یەک ملیۆن دۆلار لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دامەزراوە، جگە لەو دەستکەوتانەی لە دەڵاڵی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەستیدەکەوێت.
٦٠٪ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ کۆمپانیاکان دەچێت
سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە دەخاتەڕوو، کە مانگانە ٦٠٪ی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کرێی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت دەچێت، لەکاتێکدا تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق لە زۆرترین حاڵەتدا دەگاتە ٢٠٪ی داهاتەکەی.
بەشێوەیەک داهاتی ساڵی ٢٠١٩ی نەوتی هەرێمی کوردستان ٨ ملیار و ٤٣٨ ملیۆن و ٦٠١ هەزار دۆلار بووە، کەچی تەنها ٤ ملیار و ٥١٥ ملیۆن و ٤٢١ هەزار دۆلاری سافی بۆخۆی ماوەتەوە و باقییەکەی بۆ کرێی کۆمپانیاکان و قەرزی کۆمپانیا تورکییەکان چووە.
داهاتی کۆمپانیا تورکییەکان لە نەوتی هەرێمی کوردستان
بەپێی ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبردنی هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوت، فرۆشتنی غاز، بازرگانی نەوت و میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی نەوت و غازی فرۆشراو و خاوەندارێتیی کێڵگە نەوتییەکان، لەلایەن کۆمپانیای وزەی تورکیاوە دەبێت.
کۆمپانیای وزەی تورکی TEC لە ١٣ بلۆکی نەوتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکیی کاردەکات، خاوەنی زۆرینەی پشکەکانی حەوت بلۆکی نەوتییە لە هەرێمی کوردستان، کە ئەوانیش بریتین لە: پەڵکانە، خورمەڵە، هەندرێن، چۆمان، خەلەکان، عەربەت و جەبەل قەند.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت، تورکیا لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری دەستکەوتووە، کە بەدوو شێواز پارەی لە هەرێمی کوردستان کێشاوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیای وزەی تورکی لە بەرامبەر گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت ٣.١٧ دۆلاری وەک باجی گومرگی وەرگرتووە، کۆی گشتیی ئەو پارەیەی لە ساڵی ٢٠١٩ دەستیکەوتووە بریتییە لە ٤٩٤ ملیۆن و ١٨٦ هەزار و ٣١٥ دۆلاری ئەمریکی.
جگە لەو پارەیەش، حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٦١٠ ملیۆن و ٣٦٢ دۆلاری تەرخانکردووە بۆ دانەوەی قەرزی هەریەکە لە کۆمپانیای وزەی تورکی و کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتیی تورکی، بەشێوەیەک لە هەر بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی هەرێم، بڕی ٣ دۆلار و ٨٥ سەنت لەبری قەرز دراوەتە ئەو دوو کۆمپانیایە.
واتا تورکیا تەنها لە داهاتی ساڵی ٢٠١٩ی نەوتی هەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیار و ١٠٤ ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە.
داهاتی شاراوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا
حکومەتی هەرێم لە سەرەتا ڕاگەیاندنی ئابووریی سەربەخۆ باسی لەوەکرد، کە داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان لە هالک بانک-ی تورکیا هەڵدەگیرێت، کەچی ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی نهێنی دیکە لەسەر هەڵگرتنی داهاتی نەوتی هەرێم دەدرکێنێت.
سەرکەوت شەمسەدین، دەگێڕێتەوە: ساڵی ٢٠١٨ چووینە لای حەیدەر عەبادی، ئەوکات عەبادی باسی کۆبوونەوەیەکی خۆی و ئەردۆغانی بۆکردین، وتی: بە ئەردۆغانم وتووە دەزانم پارەی نەوتی هەرێم لە هاڵک بانکە، ئەردۆغانیش وتبووی نا..ئەوە تەنها ئەو بڕە پارەیەیە کە بۆ مووچەی فەرمانبەران دادەنرێت لە هاڵک بانک، من پێنج بۆ شەش بانکی دیکەت پێ دەڵێم لە تورکیا کە پارەی نەوتی هەرێمی تێدا دادەنرێت و تایبەتە بە بەرپرسانی هەرێم.

١٣ ملیار دۆلار دیارنییە
پێشتر ڕۆژنیوز لە دۆسیەیەکدا بەدوورودرێژی ئەو داهاتەی ئاشکراکردبوو کە حکومەتی هەرێم لە ماوەی کابینەی هەشتەمدا دەستیکەوتووە، بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، حکومەتی هەرێم لە ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ داهاتەکەی بە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و پارەی فرۆشتنی بۆری نەوتەوە بریتیبووە لە ٤٥ ملیار و ٨٠٦ ملیۆن و ٤٥٤ هەزار و ٧٦٠ دۆلار.
لەبەرامبەردا خەرجییەکانیشی کە پێکهاتووە لە مووچە و خەرجی وەزارەتەکان، بریتیبووە لە ٣٢ ملیار و ٤١٣ ملیۆن دۆلار، واتا هێشتا ١٣ ملیار و ٣٩٢ ملیۆن و ٢٩٢ هەزار دۆلار لە داهاتی هەرێمی کوردستان دیارنییە.
کەچی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکات ٢٨ ملیار دۆلار قەرزدارە.
کەواتە باقی داهاتەکانی دیکەی حکومەتی هەرێم و بەتایبەت پارەی فرۆشتنی نەوت چی لێهاتووە؟ بۆچی سەرباری ئەو داهاتە زەبەلاحە هێشتا هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر قەرزێکی خەیاڵییەوە؟
دکتۆر شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئەو داهاتە دەچێت بۆ گەندەڵی، دەچێت بۆ ئەو ٨٠٢ کۆمپانیا لۆکاڵییەی کە لەبواری نەوت و گازدا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بۆ ئەوانەیە کە لە خاڵە سنوورییەکاندا قاچاخچێتی دەکەن و بەبێ گومرگ و بەبێ کوالێتی کۆنترۆڵ شتومەک دەهێنن و خەڵکی دەستڕۆیشتوویان لەپشتە.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم مەلەفە تەمومژاوییە و وەرگرتنەوەی وەڵامی دەیان پرسیاری کەڵەبوو لەسەر مەلەفی نەوت و داهاتی نەوتیی هەرێمی کوردستان و بەدیارییکراویش ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە، ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، ٣٢ پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی هەرێم جگە لە پارتی، داوای دانیشتنێکی تایبەت بە گرێبەستی ٥٠ ساڵەی هەرێم و ئەنقەرەیان کرد، کە تیایدا بانگهێشتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بکرێت بۆ خستنەڕووی وردەکاری و ناوەڕۆکەکەی.
ک.س