پانۆرامای ڕووداوەکانی ژن لە ٢٠١٨ دا

بەپێچەوانەی ساڵی ڕابردوو، کە توندوتیژیی سەر ژنان دەستپێکی ڕووداوەکان بوو، ٢٠١٨ بە کۆنگرە و کۆنفرانسی ژنان دەستیپێکرد،  بەڵام ئەو چالاکییانە نەیتوانی ئامارەکانی توندوتیژیی کەم بکاتەوە و بە پێچەوانەوە بەرزتری کردەوە.


لەدوای تێپەڕینی چوار ڕۆژی یەکەمی سەرەتای ساڵ بە بێدەنگیی، لە ڕۆژی پێنجەمدا چالاکیی دەستیپێکرد و چواره‌مین کۆنگره‌ی ڕێکخراوى ژنانى ئازادى کوردستان- ڕژاک به‌ دروشمی "به‌ هۆشیارکردنه‌وه‌ و ڕێکخستنی ژنان، سیستمی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموکراتییانه‌ی گه‌ل بنیاتده‌نێین" بەڕێوەچوو، کە تییدا باس لە کێشەکانی ژنانی باشور  کرا و چارەسەرییەکان دەستنیشان کران، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ کار و  چالاکیی رێکخراوەکە کرا و پێشنیارەکان وەرگیران، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی نوێ-ش هەڵبژێردران.

لە ڕۆژی ٧ی کانوونی دووەمەوە چالاکییەکانی ساڵیادی تیرۆری سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد (ساکینە جانس، لەلایە شایلەمەز و فیدان دۆغان) لە مەخمورەوە دەستیپێکرد و لە شار و شارۆچکەکانی دیکە بەردەوامی کرد تا ڕۆژی ١٢ی کانوونی دووەم، کە لە سلێمانی و کەلار بە دوو مەراسیمی جیاواز چالاکییەکان کۆتاییهات.

چالاکییەکان بریتیبوون لە خۆپیشاندان، گردبوونەوە، سمینار و مەراسیمی یادکردنەوە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ژنانی گەنجی تێکۆشەر و ئەنجومەنی عەشتار و تاژێ-وە بەڕێوەچوون.

لە ٩ی کانوونی دووەم لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا-ی شاری هەولێر دووەمین دیداری لوتکەی ژنانی سەرکردەی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ژنانی بەرپرس لەناو بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی باشوری کوردستان ئەندامن تیایدا.

٢٠ی کانوونی دووەم هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر عەفرین-ی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و دوای ٥٨ ڕۆژ لە هێرشی بەردەوامی سەربازانی تورک و چەتەکانی، عەفرین داگیرکرا، لەو ماوەیەدا ژنانی باشوری کوردستان-یش بۆ پشتگیریی عەفرین بە دەیان خۆپیشاندان، گردبوونەوە و کۆڕ و سمیناریان بەڕێوەبرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرخۆدانی عەفرین نیشاندا، هەروەها بە دەستپێشخەریی ڕژاک و ژنانی گەنجی تێکۆشەر کەمپەینیی هاوکاریی بۆ هاوڵاتیانی عەفرین بەڕێوەبرا.

هەر بە مەبەستیی نیشاندانی پشتیوانیی بۆ بەرخۆدانی عەفرین، ڕۆژی ٢٤ی شوبات شاندێکی ژنانی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە ژنانی باشور، باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری سلێمانییەوە بەڕێکەوتن بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان و ١/ئازار گەیشتنە عەفرین، لەوێش بە چالاکیی جۆرا و جۆر پشتیوانیی خۆیان نیشاندا.

دوای گەڕانەوەی شاندی یەکەم، ٤ی ئازار شاندێکی دیکە گەیشتنە ڕۆژئاوای کوردستان و ٦ی ئازار گەیشتە عەفرین و لەگەڵ ژنانی عەفرین و ٨ی ئازاریان پیرۆزکرد.

لە مانگی شوبات، خولی چوارەمی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە، بەپێی هەموارەكەش بە بیانووی ڕێكخستنەوەی لیژنە ھەمیشەییەکان، لیژنەکانی (داکۆکیکردن لەمافی ژنان، کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان، مافی مرۆڤ) لە یەك لیژنەدا كۆكرانەوە، ئەگەرچی چاوەڕوان دەکرا ئەم بڕیارە زۆرترین ناڕەزایی ژنان بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام جگە لە گروپێک چالاکونا و ڕۆژنامەنووس، کە چوونە پەرلەمان ناڕەزاییان نیشاند، هیچ چالاکییەکی ناڕەزایی دیکە ئەنجام نەدرا.

٨ی ئازار لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان پیرۆزکرا و بە دەیان چالاکیی بەڕێوەچوون، لەو چالاکییانەشدا پشتیوانیی لە بەرخۆدانی عەفرین دەکرا و ئەو ڕۆژە لە ژنانی عەفرین پیرۆز دەکرا.

١٧ی ئازار ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک)، لە هۆڵی بتوێن-ی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین کۆنفرانسێکی بە دروشمی ´نا بۆ کۆمەڵکوژیی ژنان، بەڵێ بۆ چارەسەری ڕیشەیی` بەڕێوەبرد و لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجەلان و چارەسەریی فکرییدا، چارەسەرییەکانیان دەستنیشان کرد.

لە سەرەتای مانگی نیساندا، سەندیکای کرێکارانی ژنان بە مەبەستیی داکۆکییکردن لە ژنانی کرێکار لە شاری هەولێر دامەزرا.

٣٠ی ئایار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو لەکۆی  ٣٢٩ پەرلەمانتار ٨٣ نوێنەری ژن هەڵبژێردران، لەناو ئەوانیشدا لە کۆی ٥٨ پەرلەمانتاری نوێنەری لایەنە کوردییەکان باشوری کوردستان ١٥-یان ژنن، ئاڵاتاڵەبانی-ش، کە ژنێکی کوردە لەسەر لیستی عەرەبیی پەرلەمانتارە.

لە مانگی حوزەیران دەوڵەتی تورک هەڕەشەی داگیرکردنی قەندیلی کرد، لە بەرامبەریشدا ژنان بە سمینار، گردبوونەوە، خۆپیشاندان و بە هەڵدانی چادر لە قەندیل و چالاکیی قەڵغانی زیندوو، وەڵامی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان دایەوە.

هەر لە مانگی حوزەیراندا، دوو ڕووداوی تاڕادەیەک نامۆ لە هەرێمی کوردستان ڕوویاندا، ئەویش خۆکوشتنی ژنان بوو لەناو چاکسازیی و شێڵتەرەکاندا، لەکاتێکدا شێڵتەر شوێنێکە بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژیی، هەردوو ڕووداوەکەش تەنیا دوو ڕۆژیان لەبەیندا بوو.

٢٤ی حوزەیران، ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵ لە شێڵتەری ژنان لە گەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانی كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا و لە ٢٦ی حوزەیرانیش لە چاکسازیی ژنانی هەولێر ژنێک خۆی خنکاند.

ژن تیڤی، کە تەلەفزیۆنێکی تایبەت بە ژنانە و کە لە ٨ی ئازارەوە پەخشی ئەزموونیی دەستپێکردبوو، لە ٣٠ی حوزەیران پەخشی ئاسایی دەستپێکرد.

بەپێی ڕاپرسیی و بەدواداچوونێکی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە لەگەڵ سێ هەزار کەس لە ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و پارێزگای هەولێر ئەنجامیدابوو، لە حەوت مانگی یەکەمی ٢٠١٨-دا ١٤٤ کچ خەتەنەکراون، کە تەمەنیان لەنێوان ٠ - ١٨ ساڵبووە و زۆرترینیشیان تەمەنیان لەنێوان ٤ - ١٤ ساڵییدا بووە.

بەپێی بەدواداچوونەکە، لەو ژمارەیە ٢٩ حاڵەتیان لە گەرمیان، ٤٨ لە هەولێر و ٦٧ حاڵەتیان لە ئیدارەی ڕاپەڕین بووە.

لە مانگی ئەیلول کۆمیتەی ژنۆلۆژی کار و چالاکییەکانی لە باشوری کوردستان دەستپێکرد و نامیلکەی ژنۆلۆژی بە زمانی کوردیی-کرمانجی ناوین-سۆرانی لە باشوری کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە، هەروەها لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان لەلایەن نەجیبە عومەر، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی، زانستەکە بۆ ژنان شیکرایەوە.

هەر لەو ساڵەدا کاری هەرەوەزیی بە پێشەنگایەتیی ژنان پێشکەوتنی بەخۆوە بینی، کە بەرچاوترینیان ڕاگەیاندنی کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵ بوو لە گوندی مێخاس-ی خانەقین لە لەلایەن سێ ژنی دەرچووی بەشی ڤێتێرنەری بە ناوەکانی (نورە سەباح، مەروە سەباح، نور ساڵح) ڕۆژی ١٨ی ئەیلول، ئەوەش دوای ئەوە هات، کە لە شارەزووریش ١٢ گەنج، کە پێکهاتوون لە ١٠ ژن و دوو پیاو، لەژێر ناوی گروپی (گەشەپێدانیی کشتوکاڵیی) و لەسەر ڕووبەری ١٠ دۆنم زەوی پرۆژەیەکی کشتوکاڵییان دەستپێکردبوو.

لە ٣ی تشرینی یەکەم لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەلایەن چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە هەڵمەتێک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خته‌ له‌ ناوچەکە ڕاگەیاندرا.

لە ٣٠ ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و شەوی ٢٠ی تشرینی یەکەم ئەنجامەکان ڕاگەیەندران، کە لە کۆی ١١١ کاندیدی سەرکەوتوو، ٣٦ یان ژن بوون.

٢٧ی تشرینی یەکەم لە شاری سلێمانی لەلایەن گروپێکی سەربەخۆوە پرۆژەی 'ژن ژیانە مەیکوژە' ڕاگەیەندرا، کە له‌ باشوری کوردستان و ئه‌وروپا کارده‌که‌ن.

لە ٩ی تشرینی دووەم بە دروشمی 'بە تێکۆشانی ژنانی گەنج داگیرکەریی لە ناو دەبین'، دووەمین کۆنفرانسى ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

١١ی تشرینی دووەم ئەنجومەنی دادوەریی عێراق، سەرجەم دادگای سەرەكیی شارەكانی ئاگادار كردەوە، كە هەر كەسێك بیەوێت ژنی دووەم مارەكە بكات، پێویست بە ڕەزامەندیی ژنی یەكەم ناكات، ئەو بڕیارەش بەسەرجەم دادوەرانی دادگای كەركوك بەشێوەیەكی زارەكیی وتراوە و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لە بەرامبەر ئەو بڕیارەشدا ژنان بێدەنگییان هەڵبژارد.

لە ١٧ی تشرینی دووەمەوە چالاکییەکانی ڕۆژی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە دەستیپێکرد و نزیکەی ٢٠ ڕۆژ بەردەوام بوو، داواکاریی سەرەکیی ژنان بریتیبوو لە: با بکوژانی ژن لێبوردن نەیانگرێتەوە، بەڕێکخستن بوونی ژنان، هاوسەنگیی رەگەزیی، جێبەجێکردنی یاسا، قورسکردنی سزاکانی سەر بکوژانی ژن.

لە ٢٥ی تشرینی دووەم  ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە میانی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەژێر دروشمی (دەنگم ببیستە)، ئامارێکی خستەڕوو، کە بەپێی ئامارەکە لە ماوەی ساڵەكانی 2010 تا 2018 لە هەرێمی كوردستان 912 ژن كوژراون و خۆیان كوشتووە.

هەروەها، بەپێى ئامارى بەڕێوبەرایەتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ژنان، لەماوەى ١٠ مانگدا، لە هەرێمى کوردستان ١٠٤ ژن کوژراون خۆیان کوشتووە، هەروەها ٢٢٤ حاڵەتى سوتان وخۆسوتاندنى ژنان هەبووە و ٩٢ حاڵەتى دەستدرێژیى جنسیى هەبووە، هەروەها ٨ هەزار و ١٤١ سکاڵا تۆمارکراوە.

هەر لە ٢٥ی تشرینبی دووەمدا نووسینگەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەرین کرایەوە.

لە ١١ی کانوونی یەکەم چالاکیی مانگرتن لە خورادنی ڕژاک دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە سلێمانی دەستیپێکرد و لە ڕانیە، پێنجوێن، کەلار، بە گردبوونەوە و مانگرتنی خولیی بەردەوامیی بە چالاکییەکە درا.

١٢-ی کانوونی یەکەم لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر، ژنانی ناو سەرکردایەتیی حزبە سیاسیەكانی باشووری کوردستان، کە لەناو گروپی ئاشتی ژنان-دا جێگایان گرتووە، سێیەمین دیداری لوتکەیان ئەنجامدا.

هەر لە ٢٠١٨ دا ژنان بە دەیان پانێڵ و سمینار-یان بەڕێوەبردووە و دەیان پێشانگای کار دەستییان کردووەتەوە، هەروەها چەندین چالاکیی هونەریی و ورزشییان ئەنجامداوە.

ڕۆژانی کۆتایی ٢٠١٨ پڕ ئازاربوون، بە جۆرێک نەک تەنیا ژنان، ناخی هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدانی هەژاند، شەوی ١٦ی کۆتا مانگی ساڵ بوو، دیار مەجید، پیاوێکی دانیشتووی شارۆچکەی چەمچەماڵ ئاگری لە هاوسەر و سێ منداڵەکەی بەردا و سوتاندنی، هەر سێ منداڵەکەی ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستدا و هاوسەرەکەشی دوای هەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، ٢٤/کانوونی یەکەم گیانی لەدەستدا.

 

ش.ف