پانۆرامای ڕووداوە سیاسییەکانی ساڵی ٢٠١٨ی باشوری کوردستان

ساڵی ٢٠١٨ ساڵێکی پڕ لە ڕووداوی سیاسی بوو بۆ باشوری کوردستان، تیایدا هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، کە لە هەردووکیاندا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پاشەکشەی گەورەیان کرد و هەندێک هێزی نوێش دەرکەوتن.


هەر لەو ساڵەدا پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا بەرەو پێشچوونی زیاتری بەخۆیەوە بینی و کاریگەرییەکانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کەمتر بوونەوە و بەغدا فڕۆکەخانەکانی کردەوە و بەشە بودجەی هەرێمی ڕەوانەی هەولێر کرد.

دوای ئەوەی تیمی وزاریی هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کشانەوە، ڕۆژی ١٧ی کانووی دووەمی ٢٠١٨، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە حکومەت کشایەوە، ئەوەش بەکۆی دەنگی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە بڕیاری لەسەردرا، سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەکگرتووش ڕایگەیاند: "کشانەوەمان لە حکومەت بۆ دژایەتی و پشتوانیی لە کەس نییە"، بەڵام سەرەڕای کشانەوەی هەموو ئەو وەزیرانە، کابینەی حکومەت هەڵنەوەشایەوە و لەکارەکانی بەردەوام بوو.

ڕۆژی ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، لەدوای تەواوکردنی مامەڵەکان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمیی لە عێراق، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بە بەشداریی ٧٠٠ ئەندام و ٣٠٠ میوان، کۆنگره‌ى دامه‌زراندنى لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، زنجیرەیەکی بەرفراوان چالاکیی جۆراوجۆر سەرانسەری باشوری کوردستانی گرتەوە، ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمیش گەنجانی وڵاتپارێز بڕیاریاندا بە ڕێپێوانێکی درێژمەودا لە باشوری کوردستانەوە بڕۆنە عەفرین، بەڵام ڕۆژی ٢ی ٢ لە بازگەی دێگەڵە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق-ەوە ڕێگریی لە گەنجان کرا، دواتریش دەستڕێژی گوللـەیان لە گەنجان کرد و بەهۆیەوە دوو گەنج بە فیشەک برینداربوون و ١٥ گەنجی دیکەش بە بەرد برینداربوون.

لە ١٩یەمین ساڵیادی ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکەدا، لە ١٥ی شوباتی ٢٠١٨، زنجیرەیەکی دیکە چالاکیی لە باشوری کوردستان بۆ شەرمەزارکردنی ئەو پیلانگێڕییە بەڕێوەچوو، لەو چوارچێوەیەشدا سەدان هاوڵاتی شاری هەولێر و پارچەکانی دیکەی کوردستان بەخۆپیشاندان و وتنەوەی دورشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" چوونە بەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر.

ڕۆژی ٦ی ئاداری ٢٠١٨، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، لەمیانی وتاری هەفتانەیدا ڕایگەیاند، کە پێش نەورۆز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرن و گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمیش دەستپێدەکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە لە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٧ و لەدوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستانەوە، عێراق بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی دەرکرد، ڕۆژی ٢٠ی ئاداریش گەشتەکانی فڕۆکەخانەکان دەستیپێکردەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا داخست، تاوەکو ئێستاش لەو بڕیارە بەردەوامە.

ڕۆژی ٢١ی ئاداری ٢٠١٨ش، جەژنی نەورۆز لە هەرچوار پارچەی کوردستان پیرۆزکرا، لە بناری قەندیلیش بە بەشداریی دەیان هەزار هاوڵاتی هەرچوار پارچە، ئاهەنگی پیرۆزکردنی نەورۆز بەڕێوەچوو، تیایدا پەیامی یەکگرتنی گەلی کورد درا.

ڕۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠١٨-یش خۆپیشاندانی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەران و تەندروستاکاران لە هەرێمی کوردستان دژی سیستمی پاشەکەوتی مووچە دەستیان بە خۆپیشاندان و مانگرتن کرد، لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژ، گولـلەی پلاستیکیی و بۆمی دەنگییان بەکاردەهێنا، بەهۆشییەوە چەندین خۆپیشاندەر برینداربوون.

ڕۆژی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨، هەڵبژاردنى ئەجومەنى نوێنەرانى عێراق لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامەکانی کۆمسیۆن، پارتی دیموکراتی کوردسان لەسەر ئاستی عیراق ٢٥ کورسی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان ١٨ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان پێنج کورسی، نەوەی نوێ چوار کورسی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری  دوو کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی دوو کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی دوو کورسی-یان بەدەستهێنا.

ڕۆژی ١ی تەموز، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی یاسای بەرنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ دووساڵی دیکە، کە ساڵی ٢٠٠٦ پەسندکرا و لە ١٨ ماددە پێکهاتووە.

یەکێک لە باسە پڕ مشتومڕەکانی ساڵی ٢٠١٨ی هەرێمی کوردستان، تەقینەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی بوو، بەشێوەیەک لە ماوەیەکی کەمدا چەند کۆگایەک لە ناوچە جیاوازەکانی باشوری کورستان تەقینەوە، ڕۆژی ٢ی تەموز، دوو کۆگای چەک و تەقەمەنی لەسەر ڕێگای پیرمام-هەولێر و لە شاری سلێمانی تەقینەوە، هەروەها لە ڕۆژی ٣ی تەموزیش کۆگایەکی دیکەی چەک و تەقەمەنی لە دهۆک تەقییەوە، ڕۆژی ٦ی ئابیش کۆگایەکی دیکەی چەک و تەقەمەنیی لە هەولێر تەقییەوە، تەقینەوەی کۆگاکان گومانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و تا ئێستاش هۆکاریی سەرەکیی ئەو ڕووداوانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکرا.

ڕۆژی ٣ی تەمموز، بە بڕیاری دادگای هەرێمی کوردستان، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوورخرایەوە، هەرچەندە تەڤگەر ڕێکارە یاساییەکانیشی دژی ئەو بڕیارە گرتەبەر، بەڵام بێبەشکرا لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن.

ڕۆژی ١١ی تەمموز پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد، بەپێی ئەو یاسایە کە فراکسیۆنەکانی پارتی و گۆڕان پشتگیرییان کرد، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم دابەشکران بەسەر سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەماندا.

ڕۆژی ١٨ی تەمموز، لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ئیقبال مورادی، چالاکوانی سیاسیی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆرکرا، لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی ئەو چالاکوانەش، چەند کەسێک لێکۆڵینەوەی سەرەتاییان لەگەڵدا کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا بکەرانی ئەو کارە دەستگیرنەکراون.

لە ڕووداوێکی ئەمنیشدا، ڕۆژی ٢٣ی تەمموز، سێ چەکدار هێرشیانکردە سەر بینای پارێزگای هەولێر و چوونە ناو بیناکەوە بۆ چەند کاتژمێرێک لە ناو بیناکەدا مانەوە، دوای شەڕێکی چەند کاتژمێری چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکاندا، سەرجەم چەکدارەکان کوژران و بیناکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنتڕۆڵکرایەوە.

هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مشتومڕ و لێکەوتەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەویش بەهۆی گومانی ئەنجامدانی ساختەکاریی لە سیستمی ئەلکترۆنی بژاردنی دەنگەکان، دواجار بڕیار درا بەشێک لە دەنگەکان دووبارە بەدەست هەژمار بکرێنەوە، ڕۆژی ٦ی ئاب، ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتاییهات، دواتریش لە ڕۆژی ١١ی ئاب هەریەکە لە گۆڕان، هاوپەیمانی، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامیی، ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند: هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکان بۆ پەردەپۆشکردن و تێپەڕاندنی ئەو ساختەکارییە گەورەیە بوو کە ئەنجامدرا.

ڕۆژی ٨ی ئەیلول، سوپای پاسدارانی ئێران لە خاکی ئێرانەوە بە مووشەکی دوورمەودا، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستان 'حدک' و حزبی دیموکراتی کوردستانی عێران 'حدکا'ی لە شارۆچکەی کۆیە مووشکباران کرد، بەهۆشییەوە ١٥ ئەندامیان شەهید بوون و نزیکەی ٤٠ کەسیش برینداربوون.

هەمان ڕۆژیش حکومەتی ئێران هەرسێ زیندانی سیاسیی کورد 'زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حسێن پەناهی'ی لە زیندانی رەجائی شەهری کەرەج لە سێدارەدا، سەرەڕای هەوڵی زۆری خانەوادەکانیشان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان، حکومەتی ئێران ڕەتیکردەوە تەرمەکانیان بداتەوە بە خانەوادەکانیان و لە تاران بەخاکیسپاردن.

ڕۆژی ١٩ی ئەیلول، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی سەرکردایەتیی، بەرهەم ساڵح-ی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندیدکرد، لەبەرامبەردا ڕۆژی ٢٣ی ئەیلولیش، پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، فوئاد حسێنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندیدکرد.

ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا ٣ ملیۆن و ٨٥ هەزار و ٤٦١ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، ڕێژەی بەشداریی هاوڵاتیانیش لە هەڵبژاردنەکەدا بە وتەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ٥٧% بوو.

درەنگانی شەوی ٢٠ی تشرینی، کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، کە پ-د-ک ٤٥ کورسی، ی-ن-ک، ٢١ کورسی و بزوتنەوەی گۆڕان ١٢ کورسی و لیستی ئیسڵاح پێنج کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی حەوت کورسی و نەوەی نوێ ھەشت کورسییان بەدەستهێنا، دواتریش چوار ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێم، کە لە پشکی گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامیی بوون، ئەنجامەکەیان ڕەتکردەوە.

سەرەڕای ناڕەزاییەکانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکان، دواجار لە ڕۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەم، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی پەسەندکرد و ڕەوانەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستانی کردەوە.

ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەم، یەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، تێیدا جگە لە قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی لیستی ی.ن.ک و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ، سەرجەم پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، دواتر بەبێ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان دانیشتنەکەی بە کراوەیی هێشتەوە.

ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەم، ئەندامانی نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە باشوری کوردستان، کە ناوەندی سەرەکییان لە شاری هەولێرە، دژی بەردەوامیی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان و بۆ پشتگیریی لە مانگرتنی لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە لە زیندانیی ئامەد، دەستیان بە مانگرتنی خولیی کرد.

ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە داخستنی بارەگای ئەو حزب و ڕێکخراوانەی، کە مۆڵەتی حکومەتی هەرێمیان نییە، ڕۆژی ٢٧ی مانگیش بڕیارەکە بەسەر بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستاندا چووە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم بارەگاکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی داخران.

ڕۆژی ٣ی کانونی یەکەم، پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق مەسرور بارزانی کوڕی مەسعود بارزانیی بۆ سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانیی برازای مەسعود بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرد. 

بە درێژایی کۆتا مانگی ٢٠١٨، گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەر سێ لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوون، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ئەوەش پێکهێنانی کابینەکە دەخاتە ساڵی ٢٠١٩ەوە.
ک.ک