٢٠٢٠ ساڵێکی قەیراناویی بوو بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، دواکەوتن و لێبڕینی مووچە و قەدەغەی هاتووچۆ دۆخێکی سەختی دارایی بۆ هاوڵاتیان بەدوای خۆیدا هێنا، کە هیچی کەمترنەبوو لەو دۆخە سەختەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەسەردەمی چارەکە مووچەدا گوزەراندیان.
سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سێ ڕەهەندی سەرەکیی شکستی ئابووریی هەرێمی کوردستان بوون لە ساڵی ٢٠٢٠، سەرەنجامەکەشی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵک و گیانبەختکردنی ١٠ خۆپیشاندەر کۆتاییهات.
دۆخەکە بەشێوەیەک قوڵبووەوە، بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٠ حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها پێنج مووچەی بە لێبڕینی ٢١٪ دابەشکرد، بیانووە سەرەکییەکەشی بریتیبوو لە دابەزینی نرخی نەوت لە باڕازەکانی جیهاندا.
سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتاکانی ٢٠٢٠ جوڵەی ئابووریی لە جیهاندا سست کرد، هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبوو لە لێکەوتەکانی، بەتایبەت دابەزینی نرخی نەوتی خاو بۆ ژێر ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمە داهاتی هەرێمی کوردستانی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.
مانگی ئازاری ٢٠٢٠ داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان ٢٦٠ ملیۆن دۆلار بووە، لەو بڕەش تەنها ٦٠ ملیۆن دۆلاری بۆخۆی مایەوە و باقییەکەی ڕۆشت بۆ کرێی کۆمپانیاکانی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە، هاوکات سستبوونی جوڵەی بازرگانییش لە دەروازە سنوورییەکان داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابەزاندا، بەشێوەیەک داهاتی ناوخۆ لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری مانگەوە دابەزی بۆ ٦٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە.
دابەزینی بەهای نەوت کاریگەریی زیاتری لەسەر عێراق کرد، بەشێوەیەک مانگانە نزیکەی ٣ ملیار دۆلار کورتهێنانی هەبوو لە داهاتدا، بەهۆی ڕێککەنەکەوتی هەولێر و بەغدایش لەسەر نەوت و بودجە، عێراق بڕیاریدا پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ٤٠٠ ملیار دینارەوە کەمبکاتەوە بۆ ٣٢٠ ملیار دینار.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە جارێکی دیکە دەستی بۆ کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران برد، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی شوبات، ئازار، ئەیلول و تشرینی یەکەم بە لێبڕینی ٢١٪ دابەشکرا، بەوتەی سەرۆکی حکومەت ئەو لێبڕینە وەک سیستمی پاشەکەوت نییە و دواتر ناگەڕێندرێتەوە بۆ مووچەخۆران.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەرییە ئابوورییەکانی
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتنەبەری ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە بەتایبەت ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، زیانی ئابووریی گەورەی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەرچاوە داهاتییەکان گەیاند، بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆوە ٤١.٨٪ی هاوڵاتیان ڕووبەڕووی بێکاریی بوونەتەوە و ٧٣.٤٪ ی هاوڵاتیان کێشەی ئابوورییان بۆ دروست بووە.
لەپاڵ ئەوەشدا بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان، ٢٥ هەزار کارگەی گەورە و بچووک داخران و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کرێکار و کارمەندیش لە کەرتی تایبەت بێکاربوون، زیاتر لە ٣٠ هەزار کرێکاری دیکەش کە ڕاستەوخۆ لە بازاڕدا کاردەکەن وەک دەستگێڕ، شاگرد، گارسۆنەکان، کرێکارانی بیناسازی کاریان لەدەستداوە و نێردراونەتە ماڵەوە.
هەروەها، ڕێژەی هەڵساوسان لە بازاڕدا بەڕێژەی ٣.٥ زیادیکرد و جموجوڵی بازاڕیش بەتەواویی ئیفلیج بوو. گەشتە ئاسمانییەکان بەتەواویی ڕاگیران و جموجوڵی گەشیارییش تا مانگی ئاب ڕێگەپێدراو نەبوو، ئەوەش بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی داهاتی ناوخۆ و ئیفلیجبوونی سەرچاوە داهاتییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەوەش ناڕەزایەتیی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا و ڕۆژی ٢ی ٦ی ٢٠٢٠ لە سلێمانی و کەلار و زۆرێک لە ناوچەکانی دیکە هاوڵاتیان بۆ کردنەوەی بازاڕەکان و دژی دووبارە ڕاگەیاندنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ خۆپیشاندان ئەنجامدا و تووندوتیژیی لێکەوتەوە.
سەرباری کردنەوەی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و ئاساییکردنەوەی سنوورداری بازاڕ، بەڵام دواکەوتن و لێبڕینی مووچە کاریگەریی زیاتری لەسەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستکرد، سەرباری چوونی چەندین شاندیش لە هەرێمەوە بۆ بەغدا، بەڵام نەتواندرا ڕێککەوتن بکرێت و ئەوەش بووە هۆی دواکەوتنی ناردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی حوکمڕانیی خۆیدا، حکومەتی هەرێم لەم کابینەیەدا و لە ساڵی ٢٠٢٠دا زۆرترین مووچەی دواخستووە و ژمارەی پێوانەیی لەو ڕووەوە شکاندووە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕەبەق تەنها پێنج مووجەی دابەشکردووە ئەوانیش بە لێبڕینی ٢١٪ و ١٨٪، ئەوە جگە لە ساڵانی ٢٠١٥وە تا ئێستا لەژێر ناوی پاشەکەوتدا، مووچەی چەندین مانگ نەدراوە و بەناوی جۆراو جۆرەوە لێی بڕاوە، واتە بە هەموویەوە مووچەی ١١ مانگی فەرمانبەران دابەش نەکراوە و ٢٣ مووچەی ساڵەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ش بە شێوەی چارەکە مووچەو ١١ مووچەی ساڵی ٢٠١٨ش بە شێوەی پاشەکەوت دابەشکراوە، لەکاتێکدا هیچ دڵنیاییەک نییە بۆ دابەشکردنی مووچەی ٢٠٢١ نییە لە وادەی خۆیدا.
ئەو دۆخەش تووڕەی کەڵەکەبووی خەڵکی تەقاندەوە، ڕۆژی ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ یەکەم چەماخەی خۆپیشاندان لە بەردەرکی سەرای سلێمانی لێدرا و پاشتر زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستانی گرتەوە، بەهۆیەوە ١٠ خۆپیشاندەر لە شارۆچکەکانی سەیدسادق، کفری، چەمچەماڵ، دوکان و دەربەندیخان و شارەدێی تەکیە گیانیان بەختکرد و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوە جگە لە دەستگیرکردنی سەدان خۆپیشاندەر و چالاکوان کە تا ئێستاش چارەنووسی بەشێکیان بە نادیاریی ماوەتەوە.
ش.ف