دژوار کرماشان
ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک چەند ساڵی ڕابردوو پڕ لە قەیران بوو، سیاسەتەکانی سەرکوت و تۆقاندن، کوژرانی کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لێشاوی دەستگیرکردنی چالاکوانانی مەدەنی لەلایەن دەسەڵاتەوە بەردەوام بوو، قەیرانی ئابووریی و دابەزینی بەهای ڕیاڵ، ئێرانی بەرەوە داڕوخانی ئابووریی برد، کوژرانی قاسم سولەیمانی، خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە و کوژرانی محسێن فەخری زاده، لە گرنگترین ڕووداوەکانی ئەمساڵی ناو ئێران بوون.
ئێران
لە بەرەبەیانی ٣-١- ٢٠٢٠، ئەمریکا هێرشێکی لە بەغدا ئەنجامدا، کە لەوانەیە لە گرنگترین ڕووداوەکانی ساڵی بێت٢٠٢٠ لە هەموو جیهان، لەو هێرشەدا، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا، کە بە دووەم گرنگترین کەسایەتی دەسەڵاتی ئێران دوای خامنەیی دادەنرا، هەر لەو هێرشەدا، ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و هەشت كەسی دیكە كوژران، کە چواریان پلەداری سوپای پاسدارانی ئێران و چواری دیکەشیان عێراقیی و ئەندامی حەشدی شەعبی بوون.

شەوی ٧ی مانگی ١ی ٢٠٢٠، سوپای پاسدرانی ئێران لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، ٢٢ موشەکی ناوەند مەودای بە هێزەکانی سوپای ئەمریکاوە نا لە عێراق و ١٥ مووشەکیان بەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد کەوتن لە پارێزگای ئەنبار، ئەو هێرشە زیانی گیانی نەبوو و دەوترێت پێش هێرشەکە ئەمریکا لە ڕێگەی کاربەدەستانی عێراقەوە ئاگادار کراوەتەوە.

ڕۆژی دواتر، لە ناوچەی پەرەند لە باشوری ڕۆژئاوای تاران، فڕۆکەیەکی گەشتیاریی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیا لە جۆری بۆینگ ٧٣٧، دوای چەند خولەکێک لە فڕینی لە فڕۆکەخانەی خومەینیەوە بەرەو کێیفی پایتەختی ئۆکرانیا، بە دوو مووشەکی سوپای پاسداران کرایە ئامانج و بە ١٧٦ سەرنشینەوە، خرایە خوارەوە، کە زۆربەی سەرنشینەکانی هەڵگری ناسنامەی ئێرانی و ئەوانی دیکەش هاوڵاتی، بەریتانیا، کەنەدا، فەرنسا و ئۆکرانیا بوون.

لە دەستپێکی زستانی ساڵی ٢٠٢٠ـدا و بە بارینی بارانی بە لێزمە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لافاو دورستبوو، لە ئەنجامیدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و زیان بە ماڵ و حاڵیان گەیشت.

ڕۆژی ٢١ی شوبات، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی ١١ـەمی پەرلەمانی ئێران ئەنجامدرا، بەڵام کەمترین ڕێژەی بەشداریی لە مێژووی کۆماری ئیسلامی تۆمارکرد، وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕێژەی بەشداریی ٤٢.٥٧٪ ڕاگەیاند، هەرچەند ڕاگەیاندنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و ئامارە نافەرمییەکان باسی بەشداریی کەمتر لە ٢٠٪ ی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەکەن.

لە ئەنجامی سەرکوتی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩، چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لەوانە ئەمنستی ئینترناشناڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا و چەندین ڕێکخراوی دیکە، دەسەڵاتی ئێرانیان شەرمەزارکرد و داوایانکرد کە بکەرانی ئەو تاوانانە ڕووبەڕووی داداگا و سزا بکرێنەوە.
هەر لە ئەمساڵدا، هەنگاوەکانی ئێران بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بەردەوام بوو و کۆتا هەنگاوەکانیشی نا و ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیوم و عەمبارکردنی لەو سنوورەی، کە لە ڕێککەوتنەکە بۆی دانرا بوو، تێیپەڕاند، ئەمەش کاردانەوەی بەدوادا هات و ئەمریکا سزایەکی زیاتری بەسەر دەسەڵاتی ئێران-دا سەپاند.

لە بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، جموجوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو زیادی کرد، کە تا ئێستاش بەردەوامە، لەم ماوەیەی دواییدا ئەمریکا چەند بۆمبهاوێژێکی جۆری B-52ی هێنایە ناوچەکە و لە چەند نمایشکدا لەنزیک سنوورەکانی ئێران سووڕانەوە، هەروەها کەشتییە فڕۆکە هەڵگر و جەنگییەکانیش لە ئاوەکانی ئێران لە کەنداو نزیک کردەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانە بوو، کە بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئابووریی نەیتوانی بەپێی پێویست پێش لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بگرێت و تا ئێستاش زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە لە دۆخی “سوور” (هۆشدار)ـدان، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، تا ئێستا زیاتر ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار کەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون و نزیکەی ٥٤ هەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا، ئێران لە مانگی پێنجی ئەمساڵ یەکەم کەشتیی نەوتبەری بەروە ڤەنزوێلا بەڕێکرد و دوابەدوای ئەوەش سێ کەشتی دیکە کە دەوترێت بەنزینیان بردووە بۆ ئەو وڵاتە، بەگوێرەی ئاژانسی ڕویتەرز، هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی نیسان، لە ڕۆژێکدا ٧٠ هەزار بەرمیل بووە، لە کاتێکدا لە مانگی ئازار، لە ڕۆژێکدا ٢٨٧ هەزار بەرمیل بووە.

ڕۆژی ١٠ی ئایار، کەشتییەکی جەنگیی ئێران کەشتییەکی دیکەی وڵاتەکەی کردە ئامانج، کە بەو هۆیەوە ١٩ سەربازی هێزی دەریایی تێیدا گیانیان لەدەستدا و ١٥ کەسیش بریندار بوون.

ڕۆژی ٣١ی ئایار، عەبدوڕەزا ڕەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران، بۆ یەکەمجار دانی بەوەدانا، کە لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩ـدا، ٢٠٠ بۆ ٢٢٥ کەس لە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کوژراون.

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر پێگە و هێزەکانی ئێران لە سوریا بەردەوام بوو، کە هێشتاش درێژەی هەیە و چەند ڕۆژ جارێک ڕوودەدەن، سوپای ئیسرائیل لەو بارەوە ڕایگەیاند: لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا نزیکەی ٥٠٠ جار بنکە و پێگەکانی ئێرانیان لە سوریا کردووەتە ئامانج، ڕۆژی ١٩ی مانگی ١٢ـەش، لەژیڕ فشاری ئەمریکا و ئیسرائیل، هێزێکی چەکدار بەناوی “سوپای پێنجەم” سەربە سوپای ڕوسیا، لە ناوچەی ستراتیژی بوکەمال لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، جێگەی هێزەکانی سەربە ئێرانیان لەو ناوچەیە گرتەوە.

ڕۆژی ٢ی تەمموز، تەقینەوەیەک لە ناوەندی ئەتۆمیی نەتەنز لەنزیک پارێزگای ئیسفەهان لە ئێران ڕوویدا، کە تایبەتە بە پیتاندنی یۆرانیۆم و لەژێر زەوی دایە، بانگەشەی ئەوەش کرا، کە تەقینەوەکە لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل ڕوویداوە.

ڕۆژی ٩ی تەمموز، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەگەڵ وەزیری بەرگریی سوریا، ڕێککەوتنی گشتگیری هاوکاریی سەربازییان واژۆکرد، کە بەرفراوانکردنی هاوکارییە سەربازیی و ئەمنییەکان، وەک ئامانجی گشتی ڕێککەوتنەکە ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی ٨ی ئاب، ‘ئەبو محەمەد میسری’ لە ڕێبەران و دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی قاعیدە لەگەڵ کچەکەیدا لە تارانی پایتەختی ئێران کوژران.
سەرەتای مانگی تشرینی دووەم، ماڵپەڕی ‘بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەحواز’ (حرکه النضال العربی لتحریر الاحواز) ڕایگەیاند کە “حەبیب ئەسیوەد” (حەبیب فەرەجوڵا کەعبی) یەکێک لە سەرکردەکانی، بە دەستی وڵاتی سێیەم (قەتەر) بە فێڵ براوەتە تورکیا و لەوێ ڕفێندراوە.

دوانیوەڕۆی ٢٧ی تشرینی دووەم، لە ئابسەردی سەربە شاری دەماوەند لە تارانی پایتەخت، محسێن فەخری زادە، جێگری وەزیری بەرگریی، ‘سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە نوێیە بەرگریکارانەکان’ (SPND)ی وەزارەتی بەرگریی ئێران و بەرپرسی “پرۆژەی ئەتۆمی”ی ئێران، لە هێرشێکدا کوژرا، کە هێشتا چونیەتی ئەو هێرشە لەلایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە ڕوون نەکراوەتەوە، بەڵام پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئیسرائیل درێژ کردووە و ئیسرائیلیش ڕەتی ناکاتەوە.

لە هەفتەی یەکەمی کۆتا مانگ، لە پارێزگاکانی گیلان، کرمان، فارس، بوشەهر، هورموزگان و بەلوچستان، لافاو دروستبوو، لە ئەنجامی ئەو لافاوانە، نۆ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا.
سەرەڕای گەمارۆکان و سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران بە تایبەتی لە بواری پیشەسازیی نەوت و پیشەسازیی کەشتیوانیی، ڕۆژی ٦ی کانوونی یەکەم، حکومەتی ئەو وڵاتە ١٠ کەشتیی سووتەمەنیی ڕەوانەی ڤەنزویلا کرد.
ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەم، ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورک بەشداریی لە نمایشێکی سەربازیی کرد، کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچوو، بەبۆنەی ئەوەی گوایە لە ئارتساخ سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، لەو مەراسیمەدا ئەردۆغان لەپاڵ ئیلهام عەلی ئوف سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، چەند بەیتێک شیعری خوێندەوە لە چوارچێوەی جیابوونەوەی دوو بەشی ئازەربایجان بەهۆی ڕووباری “ئاراس” و گەڕانەوەی بەشی باشور بۆ باوەشی بەشی باکور، ئەم کارەی ئەردۆغان لەلایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە وەک دەستێوەردان بۆسەر سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە لە قەڵەم درا و کاردانەوەی لێکەوتەوە و باڵیۆزی تورکیا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا.

بەیانیی ڕۆژی ١٢ی کانوونی یەکەم، ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی دەسەڵاتی ئێران، ڕایانگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی “ڕوحوڵا زەم” بەڕێوبەری کەناڵی تێلگرامیی “ئامەدنیوز”، جێبەجێی کراوە، کە ساڵی ڕابردوو لە سەردانێکی بۆ شاری نەجەف لە عێراق، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ڕفێندرابوو.

شەوی ١٧ی کانوونی یەکەم. وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، چەند سزایەکی نوێی خستەسەر چوار کۆمپانیای پەیوەندیدار بە پیشەسازیی پترۆکیمیاوی ئێران، کە هی سێ وڵاتی دیکەن.
ئەمساڵ لە بەردەوامی داڕووخانی ئابووریی ئێران لەژیر فشاری گەمارۆکانی ئەمریکا و سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵات و هەروەها گۆشەگیربوونی لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، نرخی پارەی ئەو وڵاتە گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە مێژوودا و لە ڕیکۆردێکی بێوێنەدا، هەر دۆلارێکی ئەمریکا لە بازاڕەکانی ئێران، زیاتر لە ٣٠ هەزار تمەن ماڵەی پێوەکرا، واتا هەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە سێ ملیۆن تمەن کڕین و فرۆشتنی پێوەکرا.

ساڵی ٢٠٢٠ بۆ کرێکاران و توێژە ڕەنجدەر و کەمدەرامەتەکانی ئێران، بە سەختیی تێپەڕی، لەلایەک بێکاریی و هەژایری لەو وڵاتەدا تادێت پەرەدەستێنێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەڵاوسان ئاستی پێوانەیی تێپەڕاندووە و خەڵک بە زەحمەت پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین دەکەن.
بەپێی ئامارێکی ناوەندی ئاماری ئێران، لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس بێکار بوون، کە ٧٠٠ هەزار کەسیان ژن بوون، لە کاتێکدا بە گشتی بێکاری ژنان لە ئێران چەند هێندەی پیاوانە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا بە درێژایی ئەمساڵ خۆپیشاندان و مانگرتنی کرێکاران، کارمەندان، خانەنشینان، خوێندکاران و توێژەکانی کۆمەڵگا بەردەوام بوو، بەڵام نەک لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاورێک لەو ناڕەزایەتییانە نەدرایەوە، بە پێچەوانەوە بە زەبری زۆر سەرکوت کرا و ژمارەیەک لەو کەسانەی لە خۆپیشاندان و مانگرتنەکاندا بەشدارییان کرد، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران و بەشێکیان خرانە زیندانەوە.

دەسەڵاتی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ هاوشیوەی ساڵەکانی ڕابردوو، بەردەوام بوو لە سەرکوتی کۆمەڵگای مەدەنی و لەو چوارچێیوەیەدا سەدان هاوڵاتیی لە نەتەوە جیاوازەکانی ئێران، بە تاوانی داوای مافە سەرەتاییەکانیان زیندانی و ئەشکەنجە کرد و ژمارەیەکیان لەسێدارەدا.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان
فشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران، لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا لەسەر ژنە زیندانیانی سیاسی کورد زیادیکرد، بەگشتیی پێنج جار شوێنی ڕاگرتنی زەینەب جەلالیان گۆڕدرا، سەکینە پەروانە سێ جار شوێنی ڕاگرتنی گۆڕدرا و سوهەیلا حیجابیش دوو جار دوور خرایەوە، نووسەر و چالاکوانی سیاسی مۆژگان کاووسی لە زیندانی نوشەهرەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران.

لە ١٧ی ئاب، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک و کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، بە دروشمی”نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ دیموکراسیی” هەڵمەتێکیان دەستپێکرد. لەدوای ئەوەش، کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، لە ٢٥ی مانگی ٨ئابدا بە دروشمی “لەدژی سێدارە و قڕکردنی ژنان، کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە” هەڵمەتێکی ڕاگەیاند.

ئێوارەی ڕۆژی ٢٩ی ئەیلول، کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سلێمانی بۆ پشتیوانییکردن لە هەڵمەتەکەی کۆدار و پژاک لەدژی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە دروشمی “بەڵێ بۆ دیموکراسیی، نا بۆ سێدارە” ڕیپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.

شەوی ٩ی تشرینی یەکەم، فاتمە حوسەینی، کە بە دایکی ئاڵای کوردستان دەناسرێت و بە داخوازی قازی محەمەد یەکەمین ئاڵای کۆماری کوردستانی نەخشاند، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

لە پایزی ئەمساڵدا، سێەمین ساڵی هەڵمەتی “زاگرۆسانە” بە بەشداری زیاتر لە ٥٠ رێکخراوی ژینگەپارێزیی و گروپی شاخەوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردەوە، کە تێیدا بەڕوو لە شاخەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەچێندرێت.

ش.ف