پرسی سەرۆك كۆمار و دانیشتنی پەرلەمان و وانەیەك بۆ یەكێتی و پارتی

كلتوری سڕینەوەی بەرامبەر كە ساڵانێكە پارتی و یەکێتی بەرامبەر حزبەكانی تر پیادەی دەكەن، لە پرسی دیارییکردنی سەرۆك كۆماری عێراق و دانیشتنەكەی ١٨ی شوباتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا ڕووبەڕووی خۆیان بووەوە،بەڕای چاودێرانی سیاسیی، حزبەكانی هەرێم دەبێت ئێستا لەوە تێگەیشتبن كلتوری سڕینەوە  خزمەت بە بەرژەوەندی گشتیی ناكات و كاتی ئەوە هاتووە لە چوارچێوەی یەكیتی نەتەوەیی كۆببنەوە.


بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە پرسی سەرۆك كۆماری عێراق و دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەماندا شكستیان هێنا و ئەوەی دەیانویست بەدەستی بهێنن بەدەستیان نەهێنا؟ لەم شیكاری و بەدواداچووندا ئەو وەڵامە خراوەتە ڕوو.

سیاسەتی پەنجا بە پەنجا

سیاسەتی پەنجا بە پەنجای ٢٧ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتداری پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، واقعێكی نەخوازراوی وای لە هەرێمی كوردستاندا بەرجەستەكرد، ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە لەدەرەوەی خۆیان و چەند حزبێكی دڵخوازی خۆیان حسابیان بۆ هیچ حزبێكی تری هەرێم نەدەكرد، بە بێ ئەوەی ئاگاداری ئەوەبن ڕۆژێك ئەم سیاسەتی بەرامبەر سڕینەوەیە، یەخەی خۆیان دەگرێتەوە و دەبێتە مۆتەكەی دەسەڵاتی خۆیان.

لە مێژووی دەسەڵاتداریی ئەو دوو حزبەدا ئەوە بەڕوونی دیارە لەهەموو ئەو پرسە گرنگانەی كەپەیوەندییان بە دارایی و سامانی گشتیی وڵات و دەسەڵاتەوە هەبووبێت هەموو دانوستانەكانیان لە نێوان خۆیاندا كردووە و خۆیان چۆنیان ویستبێت ئاوا دابەشكاریی دەسەڵات و سامانی گشتیان لەنێوان خۆیاندا كردووە، لەكۆتاییشدا كاتێك خۆیان لەسەر هەموو شتێك ڕێككەوتوون و بڕاندویانەتەوە بۆ شەرعیەتدان بە پرسەكە چەند حزبێكی دڵخوازی خۆیان  كۆكردوەتەوە لەناو پەرلەمان یان لەدەرەوەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و بەرگێكی یاساییان بەبەردا كردووە و ڕەوایەتیان بە بابەتەكە بەخشیوە.

هەمیشە ڕێگگریان لە دەستپێشخەرییەكان كردووە

ئەگەر هەر حزبێك لەدەرەوەی ئەو دوو هێزە دەسەڵاتدارە لە ڕابردوودا، ویستبێتیان دەستپێشخەرییەك بۆ كارێك یان پرسێكی نەتەوەیی بكەن، بێ دوو دڵی و سڵەمینەوە هەوڵەكە و دەستپێشخەرییەكەیان شكست پێهێناوە و نەیان هێشتوە كەس لەدەرەوەی خۆیان پێشەنگایەتیی بكات.

(پ د ك) و (ی ن ك) لەدوای ساڵی ٢٠٠٠ و دوای كۆتایهاتنی شەڕی نێوانیان، بەڕێكەوتنێكی ستراتیجیی كەوتنە دابەشكردنی هەموو پۆست و شتێك لە نێوان خۆیان.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و بەدەستهێنانی چەند پۆستێكی تر بۆ یەكێتی، (پ.د.ک) سەرۆكایەتیی هەرێم و ئاسایش و دۆسیەی نەوتی وەرگرت، هەروەها لە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣دا كاتێك ویلایەتی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، كۆتایی هات یەكێتی بەیاسا سەرۆكایەتیی بارزانی درێژ كردەوە، بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی لەساڵی ٢٠١٥ یەكێتی لە ئەنجومەنی شورا، پشتیوانی بڕیارەكەی پارتی كرد، هەروەها لە پرسی فرۆشتنی نەوت، لە پرسی چارەكە مووچە و پاشەكەوت، لە ڕیفراندۆم، لە هەموو ئەوانەدا پارتی بە پشتیوانیی یەكێتی ئەجێنداكانی تێپەڕاندووە و لە بەرامبەریشدا یەكێتی بە پشتیوانیی و چاوپۆشیی پارتی بە ئارەزووی خۆی نەوتی كەركوكی بەتانكەر ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم كردووە و دەستی بەسەر سامانی ناوچەكەدا گرت.

كلتوری سڕینەوەی بەرامبەر و پەراوێزخستن

مێژووی ئەو دوو حزبە وابووە هەر حزبێك خاوەن كاریگەریی بووبێت، نەیانویستووە سەربەستانە كار بكات و ڕێگرییان لە پێشكەوتنەكانیان كردووە، بۆنمونە لەدوای ساڵی ٢٠٠٢ -ەوە و دوای دروستبوونی پارتی چارەسەریی و دواتر تەڤگەری ئازادیی چەندین جار، ئەم تەڤگەرە داوای كۆبوونەوەی سەرجەم حزبەكانی باشووری كوردستانی كردووە لە چوارچێوەی یەكێتی نەتەوەییدا، بەڵام نەك هەر گوێی لێنەگیراوە، بەڵكو ڕێگریی لەهەوڵەكانی كراوە و هەمیشە هەوڵیانداوە لە گۆڕەپانی سیاسی دورییبخەنەوە و بۆ ڕازییكردنی دڵی دەوڵەتانیش تەنانەت ڕێگریی كاریی سیاسیشی لێكراوە و بۆ ئەوەش هەردوو حزبی دەسەڵات چاوپۆشییان لە سەركوتكارییەكان كردووە.

لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە، هەر كاتێك گۆڕان لەناو پەرلەماندا ڕێگریی لە ئەجێنداكانی پ.د.ک كردبێت یەكێتی پشتی پارتی گرتووە و بە پێچەوانەشەوە پ.د.ک پشتی یەكێتی گرتووە، تا كار گەیشتە ئەوەی لە١٢ی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٥دا كاتێك لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی هەوڵی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدرا، پ.د.ک ڕێگریی لەگەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كرد و بەپشتیوانیی یەكێتی بۆ ماوەی دوو ساڵ پەرلەمانیان داخست.

ئەم ڕەفتارە كە بە كلتوری سڕینەوەی بەرامبەر ناودەبرێت و ی.ن.ک و پ.د.ک ڕۆڵی گەورەیان لە زەقكردنەوەیدا هەیە، بۆ بەشێك لە حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتیش لەساڵانی ڕابردوودا گواستراوەتەوە، بۆنمونە كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەزانی پێیوابوو تەنها خۆی و كۆمەڵ و یەكگرتوو ئۆپۆزسیۆنن، لەكاتێكدا ئەو حزبانە تەنها ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی بوون و لەدەرەوەی ئەوان چەندین حزبی تر هەبوون كە بەر لەوانیش ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵام ئەندامیان لەناو پەرلەماندا نەبوو، بۆیە بەلای گۆڕان و هاوەڵەكانیەوە، تەنها ئەوان ئۆپۆزسیۆن بوون و بەردەوام هەوڵی پەراوێز خستنی ئەو حزبانەیانداوە.

شكستی پارتی لە دانانی سەرۆك كۆماردا

كاتێك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا كرا، دوای ئەوە لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقدا كە پشكی كورد بوو یەكێتی و پارتی كێشە كەوتە نێوانیان و ئەوەبوو دوای ئەوەی نەگەیشتنە ڕێككەوتن، هەردوولا كاندیدی جیایان دیارییكرد بۆ سەرۆك كۆمار و سەرەنجام یەكێتی بە پشتیوانی پەرلەمانتارە عێراقییەكان توانی كاندیدەكەی كە بەرهەم ساڵح بوو سەربخات و ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق.

لەمەوە یەكەم گورز و ئێشی سڕینەوەی بەرامبەر، بەر پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق كەوت، هەر بۆیە ئەمە بووە سەرەتایەك بۆ ئەوەی پارتی لەهەلێك بگەڕێت بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆی لە یەكێتی بكاتەوە.

شكستی یەكێتی لە دانیشتەكەی پەرلەماندا

 لە دانیشتنەكەی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠١٩ی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، پ.د.ک یەكەم وانەی ئێش و پەراوێز خستنیدایە یەكێتی و بەڕێككەوتن لەگەڵ گۆڕان و بەشێك لەلایەنەكانی تر بێ ئەو دانیشتنەكەی ئەنجامدا، ئەمەش هەرزوو كاردانەوەی یەكێتی لێكەوتەوە، بەجۆرێك ئێستا ئەو پرسە بووەتە مشتومڕی نێوخۆی یەكێتیی و گۆڕەپانی سیاسی و چاوەڕوان دەكرێت كاردانەوەی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت.

چاودێرانی سیاسی چی دەڵێن؟

بەڕای چاودێرانی سیاسیی، ئێستا دەبێت یەكێتی و پارتی و گۆڕان و هێزەكانی تری هاوشێوەیان لەوە گەیشتبێتن كە كلتوری سڕینەوەی بەرامبەر كاریگەریی خراپ بەدوای خۆیدا دێنێت و هەندێك جار وادەكات هاوكێشەكان پێچەوانە ببنەوە، چونكە پارتی كە هەموو بڕیارێكی بۆ دەچووە سەر لە پرسی سەرۆك كۆماردا شكستی هێنا، یەكێتیش بەهەمانشێوە لە دانیشتنەكەی دوێنێدا نەیتوانی خواستەكانی بەدیبهێنێت و گۆڕانیش لەپێشتردا لە پەرلەمان لەوە تێگەیشت كە خۆ بە حاكم بینین لەناو هێزە ئۆپۆزسیۆنەكاندا هیچی بۆ بەرهەم نا هێنێت، ئەگەر پشتیوانیی خەڵك و سەرجەم هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی لەپشت نەبێت.

چاودێران، پێشیوانوایە، ئێستا ئیتر كاتی ئەوە هاتووە سەرجەم حزبەكانی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی یەكێتی نەتەوەییدا كۆببنەوە و واز لە كلتوری یەكتر سڕینەوە بهێنن و بۆ هەموو ئەو پرسانەی ڕەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانیان هەیە و پەیوەندییان بەتەواوی خەڵكەوە هەیە ڕاوێژ بەسەرجەم لایەنەكان بكەن و تەنها خۆیان بەحاكم و سەردەست نەزانن.

 

ش.ف