پیرەمێرد، مامەیارە و نەورۆز

نەورۆز و مامەیارە و پیرەمێرد، بوونەتە ڕەمزێکی شاری سلێمانی و لەگەڵ ناوهێنانی هەریەکەیاندا سەرکەشی و ئازایەتی و سەربڵندی هاوڵاتیانی شاری سلێمانیت دێتە بەرچاو، هەریەکەشیان چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێشیان لە ناخی خۆیاندا هەڵگرتووە.


ساڵانێکی زۆرە ئاگری نەورۆز لە گردی مامەیەرەی شاری سلێمانی دەکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی کردنەوەی ئاگر لە گردی مامەیەرە مێژوویەکی هەیە، بە هەمان شیوە مامەیارەش مێژوویەکی دێرینی هەیەو ڕەمزێکی قارەمانێتی و تێکۆشانی کوردە لە بەرامەر دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانیی.

گردی مامەیارە یان گردی گولان- گوڵان

گردی مامەیارە، لە پێشوودا ناوی گردی گولان بووە، دوو چیرۆک لەبارەی ئەو ناوەوە هەیە، یەکێک لە چیرۆکەکان ئەوەیە هەموو ئەو کەسانەی نەخۆشی گولی-یان هەبووە و مردوون لەو گردە نێژراون، بەوەش ناوی بە گردی گولان ڕۆشتووە، ئەم چیرۆکە زۆر جێی بڕوانییە، لەبەر ئەوەی ئەو گردە پێش ئەوەی بکرێتە شوێنی کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەلایەن پیرەمێدەوە خەڵکی سلێمانی بۆ سەیران ڕوویان تێکردووە.

گێڕانەوەی دووەم ئەوەیە کە لەکۆندا خێزانێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕوویان لە شاری سلێمانی کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەخۆشی گولییان هەبووە ڕێگایان پێنەدراوە لە ناو شاری سلێمای نیشتەجێبن بۆیە لەسەر ئەو گردە نیشتەجێ بوون، ئیتر ئەو گردەش بە گردی گولان ناوی دەرکردووە، پاش ماوەیەک ئەو خێزانە چاک دەبنەوە قسەیەک دەبێتە باو لەناو دانیشتووانی شاری سلێمانیدا دەڵێن ' گولەکان بوونەتە گوڵ' واتا بە تەواوی چاک بوونەتەوە و وەک گوڵ جوان بوون، بۆیە ناوی گردەکە دەبێتە گردی گوڵان.

مامەیارە

مامەیارە، سەربازێکی سوپای میرنشینی بابان بووە، فەرماندەی تۆپخانەی سوپاکە بووە، لە سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان-دا لە ساڵی ١٨٥٠، کە عوسمانییەکان هێرش دەکەن بۆ شاری سلێمانی، پاش بەرگرییەکی زۆر سوپاکەی ئەحمەد پاشا دەشکێت و لە سلێمانی دەکشێنەوە، بەڵام مامەیارە بە تەنها بەرگریی دەکات تا ئەوکاتەی بریندار دەبێت، پاشان بە برینداری دەیگرن و دووری دەخەنەوە بۆ ئەستەنبوڵ.

دوای ئەوەی چەند ساڵێک لە ئەستەنبوڵ دەمێنێتەوە، پاشان ڕێگەی پێدەدریت بگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی، تا کۆتایی تەمەنی لە شاری سلێمانی دەمێنێتەوە، لە سەرەمەرگدا داوادەکات کە لە گردی گوڵان بینێژن، هۆکاری داواکاریەکەشی بۆ ئەوە دەگێڕیتەوە کە لەگردی سەیوان گۆڕی ئەو کەسانەی لێیە کە لەکاتی هێرشی عوسمانییەکاندا بۆسەر میرنشینی بابان هەڵهاتوون و بەرگرییان نەکردووە، دەڵێت پێمخۆش نییە لەلای ئەو هەڵهاتووانەدا بمنێژن، لەدوای ئەوەی مامەیارە کۆچی دوایی دەکات، لە گردی گوڵان دەینێژن، بۆیە ئەو گردە ناوەکەی دەگۆڕێت بۆ گردی مامەیەرە.

سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبردنی بنکەی ژین، لەبارەی مامەیارەوە دەڵێت: مامەیارە یەکێک بووە لە تۆپچییە قارەمانەکانی ئەمارەتی بابان، لە دوایین شەڕی نێوان نەجیب پاشای والی بەغدا و لەشکری بابان کە لە شوێنێکی نزیک کۆیە ڕوویداوە، مامەیارە زۆر قارەمانییەتی نواندووە، بەڵام زۆرێک لە جەنگاوەرانی ئەحمەد پاشای بابان لە گۆڕەپانی ئەو شەڕەدا هەڵاتوون، بۆیە مامەیارە وەسیەتی کردووە کە لە گۆڕستانی ئەو ترسنۆکانە نەینێژن کە گردی سەیوانە، بۆیە لە گردی گوڵان دەینێژن، لەو ڕۆژەشەوە ناوی ئەو گردە بووە بە گردی مامەیارە.

نەورۆز لە مامەیارە

لەدوای ئەوەی پیرەمێردی شاعیر ( حاجی تۆفیق)، لە وڵاتی تورکیا دەگەڕێتەوە لە ساڵی ١٩٢٥ دێتەوە شاری سلێمانی، هەوڵ دەدات هەندێک هانگاو بۆ خزمەتکردن بە شاری سلێمانی هەڵبگرێت، بۆیە دەستی کرد بە دەرکردنی ڕۆژنامە و کاریی ڕۆژنامەنووسی، هەروەها هانی خێزانەکان دەدا کە منداڵە کچەکانیان بنێرە بەردەم خوێندن، یەکێک لەو کارە دیارانەی پیرەمێرد کردوویەتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزە لەسەر گردی مامەیەرە، کە هەتا ئستاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەسەر ئەو گردە بووەتە کلتورێک.

نەورۆزی گردی مامەیارە چۆن بوو؟

لەو ڕۆژەدا پیرەمێرد خواردنی دۆڵمەی دروست کردووە و بردوویەتی بۆ خەڵک لەوێ بیخۆن، هەروەها وەکو سیمبۆلێکیش، لەو ڕۆژەدا 12 سەماوەر، بەپێی هەر 12 مانگی ساڵ لەوی جۆشدراوە و چایی بەسەر خەڵکدا دابەشکراوە، پیرەمێرد خوێندکارە کوڕ و کچەکانی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ چالاکی نەورۆز و چەندین چالاکییان پێشکەشکردووە، لەو ڕۆژەدا هیچ جیاوازییەکی ڕەگەزی نەکراوە و ژن و پیاو بەشدار بوون لە مەراسیمی نەورۆزدا، ئیتر بووە بە نەریتێکی بەردەوام و پیرەمێرد ساڵانە کردویەتی، تا ئێستاش زۆربەی خەڵک لەو ڕۆژەدا دەچنە دەرەوە و یاپراخ لەگەڵ خۆیاندا دەبەن و بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی ئەو رۆژە پیرۆز دەکەن، هەر بەو بۆنەیەشەوە پیرەمێرد شیعری نەورۆزی نووسیوە، دواتر لەلایەن حەسەن زیرەکەوە شیعرەکە کراوەتە گۆرانی، ئێستاکەش زیاتر لە نیو سەدەیە کە گۆرانی نەورۆز بە دەنگی حەسەن زیرەک لە ڕۆژانی نەورۆزدا لە هەموو شوێنێکی کوردستان ( ئەمڕۆژی ساڵی تازەیەی نەورۆزە هاتەوە، جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و ەهاتەوە) دەبیسترێت.

نەورۆز و ئەدمۆنزی حاکمی ئینگلیز

ئەدمۆنز کە حاکمی ئینگلیز بووە لە عێراق، لە نەورۆزی ساڵی ١٩٤٥ دێتە سلێمانی بە مەبەستی خواحافیزی لە خەڵکی سلێمانی، لەو سەردەمەشدا پارێزگاری سلێمانی مەعروف جیاوۆک بووە، لەو یادەدایە کە فایەق بێکەسی شاعیر شیعری 27 ساڵە من ڕەنجبەری تۆم دەخوێنێتەوە، ئیتر دوای ئەوە دەبێتە خۆپیشاندانێکی گەورە و دێنە ناو شار و لەبەردەرگای ماڵی موتەسەریف کۆ دەبنەوە.

لەو بارەیەوە د.عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ ئاماژە بەوە دەکات کە: پیرەمێرد لە جەژنی نەوروزد خەڵکی شاری بانگ دەکرد، ئینگلیزەکانیش دەهاتن، هەر ئەوەش بوو کە لە نەورۆزی ساڵی ١٩٤٥ فایەق بێکەس، شیعری (٢٧ ساڵە من ڕەنجبەری تۆم)ی لە دژی (ئەدمۆنز)حاکمی ئەو کاتەی ئینگلیز لە کوردستان خوێندەوە، لەو کاتەدا نەورۆز دەبوو بە جەژنی بەهار و جەژنی کوردایەتی، ئەو ڕەمزی کوردایەتییە پیرەمێرد بە نەورۆزی بەخشی.

پیرەمێردی شاعیر، ئامانجی لە زیندووکردنەوەی مەراسیمی جەژنی نەورۆز ئەوەبووە، کە بیکاتە سیمبولی تێکۆشانی گەلی کورد بەرامبەربە داگیرکەران، هەروەها ئامانجی لە هەڵبژاردنی گردی مامەیارە، ئەوەبووە کە ڕۆحێکی تێکۆشەرانەی وەک مامەیارە بۆ نێو تاکی کورد بگەڕێنێتەوە کە تا کۆتایی بەرگریی لە خاک و گەلی کوردستان بکات و هیچکات لەبەر دوژمن هەڵنەیەت و گەل و خاک بۆ داگیرکەران بەجێ نەهێڵێت وەک چۆن مامەیارە هەڵنەهات لەبەردەم سوپای داگیرکەری عوسمانیدا.

د.ع