پەرلەمانی هەرێم لە ٢٨ ساڵدا..

٢٨ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-دا، پێکهێنانی پەرلەمان بە هەڵبژاردنە، بەڵام بەهۆی زاڵبوونی هەژموونی حزب و دووحزب و دەستی دەرەکی و ململانێ و بەرژەوەندییە سیاسییەکان بەسەر پەرلەمانەوە نەیتوانیوە ئەرک و دەسەڵاتەکانی وەک خۆی بەکاربهێنێت، پەرلەمان سەدان ملیار دۆلار خەرجییەکەیەتی، بەڵام لە ماوەی تەمەنیدا کەمتر لە ٤٠٠ یاسای دەرکردووە، بەشێوەیەک ساڵ هەبووە یەک یاسای دەرکردووە.


لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ باشوری کوردستان لەدژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین، دواتر بەرەی کوردستانی کاروبارەکانی گرتەدەست، پاشان لە ڕۆژی ٨-٤-١٩٩٢ لەلایەن لیژنەیەکەوە، کە بەرەی کوردستانی پێکیهێنابوو یاسای ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد کوردستان ( پەرلەمان) نووسرایەوە، لە ڕۆژی ١٩-٥-١٩٩٢ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، بە بەشداریی ٩٦٧هەزار و ٢٢٩ دەنگدەر، هەروەها لە ڕۆژی ٤-٦-١٩٩٢ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجا مدا.

خولەکانی پەرلەمان

یەکەم خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دەست بەکار دەکات، هەتا ساڵی ٢٠٠٥ درێژ دەکرێتەوە، پەرلەمان لە ساڵی ١٩٩٢ کە دەست بەکار دەکات هەتا ساڵی ١٩٩٦ بەردەوام دەبێت لە کارکردن بە شێوەیەکی یەکگرتوو، واتا هەم ئەندامانی یەکێتی و هەم ئەندامانی پارتی لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە دەبوون، بەوشێوەیەش دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە نێوان یەکێتی و پارتیدا نەیتوانی ببێتە هۆی ڕاگرتنی دانیشتنەکانی پەرلەمان.

 بەڵام لەدوای ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ کە دەبابەکانی ڕژێمی بەعس بە پێشڕەوی هێزەکانی پارتی شاری هەولێریان داگیرکرد و ڕۆشتنە ناو پەرلەمان، ئیتر ئەندامانی یەکێتی لە پەرلەمان کشانەوە، هەتا ساڵی ٢٠٠٢ کۆبوونەوەی پەرلەمان بە بەشداریی یەکێتی ئەنجام نەدرا.

لە دوای ئەوەی ساڵی ١٩٩٨، لەسەر داوای ئەمریکا تاڵەبانی و بارزانی پەیمانی واشنتۆن-یان ئیمزاکرد، کە شەش ماددە بوو و پێنج ماددەی تایبەت بوو بە ڕێکخستنەوەی ئیدارەی هەرێم، ماددەی شەشەمی بریتیبوو لەوەی هەردوولا هاوکاربن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە.

لە ٤-١٠- ٢٠٠٢ پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەی یەکگرتنەوەی ئەنجام دا، لەوە بەدواش لە ڕۆژی ٣٠- ١-٢٠٠٥وە، تا ٣٠-٩-٢٠١٨، لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە چوار خولی یەک لە دوای یەکی پەرلەمان پێکهێنراوە و لە ئێستادا پەرلەمان لە خولی پێنجەم دایە، ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانە و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکە و مونا نەبی-ش سکرتێری پەرلەمانی کوردستانە.

خەرجییەکانی پەرلەمان

بەگوێرەی یاسای ژمارە ١ی بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٣، گوژمەیەک بە بڕی ٥٥ ملیار دینار بۆ خەرجییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دابینکراوە، مووچەی سەرۆکی پەرلەمان بریتییە لە ١٠ ملیۆن دینار و هەر ئەندام پەرلەمانێکیش هەشت ملیۆن دینار و هەر ڕاوێژکارێکی پەرلەمانیش شەش ملیۆن دینار وەردەگرێت، موچەی هەر پەرلەمانتارێکی خانەنشین-یش بریتییە لە شەش ملیۆن، کە جگە لە سەرۆکی پەرلەمان، لەم خولەدا ١١٠ ئەندام پەرلەمان هەیە، کە بەسەر ١٦ فراکسیۆنی جیاوازدا دابەشبوون، لەگەڵ زیاتر لە ٥٠ ڕاوێژکار، هەروەها بە گوێرەی بڕیارێکی نوێی ئەنجومەنی وەزیران، هەموو موچەکانی پەرلەمان کەمدەکرێتەوە بۆ نیوەی بڕی خۆی، ئەمە تەنها بڕیارە و تا ئێستا کاری پێنەکراوە.

ئەو یاسایانەی پەرلەمان دەری کردووە

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ٢٧ ساڵدا ٣٩٣ یاسا و نزیکەی  ١٠٠بڕیاری دەرکردووە، زۆرترین یاسای لەساڵی ٢٠٠٧ دەرکردووە، کە ٣٩ یاسا بووە، کەمترین یاسای لەساڵی ١٩٩٥ دەرکردووە کە ١ یاسا بووە، زۆرترین بڕیاریشی لەساڵی ١٩٩٢دا دەرکردووە کە ٤٨ بڕیار بووە، لە ماوەی ٥ مانگی ئەمساڵیشدا تەنها یەک یاسای دەرکردووە، ئەویش یاسای چاکسازی-بوو لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان.

بەشێک لەو بڕیار و یاسایانەی پەرلەمانی کوردستان کە بوونەتە جێگای ڕەخنەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان:

بڕیاری شەڕ لەدژی پەکەکە

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ٤ی ١٠ی ١٩٩٢ بڕیاری شەڕی لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە دا، پێشتر لەچوارچێوەی ڕێککەوتن و پەیوەندیدا بەرەی کوردستانیی، یان حکومەتی هەرێم کە تەمەنێکی کوردتیی هەبوو، پەیمانیان دابوو ڕێگا نەدەن جوڵانەوەی کوردیی لە ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان سنوورەکانی باشور بەکاربهێنن.

لەم چوارچێوەیەدا حزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی ئێرانیان لە سنوورەکان دوورخستەوە و لە ئۆردوگاکاندا خستنیانە ژێر چاودێرییەوە، هەوڵیاندا هێزەکانی پەکەکەش بخەنە ژێر کۆنترۆڵەوە، بەڵام پەکەکە ئەوەی قبوڵ نەکرد و بەو هۆیەشەوە یەکێتیی و پارتی شەڕیان دژی پەکەکە هەڵگیرساند، جێگای ئاماژەیە ئەم بڕیارە لە سایتی فەرمی پەرلەماندا سڕاوەتەوە.

داخستنی دەرگای پەرلەمان

داخستنی دەرگای پەرلەمان لەساڵی ٢٠١٥ دا یەکێکە لە نەنگییە گەورەکانی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەویش بەهۆی ئەوەی پەرلەمان ویستی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکات، لەبەر ئەوەی پڕۆژەی هەموارەکە بەدڵی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق نەبوو، پارتی لە بازگەی پردێ، لە ١٢-١٠- ٢٠١٥ ڕێگریی کرد لە ڕۆشتنەوەی د یوسف محەمەد سەرۆکی ئەوکاتەی پەرلەمان کرد کە بگەڕێتەوە هەولێر، ئەوەش بووە هۆی داخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ.

لاوازی پەرلەمان لە پێکنەهێنانی ئەرک و دەسەڵاتەکانی

یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی پەرلەمان و ئەندامەکانی چاودێریکردن و لێپرسینەوەیە لە کار و گەندەڵییەکانی حکومەت و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەڵام لە ٢٨ ساڵی ڕابردوودا پەرلەمان نەیتوانیوە یەک بەرپرس بداتە دادگا و لە کار دووری بخاتەوە، لە لایەکیترەوە نەیتوانیوە خۆی لە دەسەڵاتی حزب داماڵێت و سەربەخۆیانە کار بکات، دیارترین نمونەش داخستنی دەرگای پەرلەمان بوو بۆ ماوەی دوو ساڵ بە هێزی پارتی، هەروەها نەیتوانیوە دەسەڵاتەکانی بەکار بهێنێت و وەک پێویست چاودێریی کارەکانی حکومەت بکات، بەپێچەوانەشەوە ئێستا بەرپرسانی حکومەت هەوڵی دادگاییکردن و لێپرسینەوە لە پەرلەمانتاران دەدەن.

هەڵگرتنی پارێزبەندی

هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر)، کە پەرلەمانی دابەشكرد بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی پارتی ‌و بەرەی لایەنەكانیتر پێكەوە، لەم ڕووداوەشدا هاوشێوەی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥، کە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم كرد، كورسی كۆتاكان چونەپاڵ بەرەی پارتی‌ و دژی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ‌و كۆتایی هێنان بوون بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، واتا (مەسعود بارزانی)، كورسی كۆتاكان کە لە کەمینە نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان پێکدێن جگە لە 'ئێزیدییەکان' کە هیچ کورسییەکی پەرلەمانیان پێنەدراوە، لە پەرلەمان بێلایەنی خۆیان نەپاراست‌ و چونەپاڵ بەرەی پارتیی، ئەمەش هەژموونی ئەو حزبەی دەرخست بەسەر پەرلەمانەوە.

هەروەها لە ١٧ی مانگی ٣ی ئەمساڵەوە، پارتی هێزێکی ناردە زینی وەرتێ، یەکێتیش هێزێکی بردە هەمان ناوچە، بەوپێیەی بە ناوچەی سەوزی دەزانێت، ئەمەش ئاڵۆزیی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان هیچ هەڵوێستێکی نەبووە، نەیتوانیوە وەک ناوەندێک کە بە دەنگ خەڵک هەڵبژێردراوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، لانیکەم هێزەکان ناچار بەکشانەوە بکات، کە ئەوە داوای هاوڵاتیانی ناوچەکە و تەواویی باشوری کوردستانە.

چاودێرانی سیاسی زۆرکات باس لەوە دەکەن، کە پارتی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت لە کابینەکاندا دەبات و پەرلەمان دەداتە لایەنەکانیتر، لەوێش کەی وسیتی بۆ خۆی پەرلەمانیش بەکار دەهێنێت و وەک یەکەمی ناوپەرلەمان دەسەڵاتەکان بەکاردەهێنێت.

بەشێک لە بڕیارە گرنگ و ئەرێنییەکان پەرلەمان لە دیدی هاوڵاتیانەوە:

ناردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ

یەکێکی دیکە لەو بڕیارانەی کە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکەن بڕیاریی ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠١٤ یە سەبارەت بە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و هاوکاریی کردنی شەڕڤانان دژ بە چەتەکانی داعش.

پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان

یەکێکی دیکە لەو بڕیارانەی کە پەرلەمانتاران شانازی پێوە دەکەن، بڕیاری ژمارە ٢٤ی ساڵی ٢٠١٤یە، کە تایبەتە بە پشتیوانیکردنی خۆبەڕێوبەریی ڕۆژئاوای کوردستان.

دەرکردنی سوپای تورک

هەروەها پەرلەمانتاران شانازیی بە بڕیاری ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەکەن، کە تایبەتە بە دەرکردنی سوپای تورک لەهەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئەنجامدا بڕیارەکەی پەرلەمان جێبەجێ نەکرا، لەوەش زیاتر ئەم بڕیارەش لە سایتی پەرلەمان سڕاوەتەوە.

عەبدوڵای مەلا نووری چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری لە بارەی ڕۆڵی پەرلەمانەوە بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بەوەدا: پەرلەمانی کوردستان نەبووەتە وەڵامدەرەوەی قەیران و کێشە و پێداویستییەکانی خەڵک، وێنە گشتییەکەی پەرلەمان وێنەیەکی تەڵخ و ناشرینە، ئێستا پەرلەمان بووەتە بارێک بەسەر ژیانی خەڵکەوە، خۆی پەڵەیەکی ڕەشە و هاوڵاتییان هەستدەکەن کە نەبوونی باشترە، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت یاسا دەربکات، بەڵام ئیرادەی ئەوەی نییە کە حکومەت ناچاربکات بۆ جێبەجێکردنی، لە پشت پەرلەمانەوە ناوەندیتر هەیە بۆ بڕیاردان، هەروەها بووەتە مەیدانێک بۆ ناکۆکی سیاسی و بۆ تۆڵەکردنەوە، وەکوو هەر دەزگایەکیتر بەکاردەهێنرێت.

عەبدوڵای مەلا نووری دەڵێت: خودی پەرلەمان نەک شوێنێك نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵک دەبێتە شوێنێک بۆ قەیران و درووستبوونی درزی زیاتر و نەمانی متمانە، نمونەش بۆ ئەمە لەسەر ناوی چاکسازی شەرعییەت بە دزینی سەروەت و سامانی ئەم میللەتە دەدات، بەناوی دیموکراسییەوە دێت سەرۆکێکی ناشەرعی-ت بەسەردا دەسەپێنێت، بە ناوی چاودێرییەوە چاوپۆشی لە خەڵکی گەندەڵ دەکرێت، پەرلەمان بە پێچەوانەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بووەتە شوێنێک بۆ گەندەڵی، خەرجییەکی ئێجگار زۆری هەیە، بەڵام کەمترین دەستکەوت و ئەنجام، بوە بووەتە بەشێک لە خوار و خێچییەکانی ئەم سیستمە حکومڕانییە.

س.ح