٤٢ساڵ لەمەوبەر و لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە، وەکو پارتێکی سۆسیالیستی کوردستانی دەرکەوت، بانگەشە، کلتور و مۆدێلێکی نوێی لە تێکۆشان هێنایە کایەوە، بە پوچەڵکردنەوەی پارچەگەریی و پێشخستنی ڕۆحی یەکپارچەیی، لەسەر ئەم بنەمایەش باشوری کوردستان بوو بە مەیدانی خەباتی پەکەکە و گەلی باشور پەکەکەیان وەک تەڤگەری خۆیان پەسەندکرد.
پەکەکە لە سەرەتای دامەزراندییەوە لەساڵی ١٩٧٨وەکوو بزوتنەوەیەکی کوردستانی بەبێ گوێدانە سیاسەتی پارچەگەریی خۆی ناساند و دەستی بە تێکۆشانکرد، دامەزراندنی پەکەکە لە کاتێکدابوو هێزی سیاسی باشوری کوردستان ئاشبەتاڵی کردبوو، ئەمەش دەبێتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان، کە پەکەکە گەنگەشەی ئەوە بکات، کە بۆچی ئاشبەتاڵ دروست بوو؟
لە نوسین و وتەکانی ڕێبەر ئۆجالان و بەڕێوەبەرانی پەکەکە لەو سەردەمەدا، بە شیکردنەوە و خوێندنەوەیان بۆ باشوری کوردستان گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە، بزوتنەوەی تێکۆشانی باشوری کوردستان دوو ڕەوت باڵادەستە بەسەرییەوە، ئەوانیش (دەرەبەگایەتی و بۆرژوازی ڕیفۆرمیستی سازشکار).
پێیان وابووە ئەم دوو ڕەوتە نابنە وەڵامدەرەوە بۆ تێکۆشانی گەلی کورد، بۆیە باشوری کوردستان پێویستی بە ڕەوتێکی سۆسیالیستی کوردستانی شۆڕشگێڕ هەیە.
لەو چوارچێوەیەدا لە کۆنفرانسی یەکەمی پەکەکەدا، کە لە ساڵی ١٩٨١ لە دەشتی بیقاع لە وڵاتی لوبنان بەسترا، پەکەکە بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵات دەدات، یەکەم ویستگەشیان باشوری کوردستان دەبێت، بە وتەی جەمیل بایک هاوسەرۆکی ئێستای کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە: “دەستە سەرەتاییەکانی گەریلا لە باشوری کوردستان جێگیردەبن، لەو کاتەوە پەیوەندی لە نێوان پەکەکە و حزب و لایەنەکانی باشوری کوردستان و گەلی باشوری کوردستان دروست دەبێت”.
پەیوەندی پەکەکە و هێز و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان
لە ساڵی ١٩٨٣دا، شەڕی براکوژی لە نێوان حزبە کوردییەکانی باشوری کوردستاندا لە پەرەسەندندابوو کە دابەشببوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی “جود” بەسەرکێشی پەدەکە و “جەوقد” بە سەرکێشی یەنەکە.
جەمیل بایک لە کتێبی مێژوویەک لە ئاگردا، دەڵێت:”لەو ساڵانەدا ئێمە لە شام پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەریەک لە یەنەکە، پەدەکە و حزبی شیوعی عیراق-دا دروستکردبوو، بەبێ جیاوازی هەوڵماندەدا ناکۆکییەکانی نێوانیان نەهێڵین، لەم بارەیەوە پێشنیارمان بۆ هەردوو بەرەکە کرد، کە ئێمە ببینە واستە و ناوبژیوان لە نێوانیاندا بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان و هەردوولایان پەسەندیان کرد”.

دەشڵێت: “لەسەر ئەو بنەمایە داوامان لە هەڤاڵانمان کرد کە لە وڵاتدا بوون، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو کارە، ئەوەبوو لە ٢/٥/١٩٨٣دا، بە پێشەنگایەتی (محەمەد قەرەسونگور) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە، لەگەڵ سێ هەڤاڵی دیکە بە ناوەکانی (ئازاد، فواد و ئیبراهیم) چوون لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دیدار ئەنجامبدەن بۆ ڕاوەستاندنی شەڕ و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە نێوانیاندا”.
لەدرێژەدا هاتووە: “ئەوەبوو دیداریان لەگەڵ پەدەکە و حزبی شیوعی عێراق ئەنجامدابوو، بەڕێدەکەون بۆ لای یەنەکە، لەو کاتەدا یەنەکە بەسەرپەرشتی “نەوشیروان مستەفا” هێرش دەکەنە سەر شیوعی و لەو کاتەدا (محەمەد قەرەسونگور و ئیبراهیم بیلگین) شەهید دەبن و دوو هەڤاڵەکەی دیکەش بەدیل دەگیرێن”.
دەرکەوتنی پەکەکە وەکو بزوتنەوەیەکی نوێ و کوردستانی و هەوڵەکانی بۆ یەکێتی نەتەوەیی کورد، کاریگەریی لەسەر گەلی باشوری کوردستان بەتایبەتی گەنجان دروستکرد، لەو ساڵانەدا گەل بە هاوکاریکردنی گەریلا و بە شداربوونیان لەو تێکۆشانە خاوەندارییان لە پەکەکە دەکرد.
بۆچی پەکەکە ئەو قۆناغەی هەڵبژارد لە باشوری کوردستان؟
لەوکاتەدا لە تورکیا کودەتا هەبوو، هەروەها لە ئێران شۆڕشی گەلان دەستی پێکردبوو و ڕژێمی شا ڕووخابوو، ڕێبەر ئۆجالان لەم بارەیەوە دەڵێت:” لەم سۆنگەیەوە پێمان وابوو زەمینەیەکی لەبار هەیە کورد ببێتە خاوەن قەوارەی خۆی، بەڵام بە دوو مەرج:-
– دەستبەجێ شەڕ و ناکۆکییەکانی بەرەی جود و جەوقد ڕابوەستێت
– بەرەیەکی کوردستانی دروست ببێت، کە بەرەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت بۆ تەواوی کوردستان.
پەکەکە لە هەوڵەکانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی ڕانەوەستا
جەمیل بایک ئاماژە بەوەشدەکات: ‘لە پاش شەهیدبوونی (محەمەد قەرەسونگور و ئیبراهیم بیلگین) پەکەکە لە هەوڵەکانی بۆ یەکێتی نەتەوەیی ڕانەوەستا، جارێکی دیکە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان هەوڵی ڕێککەوتن و دانوستانماندا’.
“لەگەڵ پەدەکە ڕێککەوتنێکی دوو لایەنەمان ئەنجامدا بە واژۆی ڕێبەر ئۆجالان و ئیدریس بارزانی، کە لە ١١ خاڵ پێکدێت، تێیدا جەخت دەکەنەوە، کە پێویستە هێزی سیاسیی کوردیی ڕاوێژ بەیەک بکەن، خاڵێکی دیکە دەڵێت پێویستە هەوڵ بدرێت هەموو لایەک شەڕی کورد و کورد تەحریم و تەجریم بکرێت، واتا بە تاوان بناسێندرێت، لەهەمانکاتدا لەگەڵ یەنەکەش دەگەنە ڕێککەوتن و لێکتێگەشتنێکی هاوبەش”.
بۆچی ئەم ڕێککەوتنانە ئەنجامگیرنەبوون؟
جەمیل بایک، لە بارەی ئەو قۆناغەوە دەڵێت: “ئێمە خۆمان بە تەڤگەری هەر چواربەشی کوردستان دەزانین و نییەتی ئێمە ئاشتی و پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بوو لە نێوان لایەنەکاندا لە باشوری کوردستان، بەڵام بەهۆی مەیلی شەڕخوازانەی پەدەکە و یەنەکەوە هەوڵەکانمان ئەنجامگیر نەبوو”.
لە ساڵی ١٩٨٨دا، کاتێک کە ئاگربەستی نێوان عێراق و ئێران دروست بوو، دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە هاتە ئاراوە، لەمبارەیەوە جەمیل بایک لە کتێبی مێژوویەک لە ئاگردا، دەڵێت:”ئێمە شیمانەی ئەوەمان کردبوو، کە عێراق هێرشێکی گەورە بکاتە سەر باشوری کوردستان و تەڤگەری کوردی دووچاری شکست بێت، لەو بارەیەوە چەند کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا.
“لە کۆبوونەوەکاندا گەیشتنە چەند بڕیارێک، هەڤاڵانمان لە هەرێمی بۆتان ڕۆیشتنە ناو خەڵک و خەڵکیان لەوە ئاگادارکردەوە کە ئەگەری ئاوارەبوونی گەلی باشور هەیە بۆ باکور و دەبێت خاوەندارییان لێبکەن و بڕیاری گشتیمان دەکرد بۆ هەموو ڕێکخستنەکانمان کە ئازوقە و دەرمان و پێویستی تەواو بۆ خەڵک دابین بکەن.
“هەروەها بڕیارماندا خۆمان بگەیەنینە باشوری کوردستان، ئەوەبوو لە هەفتانینەوە دەربازی باشوری کوردستان بووین، کاتێک کە گەشتین بینیمان عێراق هێرشی کردووە هەموو شوێنێکی داگیرکردووە و خەڵکێکی زۆر ئاوارەی لای باکوری کوردستان بوون، وەک شیمانەمان کردبوو، ئەو ڕۆژە لەوێ ماینەوە و سەربازەکانی سەدام، تا دەهات نزیکمان دەبوونەوە و لە چەند جێگەیەکدا شەڕێکی کورتیش لە نێوانماندا دروستبوو”.
“ئێمە بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕاین کە دەیانەوێت بەرخۆدان بکەن، لەو کاتەدا گرووپێک گەنجی بادینان بە پێشەنگایەتی شەهید زێرەڤان و شەهید جوتکار هاتنە لامان، وتیان: دەمانەوێت بەشداری پەکەکە ببین و لە باکوری کوردستان تێکۆشان بکەین دواتر لە باشوردا بەرخۆدانێک پێشبخەین، ئێمە ئەو گەنجانەمان وەرگرت و ئومێدمان پێیان هەبوو، ئەوانمان ئامادەکرد بۆ دروستکردنی تەڤگەرێک بۆ باشوری کوردستان”.
دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ
لە ساڵی ١٩٩٠کاتێک کە عێراق کوێت داگیردەکات، پەکەکە ئەوکات سەرقاڵی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی خۆیەتی، لەو کۆنگرەیەدا، ئەم ڕووداوە بە فراوانی خوێندنەوەی بۆ کراوە و لە ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرەکەدا شیکردنەوەیەکی گرنگی بۆ کراوە کە پوختەکەی ئەمەیە “داگیرکردنی کوێت قۆناغێکی نوێ لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و عێراق-یش هێناوەتە کایەوە، ئەمەش دەرفەت بۆ کورد دروست دەکات لە باشور، کە ببێت بە خاوەنی قەوارەی سیاسی خۆی، ڕژێمی عێراقیش توشی دۆخی داڕوخانی گەورە دەبێت، بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا، هێز و لایەنەکانی باشوری کوردستان و پەکەکە، ئەم دۆخە بقۆزنەوە و بیخەنە خزمەتی بەرژەوەندی گەلی کوردەوە”.
لەو چوارچێوەیەدا پەکەکە کەوتە ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان، لەو بارەیەوە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایدەگەیەنن: “لەو کۆبوونەوانەدا پەکەکە ئامادەیی خۆی نیشاندا کە هەموو توانستی خۆی بخاتە خزمەتی خەڵکی باشوری کوردستان و داوای کاری هاوبەش و ستراتیژی هاوبەشمان لە لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کرد بۆ ئەو قۆناغە”.
لەم سۆنگەیەوە هەندێک هەنگاو هەڵهێنرا و کۆمەڵیک ڕێککەوتن لە نێوان پەکەکە و لایەنە سیاسیەکاندا دروست بوو، پەکەکە بەشداری ڕاپەڕینەکانی باشوری کوردسدتان بوو بەتایبەتی لە باتوفە و شیلادزێ و دەڤەری بادینان.
دروستکردنی تەڤگەرێک بۆ باشوری کوردستان
جەمیل بایک دەڵێت: “ئەو گەنجانەی باشوری کوردستان، کە لە ساڵی ١٩٨٨دا، بەشداری پەکەکە بوون، لە ساڵی ١٩٩١دا، داوادەکەن لە ئاستی باشوری کوردستاندا ببنە خاوەن ڕێکخستنێکی خۆیان، لەوچوارچێوەیەدا، پارتی ئازادی کوردستان-پاک یان دامەزراند، کە ڕاستەوخۆ لەناو شارەکانی باشوری کوردستاندا خەبات و ڕێکخستنی جەماوەرییان بەڕێوەدەبرد، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە لە تێکۆشانی باشوری کوردستاندا دروستببوو”.
لەو کاتانەدا گەلی باشوری کوردستان پۆل پۆل بەشداری تێکۆشانی پەکەکە دەبوون، پەکەکە لەبارەی ئامانجەکانی لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە دەڵێت: لەسەر دوو بنەما لە باشوردا تێکۆشانمان کردووە، (ئەو دەستکەوتانەی کە لە ڕاپەڕیندا بەدەست هاتوون بیپارێزین و بە فکر و توانا و ئەزمونی شۆڕشگێڕی خۆمان خزمەت بە باشوری کوردستان بکەین و یەکێتی نەتەوەیی دروست بکەین).
وەڵامی پیرۆزبایی و پاڵپشتی، بە شەڕ!
لە ساڵی ١٩٩٢دا، کاتێک کە یەکەم هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کرا، پەکەکە وەک یەکەم لایەن ئەم هەنگاوە بەرز دەنرخێنێت و بەیاننامەی پیرۆزبایی دەردەکات و پاڵپشتی خۆی نیشان دەدات، بەڵام بەرەی کوردستانی ئەوکاتە بەپێچەوانەوە، لەو پەرلەمانەی کە پەکەکە پیرۆزبایی دامەزراندی کرد، یەکەم بڕیار کە دەریدەکەن ڕاگەیاندنی شەڕە لە دژی پەکەکە، ئەوەبوو لە ٤ی١٠ی١٩٩٢ئەو بڕیارەی پەرلەمان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەڵوێستی نەتەوەیی گەل بە پێشەنگایەتی پەکەکە
لە ٢٦-٨-١٩٩٢، دوای ڕاپەڕینی گەلی باشور بەسەر ڕژێمی بەعسدا، بە پێشەنگایەتی پارتی ئازادی کوردستان-پاک، بۆ پشتوانی لە باکوری کوردستان لە شاری هەولێر گەل ڕژانە سەر شەقامەکان و بۆ جاری یەکەم لە باشوری کوردستانەوە دروشمی “باکور، باشور، ڕۆژهەڵات، یەک ئامانج و یەک خەبات دەنگی دایەوە” ئەمەش بوو بە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە تێکۆشانی گەلی کورد.
لەمەبەدووا هەڵوێست و تێکۆشانی گەل لە باشوری کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی پارچەکانی دیکە، بوو بە کلتور و بەمەش کۆمەڵگا هەنگاوی خۆی بۆ یەکێتی نەتەوەیی هەڵهێنا و بە سەرهەڵدانی جەماوەری بوون بە وەڵام بۆ تێکۆشانی پەکەکە، هەروەها لەو سەروبەندەدا، گەنجان و ژنانی باشوری کوردستان، دەستە دەستە بەشداری ڕیزەکانی گەریلا دەبوون، بۆ تێکۆشان لە پێناو یەکپارچەیی کوردستاندا.
پوچەڵکردنەوەی پارچەگەریی
بەشداریکردنی پەکەکە لە تێکۆشانی باشوری کوردستان و پارچەکانی دیکەدا، ڕۆڵگێڕانیان لە دۆخە دژوارەکاندا، هاوکات هەوڵەکانیان بۆ بەستنی یەکێتی نەتەوەیی کورد، پەیامێکی گرنگ و سەرەکی لای گەلی باشوری کوردستان جێهێشت، ئەویش خۆی لە تێکشکاندنی سنورە دەستکردەکان و تێکۆشان و هەڵوێستی نەتەوەییدا دەبینێتەوە، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش بە هەزاران ژن و گەنجی باشوری کوردستان لە ناو ڕیکخستنەکانی پەکەکە و ڕیزەکانی گەریلادا خەبات دەکەن بۆ چواربەشی کوردستان.
کاتێک لە باکوری کوردستان سیاسەتمەدارێکی کورد دەستگیردەکرێت، یاخود لاوێکی ڕۆژهەڵات دەبرێتە بەردەم پەتی سێدارە، یان لە کاتی هێرش و کۆمەڵکوژی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستاندا، بەجارێک شەقامەکانی باشوری کوردستان دەخرۆشێن و پڕ دەبن لە دروشم و هاوار و هەڵوێست.
ک.س