چاوپێکەوتنی بێبەرهەم لە داڤۆس

لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا ئێستا لە عێراق باری لارەو تەنها هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سونەکان پاڵپشتی مانەوەین، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا لە داڤۆس نە سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کرد و نە بە وشەیەکیش باسی هەرێمی کوردستانی کرد، نە سەرۆکی هەرێمیشی وەک نوێنەری هەرێم ناساند، لە کاتێکدا بارزانی بۆ گەیشتن بەو دیدارە ٧٢٣ هەزار دۆلاری خەرجکردووە.


وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرا، چاوپێکەوتنەکەی دوێنێی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بایەخێکی ئەوتۆی بۆ هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچوونی پێوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێم لێ نەکەوتەوە.

لەو چاوپێکەوتنە چەند خولەکییەدا کە بۆ میدیاکان گواسترایەوە، هیچ بابەتێکی پێوەندیدار بە هەرێمی کوردستان باسی لێوەنەکرا، ڕۆژئاوای کوردستان بووە بابەتی سەرەکی وتەکانی دۆناڵد ترامپ و هەروەها سەرۆکی هەرێمیشی وەک نوێنەری ڕۆژئاوا وەسفکرد، بەوپێیەی پێی ڕاگەیاند کە بە باشی کاریان بۆ پاراستنی ناوچەی ئارام کردووە.

ترامپ لە تەواوی قسەکانیدا بە وشەیەکیش باسی هەرێمی کوردستانی نەکرد، هیچ ئاماژەیەکیش نەبوو بۆئەوەی نێچیرڤان بارزانی قسەی خۆی هەبێت لەو دیدارە کورتەدا جگە لە سوپاسکردنی ترامپ بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتەو بینینی لە نزیکەوە.

هەروەها وەک ئەوەی لێی خوێندرایەوە، شڵەژان و تێکچوونی باری دەروونی بە دەمووچاوی شاندە کوردییەوە بەتایبەت سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانییەوە دەرکەوت، چەند جارێک سەرۆکی هەرێم هەوڵیدا قسە بکات و پەیامی خۆی بگەیەنێت، بەڵام دواجار ترامپ خۆی ڕێگەی پێدا کە قسە بکات و بەوجۆرەش هێچ دەرفەتێک نەمایەوە بۆ قسەکردنی تایبەت، جگە لە سوپاسکردنی ترەمپ بۆ دانیشتن لەگەڵیدا.

کۆبوونەوەی بێ بەرهەم

بەگوێرەی خشتەی دیدارو کارو چالاکیەکانی دۆناڵد ترامپ کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکرایەوە، جگە لە دیداری بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، دیداری نێچیرڤان بارزانی تێدا دەستنیشان نەکرابوو.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی بە وردی چاودێری سەردانەکەی بارزانی و بەرهەم ساڵحیان کرد بۆ داڤۆس کە یەکێکیان نوێنەرایەتی هەرێم و یەکێکیشیان نوێنەرایەتی عێراق.

ئەوەی لە تەوەری گفتوگۆکانی بەرهەم ساڵح و دۆناڵد ترامپ باسی لێوەکرا، بۆ عێراق و ناوچەکە گرنگی هەبوو، بەوپێیەی باس لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق کرا تایبەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکاو هێزە بیانیەکان.

هەرچی پەیوەندی بە چاوپێکەوتنەکەی بارزانی و ترامپیشەوە هەبوو هیچ بابەتێکی پێوەندیدار بە کوردستان و حکومەتی هەرێمەوە نەبوو.

چاودێران پێیانوایە دیدارەکە ئیحراجبوونی بارزانی و وەفدەکەی هەرێمی بەدوای خۆیداهێناوە، بووەتە جێی پرسیار کە ئاخۆ دیتنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ چەند خولەکێک بەبێ باسکردنی هیچ پرسێکی پێوەندیدار بە هەرێم، چی لە دۆخی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی هەرێم دەگۆڕێت؟

داڤۆس چییەو کێ دەتوانێ بەشداری تێدا بکات؟

هەموو ساڵێك لە ٢٣ تا ٢٦ی كانوونی دووەم كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە وڵاتی سویسرا بە بەشداری سەرۆكی زیاتر لە ٥٠ وڵات و کەسایەتی و نوێنەری کۆمپانیا زەبەلاحەکان بەڕێوەدەچێت.

مەرجی ئەندامبوونی کەسایەتی و كۆمپانیاکان لەو كۆڕبەندەدا ئەوەیە كە داهاتی كۆمپانیاكە كەمتر نەبێ لە ملیارێك دۆلار لە ساڵێكدا، ساڵانەیش هەر كۆمپانیایەكی ئەندام پێویستە زیاتر لە ١٢ هەزار دۆلار وەك ئابوونە بە کۆڕبەندەکە بدات، بەشداری ساڵانەش بۆ هەر كۆمپانیایەك زیاتر لە شەش هەزار دۆلاری ئەمەریكییە.

بە گوێرەی زانیارییە بڵاو کراوەکانی چاودێرانی سیاسی، "نێچیرڤان بارزانی، کە لەو کۆڕبەندەدا نە ناوی لە لیستی دەوڵەتان و نە لە لیستی کۆمپانیاو بزنسمانەکان و نە لە لیستی ناوی ڕێکخراوەکان و کەسایەتیەکانی کۆمەڵگای مەدەنی نەهاتبوو، بۆ بەشداربوونی لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس ٧٢٣ هەزار دۆلاری جگە لە خەرجی گەشتەکە بە کۆڕبەندەکە داوە، چونکە تەنها ٧٠ دەوڵەت بەبێ بەرامبەر بانگهێشتی کۆڕبەندی داڤۆس کرابوون".

لە کۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆسدا سێ هەزار ھاوبەش لە ١١٧ ووڵاتەوە بەشدارییانکردووە، لەناویاندا ٥٣ سەرۆکی ووڵاتان ھەیە.

خەرجی داڤۆس و کاردانەوەی دیدارەکەی بارزانی و ترامپ!!

دڵشاد مەجید ڕۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی لە نوسینێکدا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆڕبەندی داڤۆس کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردوەتەوە دەڵێت، خەرجی یەک کەس کە بانگێشی کۆبونەوەکە بکرێت تا گەیشتنی بە شارەکە ٧١ هەزار دۆلارە.

هەروەها دەڵێت: ئەگەر کەسێک ویستی دارودەستەکەی هاوەڵی بکەن لە داڤۆس، پلەکەی و نرخەکەی گۆڕانکارییان بەسەردادێت و مەرجدار دەبێت، لێرەشدا ئەوکەسە بە تەنیا نرخەکەی دەبێتە ٦٢٢ هەزار دۆلار، بەڵام لەساڵی ٢٠١٤ بەرێژەی ٢٠٪‏ نرخی بەشداربووان زیاد کراو کرایە ٧٢٣ ھەزار دۆلار.

ئەو نووسەرە باس لەوە دەکات، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی لەڕێگای حکومەتی عیراقییەوە نەھاتبێتە داڤوس، ئەوا بۆ بەشداربوونی لەم کۆڕبەندە تەنها بۆخۆی ئەو پارەیەی پێشکەشکردووە، جگە لە خەرجی مانەوە و خەرجی ئەو پێنج کەسەی هاوڕێی بوون لە گەشتەکەدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە کەناڵێکی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی بڵاویکردەوە کە شاندەکەی هەرێم لە ڕێگەی عێراقەوە بەشدارییان نەکردووە.

برێت مکگۆرک، نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش لە تویتێکدا ڕەخنەی لە قسەکانى ترامپ گرتووە و باسی لەوە کردووە، سەرۆکی ئەمریکا جیاوازى لە نێوان هەرێمى کوردستان و ڕۆژئاواى کوردستان نەکردووە.

ئەو دیدارەی سەرۆکی ئەمریکاو سەرۆکی هەرێم لە کاتێکدایە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی عێراقەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داخراوە و کارەکانی گواستووەتەوە بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا کورد لە بەغدا تاکە هێز بوو بە کۆی دەنگ دژی بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا وەستایەوە لەسەر خاکی عێراق و پاڵپشتی مانەوەی کرد لە ناوچەکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە دیدارە کورتەکەی ترامپ و نێچیرەڤان بارزانیدا، سەرۆکی ئەمریکا بە وشەیەکیش نە سوپاسی بارزانی و نە سوپاسی هەرێمی کوردستانی نە کرد بۆ ئەو هەڵوێستانەیان، لە کاتێکدا پێویستبوو دۆناڵد ترامپ خۆی بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم بکات و لە نزیکەوە سوپاسی بکات، جگە لەوەش بارزانی دەبوو لەبری ئەوەی سوپاسی ترامپ بکات، دەبوو ئەوەی پێبڵێت کە بۆچی لە پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و لەشکرکێشی و داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان پشتی لەکورد کرد و ڕێگای بە داگیرکاریدا؟.

ک.س