لە هەر قۆناغێکدا گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان توندتر بووبێت، دەنگی بەرخۆدان و بەرهەڵستکاریی ئازادییخوازان بڵندتربوە، لە هەر قۆناغێکیشدا بەرخۆدان فراوان و بەهێزتر بووبێت، دەوڵەتی تورکی بەچۆکدا هێناوە و ناچاربوە بە کردنەوەی دەرگای ئیمرالی.
لە ٢٧ی تەمموزی ٢٠١١وە، بە بیانووی خراپی کەشوهەوا، خراپبوونی کەشتیی و باری نائاساییەوە، هەندێک جاریش بە بڕیاری دادگا یاخود بێ هۆکار بە پێچەوانەی یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ، ڕێبەر ئۆجالان لە دورگەی ئیمراڵیدا خراوەتە ژێر گۆشەگیرییەکی توندەوە، ڕێگا بە پارێزەرەکانی نادرێت چاویان پێبکەوێت.
دوای ٨ ساڵ لە گۆشەگیریی توند، پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان لە ڕۆژانی ٢ و ٢٢ی ئایار، ١٢ و ١٨ی حوزەیران و ٧ی ئابی ساڵی ٢٠١٩ دا توانییان بچنە ئیمرالی و چاویان پێی بکەوێت، ئەمەش دوای ٨١٠ جار داواکاریی چاوپێکەوتن و نیشاندانی ناڕەزایەتی لەلایەن پاریزەران و بەرخۆدانییەکی بێوێنە لە تەواوی جیهانەوە لە دژی ئەو گۆشەگیرییە هاتە بەرهەم.
سەرکەوتنی ئیرادەی مانگرتووان و شکاندنی گۆشەگیریی
لە ١٢ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٢ بۆیەکەمجار هەڵمەتی مانگرتن لە خواردن لە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان دەستیپێکرد، لە ناو زیندانەکاندا، زیندانیانی دۆزی پەکەکە بۆ ماوەی ٦٨ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت و دواتر لەسەر بانگی ڕێبەر ئۆجالان چالاکییەکەیان کۆتایی پێهێنا، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا لە ٣ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ دیالۆگ لەنێوان ڕێبەر ئۆجالان و دەوڵەت دەستیپێکرد تا ساڵی ٢٠١٥بەردەوام بوو.
هەروەها لە ٥ی نیسانی ساڵی ٢٠١٥، لە دوای کۆتاییهاتنی دیالۆگ لەنێوان ڕێبەر ئۆجالان و دەوڵەت، جارێکیتر گۆشەگیریی توند خرایەوە سەر ڕێبەر ئۆجالان، دوای کودەتای ١٥ی تەمموز ، گومانی زۆر لەسەر ژیانی ڕێبەر ئۆجالان لەناو ڕای گشتییدا دورستبوو، بۆ ئەو مەبەستەش ٥٠ سیاسەتمەداری کورد لە ٥ی ئەیلولی ٢٠١٦ لەناو بینای دەبەپە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد، بۆیە دەوڵەت بە ناچاری لە ١١ی ئەیلول ڕێگا یدا بە محەمەد ئۆجالان تاکو چاوی بە براکەی’ڕیبەر ئۆجالان’ بکەوێت، دوای ئەو دیدارە، لە ڕۆژی هەشتەمدا چالاکوانان مانگرتنەکەیان شکاند.
لە ٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە لە باکووری کوردستان، دەستی بە چالاکیی مانگرتنی بێسنوور لە خواردن کرد تا شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان، بەمەش چەخماخەی شۆڕشێکی فراوان لە بەرهەڵستکاریی و بەرخۆدانی لێدا، کە دواتر بە تەواوی دونیادا بڵاوبویەوە.

هاوکات لەناو زیندانەکانی دەوڵەتی تورکدا بەرخۆدێران و زیندانییانی دۆزی پەکەکە دەستییان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرد.
چالاکییەکانی “مانگرتنی بێسنور تا شکاندنی گۆشەگیریی” تەشەنەی سەند و لە گەرمیانەوە تا سلێمانی، مەخمور، هەولێر و شەنگال و هەر چوارپارچەی کوردستانی گرتەوە، هەروەها لە زۆربەی وڵاتانی دنیاوە بە چالاکیی مانگرتن و پشتیوانییکردن لە چالاکییەکان بەشداری ئەو بەرخۆدانە بوون.
لەیلا گۆڤەن لە باکووری کوردستان بە ٢٠٠ڕۆژ مانگرتنی بێسنوور لە خواردن، ناسر یاگز لە هەولێرەوە بە ١٨٧ ڕۆژ، هەرێم مەحمود لە گەرمیان بە ٩٢ڕۆژ و مەروان مەمدوح بە ١٣ڕۆژ مانگرتن تا مردن لە سلێمانییەوە، بوون بە سیمبول و پێشەنگی ئەو ئیرادە گەورەیە بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان.
زیندانییان بە چالاکی گیانبازی مۆرکی خۆیان لەو بەرخۆدانەدا
زیندانیانی دۆزی پەکەکە لەودیو شیشی زیندانەکانی فاشیزمەوە بە بە چالاکی گیانبازی مۆرکی خۆیان لەو بەرخۆدانەدا و شەش بەرخۆدێر لەو پێناوەدا شەهیدبوون و گیانی خۆیان بەخشی، زولکوف گەزەن ڕۆژی ١٧ی ئازاری ٢٠١٩ لە زیندانی تەکیرداغ، ئایتەن بەچەت ڕۆژی ٢٣ی ئازاری ٢٠١٩ لە زیندانی گەبزەی کۆجالی، زەهرا ساغڵام ڕۆژی ٢٤ی ئازاری ٢٠١٩ لە زیندانی ئۆلتوی ئەرزرۆم و مەدیا چنار ڕۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠١٩ لە زیندانی مێردین بۆ ئیدانەکردن و تێکشکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان چالاکیی فیداییان ئەنجامدا و شەهیدبووبوون.
هەروەها لە شاری کریفێڵدی ئەڵمانیاش ڕۆژی ٢٠ی شوباتی ٢٠١٩ ئوغور شاکار، بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانی مانگرتن و تێکشکاندنی گۆشەگیریی چالاکیی گیانبازیی ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ڕۆژی ٢٢ی ئازار لە نەخۆشخانە شەهیدبوو، بەدوای ئەودا یۆنجا ئاکجی لە زیندانی ژنان لە شاکران، بۆ ئیدانەکردنی ئەو گۆشەگیرییە سەختەی سەر ڕێبەر ئۆجالان چالاکیی ئەنجامدابوو و بەهۆیەوە بە سەختی برینداربوو، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی چگلی لە ئزمیر، دواجار و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ئێوارەی ٢ی نیسانی ساڵی ٢٠١٩شەهیدبوو.
سەرئەنجام ئیرادەی مانگرتوان سەرکەوت و ئەو بەرخۆدانییە دەوڵەتی تورکی بە چۆکدا هێنا و ناچاربوون، کە ڕێگا بە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن بدەن لە گەڵ ڕێبەر ئۆجالاندا، دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنیش لەسەر بانگەوازیی ڕێبەر ئۆجالان کۆتایی بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن هات کە لە پەیامێکدا بە مانگرتووانی ڕاگەیاند “چالاکییتان سەرکەوتووە و چاوەڕوانم مانگرتن بشکێنن”.
پەرۆشیی ئازادیخوازان بۆ تەندروستی ڕێبەرەکەیان
کۆتاجار کە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان ئەنجامدرا لە ٣ی ئازاری ساڵی ٢٠٢٠بوو، خانەوادەی ڕێبەر ئۆجالان و سێ زیندانییەکەی دیکەی دورگەی ئیمراڵی، توانیان چاوپێکەوتن ئەنجامبدەن.
ئەمەش لەدوای بەرخۆدانی فراوانی گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و ئەروپاوە هاتە بەرهەم، کە چەند ڕۆژێک پێش ئەنجامدانی ئەو چاوپێکەوتنە و لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی شوبات، لە دوورگەی ئیمرالی ئاگر کەوتەوە، ئازادیخوازان بەهۆی پەرۆشییانەوە بۆ تەندروستی ڕێبەرەکەیان، لە هەر چواربەشی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی دنیاوە بە دروشی “ئاپۆ هێڵی سورمانە” ڕژانە سەر شەقامەکان و جارێکیتر دەوڵەتی تورکیان بەچۆکداهێنا و ناچاربوون دەرگای ئیمرالی بکەنەوە.
جێگای ئاماژەیە لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و فشار و پێشلکاریی سەر زیندانیان، گیراوانی دۆزی پەکەکە و پاژک لە ١٠٧ زیندانی دەوڵەتی تورک، چالاکیی مانگرتن لەخواردنیان دەستپێکردووە.
هەر بەو مەبەستەش، لە کامپی پەنەبارانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، بە پێشەنگایەتی ژنان، لە ڕۆژی ١٨ی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، چالاکیی مانگرتن لەخواردن دەستیپێکردووە.
هاوکات پەنابەرانی کوردی دانیشتووی کەمپی لاڤریۆی وڵاتی یۆنان بۆ هەمان مەبەست چالاکی مانگرتن لەخواردنیان دەست پێکردووە، چالاکییەکە بە پیشەنگایەتی تەڤگەری گەنجانی شۆرشگێڕ، تەڤگەری ژنانی کوردستان لە ئەورووپا و ناوەندی چاندی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
ش.ف