ڕاپۆرتی دانپێدانانی ئامانجی تورکیا لە عێراق و باشوری کوردستان

دەوڵەتی تورک پەکەکە وەک هۆکاری هێرشەکانی بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان پیشان دەدات، بەڵام راپۆرتێک کە لەلایەن SETA ی نزیک لە ئاکەپە-ەوە ئامادەکراوە، ئامانجی ڕاستەقینەی تورکیا ئاشکرا دەکات، لە راپۆرتەکەدا کە لەژیر ناوی "ستراتیژی تورکیا، بارەگا سەربازییەکان و عێراق" بڵاوبووەتەوە، بەهێزبوونی عێراق و بەڕێوبەری باشوری کوردستان وەک مەترسییەک نیشان دراوە و تا کەرکوک حیسابی بۆ کراوە، لە ڕاپۆرتەکەدا وتراوە:"هەوڵدانی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی هەڕەشەیە لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق، ناسەقامگیریی لە عێراق و قووڵبوونەوەی دۆخی ئاڵۆز زیان دەگەیەنێتە تورکیا، داوای سەربەخۆیی کە کەرکوکیشی لەخۆی دەگرت، ئەگەری پێکدادان لە هەرێمەکە زیاد دەکات و مەترسیش لەسەر تورکمانەکان دروست دەکات، هۆکاری سەرەکی دروستکردنی بارەگا سەربازییەکان لە باکوری عێراق ئەمەیە".


وەقفی لێکۆڵێنەوەی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی- سەتا، (SETA)، وەک ڕێکخراوێکی نزیک لە ئاکەپە دەناسرێت و هەر لەلایەن ئاکەپەشەوە پشتیوانیی مادیی دەکرێت، ئەو ڕێکخراوە زیاتر بە ڕاپۆتەکانی بۆ پشتیوانیی لە ئاکەپە و دژایەتی هێزە ئۆپۆزسیۆن و دیموکراتەکان دەناسرێت، مانگێک لەمەوبەر ڕاپۆرتێکی دژی ڕۆژنامەنووسانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا ئامادەکردبوو کە بووە ڕۆژەڤ، ئەو ڕێکخراوە کە لە زۆر لایەنەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە، لەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشوری کوردستان کە بەردەوامە چەند راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، یەکێک لەو ڕاپۆرتانە لەسەر "ئۆپەراسیۆنی پەنجە" ئامادەکرا و بڵاوبووەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە.

لە ڕاپۆرتی "ستراتیژیی تورکیا، بارەگا سەربازییەکان و عێراق" هۆکار و ئامانجە داگیرکارییەکان لە باشوری کوردستان و ئامانجەکانی تورکیا دەربارەی عێراق و باشور باس دەکرێت.

ڕاپۆرتەکە هۆکاری سەرەکیی داگیرکردنی باشوری کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ پێگەی کورد لە باشوری کوردستان و دەڵێت: کورد دەیویست بە ڕیفراندۆم کەرکوک بگەڕێنێتەوە سەر کوردستان و ئەمەش هەنگاوێکی مەترسیدارە.

ڕاپۆرتەکە لە سێ بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەم لەژێر ناوی، بۆ پێویستە تورکیا لە باکوری عێراق بارەگای سەربازی دروست بکات؟ بەشی دووەم/ گرنگیی باکوری عێراق بۆ ئاسایشی تورکیا و لە بەشی سێیەمیش ئامانجی تورکیا لە بارەگا و کامپە سەربازییەکانی لەدەرەوەی وڵات و کاریگەرییان لە هەرێمەکە شیدەکاتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا ناوی "هەرێمی کوردستان ناهێنێت و دەسەڵاتی باشوری کوردستان وەک "باکوری عێراق" ناو دەبات.

شیکارییەکە بە وتنی؛ "بۆ عێراق؟" دەستپێدەکات و دەڵێت: عێراق بە پەیوەندییە مێژوویی و کلتوریی و ئابورییەکانییەوە بۆ ئاسایشی سنووری باشوری تورکیا (باکوری کوردستان) زۆر گرنگە، پێش هەموو شتێک یەکێتیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق لە سەرەوەی ئامانجە گرنگەکانی تورکیا دایە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش ئەوەیە کە ئاڵۆزییەکانی عێراق هەم لە ناوچەکە و هەمیش لە ئاستی نێودەوڵەتیی لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە بەردەوامە و کاریگەری لەسەر تورکیا دەکات، شەڕی عێراق و ئێران بووە هۆی ئەوەی سەقامگیریی باشوری تورکیا تێکبچێت، بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن سەدام حسێن-ەوە دژی کوردان لە باکوری عێراق کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران مرۆڤ عێراقی تووشی قەیرانێکی گەورە کرد، بەوەش ڕژێم لە ناوخۆ و دەرەوە کەوتە ژێر فشار و ئاڵۆزییەکی گەورەوە، دەسەڵات لەناو وڵات تووشی قەیرانێکی گەورە بوو، لەناو چەند ساڵدا داگیرکاریی کوێت و دوای ئەوە دەستێوەردانی ئەمریکا لە عێراق کاریگەرییەکی نەرێنیی لە تورکیا کرد و ڕێگای بۆ هەندێک ڕووداوی نەرێنیی کردەوە، هەزاران مرۆڤ بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە کۆچیان کرد و ڕوویان لە سنوورەکانی باشوری تورکیا کرد، لێشاوێکی گەورەی کۆچبەریی دروست بوو، خەرجییی شەڕی کەنداو بۆ تورکیا ٥٠ ملیار دۆلار بوو، پێویستیمان بە پێکهاتەیەکی سەقامگیر و تەندروست لە عێراق هەیە، کە پەیوەندیی سیاسیی و ئابووریی لەگەڵیاندا ببەستین، ئەمەش لەڕێگای دراوسێیەکەوە تێدەپەڕێت کە یەکپارچەیی خۆی پاراستبێت.

 

"عێراق چەندین ساڵە نەیتوانیوە باکوری وڵاتەکەی کۆنترۆڵ بکات"

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ڕەخنە لە ڕژێمی ڕووخاوی سەدام گیراوە، کە نەیتوانیوە باکوری عێراق داگیر بکات و وەها بەردەوام دەکات: هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە تورکیا دەیەوێت عێراق لەو هێمایانەی تیرۆر پاکبکاتەوە، کە هەڕەشەن لەسەر تورکیا، عێراق چەندین ساڵە نەیتوانیوە باکوری وڵاتەکەی کۆنترۆڵ بکات، بۆیە بۆشایی دەسەڵاتداریی دەرکەوتووە. 

 

"هەبوونی پەکەکە لە قەندیل هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی تورکیا"

 

لە ڕاپۆرتەکەی سەتا، هاتنی پەکەکە بۆ باشوری کوردستان، وەک مەترسییەک بۆسەر بەرژەوەندیی و دەسەڵاتی تورکیا نرخێندراوە و دەڵێت: دوای ئەوەی پەکەکە لە کامپەکەنی لوبنان و سوریاوە چووە قەندیل یان باکوری عێراق ئەو هەرێمە بۆ تورکیا گرنگتر بووە، ئەو ڕێکخستنە لە ستراتیژیبوونی قەندیل سوود وەردەگرێت و هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی تورکیا، هۆکاری سەرەکی بەهێزبوونی پەکەکە لەو ناوچەیە شەڕی ئێران و عێراق و دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین لەلایەن ئەمریکاوە بوو، سەدامیش بەوە لاوازبوو، نەیتوانی لەو ناوچەیە کۆنترۆڵ دروست بکات و سزای پێویستیان بدات.

لە بەردەوامیی ڕاپۆرتەکەدا جێیەکی بەرفراوان دراوە بە هەوڵدان بۆ ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان و داخوازی خەڵکی باشور و وەک مەترسییەکی گەورە بۆسەر تورکیا ناوی هێناوە و وەها درێژەی پێداوە: دوای ڕێفراندۆمی سەربەخۆییەکەی مەسعود بارزانی، تورکیا هەڵویستەکانی دژی هەرێم توند کردەوە، لەجێی ئەوەش گرنگیی دایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق، چاوەڕوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی هەڕەشەیە لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق، ناسەقامگیریی عێراق و قووڵبوونەوەی دۆخی ئاڵۆز، زیان دەگەیەنێتە تورکیا و تورکیا لەمە ڕادەکات، لەناو داواکارییەکەی ئەوان بۆ سەربەخۆیی کە کەرکوک-یش لەخۆ دەگرێت، ئەگەری پێکدادانێک لەناوچەکە زیاد دەکات و ئەمەش بۆ تورکمانەکان مەترسیی دروست دەکات.

"بەهۆی ناوچەی دژەفڕین کە ئەمریکا دایمەزراند کورد بوونە خاوەن ئۆتۆنۆمی"

راپۆرتەکە گلەیی لە ئەمریکا دەکات بەهۆی ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕینەوە و دەڵێت: بەهۆی دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕێنەوە لەلایەن ئەمریکا ڕێگە بۆ ئۆتۆنۆمی کورد لە باکوری عێراق کرایەوە، دوای ئەوەش پەرلەمان و بەڕێوبەری خۆیانیان دامەزراند، بەڵام ئەو قۆناغە بە شەڕ و پێکدادانێکی گەورەوە تێپەڕی، سلێمانی و هەولێر دژی یەک شەڕیان کرد،  بە تایبەت لە ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٦ هێزەکانی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بە شەڕی ناوخۆییەوە سەرقاڵ بوون، لە ئەنجامی ئەو پیکدانانەدا هەردوولا قوربانییەکی زۆریاندا و نەیانتوانی لە ناوچەکانی بەرامبەریان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بێنن، هەم لاوازیی حکومەتی بەغدا و هەمیش شەڕی دەسەڵاتداریی نێوان کوردەکان بووە هۆی ئەوەی پەکەکە لە ناوچەکە جێگیر ببێت و بتوانێت بنکەیەکی ئایدۆلۆژیی پێکبێنێت، پەکەکە لەو هەلومەرجانەدا کەوتە ڕێ و توانی لەناوچەکە بۆخۆی هێڵێکی ئەمنیی دروست بکات، تورکیا ئەم دۆخەی بە بنەما وەرگرتووە و هەوڵدەدات بەپێی ئەمە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق دروست بکات، لەگەڵ بەڕێوبەرانی بەغدا و لە ڕێگەی بەڕێوبەرانی باکوری عێراق کە بوونەتە خاوەن ئۆتۆنۆمی داوای کردووە لەناو سیاسەتی عێراق جێی بگرێت.

" جیاوازیی ئەتنیکیی و دینیی لە عێراق بووەتە هۆی توندوتیژیی"

سەتا فرەڕەنگی دینیی و ئەتنیکی عێراق وەک هۆکاری توندوتیژیی وپێکدادانەکان دەستنیشان دەکات و بابەتەکە وەها دەنرخێنێت: جیاوازیی ئەتنیکیی و دینیی لە عێراق بووەتە هۆی توندوتیژیی، پێکدادان و ناکۆکیی، ئەو دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی هەم ناوخۆی عێراق و هەمیش وڵاتانی دراوسێی بەروە ناسەقامگیریی بڕوات، هێزە ناوچەییەکانیش سوودیان لەو دۆخە وەرگرتووە و هەوڵیان داوە لەناو عێراق-دا کاریگەرییان هەبیت، بۆیە شەڕی شیعە و سوننە، ئێرانی لەهەرێمەکە کردووەتە هێزێکی کاریگەر.

"تورکیا پێویستی بە عێراقێکی یەکپارچەیە"

لەسەر بارەگای سەربازیی باشیک، کە بە بیانووی داعش دروستکرا لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە:"لەدژی هەڕەشەی داعش لەسەر داوای حکومەت لە ناوچەی باشیک بە ئامانجی پەروەردە بارەگایەک دروستکرا، تورکیا لە سایەی ئەم بارەگایە لەگەڵ هێزەکانی عێراق جوڵایەوە و توانی دژی تیرۆر کاری جدیی بەڕێوە ببات، لە سایەی ئەو بارەگایانە لەبەرامبەر پێکهاتە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە، هەم لە بواری ئیستخباراتیدا و هەم لە بەرامبەر هەڕەشەکان تەدبیری پێویست وەرگیرا، تورکیا ناوبەناو لەدژی پێکهاتەکانی پەکەکە لە سنجار (شەنگال) ئۆپەراسیۆن دەکات و بڕیارداری خۆی لە بەرامبەر تیرۆر نیشان دەدات، بۆ ئەوەی تورکیا گەورە و بەهێز بێت، پێویستییەکی سەرەتایی بە ناوچەیەکی بێ پێکدادان و ئارام هەیە، بۆ ئارامییش پێویستە عێراق یەکپارچە بێت، تورکیاش پێویستی بە عێراقێکی یەکپارچەیە.

"تورکیا درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات"

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرا دەبێت کە تورکیا لە دەستێوەردانی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە تورکیا دەترسێت، بۆیەش هەوڵدەدات بە سیاسەتی دژە کورد لە دەوڵەتانی ناوچەکە نزیک بێتەوە، ئەو نیازەی تورکیاش وەها نیشان دەدات، "بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیریی وڵاتەکان ڕێگە بۆ دەستێوەردانی دەرەکیی دەکاتەوە، عێراق نمونەکەیەتی، لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا تورکیا بۆ ئاسایشی خۆی بە ساڵانە هەم ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور و هەمیش لە ڕێگەی بارەگاکانییەوە کە لەناو خاکی عێراق دروستی کردوون، درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات، ڕۆڵی کامپی باشیک لەبەرچاوە، بارەگاکە لە بەرامبەر نیشانەکانی هەڕەشە لەسەر وڵات، دەرفەت بۆ هێزە ئەمنییەکان دەڕەخسێنێت تا لە بەرامبەریان هەنگاو بنێت.

دەوڵەتی تورک لەو پەیمانانەش کە ساڵی هەشتاکان لەگەڵ عێراق واژۆی کردووە سوود وەردەگرێت، ڕاپۆرتەکە وەها باسی دەکات: "تورکیا بۆ ئەوەی بتوانێت لەناو خاکی عێراق ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات لە ساڵی ١٩٨٣ پەیمانی 'ئاسایشی سنوور و پەیمانی هاوکاریی' لەگەڵ عێراق واژۆ کرد و ڕێگەیەکی ڕەوا کردەوە، بە هەمان شێوە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٤ لەنێوان عێراق و تورکیا پرۆتۆکۆلی ئاسایشیی واژۆ کرا، بەو پرۆتۆکۆلەش ڕێگە بە تورکیا دەدرێت یەکینەکانی تورکیا بێ ئەوەی مۆڵەت لە دامودەزگاکانی عێراق وەربگرن پێنج کیلۆمەتر بێنە ناو خاکی عێراقەوە، تورکیا ئەم مافەی بۆخۆی بەکارهێناوە، بەڵام عێراق لەبەرامبەر ئەمە دوای شەڕی ئێران لەبەرامبەر ئەو گروپە کوردانەی دێنە ناو خاکی تورکیا ئەم مافەی بەکار نەهێناوە، تورکیا ساڵی ١٩٨٤ بە حەوت هەزار سەربازەوە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری خۆی لەدژی تیرۆریستان لەسەرخاکی عێراق ئەنجامدا، ناوچەکانی نێوان زاخۆ و ئامێدی لەنزیک سنووری تورکیا کرانە ئامانج، بە ساڵانە ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور ئەنجام دەدات، کامپە سەربازیی و ئایدۆلۆژییەکانی پەکەکە کە دەکەوێتە سەر سنوورەکانی نێوان عێراق، ئێران و تورکیا بە ئامانج گیراون، بارەگا سەربازییەکان لە سەرویانەوە باشیک، ئەربیل، زاخۆ، دهۆک و زۆر شوێنی دیکە، دەرفەتێکی گرنگیان داوە بە هێزە ئاسایشیی و سیخوڕییەکان بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆن بکەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا لەژێر ناوی "عێراق بۆ گرنگە" هاتووە: خۆی لە خۆیدا بارەگا لە زۆر شوێن دروستکراوە و خزمەتێکی باش دەکەن، داگیرکاریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ و دوای ئەوە پاشەکشێیان لە ساڵی ٢٠١١، بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە هاوسەنگییەکان لە ناوچەکە بە قوڵایی بهەژێنێتەوە، لەگەڵ داگیرکاری ئەمریکا شەڕی شیعە و سوننە دەستیپێکرد، سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکان لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ کوردەکان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان ئەنجامدا، لەژێر فشارە دەرەکییەکان مەسعود بارزانی ناچار بە دەستلەکار کێشانەوە بوو، کێشەی ئابووریی، هەڵویستی وشکی تورکیا دوای ڕیفراندۆمەکە، کاریگەری ئێران، هەڕەشەی داعش، ڕەفتاری ئەمریکا و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا ڕێگەی کردەوە فشارێکی زۆر گەورە بێتە سەر عێراق.

"لەبەر خەڵکی باکوری عێراق نەبوایا بەڕێوبەرەکانی دژی پەکەکە دەوەستانەوە"

لەم بەشەشدا ڕاپۆرتەکە سەرنجی ڕاکێشاوەتەسەر خاڵێکی گرنگ و ئاماژە بەوە دەکات کە بەڕێوبەرانی باشوری کوردستان لە ترسی خەڵک ناتوانن ڕاستەوخۆ بەرامبە پەکەکە بوەستنەوە و دەڵێت:"لەم دۆخەدا ناتوانین چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە بەڕێوبەرانی ئەربیل لە بەرامبەر پەکەکە خاوەن هەڵویست بن، زۆر کەس لەناو حکومەتی باکوری عێراق دەڵێن؛ پەکەکە بەهۆی خەباتی چەکداریی و ئایدۆلۆژی خۆیەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر خەڵکی ناوچەکە داناوە، هیچ پارت و لایەنێک ناتوانێت ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی پەکەکە بێتەوە، لەناو حکومەتدا لەسەر پەکەکە، هەڵویستی پارتی و یەکێتی جیاوازە، پەکەکە لە هەرێمی ژێر کۆنترۆڵی بارزانی ناتوانێت سەربەستانە بجوڵێتەوە، بەڵام لە هەرێمی ژێر کۆنترۆڵی خانەوادەی تاڵەبانی-دا دەتوانێت کار و خەبات بەڕێوە ببات، شاری سلێمانی زەمینە بۆ زۆرێک لەکارەکانی پەکەکە ئامادە دەکات، لە پڕوپاگەندەی سیاسیی بگرە تا میتینگ، پەروەردە و پزیشکی و وزۆرێک لە پێداویستییەکانی پەکەکە دابین دەکات، لە بەرامبەر ئەمەش تورکیا ماوەیەکی درێژە ناڕەزایەتیی توند نیشان دەدات".

"بارەگای ڕێکخراوەکانی نزیک لە پەکەکە لەسەر داوای تورکیا داخران"

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها بە ئاشکرا وتراوە کە بەڕێوبەرانی یەکێتی لە ئەنجامی فشارەکانی تورکیا ڕێکخراو و ڕێکخستنەکانی نزیک لە بیری ئاپۆیی لە پارێزگای سلێمانی داخستووە و دەڵێت: داخرانی فڕۆکەخانەی سلێمانی کاریگەر بوو، لەو چوارچێوەیەشدا نووسینگەی ڕێکخستنێکی سیاسیی نزیک لە پەکەکە لە پارێزگای سلێمانی داخرا، تورکیا ئەرێنیی چاوی لەم هەنگاوە کرد و داوای کرد کە پێویستی بە هەنگاوی زیاترە.

ڕاپۆرتەکە، دەڵێت: ئەگەر پێشنیاریاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەسەند بکرێت تورکیا لێی بێبەش نابێت و بۆ ئاستەنگ کردنی ئەم پێشنیاریاسایە وەها وتراوە:"لە بەرامبەر لێدوانەکانی ترامپ، هێزە شیعەکانی نزیکی ئێران پێشنیاریاسایەکیان دەرکرد بۆ ئەوەی سەبازەکانی ئەمریکا لە عێراق وەدەر بنرێن، ئەگەر ئەمە پەسەند بکرێت، هێزەکانی ئەمریکا و ئێران ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە، ئەمەش وادەکات هەبوونی هێزەکانی تورکیاش لە عێراق بکەوێتە ڕۆژەڤەوە، دەبینرێت کە هەر ئاڵۆزییەک لە عێراق ڕووبدات ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر تورکیا دەبێت، بارەگاکانی تورکیا لە عێراق ڕۆڵێکی گرنگیان لە تێکۆشانی دژی تیرۆر گێڕاوە، بۆیە هەر هەوڵدانێک کاریگەری تورکیا لە هەرێمەکە سنووردار دەکات، زۆر زوو لایەنگر و پشتیوان پەیدا دەکات، بۆیە هەر ئاڵۆزییەک لە هەرێمەکە ڕووبدات، پێویستە بزانرێت کە زیانی بۆ تورکیا زیاتر دەبێت.

"تورکیا دەیەوێت ببێتە خاوەن قسە"

تورکیا، کە دەیەوێت لە سیاسەتی نوێی جیهانیدا ببێتە یەکێک لە وڵاتە خاوەن قسەکان، هەوڵدەدات ئەمەشی بە بڵاوەپیکردنی هێزە سەربازییەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە ئەنجامبدات، ڕاپۆرتەکە وەها باسی دەکات: "بەو پێگەیەی خۆیدا کە هەیەتی لەناو ئەکتەرە بەهێز ولاوازەکانی جیهان جێی دەگرێت، بۆیە دەتوانین بڵێن، هێزی مامناوەندە، لە وڵاتانی ناوچەکە توانیویەتی بە کاری بازرگانی، دیپلۆماتی و سەربازیی مەیدانی خۆی بەرفراوان بکات، لە ئەنجامی پەیوەندییە سەربازییەکاندا، بارەگاکانی لە دەرەوەی سنوور دامەزراندووە، کە خاوەن گرنگییەکی ستراتیژییە، لە چوارچێوەی تێکۆشانەکانی بۆ داعش لەگەڵ بارەگاکانی لە باشیک، لە سوریا و سۆماڵ-یش بارەگا سەربازییەکان خزمەتێکی باش دەکەن، لە ئەفغانستان و ئازەربایجان-یش هەبوونی سەربازیی خۆی بەردەوام دەکات، بە تایبەت دوای بەهار لە ئەربیل بەرامبەر ئەو هاوسەنگییانەی کە لە ناوچەکە دروست بوو، تورکیا هەنگاوی گرنگی هەڵگرتووە.

لەسەر داگیرکردنی کوردستان هەوڵدەدات لە سیاسەتی نوێی جیهانی جێی بگرێت

لەم ڕاپۆرتەدا پەسنی داگیرکاریی عەفرین و هەوڵدان بۆ داگیرکاریی ڕۆژئاوای کوردستان دەدرێت و دەڵێت: تورکیا هاتووەتە مەیدان و بە قەڵغانی فورات و چڵی زەیتون توانیویەتی لەگەڵ ڕوسیا و ئێران لەسەر مێزی مامەڵە دانیشێت، دوای بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی لە سوریا، تورکیا داوای دروستکردنی ناوچەی ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی چەمی فورات کرد و ئێستاش بۆ ئەوە باسی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێک دەکات، بۆ ئەوەی تورکیا لە ناوچەکە بەهێز بێت، پێویستی بە دروستکردنی بەرەگای سەربازیی هەیە، چ لە عێراق بێت چ لە شوێنیکی دیکەی ناوچەکە بێت، هەبوونی بارەگا سەربازییەکانی تورکیا خزمەت بە وڵات دەکات، ئەگەر لە ناوچەکە هەبوونی هەبێت، دەتوانێت ببێتە بەشێک لەو هاوسەنگییەی لەهەرێمەکە دروست دەکرێت، ئەو بارەگایانە کە بە شێوەیەکی ستراتیژیی دروستکراون، دەبێتە وەڵامی چاوەڕوانییەکانی تورکیا، قۆناغی ئاستانە و ناوچەی ئارام، کە لە ڕۆژهەڵاتی فورات دروست دەکرێت، نیشانەی ئەمانەیە.

 

ڕاپۆرتی پێشووی سەتا

ش.ف