ڕۆژنامەی ژیان قوتابخانەی ڕۆژنامەنووسی کوردی

٩٤ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ژیاندا تێدەپەڕیت، کە ٥٥٣ ژمارەی لێدەرچوو، ڕۆژنامەنووسان و شارەزایانی بواری میدیاش پێیان وایە هەرچەند زمانی ئەدەبی بەسەر ڕۆژنامەکەدا زاڵ بوو بەڵام قوتابخانەیەک بوو بۆ ڕۆژنامەنووسی کوردی.


ئەمڕۆ ٢١ی کانونی دووەم ٩٤ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ژیان کە لەساڵی ١٩٢٦ لە شاری سلێمانی دەرچووە، بەچوار قۆناغ ٥٥٣ ژمارەى لێدەرچووە و لە کۆتا قۆناغدا پیرەمێردى شاعیر بەڕێوەى بردووە.

ئێستا لەهەرێمی کوردستان ٣٣ کەناڵی سەتالایت هەیە، لەگەڵ ١١١ کەناڵی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی، ١٤١ ڕادیۆ هەیە، لەگەڵ ٦٦٠ گۆڤار و ٢٥٦ ڕۆژنامە.

پڕفیسۆر دکتۆر هێمن مەجید، مامۆستا لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، لەسەر ڕۆڵی ڕۆژنامەی ژیان لە سەردەمی خۆیدا بە ڕۆژنیوزی وت: بابەتەکانی ناو ڕۆژنامەی ژیان لەو سەردەمەدا جیاوازبوون لە ئێستا، لەو سەردەمەدا کۆمەڵگای کوردی سادەبووە، ئەو شتەی کە سەرنجی خەڵکی ڕادەکێشا زیاتر بابەتە ئەدەبییەکان بوو، شعر و چیرۆک بوو، هەندێک جار دەچوون بەلای هەندێ بابەتی سیاسی و ڕووداوەکانی ڕۆژدا، بەڵام کۆی بابەتەکان زیاتر ئەدەبی و هونەری بوون، بابەتەکانی دیکە زۆر کەم بوون هەتا زمانی نوسینی ڕۆژنامەکە ئەدەبیانە بوو".

هەروەها وتی: پیرەمێرد لەو سەردەمەدا هەوڵیداوە خەڵک هۆشیار بکاتەوە، لە ڕێی شعرەکانیەوە داوای خوێندەواری، ناردنی کچان بۆ خوێندن، هەندێ بابەتی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییان کردووە، پێچەوانەی ئێستا کە ئەرکەکانی ڕاگەیاندن فراوان بووە.

دکتۆر هێمن، نیگەران بوو لە ئاستی ڕاگەیاندن لە ئێستادا و وتی: ڕۆژنامەنووسی کوردی لە ئێستا ناتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێبکات، لەبەر ئەوەی وابستەیە بە سیاستەوە، کیانێکی سەربەخۆی نییە، بووەتە ئامرازێکی کاریگەر بەدەست دەسەڵات و سیاست و حزبەکانەوە، لەبەر ئەوەیە  دوورکەوتوونەتەوە لە بابەتە نیشتیمانییەکان. 

دکتۆر هێمن مەجید، پێی وایە، گەشەی تەکنەلۆژیا و جۆری ڕۆژنامەکان و تایبەتمەندیەکانی زۆر لاوازن، جدی نین لە چارەسەرکردنی کێشەکانیاندا، کێشە گرنگەکان بڵاوناکەنەوە، ئەمەنە وای لێهاتووە ڕۆژنامە بووە بە زیادە و ئەرکەکانی بەباشی جێبەجێنەکات.

نەجات ڕۆستی، ڕۆژنامەنووس و سەرۆکی ڕێکخراوی میدیا، دەبارەی کاریگەرییەکانی ڕۆژنامەی ژیان لەو سەردەمەدا بە ڕۆژنیوزی وت:"ژیان لەو سەردەمەدا کاریگەریەکی یەکجار زۆری هەبووە، چونکە ئەو سەردەمی میدیای نوسراوبووە، ئەتوانم بێڵم شۆڕشێکی گەورەی بەرپاکردووە، لە ڕووی زانیاریەوە بە تایبەت لە شاری سلێمانی".

نەجات ڕۆستی، لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد، کە لەکاتی سەیرکردن و خوێندنەوەی ڕۆژنامەکەدا دەتوانرێت بزانرێت خەڵکی ئەو سەردەمە چۆن ژیاون، باری ڕۆشنیری و ئابووری چۆنبووە، هەروەها باسی لەوەکرد لەو سەردەمەدا ئازادیی ڕۆژنامەنووسی زۆر کەمبووە، زۆرجار بابەتەکان بە شێوازی هێمان نووسراون.

 لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: ڕۆژنامەی ژیان بووە بە خوێندنگایەک بۆ ڕۆژنامنووسی ئێستا، ڕۆژنامەکە بووەتە بەشێک لە مێژووی شارستانێتی ئێمە و مێژوویەکی پڕشنگداری زۆر گرنگی کورد بە تایبەتی لە باشوری کوردستان.

د.ع