ڕیفراندۆم چی بەسەر باشوری کوردستاندا هێنا؟

ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، چەندین دەستکەوتی سیاسی و ئابووری لە دەستی هەرێمی کوردستان دەرهێنا، وایکرد کە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر حکومەتی ناوەندی عێراق لاوازبێت، هەروەها پارچەبوونی لەنێوماڵی کورد لە هەرێمی کوردستان دروستکرد.


ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستاندا تێدەپەڕێت، هەرچەند حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر فشاری حکومەتی ناوەندی و پیلانگێڕیی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران ناچاربوو کە ئەنجامی ڕیفراندۆم سڕبکات، بەڵام هەتا ئێستا کاریگەریی کاردانەوەکانی دوای ڕیفراندۆم بەسەر هەرێمی کوردستانەوە ماوە و هەروەها پیلانگێڕییەکان دژی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

کەشوهەوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم

لەدوای هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سنوورەکانی باشوری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ پاشەکشەیان کرد و ئەو ناوچانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە پڕکرایەوە، لەوکاتەدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوەدەکرد ماددەی ١٤٠ جێبەجێکرا، ئەوەش بەواتای ئەوەبوو، کە هێزی پێشمەرگە لەوناوچانە پاشەکشێ ناکەن.

زیادبوون و فراوانبوونی سنووری دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو ڕۆڵەی کە هێزی پێشمەرگە گێڕای لەشەڕی دژی چەتەکانی داعش، متمانەی بەخشی بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت، مەسعود بارزانی کە ئەوکاتە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بوو، بیر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکاتەوە، بۆیە بارزانی لەگەڵ ئەو ئەنجونەی کە بەناوی " ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم" دروستی کردبوو، ڕۆژی ٢٥-٩-٢٠١٧یان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاری کرد.

لەگەڵ دیاری کردنی ڕۆژی ڕیفراندۆمدا، دژایەتییەکانی دەستی پێکرد، دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و حکومەتی ناوەنی عێراق، هەڕەشەی جدیان دەکرد لەوەی ئەگەر هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم ئەنجامبدات ئەوا هەموو کارێک دەکەن دژی هەرێمی کوردستان، فشار و هەڕەشەکانیش وایکرد، کە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ڕای جیاواز دروستبێت بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەروەها وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا چەندین بەدیلیان خستە بەردەم هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجامنەدات، ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە ئەوان پشتگیریی ئەنجامدانی ڕیفرانۆم ناکەن، لەهەرێمی کوردستانیش هەندێک لە لایەنەکان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوون، هەندێکی دیکەیان لەگەڵ ئەوەدابوون کاتەکەی دوابخرێت، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەت شەخسی مەسعود بارزانی سووربوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، تەنانەت لەوتارێکدا چەند ڕۆژێک پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وتی " ڕیفراندۆم ئەنجامدەدەین و حساب بۆ کەسیش ناکەین"، بۆیە بەفشاری بارزانی ڕیفراندۆم لەکاتی خۆیدا ئەنجامدرا.

کاردانەوەکانی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەڕەشەکانی تورکیا و عێراق و ئێران خرانە بواری پراکتیکییەوە و یەکیان گرت دژی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢٩ی ئەیلول، واتە تەنها دوای چوار ڕۆژ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق، گەشتە ئاسمانییەکان بەڕووی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستاندا داخرا، هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانیش، بە داخستنی دەروازەی سنوورییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر هەرێمی کوردستان.

لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە تاوەکو ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان بەردەوامبوو، تادەهات تووندتریش دەبوونەوە، لە سنوورەکانی نێوان عێراق و باشوری کوردستانەوە جموجوڵی سەربازیی دەستیپێکردبوو، عێراق هێزێکی زۆری بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە کۆکردبووەوە و ناسەقامگیریی سەربازیی دروستببوو، لە ١٦/١٠/٢٠١٧ بە هاوکاریی ئێران و تورکیا، هێزەکانی حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و لەماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا هێزی پێشمەرگە لە هەموو ئەو ناوچانە کشانەوە.

ئەوە هەرێمی کوردستان لەدوای ڕیفراندۆم لەدەستی دا

هەرێمی کوردستان لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ چەندین دەستکەوتی گرنگی لەدەستدا، لەڕووی ئابووری و سیاسی و خاکەوە.

ئەو خاكەی لەدەستدراوە

كۆی گشتی سنووری باشوری كوردستان ( 86269كم2) یە، كە تاوەكو ساڵی 2003 (41939كم2) لەژێر دەستی هەرێمی كوردستاندا بووە، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی 2003 دا، دواتر لە دوای هێرشی چەتەکانی داعش لە ساڵی 2014 دا زۆرینەی ناوچە دابڕاوەكان كەوتنەوە دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە، كە ڕووبەرەكەی (44939كم2) بوو،  لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هێزی پێشمەرگە لەهەموو ئەو ناوچانە كشانەوە كە دەكاتە 52% خاكی باشوری كوردستان، ئەو خاكە لەدەستدراوە، بێجگە لە شاری كەركوك هەشت شارۆچكە و 21 شارەدێی تێدابوون.

ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە لەدەست چوون

بەپێی وتەی شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە، لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە هەرێمی كوردستان ٥٥٪ ی هەناردەی نەوتی لەدەست داوە.

پێش ڕووداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان، ١٢ بیرە نەوتی لە ژێردەستدا بوو، كە بریتی بوون لە كێڵگەكانی (هاڤانا، بای حەسەن، بابەگوڕگوڕ، خەباس، جەمبور، خۆرمەڵە، عەین زالە، بەتمە، تەق تەق، حەسیرە، شێخان، تاوگێ‌) كە لەكۆی ئەو بیرە نەوتانە ٧٢٦  هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەم دەهێندرا.

لە ئێستادا هەریەك لە بیرەنەوتەكانی هاڤانا و بای حەسەن و بابەگوڕگوڕ و خەباس و جەمبور و عەینزالە و بەتمە، كەوتوونەتەوە دەستی حكومەتی ناوەندی، كە كۆی كشتی بەرهەمیان ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە.

بێجگە لە نەوتی كێڵگەكانی هاڤانا و بای حەسەن، حكومەتی هەرێم بەرهەمی غازی سروشتی ئەو كێڵگانەشی لەدەست داوە، كەكۆمپانیای دانەغاز بەرهەمهێنانی تێدا دەركرد.

لە هەرێمی كوردستاندا پێنج خاڵی سنووری هەیە كە بریتین لە (برایم خەلیل، فیشخاپور، پەروێزخان، باشماخ، حاجی هۆمەران)، كە داهاتێكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و خاڵی بەستنەوەی هەرێمی كوردستانە بە دەوەرە، ئێستا حكومەتی عێراق داوای ڕادەستكردنی ئەو خاڵە سنوورییانە دەكات بە حكومەتی فیدڕاڵی.

بەدەر لە فشارەكانی حكومەتی عێراق بۆ ڕادەستكردنی خاڵە سنوورییەكان، لە ئێستادا حكومەتی عێراق داوای ڕادەستكردنی سەرچاوە ئاوییەكان و بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، كە پێك دێت لە بەنداوەكانی دەربەندیخان و دوكان و بێخمە، هەروەها داواش دەكات هێزی پێشمەرگە بخرێتە سەر سوپای عێراق و فەرمان لەوێوە وەربگرێت و داوای ڕادەستکردنی هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات.

پێگەی سیاسی

باشوری كوردستان بێجگە لە لەدەستدانی 52%ی خاكەكەی و 55%ی نەوتی هەناردەكراوی و داهاتی فڕۆكەخانەكان، پێگەی سیاسی لە عێراق و ئاستی نێودەوڵەتیدا لەدەستداوە، چونکە پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەهۆی ڕۆڵیەوە لەشەری دژی چەتەکانی داعش، هەرێمی کوردستان لە پێگەیەکی سیاسی بەرزدابوو، زۆرێک لە سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپا و بەرپرس و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان سەردانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەو پەیوەندیانە پچڕان و زۆریبەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەرەوە لەڕێگەی حکومەتی ناوەندی عێراقەوە کۆنتڕۆڵ دەکران، تەنانەت نێجیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردنی لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئەردۆغان، ناچاربوو لەڕێگای ئۆتۆمبێلەوە لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە بڕواتە تورکیا، ئەوەش لەکاتێکدا بوو، کە ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا زۆرترین سوکایەتی بە کورد و مەسعود بارزانی دەکرد، دەیوت ئەگەر ئێمە بەلۆعەکە بگرینەوە ئێوە هیچ نابێت بیخۆن و لەبەری بکەن.

هەروەها فشارەکانی دوای ڕیفراندۆم ئەوەندە گەورەبوون بۆ باشوری كوردستان كە بارزانی ناچاركرد كە دەست لە پۆستەكەی بەربدات وەك سەرۆكی هەرێم، كە ماوەی ١٢ ساڵە لەو پۆستەدابوو، لەلایەکی دیکەوە ڕیفراندۆم نێوماڵی کوردی لە باشوری کوردستان پارچەکرد و وای کرد، لایەنەکان زیاتر لەیەک دوربکەونەوە و گەشتە ئاستێک کە خەریک بوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر بەدوو ئاڕاستەی جیا مامەڵەیان لەگەڵ بەغدا دەکرد.

شوان محەمەد، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی، پێی وایە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ هەر بابەتێک مافی هەر نەتەوە و گەلێکە، بەڵام دەڵێت، کە هەڵبژاردنی کاتەکەی گونجاو نەبووە و بووە هۆی ئەوەی ناوچەیەکی زۆر لەدەستی باشوری کوردستان بچێت.

شوان محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، کە کورد لە باشوری کوردستان پێش ڕیفراندۆم هێزێکی کاریگەری ناوچەکە بوو، بەڵام دوای ڕیفراندۆم کەنارگیر کرا، دەشڵێت: دەبێت لە ڕیفراندۆمەوە وانەو پەند وەربگیرێت، لە ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکاندا توێژینەوەی لەسەر بکرێت، ئەو لایەنانەش کە زۆر پاڵیان دەنا بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە دەبێت هەست بە کەموکورتی و هەڵەکانیان بکەن.

ڕیفراندۆم دەریخست، کە بەرژەوەندی هەموو پارچەکانی کوردستان بەیەکەوە بەستراوەتەوە، چونکە ئەگەر پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان هەوڵی سەربەخۆیی و بەدەستهێنانی مافەکانی بدات ئەوا داگیرکەرانی کوردستان لە پارچەکانی دیکە هەوڵی شکستپێهێنانی ئەو هەوڵە دەدەن، هەرەوەها ڕیفراندۆم دەری خست کە هەر پڕۆژەیەکی ئازادیی لە پارچەکانی کوردستان دەبێت پڕۆژەیەکی دیموکراتی بێت، کە دەستەبەری پێکەوە ژیانی گەلان و مافی پێکهاتەکانی کوردستان بکات، لەبەر ئەوەی زۆرترین دژایەتی ڕیفراندۆم لەلایەن پێکهاتە جیاوازەکانی نیشتەجێی باشوری کوردستانەوە کرا، بەتایبەت تورکمان و عەرەب، کە هەتا ئێستاش ڕازی نین پاریزگاری کەرکوک بدرێتەوە بە کورد و داوای دانانی پارێزگارێکی تورکمان دەکەن بۆ کەرکوک.

د.ع