ڕێکارەکانی گۆڕینی دەستور و ئەو ماددانەی خواستی گۆڕینی لەسەرە

لە دەستوری عێراقدا ڕێکارەکانی گۆڕین و هەموارکردنەوەی دەستور دیاریکراوە، لە ئێستاشدا، کە هەوڵی هەموارکردنەوەی دەستور دەدرێت، هەریەک لە کورد و سونە و شیعە ئامانجی خۆیان هەیە کە لەهەموارکردنەوەکەدا جێگیری بکەن، لەم ڕاپۆرتەدا باس لە وردەکاریی گۆڕینی دەستور و ئەو ماددانە دەکەین کە خواستی گۆڕینی لەسەرە.


لەدوای دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی عێراق، چەندین چاکسازیی لەلایەن حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ڕاگەیەندرا، هەموارکردنەوەی دەستوریش یەکێکە لەو هەوڵانەی کە سیاسییەکانی عێراق دەیانەوێت شەقامی عێراقی پێ ئارام بکەنەوە.

هەرچەند زۆرینەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، کە هەموارکردنەوەی دەستور خواستی ڕاستەقینەی خۆپیشاندەران نییە و لایەنە سیاسییەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان کردوویانەتە خواستی خۆپیشاندەران، بەڵام دواجار داواکاری هەموارکردنەوەی دەستور خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئێستادا لیژنەیەکی ٢١ کەسی لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کار لەسەر هەموارکردنەوەکە دەکەن.

ڕێکارەکانی گۆڕین و هەموارکردنەوەی دەستور

دەستوری عێراق لە ١٤٣ ماددە پێکدێت و لەساڵی ٢٠٠٥ دا لەدوای ئامادەکردن و نووسینەوەی لەلایەن گەلی عێراقەوە لەڕاپرسی گشتیدا پەسەندکرا و جێگیرکرا، لەناو دەستوری عێراقدا ڕێکارەکانی گۆڕینی دەستور بەمشێوەیە دیاری کراوە.

لە ماددەی ١٤٢ی دەستوردا هاتووە، بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی و هەموارکردنەوە لە دەستوری عێراقدا بکرێت، سەرەتا ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەکی تایبەت لە ئەندامانی پێکدەهێنێت کە نوێنەرایەتی پێکهاتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای عێراقی بکات، ئەرکی بریییە لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە ماوەیەکدا کە لەچوار مانگ تێپەڕنەکات، تێیدا ڕاسپاردەی پێویست لەخۆبگرێت سەبارەت بە هەموارکردنەوەی پێویست کە دەکرێت لە دەستور ئەنجامبدرێت، لیژنەکەش هەڵدەوەشێتەوە دوای تەواوبوونی کارەکانی.

لە ئێستادا ئەم لیژنەیە پێکهاتووە، کە ژمارەی ئەندامەکانی ٢١ ئەندامە و شەش ئەندامیان کوردن، ئەم لیژنەیە ڕۆژی ١١-١١-٢٠١٩ یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و بەپێی ڕێکارە دەستورییەکان دەبێت هەتا ١١-٣-٢٠٢٠ کارەکانی ئەم لیژنەیە تەواوبێت.

هەر بەپێی ماددەی ١٤٢ی دەستوری عێراق، لەدوای ئەوەی ئەم لیژنەیە کارەکانی تەواو دەکات، پێشنیارەکانی دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەری، هەرەوەها ئەو پێشنیارانەی بۆ هەموارکردن بە پەسەندکراو دادەندرێن بە ڕەزامەندی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی ئەنجومەن، واتا دەبێت لەکۆی ٣٢٩ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢١٨ ئەندام دەنگی (بەڵێ)ی لەسەر بدەن.

قۆناغی سێیەم ئەوەیە، کە لەدوای ئەوەی ماددە هەموارکراوەکان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکرا ماددەکان لە ڕاپرسییەکی گشتیدا دەخرێتە بەردەم گەلی عێراق بۆ دەنگدان لەسەری، ئەنجامدانی ڕاپرسییەکەش دەبێت لە دوومانگ تێنەپەڕێت، لە داوی پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

چوارەم، ڕاپرسیی لەسەر ماددە هەموارکراوەکان بەسەرکەوتوو دادەندرێت ئەگەر زۆرینەی دەنگدەران ڕەزامەندی لەسەر نیشان بدەن، هەروەها ٢٣٪ی دەنگدەران لەسێ پارێزگا یان زیاتر ڕەتی نەکەنەوە.

ئەو ماددانەی کە هەموارکردنەوەیان گرانە

لەبڕگەی پێنجەمی ماددەی ١٤٢ی دەستوری عێراقدا هاتووە، بڕگەکانی ئەم ماددەیە ماددەی ١٢٦ ناگرێتەوە کە پەیوەندی هەیە بە هەموارکردنەوەی دەستور تاکاتی کۆتایهاتن بە ئەنجامدانی هەموارکردن.

هەروەها دەڵێت: نابێت ئەو بنەما بنەڕەتیانەی لە بەندی یەکەم و ماف و ئازادییەکانی بەندی دووەمدا هاتووە هەموار بکرێتەوە، مەگەر پاش دوو خولی هەڵبژاردنی دیکە و بەڕەزامەنی ٢/٣ی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەری و ڕازیبوونی گەل لەڕێگای ڕاپرسیی گشتی و پەسەندکردنی سەرۆک کۆمار لەماوەی حەوت ڕۆژدا.

واتا دەبێت هەموارکردنەوەکان ماددەی یەکی دەستور و ماف و ئازادییەکانی ماددەی دوو نەگرێتەوە کە ئەوانیش بریتین لە:

ماددەی یەک دەڵێت: کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدڕاڵی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە، ڕژێمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری نوێنەرایەتی ( پەرلەمانی) دیموکراسیە، ئەم دەستورەش یەکپارچەیی عێراق دەپارێزێت.

ماددەی دوو دەڵێت: نابێت یاسایەک دابندرێت لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و حوکمەکانی ئاینی ئیسلام و ماف و ئازادییەکانی ناو ئەم دەستورە ناکۆکبێت.

ئەو ماددانەی خواستی گۆڕینیان لەسەرە

هەریەک لە پێکهاتەکانی عێراق خواستی گۆرین یان مەترسی لەسەر گۆڕینی چەند ماددەیەک هەیە لە دەستوردا، بۆنمونە بەگوێرەی وتەی ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سونەکانی عێراق دوو خواستیان هەیە کە دەیانەوێت لە دەستوردا جێبەجێ بکەن، خواستی یەکەمیان دروستکردنی هەرێمێکی سونییە لە چەند پارێزگایەکی ناوڕاستی عێراقدا، کە ئەویش لە دەستوری ئێستای عێراقدا شێوازی دروستکردنی هەرێم دیاری کراوە بەم شێوەیە.

ماددەی ١١٩ی دەستور باس لە دروستکردنی هەرێمێکی نوێی کردووە، کە ئەویش دەڵێت: پارێزگایەک یان زیاتر مافی پێکهێنانی هەرێمێکیان هەیە بە پشتبەستن بە داواکارییەک بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەری، داوکارییەکەش بە دوو ڕێکار دەکرێت، کە یەکەمیان بریتییە لە داواکاریی ١/٣ی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، واتا دەبێت داواکارییەکە لەلایەن ١١٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێشکەشبکرێت، ڕێکاری دووەم ئەوەیە، کە داواکاریەکە لەلایەن ١٠/١ی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەوە پێشکەش بکرێت.

بەو پێیەی کە سونەکانی عێراق تا ئێستا نەیانتوانیەوە لەڕێگەی هیچ یەکێک لەو ڕێکارانەوە داواکاریی دورستکردنی هەرێم پێشکەشبکەن، دەیانەوێت لەڕێگای گۆڕینی ڕێکارەکانی پێکهێنانی هەرێمەوە بگەن بەو خواستەیان، کە ئەویش بە گۆڕانکاری دەبێت لە ماددەی ١١٩ی دەستوردا.

هەر بەپێی وتەی ئەمین بەکر، یەکێکی دیەکە لەو خواستانەی سونەکان هەیانە لە گۆڕانکاریی دەستوردا گۆڕینی ماددەی ١٣٤و ١٣٥ی دەستوری عێراقە، کە تایبەتە بە ڕیشەکێشکردنی بەعس.

لە ماددەی ١٣٤ی دەستوری عێراقدا هاتووە، کە دادگای تاوانەکانی باڵای عێراق وەک دەسەتەیەکی دادوەریی سەربەخۆ بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی بۆ چاوخشاندنەوە بە تاوانەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو و سەرانی.

لە ماددەی ١٣٥  بەندی یەک هاتووە، کە دەستەی باڵای ڕیشەکێشکردنی بەعس، وەک دەستەیەکی سەربەخۆ بەردەوام دەبێت لەسەر ئەنجامدانی کارەکانی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاکانی ڕاپەڕاندن لە چوارچێوەی چەند یاسایەکی دیاریکراو کارەکانی پەیوەستدەبێت بە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

لەماددەی ١٣٥ بەندی شەشەم هاتووە، کە ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەکی نوێنەرایەتی پێکدەهێنێت لە ئەندامەکانی بۆ چاودێریکردن و پێداچوونەوەی ڕێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی لە دەستەی باڵای ڕێشەکێشکردنی بەعس و دەزگاکانی دەوڵەت بۆ مسۆگەربوونی دادپەروەریی و بابەتیبوون و شەفافیەت.

بەهۆی ئەوەی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە حزبێک بووە، کە لەلایەن سونەکانەوە سەرکردایەتی دەکرا و زۆرینەی دەسەڵاتدارانی پێشوی عێراق لە ئەندامانی حزبی بەعس و سونەی عێراق بوون، ئێستا پێیان وایە بەهۆی ئەو دوومادەیەی دەستورە و بەناوی ڕێشەکێشکردنی بەعسەوە زۆرترین خەڵکیان لێ زیندانی کراوە و کەمترین دەسەڵاتیان لە حکومەتەکانی دوای حکومەتی بەعس پێدراوە، هەروەها پارێزگا سونییەکانی عێراق لەڕووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەوە پشتگوێخراون، بۆیە دەیانەوێت ئەم دوو ماددەیە لە دەستورد لاببرێت.

ئەوەی کورد لێی دەترسێت

لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ دەسەڵاتی کورد و ئەو خاکەی لەژێر کۆنتڕۆڵیدا بوو بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، بەشێوەیەک کە ٥٢٪ی ئەو خاکەی لەژێردەستیدابوو لەدەستیدا، بۆیە لەدوای ئەوەوە خواستی کورد بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق زیادیکرد.

 ماددەی ١٤٠

ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانەی کە لەنێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کێشەیان لەسەرە، دەقی ماددەکەش بەم شیوەیە: دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن هەنگاوی پێویست دەنێت بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی ماددەی ٥٨ لە یاسای بەڕێوبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە بەهەموو بڕگەکانیانەوە.

ئەو بەرپرسیارێتیانەی لەسەر شانی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنە لە حوکمی ئینتیقالیدا کە لە ماددەی ٥٨ لە یاسای بەڕێوبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە ئاماژەی پێکراوە دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنی هەڵبژێردرا و بەگوێرەی ئەم دەستورە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی جێبەجێ بکرێت ( ئاسایی کردنەوە، سەرژمێری، لەکۆتایدا ئەنجامدانی ڕاپرسی لە کەرکوک و ناوچەکانی تر کە ناکۆکیان لەسەر بۆ دیاریکردنی ویستی هاوڵاتیان، لەماوەیەکی دیاریکراودا کە لەمانگی ١٢-٢٠٠٧ تێپەڕ نەکات.

گەلی عەرەب بە سونە و شیعەوە پێی وابوو، لەبەر ئەوەی ئەم ماددەیە لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە لە دەستوردا جێبەجێ نەبووە، ئەوە ماددەیەکی بەسەرچووە، بەڵام کورد سورە لەسەر جێەجێکردنی، لە ئێستاشدا یەکێک لە مەترسییەکانی کورد لە هەموارکردنەوەی دەستور دەستکاریکردنی ماددەی ١٤٠ یان جێگیرکردنی ماددەیەکی دیکەیە، کە دژ بە خواستەکانی کورد بێت لەبارەی ناوچە دابڕێندراوەکانی باشوری کوردستان.

نەوت و گاز

یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خواستی ئەوەیان هەیە کە لە بەرژەوەندی ئەوان دەستکاری بکرێت ماددەکانی ١١٠و ١١١و ١١٢ ی تایبەت بە دەسەڵاتەکانی فیدراڵییە.

ماددەی ١١٠ دەڵێت: دەسەڵاتی فیدڕاڵی هەیە بەسەر ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی دارایی و گومرگ و دەرکردنی دراو و ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی و لەسنووری هەرێم و پارێزگاکانی عێراقدا.

ماددەی ١١١ دەڵێت: نەوت و گاز موڵکی هەموو عێراقییەکانە.

ماددەی ١١٢ دەڵێت: حکومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ هەرێم وپارێزگاکان بەرهەمهێندراوی کێڵگاکانی ئێستا بەڕێوەدەبات بەمەرجێک داهاتەکەیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەگوێرەی دابەشبوونی دانیشتوان دابەشبکرێتەوە.

ئەم ماددانە لە بەرژەوەندی ئەو سیاسەتانەدا نییە کە حکومەتی ئێستا و پێشوی هەرێمی کوردستان پیادەی دەکەن، کە ئەویش سیاسەتی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتە، هەتا ئێستا یەکێکە لەو کێشانەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراق لێکتێگەیشتنی لەبارەوە نەکراوە، کورد خواستی ئەوەی هەیە کە دەسەڵاتی زیاتر بە هەرێم بدرێت بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و بەڕێوەبردنی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ترسی لەوە هەیە دەسەڵاتی کەمتر بکرێتەوە لەو بارەیەوە.

خواستی شیعە

بەپێی ئەوەی لە میدیاکان و لەزاری سیاسییەکانی شیعەوە باس دەکرێت، خواستی سەرەکی شیعەی عێراق، گۆڕینی شێوازی حوکمە لەعێراق لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، ئەویش سەرۆکایەتییەکی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەم هەنگاوەش شیعەکان دەسەڵاتی ڕەها لە عێرا ق دەگرنە دەست و دەسەڵاتی سونە و کورد کەمدەکەنەوە.

ئەوەی شیعەکان دەیانەوێت ئەنجامی بدەن یەکێکە لە کارە هەرە ئەستەمەکان لە دەستوری عێراقدا، ئەویش لەبەر ئەوەی کە دەچێتە چوارچێوەی گۆڕانکاری لە ماددەی یەکی دەستور، کە ڕێکاری توند بۆ گۆڕانکاری تێیدا دیاری کراوە.

ئەنجام

ئەوەی کە دەردەکەوێت لە هەوڵەکانی گۆڕانکاریی لە دەستوردا ئەوەیە، کە هیچ گۆڕانکارییەک لە دەستوردا بەبێ ڕۆڵێ پێکهاتەکانی عێراق ئەنجامنادرێ، لەبەر ئەوەی هەر پێکهاتەیەک دەتوانێت ئەگەر لەڕێگەی نوێنەرەکانیشیەوە نەبێت، لە دەنگدان و ڕاپرسیدا هەموارەکان ڕەتبکاتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین هەموارکردنەوەی دەستوریش هاوشێوەی هەموو پرسەکانی دیکە بە تەوافوق تێدەپەڕێت و دەسپێردرێت بە مامەڵەو بازرگانی نێوان لایەنەکانی عێراق.

د.ع