ڕێککەوتنى دەوڵەتان دژ بەکورد و یەک نەبوونى کورد

لە مێژووى سەد ساڵى کوردستاندا چەندین پەیماننامە لەلایەن وڵاتانى هەرێمى و نێودەوڵەتییەوە لەدژى کورد ئەنجامداروە و لە دەرفەتە مێژووییەکاندا نەیانهێشتووە کورد بکاتە مافە ڕەواکانى خۆى، لە ئێستاشدا هەمان پلان لەدژى کورد ئەنجامدەدرێت، بەڵام یەکنەبوونى کوردیش لەمپەرى گەورەبووە بۆ نەگەشتنى  کورد بە مافەکانى.


ڕۆژى ٦ى ئەم مانگە، ئەمریکا بڕیاریکى دژى ( موراد قەرەیڵان، جەمیل بایک، دۆران کالکان)، کەسێ سەرکردەى پەکەکە و کەجەکە، دەکرد، بە ئامانجى پاکتاوکردن و بێکاریگەرکردنیان، ئەوەش لەلایەن کوردانەوە وەک درێژەپێدەرى ئەو گەلەکۆمانە لێکدرایەوە، کە لەماوەى ڕابردوودا لەسەر گەلى کورد بەڕێوە چووە.

لێرەدا بۆ وەبیرهێنانەوەى گەلەکۆمەکانى دژ بەکورد لە سەد ساڵى ڕابردوودا ئاماژە بە چەند ڕێککەوتن و گەلەکۆمەیەکى نێودەوڵەتى و هەرێمى دەکەین.

لەدواى  شەڕى جیهانى یەکەم سیتمێکى نوێى لە ڕۆژهەڵاتى ناوڕاستدا دروست بوو، هەر نەتەوەیەک دەیویست جێگاى خۆى لەنێو ئەو سیستمە نوێیەدا بکاتەوە، ئەو سیستمەى کە لەسەر بنەماى دەوڵەت نەتەوە بونیات دەنرا کوردیش خواستى ئەوەى هەبوو، کە ببێتە خاوەنى دەوڵەت، بەڵام بەهۆى یەک نەبوونى کورد نەتواندرا ئەو خواستە بەدى بێت.

پەیماننامەى لۆزان ١٩٢٣

لە 24ی تەموزی 1923دا لەشاری (لۆزان)ی سویسرا لەنێوان دەوڵەتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانیا و سربیاو كرواتیاسلوانیاو توركیا، پەیماننامەى لۆزان مۆرکرا، کە ئامانج لێى دەوڵەتی نوێی توركیا و پیاچوونەوە بوو بەپەیمانی سیڤەردا،لەم كۆنگرەیەدا (عیصمەت ئینونو)ی سەرۆك وەزیرانی توركیا وەك نوێنەری توركیا و (لۆرد كرزن)سیاسەتمەداری ئینگلیز وەك نوێنەری بەریتانیا لەسەر مەسەلەی ناوچەی موسڵ كەوتنە گفتوگۆیەكی درێژخایەن.

لەپێش ئەنجامدانى پەیماننامەى لۆزان، کورد داواى مافى خۆى دەکرد، بەڵام کەمال ئەتاتورک، هێزە کوردییەکانى بەوە ڕازیکرد، کە ئەوان پێکەوە لەگەڵ کورد کۆمارى تورکیا دادەمەزرێنن، هەروەها هێزە کوردییەکانى لەگەڵ خۆى برد بۆ واژۆکردنى پەیماننامەى لۆزان، بەڵام لەدواى واژۆکردنى پەیماننامەکە، مافەکانى کوردى پشتگوێخست بۆیە شۆڕشى کورد دەستى پێکرد، لەدژى ئەتاتورک، وەک شۆڕشى دێرسیم و ئاگرى و شێخ سەعیدى پیران، بەڵام ڕژێمى تورکیا هەموو شۆڕشەکانى کوردى بە کۆمەڵکوژکردن کۆتایى پێهێنا، ئەوەش بەهۆى نەبوونى یەکێتى نێوان کوردانەوەبوو، کە تورکیا تواناى کۆمەڵکوژى لە بەرامبەر کورد پێکبهێنێت.

لە ئەنجامى ئەم پەیماننامەیەدا ڕێگرى لەوەکرا کورد ببێتە دەوڵەتى سەربەخۆ، هەرچەند بەریتانییەکان لە شارى سلێمانى دەوڵەتێکییان بۆ شێخ مەحمود، دامەزارندبوو،بەهۆى فشارەکانى کەمالیستەکان و عەرەبەکانى عێراق و بەرژەوەندییەکانى خۆیانەوە لەو بەڵێنانە پاشگەزبوونەوە کە بەکوردیان دابوو.

لە پەیماننامەى لۆزان-دا، بەریتانیان و فەرەنسا و تورکیا، نەیانتوانى لەسەر ویلایەتى موسڵ بگەنە ڕێککەوتنێک، بەڵام لە ساڵى ١٩٢٧ لە پەیمانى ئەنقەرەدا بە بڕیارێک ویلایەتى موسڵ، کە بەشێکى زۆرى باشورى کوردستان دەگرتەوە لکێندرا بە دەوڵەتى عێراق-ەوە و خەونى بە دەوڵەتبوونى کورد لەگۆڕنرا، هەرچەند لە پەیماننامەى سیڤەر-ى ساڵى ١٩٢٠ مافى چارەى خۆنووسین بۆ کورد دەستەبەر کرابوو، بەڵام بەهۆى ئەوەى، کە کورد نەیتوانى ببێتە خاوەنى هێز و بە یکگرتووى مامەڵە بکات بۆیە فشارەکانى تورکە کەمالییەکان بەسەر داواکارى و مافە ڕەواکانى کورد-دا سەرکەوتوو لە پەیماننامەى لۆزاندا خواستەکانى تورک بەدیهات.

پەیماننامەى سەعدئاباد

ڕۆژی ٨ی تەموزی ساڵی ١٩٣٧ وەزیرانی دەرەوەی هەرچوار وڵاتی ئێران، تورکیا، ئەفغانستان و عێراق، لە کۆشکی سەعدئابادی باکوری تارانی پایتەخت، کۆبوونەوە و پەیمانێکیان بەناوی پەیمانی سەعدئاباد واژۆکرد.

بەپێی بەندی دووی ئەو پەیمانە وڵاتانی واژۆکەر پابەندن بەوەی ئاسایشی سنوورەکانی یەکتر بپارێزن، بەندی حەوتەمی پەیمانی سەعد ئاباد باس لەوە دەکات، کە هەر کامە لەو چوار وڵاتە پابەند دەبن بەوەی ڕێگری بکەن لە پێکهاتنی هەر جۆرە جووڵانەووەیەکی مەترسیدار بۆسەر ئاسایشی وڵاتی دراوسێ.

لەو دوو بەندەدا هەرچەند بە شێوەی ڕاستەوخۆ ناوی جووڵانەوە کوردییەکان نەهێندراوە، بەڵام بەو پێیەی سنوورەکانی سێ وڵاتی ئێران و عێراق و تورکیا دەکەوێتە خاکی کوردستانەوە و لەسەر ئەو سنوورانەش تەنیا بزووتنەوە و جووڵانەوەی گەلی کورد هەیە، دەتوانین بڵێین، کە ئەو بەندە بەتەواوی لەدژی هەموو جۆرە جووڵانەوەیەکی گەلی کورد نووسراوە.

بەپێی پەیمانی سەعدئاباد، هەرسێ دەوڵەتی ئێران، تورکیا و عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، کە ئەگەر پارچەیەکی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی دەستی بە تێکۆشان کرد، هەر سێ وڵاتاکە لەدژیان یەک بگرن، ئەو پەیمانە تا ساڵی ١٩٧٩، کە حکومەتی پەهلەوی ڕووخا بەبێ هێچ کێشەیەک لەسەر شوێنی خۆی مایەوە.

کۆمارى مهابات

لە ڕۆژى ٢٢ی‌ کانوونی دووەمی ١٩٤٦، قازی محەمەد دامەزراندنی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند، دامەزراندنى کۆمارى مهابات، لە کاتێکدا ئەنجامدرا، کە ڕوسیا لە باکورەوە بەشێک لە وڵاتى ئێرانى داگیرکردبوو، بەریتانیاش لە باشورەوە بەشێک لە ئێرانى داگیرکردبوو، هەروەها پارتی دیموکراتی ئازربایجان دەستى بەسەر ئازربایجانیدا گرتبوو.

لە ٢٦ی ئازاری‌ ١٩٤٧، بەھۆی‌ فشاری‌ ھێزە ڕۆژئاواییەکان و ئەمریکا، سۆڤیه‌ت پەیمانی بە حکومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران ئەکشێتەوە، لە مانگی حوزەیران دا، ئێران دەستی گرتەوە بەسەر ئازربایجاندا، ئەمە بووە ھۆی‌ دابڕانی کۆماری‌ مەھاباد لە سۆڤیه‌ت و دواجار بووە ھۆی‌ داڕمانی، بەهۆى ئەوەى پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا، کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێدەکرد، بەڵام دواتر کە بەرھەم ‌و سەرچاوەی‌ داراییان نەما‌و شێوازی ژیانیان بەھۆی‌ دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو، هاوکاریی دارایی‌ و سەربازی لە سۆڤێتەوە نەما‌، خێڵەکان هیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەئەبینییەوە، بۆیە هەندێکییان پشتیان بەردا، ئەمەش نمونەیەکى دیکەیە لە پیلانگێڕى نێودەڵەتى دژى کورد و نەبوونى یەکێتى نەتەوەیى لەنێوان کورداندا، کە بووە هۆى ڕووخانى کۆمارى مهایبات و لە سێدارەدانى قازى محەمەد و  هاوڕێکانى لەلایەن ئێرانەوە.

پەیماننامەى جەزائیر

پەیماننامەى جەزائیر، لەساڵى ١٩٧٥ لە وڵاتى جەزائیر مۆرکرا لە نێوان عێراق و ئێران-دا، بە پێى ئەو ڕێککەوتننامەیە پێویست بوو ئێران دەست لە پشتگیریکردنى کوردى باشورى کوردستان هەڵگرێت، کە ئەو کاتە لە دواى شۆڕشى ئەیلولى ساڵى ١٩٦١ وە جۆرێک لە خۆبەڕێوبەرى هەبوو، لە بەرامبەردا عێراق چەند ناوچەیەکى کەنداوى عەرەب دەداتە ئێران، لەدواى واژۆکردنى ڕێککەوتنننامەکە شۆڕشى کورد لە باشورى کوردستان ڕووبەڕووى شکستێکى گەورە بووە و مەلا مستەفاى بارزانى، کە سەرکردایەتى ئەو شۆڕشەى دەکرد، ئاشبەتاڵى ڕاگەیاند و شۆڕشەکەى هەڵوەشاندەوە.

ڕێکەوتنامەى ١٩٨٣

لەدواى سەرهەڵدانەوەى شۆڕش لە باشورى کوردستان و فراوانبوونى شۆڕشى پەکەکە لە باکورى کوردستان، عێراق و تورکیا، لەساڵى ١٩٨٣ دا پەیماننامەیەکیان بۆ بەزاندنى سنورى یەکدى بە قوڵایى ١٥ کیلۆمەتر واژۆکرد، بۆ ئەوەى لەو ڕێگەیەوە هێرش بکەنە سەر شۆڕشگێرانى کورد لەناو سنورەکانى یەکدیدا.

پەیماننامەى ئەدەنە

لە ڕۆژى ٢٠-١٠-١٩٩٨ پەیماننامەى ئەدەنە لە نێوان تورکیا و سوریا مۆرکرا، ئەویش لەدواى ئەوەى لە ڕۆژى ٩-١٠-١٩٩٨ گەلەکۆمەى نێودەوڵەتى لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکە پێکهات، لە پەیماننامەى ئەدەنە، سوریا و تورکیا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى، کە سوریا هەر ئەندامێکى ڕێکخستنەکانى پەکەکەى دەستگیرکرد ڕادەستى تورکیاى بکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین چالاکوانى کورد لەلایەن سوریاوە ڕادەستى تورکیا کرانەوە، هەروەها سوریا چەندین دراماى تورکى دۆبلاژى زمانى عەرەبى کرد و لە سوریا بڵاوى کردەوە و لەپێناو ئەوەى کەلتور و هونەرى کورد پشێوێنێت، لە بەرامبەریشدا ڕێککەوتننامەى ئابورى لەنێوان تورکیا و سوریادا مۆرکرا.

لەدوا ئەو ڕێککەوتنەى نێوان سوریا و تورکیا، دەوڵەتانى زلهێزى دونیاش، کە بینیان کورد خەریکە دەبێتە خاوەنى هێز و بەرەو بەدەستهێنانى مافەکانى هەنگاو دەنێت، بۆیە کۆمپلۆیەکى نێودەوڵەتییان بە شدارى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان پێکهێنا لە دژى گەلى کورد، کە هەتاوەکو ئێستاش ئەو کۆمپلۆ نێودەوڵەتییە بەردەوامە.

ئێستا کە ١٠٠ ساڵ تێپەڕیوە بە سەر کۆتایى هاتنى جەنگى جیهانى یەکەمدا، ئەو سیتمەى، کە لەو سەردەمەدا لەسەر بنەماى دەوڵەت نەتەوە بنیاتنرا، لەلایەن دەوڵەتانەوە دەگۆڕێت و سەرلەنۆێ دادەڕێژرێتەوە، بۆیە لەئێستاشدا دەرفەتێکى دیکە بۆ گەلى کورد هاتووەتە ئاراوە، کە لە نەخشەى نوێى ڕۆژهەڵاتى ناوڕاستدا جێگەى خۆى بگرێت.

وەک ئەوەى لەو ڕێککەوتننامە مێژوویانەدا دەرکەوت، هەرکاتێک کورد توانیبێتى ببێتە خاوەنى هێز و تا ئاستێک هەنگاوى نابێت بەرەو بەدەستهێنانى مافەکانى، دەوڵەتانى هەرێمى و دەوڵەتە زلهێزەکانى دونیا، لەدژى گەلى کورد کۆمپلۆیەکى نێونەتەوەیى یاخود هەرێمییان پێک هێناوە، لە ئێستاشدا، کە خەریکە نەخشەیەکى نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوڕاست دادەڕێژرێتەوە، کورد وەک کارەکتەرێکى گرنگ و خاوەن هێز و جوگرافیا، لە ڕۆژهەڵاتى ناوڕاستدا بوونى هەیە، هەروەها ڕۆڵى گەورەى بینیوە لە تێکشکاندنى چەتەکانى داعش، کە دوژمنێکى ترسناک بوون بۆ هەموو جیهان، بۆیە دەوڵەتان ناتوانن بەبێ کورد نەخشە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوڕاست بکێشن، بەڵام خۆاستى ئەوەیان هەیە، کە کورد لە نەخشەى نوێنى ڕۆژهەڵاتى ناوڕاستدا نەبێتە خاوەنى ستاتۆیەک یان نەتوانێت مافەکانى بەدەست بهێنێت، بۆیە لە هەوڵى بچوکردنەوەى هێزى کورد-دان، ئەوەش لە کاردانەوەکانى دواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى باشورى کوردستان ڕوویدا، کە بە ڕەزامەندى هێزە نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنى ئێران و تورکیا و عێراق، هێزە عێراقییەکان هێرشییان کردە سەر ناوچە دابڕاوەکان لە باشورى کوردستان و ٥٢% ى خاکى باشورى کوردستانیان لە ژێر دەسەڵاتى ئیدارەى هەرێمى کوردستان دەرهێنا.

لە ڕۆژئاواى کوردستان، بە چاوپۆشى ڕوسیا و ئەمریکا، هاوکارى دەوڵەتى تورک کرا بۆ ئەوەى کانتۆنى عەفرین داگیربکات، ئەوەش لەدواى ئەوەى کورد بووە خاوەن پڕۆژەیەکى دیموکراتى بۆ باکورى سوریا و توانى لە باکورى سوریا نمونەیەکى دیموکراتى پێکەوە ژیانى گەلان ئاوا بکات و هاوکارى گەلانى ناوچەکە بکات بۆ ئەوەى خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن و نەبنە ژێردەستەى هیچ هێزێکى دەرەکى و ناوخۆى سوریا، ئەوەش دژى بەرژەوەندى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان بوو، لەبەر ئەوەى هەموو هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت گەلى سوریا بۆ بەرژەوەندى سیاسەتە داگیرکارییەکانى خۆیان بەکار بهێنن.

لە ڕۆژهەڵاتى ناوڕاستدا، پەکەکە و کەجەکە، وەک دوو بزوتنەوەى کورد، خاوەن پڕۆژەى خۆیانن بۆ پێکەوەژیانى گەلان و چۆنییەتى ئیدارەکردنى ڕۆژهەڵاتى ناوڕاست، کە خۆى لە پێکەوەژیانى دیموکراتییانەى گەلان و خۆبەڕێوبەرى دیموکراتیدا دەبینێتەوە، ئەوەش دژى نەخشەو پیلانى دەوڵەتانى هەرێمى و دەوڵەتانى زلهێزى دونیایە، بۆ یە لە هەوڵى بچوکردنەوەوە و بێکاریگەرکردنى ئەو بزوتنەوەیەدان، هەر لەو چوارچێوەیەشدایە، کە ئەمریکا بڕیار دەدات کە خەڵات بداتە هەرکەسێک کە شوێنى ( موراد قەرەیڵان، جەمیل بایک، دۆران کالکان) کە سێ سەرکردەى پەکەکە و کەجەکەن، بۆ ئاشکرا بکات، ئەوەش بەئامانجى ئەوەى گۆشار لەسەر جوڵانەوەى ئازادیخوازانەى کورد دروستبکات، بۆ ئەوەى لە نەخشەى نوێى ڕۆژهەڵاتى ناوڕاستدا کورد نەبێتە خاوەنى هیچ شتێک.

کورد چى بکات

داگیرکەران نایانەوێت کورد یەکگرتووبێت، بۆیە لەسەر بنەماى لایەن و پارچە مامەڵە  لەگەڵ کورد-دا دەکەن، بۆنمونە وڵاتى ئێران پەیوەندى لەگەڵ هەندێک لاینەى کوردیدا پتەوە و لەگەڵ هەندێک لایەنى دیکەدا لاوازە، دەوڵەتى تورک هەندێک لایەنى کوردى بە دۆست و هەندێک لایەنى دیکە بە تیرۆریست دەناسێت، بەهەمان شێوە ڕوسیا وئەمریکا لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە دەکەن، بۆیە هاوڵاتیان و چاودێرانى سیاسى کوردستان ئاماژە بەوەدەکەن، کە پێویستە کورد، لەبەرامبەر ئەو پارچە گەراییەى داگیرکەران دەیانەوێت بەسەریدا بسەپێنن، یەکگرتووبن و ببنە خاوەنى پڕۆژە و هێزێکى هاوبەش و ڕێگە نەدەن وەک سەدەى ڕابردوو دەرفەتەکانیان لەدەست بدەن و لەسەر بنەماى پارەچەکردن و بچوکردنەوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت، پێویستە کورد خۆى بکاتە خاوەن هێزێک کە هیچ هێز و دەوڵەتێک نەتوانێت بەبێ ئەو نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوڕاست دابڕێژێتەوە و بۆ سەد ساڵى دیکە ناسنامەى ون بکرێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوڕاستدا.

د.ع