ڕەهەندەکانی سەردانی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان، سەردانێکی چەند ڕۆژیی بۆ تورکیا ئەنجامدا، وەک لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکاندا ئاماژەی پێکرا، لە سەردانەکەدا باس لە چەندین بابەتی سیاسی و ئابووری کراوە، چاودێرانیش پێیان وایە هیچ سەردانێکی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا خێری تێدا نەبووە و چاوەڕێی دەرکەوتەی خراپیش لەم سەردانە دەکەن.


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو سەردانی تورکیای کرد و لە شاری ئەنقەرە لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبوویەوە.

ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدابوو، کە دەوڵەتی تورک هێرشێکی ناڕەوای بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە و ڕای گشتی کوردستان و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دژی دەوڵەتی تورک جوڵاوە.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندبوو، کە سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی تورکیا بووە، کە هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت ئەو بانگهێشتنامەیەی پێگەشتووە.

لەدوای ئەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا و سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبوویەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە لەگەل مەولود چاوشئۆغڵو ئەنجامیدا، ڕایگەیاند، لەکۆبوونەوەکاندا باسی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ تورکیادا کردووە، هەروەها، هەرچەندە نزیکەی دوو ساڵە پەکەکە بە فەرمیی لە شەنگال کشاوەتەوە و هیچ ئەندامێکی لەوێ نەماوە، بەڵام لە بەرامبەر پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە بوونی هێزەکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان و شەنگال مەسرور بارزانی وتی:"ئێمه دەسەڵاتمان لە شەنگالدا نییە و دژی بوونی په‌كه‌كه‌ین له‌ شەنگال و هه‌رێمه‌كه".

هەروەها، هەرچەندە مەسعود بارزانی، باوکی مەسرور بارزانی، لەکاتی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدا، ڕایگەیاندبوو، کە دەوڵەتی تورک دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان دەگۆڕێت بە هێرشە داگیرکارییەکانی لە سەرێکانی و سنوورەکە، کەچی بارزانی کوڕ لە تورکیا ڕایگەیاند، "خۆشحاڵم كه‌ ده‌بیستم توركیا به‌ هاوكاریی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان ده‌كات، بەڵام ئەو گەڕانەوەیە بە زۆر نابێت"، کە مەبەست لە بەجێکردنیی ئاوارە سورییەکانە لەشوێن هاوڵاتیانی سەرێکانی.

بارزانی لە کۆنگرەکەدا زیاتر دووا و وتی:"به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هاوكارییكردن دژی هه‌ر جۆره‌ تیرۆرێك بێت و ده‌بێت له‌ نزیكه‌وه‌ هاوكاریی یه‌ك بكه‌ین و بتوانین چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وە".

سەرنج ڕاکێش بوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا بە زمانی کوردی قسەی نەکرد، بەڵکو بە زمانی ئینگلیزیی دووا.

لە کۆنگرە ڕۆژنانووسیەکەدا زیاتر لەچەند جارێک چاوشئۆغڵو وتی، داوامان کردووە بەربەستەکانی بەردەم بازرگانییان لاببرێت و پێشی بخەین، ئەمەش نیشانەی کاریگەریی زۆریی بایکۆتی هاوڵاتیانە دژی کاڵای تورکی.

ڕەهەندی سیاسی سەدانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا

یەکێک لەو سەرنجانەی کە لەسەر سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا هەبوو ئەوەبوو، کە هیچ کەسێک لە لایەنەکانی بەشداربووی حکومەت لەگەڵ مەسرور بارزانیدا نەبوو، بەتایبەت بەرپرسانی گۆڕان و یەکێتی لە حکومەتدا، ئەوەی کە لەگەڵیدا بوون وەک ئەوەی لە کامێرای ڕاگەیاندنەکاندا دەرکەوتبوو، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، ئەوەش گومانی زیاتری خستە سەر سەردانەکە.

هەروەها لەڕووی پڕۆتۆکۆڵییەوە سوکایەتی بە مەسرور بارزانی کرا، کە وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمێک پێشوازی لێنەکرا، بەڵکو بەبێ ئەوەی هیچ ئاڵایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پشتییانەوەبێت، ئەردۆغان مەسرور بارزانی لەلای دەستی ڕاستییەوە دانابوو چاوشئۆغڵوی لەلای دەستی چەپیەوە دانابوو.

یەکێکی دیکە لە سەرنجەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی تورک، ئامادە بوونی هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میت بوو لە کۆبوونەوەکاندا، کە ئەویش گومانی زیاتری لە کۆبوونەوەکان دروستکرد.

پشدەر بابەکر، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لەسەر ڕەهەندە سیاسییەکانی و سەربازییەکانی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا دەڵێت: لەدوای هێرشی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا کوردستان، ڕایەکی گشتی جیهانی دژی ئەو هێرشە دروست بوو، ئێستا تورکیا دەیەوێت بە بانگهێشتکردنی مەسرور بارزانی و کۆبوونەوە لەگەڵی بە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ڕوسیا بڵێت، کە ئەوەتا من پەیوەندیم لەگەڵ کورد باشە، تەنها ئێمە دژی کوردە خراپەکانین، هەروەها دەیەوێت شکستەکانی لە سیاسەتی ناوخۆیدا بشارێتەوە و بە هەدەپە و لایەنەکانی دیکە بڵێت، ئەوەتا هێشتا من بەهێزم و بەشێک لە کوردەکان هێشتا بە قسەی من دەجوڵێنەوە.

پشدەر بابەکر، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە مەسرور بارزانی تورکیای دڵنیا کردووەتەوە، کە هاوکاریان دەبێت لە هێرشکانی بۆ سەر پەکەکە، لەبەر ئەوەی لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە دژی هەبوونی پەکەکە- لە ناوچەکە هەروەها هاوکاریی دەبێت لەنێوانیاندا لە ڕووبەڕوونوونەوەی تیرۆر.

پشدەر بابەکر، ڕەشبینە بەرامبەر دەرکەوتەکانی ئەو سەردانە و دەڵێت: هەتا ئێستا هیچ سەردانێکی بەرپرسانی کورد بۆ هەرێمی کوردستان و سەردانی بەرپرسانی هەرێم بۆ تورکیا خێری تێدا نەبووە و دوای ئەوە کارەسات ڕوویداوە، بۆردوومان و هێرشەکای تورکیا زیادی کردووە، بۆیە بەرامبەر دەرکەوتەکانی ئەم سەردانەش ڕەشبیین.

ڕەهەندی ئابووری  

چەند ڕۆژێک پێش سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا، شاندی دانووستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕایانگەیاند، کە لەگەڵ بەغدا گەشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی حکومەتی هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بدات بە بەغدا و ئەویش بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لاپەڕەی خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک  لەسەر سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، نووسیویەتی، کە مەسرور بارزانی بۆ ئەوە سەردانی تورکیای کوردووە، کە ڕەزامەندی ئەردۆغان وەربگرێت هەتا نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکات، دەشڵێت: لەبەر ئەوەی تورکیا خاوەنی نەوتی هەرێمی کوردستانە ناتوانن بێ ڕەزامەندی ئەو نەوت بدەن بە بەغدا.

لە درێژەی نووسینەکەیدا، غالب محەمەد، ڕەخنە لە بێدەنگی لایەنەکان دەگرێت سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی ٥٠ ساڵەی نەوت لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و دەڵێت: حزبەکانی تریش وەک ئەوەی بڵێیت یەک سەرۆک حزبیان هەیە، بێ دەنگ بێ دەنگ دانیشتوون بەس گوێ دەگرن، لەکۆتایدا گەر سوڵتان ڕازی بێت و پەیوەندی باش بێت لەگەڵ عێراق و پارەیەکی باشتری دەستکەوێت لەگەڵ عێراق، ئەوە نەوت تەسلیم دەکرێت، ئەگەر نا کێشەی بۆدروستدەکرێت.

بایکۆتی کاڵای تورکی

بەپێی زانیارییەکان یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکانی نێوان مەسرور بارزانی و چاوشئۆغڵۆ باسکراوە، شکاندنی ئەو بایکۆتەی کاڵای تورکییە کە هاوڵاتیانی باشوری کوردستان دژی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەستیان پێکردووە، چاوشئۆغڵو لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا بە ئاشکرا وتی، کە باسمان لە لابردنی هەموو بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی نێوانمان کردووە، ئەوەش ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ کاریگەریی بایکۆت لەسەر تورکیا و تەنگاوبوونی دەسەڵاتی ئەوە وڵاتە بەرامبەر ئیرادەی هاوڵاتیانی کوردستان.

هەرچەند نە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان و نە لە میدیاکانی تورکیاوە ناوەڕۆک و ئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا ئاشکرا نەکرا، بەڵام دەکرێت بڵێین هەریەک لەو گریمانەنە ڕاستبن کە چاودێرانی سیاسی باسیان لێوەکرد، بۆ سەلماندنی ئەوەی کە کام لە گریمانەکان، گریمانە ڕاستەکەیە دەبێت چاوەڕوانی کاردانەوە و دەرکەوتەکانی سەردانەکە بین لە ڕۆژانی داهاتوودا.

 

د.ع