کاردانەوە ناکۆکەکانی کاربەدەستانی ئێرانیی لە سەر گەمارۆکان

ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئامانجی لە گەمارکانی زیاترکردنی فشاری ئابوورییە بۆ ئەوەی کرداریی ئێران بگۆڕێت، لە بەرامبەردا کاربەدەستانی ئێرانی لێدوانەکانیی ناکۆک لەسەر کاریگەریی ئەو گەمارۆیانە دەدەن.


وەزیرانی دەرەوە و خەزێنەی ئەمریکا بە فەرمی جێبەجێ کردنی خولی دووەمی گەمارۆکانی سەر ئێرانی لە ٥ی تشرینی دووەمەوە ڕاگەیاند، مایک پەمپیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لە گەڕاندنەوەی گەمارۆکان گۆڕینی ڕەفتاری ئێرانە نەک زیان گەیاندن بە گەلی ئێران، کاربەدەستانی ئێرانیش هەر لە دەستپێکەوە گەمارۆکانیان بە بێکاریگەر دەزانی و وەک فشارێکی دەروونیی بۆسەر گەلی ئێران نرخاندیان.

لە ئاستە باڵاکانی دەوڵەتی ئێران کاربەدەستان لە بەرامبەر گەمارۆکان کاردانەوەی جیاوازیان هەبووە، کە ناکۆکی زۆری پێوە دیارە، بۆ باشتر تێگەیشتن لەو ناکۆکیانە پێویستە سیستەمی سیاسی ئێران بناسین کە لێرە جێگای قووڵبوونەوە لەو بابەتە نییە و تەنها ئاماژە بەوە دەکەین کە دەسەڵاتی ئێران بە گشتی لە دوو جەمسەر پێکدێک، لە باڵاترین ئاستدا حکومەت یان دەسەڵاتە، کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی-یە و لە ئاستی دووەم دەوڵەتی ئێرانە کە حەسەن ڕوحانی و کابینەکەیەتی، هەندێک دامەزراوە و ڕێکخراوی نادەوڵەتی لە ئێران کە کاریگەرن لە بەڕێوە بردنی سیاسەت لە ئێران گرێدراوی ئاستی یەکەمی دەسەڵاتن لە ئێران کە لە ژێر چاودێری ڕێبەری ئێران عەلی خامنەیی  و "بەیتی ڕەهبەری" (ماڵی ڕێبەری ئێران) کارەکانیان بەڕێوە دەبەن، دیاری ترین دامەزراوەی ئەمانەش سوپای پاسدارانە، کە زۆرێک لە شرۆڤەکاران بە "دەوڵەتی هاوتەریب" یان "دەوڵەتی سێبەر" دەیناسێنن، کە دەستی خستووەتە ناو کاروباری دەوڵەت و خاوەنی دامەزراوەی ئەمنی، دادوەری، ئابووریی و ... ـیە، ئەمە ئاشکرای دەکات بۆ تێگەیشتن لە بۆچوون و کاردانەوە کاریگەرەکان لە بەرامبەر هەر دۆسیەیەک لە ناو ئێران، چاو لە کام لایەن بکرێت، بەڵام ئەمەش لە بیر نەکەین لێدوانە فەرمییەکانی ئێران لەلایەن دەوڵەتەوە ڕادەگەیندرێت و وڵاتانی جیهان دەوڵەتی ئێران بە بەردەنگی فەرمی خۆیان دەزانن.

ئەگەر بگەڕێینەوە چەند ساڵ لەمەوبەر و دەستپێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە سەردەمی سەرۆک کۆماری باراک ئۆباما، گرنگترین کاردانەوە، قسەکانی ڕێبەری ئێران عەلی خامنەیی بوو، کە لە دیداری فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٣ وتی:"بڕوام وایە نەرم بوون لە هەندێک شوێن زۆر پێویستە، زۆر باشە"، ئەم قسەیە کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و هەندێک کەس وەک قسەکانی خۆمەینی ڕێبەری پێشووی ئێران نرخاندیان، کە لە سەر قبوڵ کردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش لە سەر شەڕی ئێران و عێراق دەریکرد و بە "نووشین کاسەی ژەهر" ناوی لێبرد، قسەکەی خامنەیی-ش بە "نرمش قهرمانانە- نەرم بوونی قارەمانانە" ناوبانگی دەرکرد و بووبە دەستپێکێک بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا، دوای ئەمە بوو کە شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا چەندینجار لە جنیڤ بە ناوەندگیری یەکێتی ئەوروپا دیدار و دانوستانیان کرد و دیدارەکان گەیشتە ئاستی دیداری وەزیرانی دەرەوە، کە محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوای نزیکەی چل ساڵ لە دابڕانی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە سەر دۆسییەی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، دیدارێکیان ئەنجامدا و تەوقەکردنی ئەو دوو وەزیرە کاردانەوەیەکی زۆری لە میدیا جیهانی و ناوخۆییەکانی ئێران بە  دوای خۆیدا هێنا.

 عەلی خامنەیی لە سەر ئەو تەوقەکرنەی زەریف هاتە دەنگ و لە ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ وتی:"ئێمە پاڵپشتی لە جوڵە دپلۆماتیەکانی دەوڵەت دەکەین، هەندێک لەو شتانە لە سەفەرەکەی نیۆیورک ڕوویدا بە ڕای من نابەجێ بوو، بەڵام ئێمە بە دەستەی دبلۆماسی میللەتی ئازیزمان و دەوڵەتی خزمەتکارمان گەشبینین"، ئەم قسەیەش بووە هۆی ئەوەی بانگەشەی دانوستنی ئێران و ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزتر واتا لەنێوان سەرۆک کومارانی دوو دەوڵەت بکرێت، بەڵام کاردانەوەی هێزە توندڕەوەکانی ناو دەسەڵاتی ئێران و گڕێدراوی سوپای پاسداران و ماڵی ڕێبەری ئێران بووبە هۆی بەتاڵ بوونی ئەو بابەتە و حەسەن ڕوحانی و باراک ئۆباما بە تەلەفۆنی قسەیان کرد و دواتر لە ١٤ی تەموزی ٢٠١٥ گەیشتە ئەنجام و ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ کرا و گەمارۆکان لابران، دۆخی دپلۆماسی نێوان ئێران و ئەمریکا ئاسایی کرایەوە.

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەنجامدرا و سەرەتای ٢٠١٧ دوناڵد ترامپ بوو بە سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ترامپ، کە هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان هەڕەشەی دەرچوون لەو ڕێککەوتنەی دەکرد، لە ئەنجامدا لە ڕۆژی ٨ی ئایارى ٢٠١٨ بە فەرمی دەرکەوتنی خۆی لەو ڕێککەوتنە ڕاگەیاند.

دەستپێک کاردانەوەکانی کاربەدەستانی ئێران زۆر نیشانەی لاوازی پێوە دیار نەبوو، چونکە بڕوایان وابوو پێشتریش ئەزموونی گەمارۆیان بووە و تواناێ هەڵگرتنی باڕێک لەوە قورستریان هەیە، بەڵام بە گەڕانەوە و دەستپێکردنی خولی دووەمی گەمارۆکان و دوای ئەوەی وردەوردە کۆمپانیا زەبەلاحە ئەوروپی و ئەمریکییەکان و تەنانەت کۆمپانیا ڕووسی و چینییەکان ئێرانیان جێهێشت و بواری پیشەسازیی ئێران خاو بوو، کاردانەوە نەرێنییەکان خۆیان ئاشکرا کرد و زاناکانی زانستی ئابووریی هۆشدارییان دایە کاربەدەستانی دەوڵەت لەبەرامبەر هەستانەوەی هەڵئاوسان و وەستانی کەرتی پێشەسازی، بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەت لەسەر قسەکانی خۆیان سووربوون و لەژێر کاریگەریی و فشارەکانی بناژۆخوازان (محافزکاران) و کەسایەتییەکانی ناو سوپای پاسداران و ماڵی ڕێبەی ئێران دانیان بەوەدا نەنا، کە گەمارۆکان کاریگەرییان کردووە، تەنانەت ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەی ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی ئێران، هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورموزی کرد، ئەم کاردانەوەیەی ڕۆحانی بەدڵی ڕێبەری ئێران و فەرماندەکانی سوپای پاسداران، لە ناویان قاسم سولەیمانی بوو، کە ڕۆژێک دوای ئەوە هەستان بە پشتیوانی کردنیی و پەسندانی قسەکانی.

لە زستانی ساڵی پار ناڕەزایەتی و خوپێشاندانەکان دەستیپێکرد و ڕەوش بەرەو سەرهەڵدانی جەماوەریی چوو، ئەو خۆپیشاندانانە زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە، بەڵام ڕووبەڕووی سەرکوت و توندوتیژیی بوو، سەرکوتەکان تەنانەت کوژراو و برینداری زۆری لێکەوتەوە و شاڵاوێکی ڕەشبگیریی دەستیپێکرد، دەستبەسەرکردن و زیندانی کردن بە ناڕازییەکانەوە نەوەستا و چالاکانی مەدەنی و سیاسیی و ڕۆژنانەوانەکانیشی گرتەوە، دەوڵەتی ڕوحانی و تیمە ئابوورییەکەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند لە ناوخۆ و دەرەوە بوونەوە و هەندێک لە کاربەدەستان لە ئاستی ژێری دەسەڵات و لەلایەن ڕیفۆمخوازەکانەوە پێشنیاری گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگویان کرد، کە بێگومان بە ئاکام نەگەیشت و وەک قسە مایەوە و تەنانەت ئەو کەسانە ڕووبەڕووی تۆمەتی خیانەت بوونەوە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای خوراک و کەلوپەل و دابەزینی نرخی تمەن لە بەرامبەر دۆلار جارێکی دیکە لە هاوینی ئەمساڵدا ناڕەزایەتیەکان سەری هەڵدا و جارێکی دیکە شار و شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەوە و ئەمجارەش دیسان لە لایەن هێزە سەرکوتکارەکانی ئێرانەوە ڕووبەڕووی سەرکوت بووەوە و ئەمجارەش بە بیانووی ئەوەی ناڕازییان ئەجیندای دوژمنەکانی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ دەکەن، شاڵاوێکی دیکەی دەستگیر و زیندانیکردن دەستیپێکرد.

دەوڵەتی ڕوحانی، کە لە لایەکەوە لە ژێر فشاری توندڕەوەکانی دەسەڵات و لە لایەکی دیکەشەوە لە ژێر فشاری کۆمەڵایەتی ناوخۆیی و سیاسی دەرەوە بوو، بە هەماهەنگی لە گەڵ مامەڵەکەرانی دۆلار و بانکی ناوەندی دەستی بە گەمەیەکی ئابووریی کرد، کە بە سیاسەتی "شۆک دەرمانی" ناسراوە، بۆ سەلماندنی ئەو بانگەشەیە ئاماژە بە کتێبێکی "نائۆمی کلاین" دەکرێت بەناوی "دۆکتۆڕینی شۆک"، کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، نائۆمی کلاین لەو کتێبەدا باس لە شێوازێک بە ناوی "شۆک دەرمانی" دەکات.

کتێبەکە باس لەوە دەکات کە قۆناغەکانی شۆک دەرمانیی ئابووریی هەمان شێوازەکانی شۆک دەرمانیی دەروونی و سایکۆلۆژین، بەو شێوازە کە بە لێدانی شۆکێکی (لێدانی کارەبا) بەهێز دەرفەت بۆ وەشاندنی گورزی دووەم دەڕەخسێت، ئێران کتومت لەو دۆخەدابوو، لە کاتێکدا خەڵک بە ململانێ لەگەڵ قەیرانە سیاسییەکانەوە سەرقاڵ بوون، بێ ئەوەی هەستی پێبکرێت بەها لە بازارەکان بەرزبووەوە، واتە هاوکات بەوەی خەڵک لە شۆکی سیاسی هاتنە دەروە لەوە تێگەیشتن کە گورزێکی ئابورییان لێدراوە، بەو شێوەیە ڕوحانی و تیمە ئابووریەکەی توانییان کاریگەری گەمارۆکان پێش دەستپێکردنی خولی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکا مسۆگەر بکەن بۆ ئەوەی بە ڕاگەیاندنی فەرمی گەمارۆکان  لەلایەن ئەمریکاوە وەک خۆراکێکی سیاسی بۆ ناوخۆ و دەرەوە بەکاری بێنن و بانگەشەی ئەوە بکەن کە گەمارۆکان چیتر و لەو زیاتر کاریگەریی نابێت و ئەمریکا بە ئامانجەکەی بۆ بە چۆک دانانی ئێران نەگەیشتووە.

لەسەر ئەو بابەتە، ئاماژە بە وتەکانی کاربەدەستانی ئێران دەکەین:

لە گرینگترین کاردانەوەکانی حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران بەرامبەر گەمارۆکان دوای هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرموز، ئەوە بوو کە لە ٢٢ی تەمووزی ئەمساڵدا وتی: "شەڕ لەگەڵ ئێران دایکی شەڕەکان و ئاشتی لەگەڵ ئێران دایکی ئاشتییەکانە" و دوای ئەمەش وتبووی:"هەڕەشەکانی ترامپ پووچەڵن"، ئەم کاردانەوەییەی ڕوحانی لە دوای ئەوە هات کە ترامپ لە تویتێکدا ڕوو لە حەسەن ڕوحانی نووسیبووی:"ئیتر هەرگیز هەڕەشە لە ئەمریکا مەکە، چۆن تووشی بەسەرهاتێک دەبیت کە کەمتر کەسێک لە مێژوودا بینیبێت، ئێمە ئیتر ئەو وڵاتە نین کە قسە سەرشێتانەکانتان لە سەر توندوتیژیی و مردن قبوڵ بکەین، وریابە".

بەڵام کاردانەوەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداری ئێران لەسەر قسەکانی ترامپ جیاواز بوو و بە توندی وەڵامی دایەوە، سولەیمانی لە بەرامبەر تویتەکەی ترامپ دەڵێت:"من ڕکابەری تۆم، هێزی قودس ڕکابەری ئێوەیە، هیچ شەوێک نییە بیر لە ئێوە نەکەینەوە و بەخەوین".

چەند ڕۆژێک بەر لە ڕاگەیاندنی جێبەجێ کردنی خولی دووەمی گەمارۆکان و دوای ئەوە کاردانەوەکان جیاوازیی بەخۆیەوە بینی و ناکۆکیەکانی زیاتر دەرخست، دەوڵەتی ڕۆحانی کە کاریگەریەکانی گەمارۆ ئابووریەکانی ڕەت دەکردەوە، تیمە ئابوورییەکەی لە ناویان سێ وەزیری کابینەکەی لە ژێر فشارەکان لە ئەنجومەنی شورای ئیسلامی متمانەیان لێسەندرایەوە و گۆڕدران، هەندێک لەو کەسانەی بە دراو و بەتایبەت بە دۆلار مامەڵەیان دەکرددەستگیرکران و ڕووبەڕووی دادگا و سزای سەختی وەک سێدارە بوونەوە.

دوای جێبەجێ بوونی خولی دووەمی گەمارۆکان، ڕوحانی وتی: گەمارۆکان کاریگەرییان بۆ سەرمان نابێت و ئێمە شکست بەو گەمارۆکان دێنین.

لە بەرامبەردا ئیسحاق جهانگیری جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، کە پێشتر چەندینجار جەختی لە بێکاریگەربوونی گەمارۆکان کردبوو، ئەمجارە کە بۆ ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان  قسەی دەکرد وتی:"ناتوانم درۆ بکەم، گەمارۆکان کاریگەریی داناوە و کاریگەریان دەبێت"، لە درێژەی قسەکانیشیدا داوا لە خەڵکی ئێران و بە تایبەت کارگە پێشەسازییەکان کرد بۆ ماوەی سێ مانگ یان تا کوتایی ئەمساڵدا بەرگەی فشارەکان بگرن، تاکو ئەو دۆخە دەرباز دەکەن.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوی ئێرانیش، کە پێشتر گەمارۆکانی بە بێکاریگەر دەزانی دوێنی بۆ ڕاگەیەندنە فەرمییەکانی ئێران قسەی کرد و وتی:"بەباشیی تێدەگەم کە خەڵک هەستێکی باشییان نەبێت، ئێمەش وەک خەڵکەکەمان هەستێکی باشمان لەم دۆخەدا نییە"، هەروەها وتی:"لە بەهای شتومەکەکان ئاگادارم، بارودۆخێکی باش نییە".

لە تازەترین کاردانەوەکاندا، دوێنی ڕوحانی لە دانیشتنێک لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی، عەلی لاریجانی و سەرۆکی دەزگای دادی ئێران سادق لاریجانی، بە ئاماژە بە ئەوەی، کە گەمارۆکان کاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵاتەکەی نەبووە وتی:"بینیمان خولی تازەی گەمارۆکان کاریگەریی لە سەر ئابووریی نەکردووە، بۆ ئەوەی ئەمریکا هەرچی تیر لە تەرکەشەکەیدا بوو پێشترهاویشتوویە و شتیکی تازەی پێ نییە".

لە دانیشتنەکەی دوێنێیدا ڕوحانی باسی لەوە کرد، کە دەوڵەت یەکەم بەستەی پشتگیریی خوراکی لەم مانگەدا بڵاو دەکاتەوە و ئەم کارە تا کوتایی ئەمساڵ بەردەوام دەکات تا بتوانن ئەو کێشانەی لە دوای گەمارۆکان بۆ خەڵک دروست بووە تا ڕادەیەک قەرەبوو بکەنەوە!!!

ئەم قسەیەی ڕۆحانی بە باشی ئەو ناکۆکیانە لە ناو کاردانەوەکاندا دەردەخات تەنانەت لە کاردانەوەکەی خۆیدا. 

پرسیار ئەوەیە، ئەگەر ئەو گەمارۆانە کاریگەرییان نەبووە، بۆچی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار ئەوەندە دابەزیوە؟ بۆچی بەهای کاڵاکان ئەوەندە بەرز بوونەتەوە و ڕێژەی هەڵئاوسان، هەژاریی و بێکاریی ڕۆژبەڕۆژ بەرز دەبێتەوە؟، ئەی دابینکردنی بەستەی پشتگیری خوراکی بە چ واتایەکە؟!

ش.ف