کاریگەرییەکانی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لەسەر کورد

دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدلمەهدی  سەرۆک وەزیرانی عێراق، کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق جێدەهێڵێت لە بواری بودجە و وزە و ئەو ڕێککەوتنامەیەی کە بڕیاربوو لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەنی عێراقدا واژۆبکرێت..


لە ٢٥-١٠-٢٠١٩ وە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاریی و هەلی کار و دواتریش دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت دەستیپێکرد و بەهۆیانەوە زیاتر لە ٤٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ١٧ هەزار کەسیش برینداربوون، لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکان و لەسەر داواکاریی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان، ڕۆژی ٢٩ی مانگی ڕابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی لەکار کێشایەوە و دوێنێش لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامان دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەندکرا.

عادل عەبدولمەهدی، یەکێکە لەو سیاسییە شیعانەیە کە بەدۆستی کورد ناسراوە و لەماو ماوەیەش کە لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا بوو زۆر نەرمی نواندووە بەرامبەر بەکورد، دیارترین کاریش کە بۆ کوردی کردووە، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو بەبێ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت بداتە بەغدا، ئەو نەرمیانەشی بەرامبەر کورد یەکێک بوو لەو خاڵانەی کە زۆرترین ناڕەزایی شەقامی سیاسی عێراق و هاوڵاتیانی ناوڕاست و خواروی عێراقی بەرامبەری جوڵاند.

یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر کاریگەرییەکانی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، بەڕۆژنیوزی وت: دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی کاریگەریی بەجێ دەهێڵێت، چونکە حکومەتەکە دەبێت بە حکومەتی کاربەڕێکەر، حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت یاسای بودجە بنێرێت بۆ پەرلەمان، ڕەنگە نەشتوانێت ڕێککەوتن واژۆبکات، بۆیە کاریگەریی دەبێت لەسەر ئەو دانووستانانەی کە پێشتر ئەنجامدراون، هەتا ئەو کاتەی حکومەتێکی نوێ پێکدێت.

شاندی دانووستانکاریی هەرێمی کوردستان ڕۆژانی ٢٣ و ٢٥ی مانگی ڕابردوو ڕۆژی ١ی ئەم مانگە، سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە و ڕاشگەیەندرا، کە گەشتونەتە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بداتە کۆمپانیای سۆمۆ، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ڕێککەوتنەکە کێشەی بۆ دورست دەبێت

بەوتەی شاندی دانووستانکار، ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەس واژۆکردنی ماوە، بەڵام بەوتەی دکتۆر یوسف محەمەد، ئەو ڕێککەوتنە لە ئێستادا واژۆ ناکرێت هەتا پێکهاتنی حکومەتی داهاتوو، لەبەر ئەوەی حکومەتی عێراق دەبێتە حکومەتی کاربەڕێکەر، ئەگەر ڕێککەوتنیش لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا واژۆبکات ئەو حکومەتەی کە لەداهاتوودا پێکدێت دەتوانێت پابەند نەبێت بەو ڕێککەوتنەوە.

یوسف محەمەد، پێی وایە دەبێت کورد ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ حکومەتی داهاتوودا واژۆبکات، هەروەها دەڵێت، دەنگدانی کورد بە حکومەتی داهاتوو دەبێت پەیوەستبێت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

مەترسی هەموارکردنەوەی دەستور

یەکێکی دیکە لەو مەترسیانەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، بۆ کورد دروستی دەکات هەمواری دەستورە، لەبەر ئەوەی دیار نییە ئەو دەسەڵاتەی لە عێراق باڵادەست دەبێت لە داهاتوودا چۆن بەرامبەر کورد و مافەکانی هەڵسوکەوت دەکات، بەتایبەت کە ئێستا هەوڵێکی جدی هەیە بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی عێراق لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی.

یوسف محەمەد، کە هاوکات جێگری سەرۆکی لیژنەی هەمورای دەستوری عێراقە، لەسەر ئەو مەترسیانەی لەسەر کورد هەیە لە هەموارکردنەوەی دەستوردا دەڵێت: لە هەمواری دەستوردا مەترسی هەیە لەسەر ماددەی ١٤٠ و ناوچە جێناکۆکەکان، هەروەها شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند مەترسی لەسەرە، پێویستە بۆ تێپەڕاندنی مەترسییەکان کورد لەسەر سێ ئاست خۆی ئامادەبکات بۆ هەمواری دەستور، یەکەم لەسەر ئاستی ئەو لیژنەیەی بۆ هەمواری دەستور پێکهێندراوە، دووەم لەسەر ئاستی دانووستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، سێهەم لەسەر ئاستی چاکسازیی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خەڵک لەگەڵ دەسەڵات ئاشتبکرێتەوە، چونکە سەرمایەی ئێمە بۆ ئەوەی هەمواری دەستور ڕەتبکرێتەوە ئەگەر لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نەبێت دەنگی خەڵکە.

وەک لە وتەکانی دکتۆر یوسف محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دۆخی سیاسی عێراق دەردەکەوێت، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی چەندین کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان و کورد جێدەهێڵێت، وەک ناڕوونی ئایندەی ئەو ڕێککەوتنەی کە هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لەسەر نەوت و بودجە پێی گەشتبوون، هەروەها مەترسی ئەو هەموارانەی کە ڕەنگە دژی کورد لە دەستوری عێراقدا ئەنجامبدرێت، ئەوە بێجگە لەوەی کە کورد دۆستێکی گرنگی لەدەست چووە لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا، هەروەها دیار نییە کە کێ ئەو پۆستە پڕدەکاتەوە و مامەڵەی لەگەڵ کورد چۆن دەبێت.

د.ع