هەشت ساڵ لەمەوبەر، بەئامانجی نزیکبوونەوە لە هەولێر گرووپە چەتەکانی داعش هێرشیانکردە سەر کامپی مەخمور، گەریلا و هاوڵاتییانی کامپی مەخمور بوون بە قەڵغان و بە بەرخۆدانییەکی بێوێنە، ئەو هێرشەیان تێکشکاند و پاشەکشەیان بە داعش کرد، بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی هەولێر گەمارۆیەکی تووندیان خستووەتە سەر کامپەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش بەهێرشی ئاسمانی پەنابەرانی کامپەکە کۆمەڵکوژدەکات.
ئەمڕۆ هەشت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر مەخمور و تێکشکاندنیان لەلایەن گەریلا و هاوڵاتییانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودیی لە مەخمور، ڕۆژنیوز لەم دۆسییەدا وردەکاریی ئەو قۆناغە و مەترسییە بەردەوامەکانی سەر کامپەکە دەخاتەڕوو.
لە ٦ی ئابی ساڵی٢٠١٤، دوابەدوای هێرشی داعش بۆسەر شەنگال و کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان، پەلیانکێشا بۆ کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور و لە هەولێر نزیک بوونەوە، هێزەکانی پەدەکە، کە پێشتر شەنگالیان جێهشتبوو، ئەمجارەش بەر لە هێرش بۆ سەر مەخمور پشتیان لە پەنابەران کرد و لە ناوچەکەدا هەڵهاتن.
٦ی ئاب، خەڵكی کامپەکەش بە ئامانجی پاراستنی ژن و منداڵ و بە ساڵاچووان کامپەکەیان چۆڵکرد و زۆربەی دانیشتووانەکەی ڕوویان لە ڕانیە و هەولێر کرد، بەڵام هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی لە مەخمور- هەپەجە، لە مەخمور مانەوە بۆ بەرگریی، ڕۆژی ٧ی ئاب چەتەکان هێرشیان کردە سەر کامپەکە.
کاتێک داعش هێرشیان کردە سەر مەخمور و سنووری گوێڕ، مەترسیی لەسەر داگیرکردنی هەولێر دروست بوو، لەبەر مەترسیی داعش هەمان ڕۆژ بەسەدان ماڵ لە هەولێر ئاوارەبوون و شاریان جێهێشت.
لە هەمان کاتدا هێزەکانی گەریلا دەستبەجێ خۆیان گەیاندە مەخمور بۆ پاراستنی ناوچەکە، هەپەجە، بە هاوکاریی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار، ڕووبەڕووی چەتەکان بوونەوە و بەرخۆدانیان کرد، لە ڕۆژی ٨ی ئاب ڕۆژنامەنووس دەنیز فرات، کە بەرخۆدانەکەی ڕووماڵ دەکرد، شەهید بوو.
دوای بەرخۆدانێکی بێوێنە، ڕۆژی ١١ی ئاب کامپەکە لەلایەن گەریلا و هێزەکانی هەپەجەوە لە چەتەکان پاککرایەوە، بەو شێوەیە یەکەم تێکشکانی چەتەکانی داعش کە ترس و خۆفێکی گەورەیان لە عێراق دروستکردبوو تۆمارکرا، هەروەها شارۆچکەی مەخموریش ڕزگارکرا، لە ئەنجامی ئەو بەرخۆدانەدا کە دوای ماوەیەک پێشمەرگەکانیش بەشداری بوون، مەترسیی لەسەر هەولێر هەڵگیرا.
ڕۆژی ١٢ی ئەیلولی ٢٠١٤، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار و هێزەکانی هەپەجەی کامپەکە، بۆ پاککردنەوەی دەوروبەری مەخمور لە چەتەکانی داعش، ڕوویان لە گوندەکانی دەوروبەر کرد، لەم هەنگاوەدا دەیان چەتەی داعش کوژران، هەروەها سێ گەریلاش بەناوکانی، سیابەند زاپ، ئاڤێستا هارون فرات و دیار شەرەوی شەهید بوون، ٤٠ ڕۆژیش دوای ڕزگارکردنی کامپەکە هاوڵاتیان جارێکی دیکە گەڕانەوە کامپەکە.
ڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠١٤ش، سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، دوای بەرخۆدانی مەخمور، سەردانی سەنگەری بەرگری کامپەکەی کرد و سوپاسی خۆی پێشکەشی گەریلا کرد و بە قارەمان و ڕزگارکەر ناویهێنان.
لە کاتێکدا لە دژوارترین بارودۆخدا کامپی مەخمور بوو بە قەڵغانی پاراستنی هەولێر، لە هێرشی گرووپە چەتەکانی داعش، کەچی لە ساڵێ ٢٠١٩وە دەسەڵاتدارانی هەولێر و پەدەکە گەمارۆیەکی توندیان خستووەتە سەر کامپەکە، هاوڵاتیان ناتوانن بچنە هەولێر، لە ئەنجامی ڕێگرییەکانیش چەندین دایکی دووگیان منداڵیان لەبارچووە، ئەو نەخۆشانەی نەخۆشیی درێژمەودایان هەیە ڕێگەیان پێنادرێت سەردانی پزیشک و نەخۆشخانە لە هەولێر بکەن، هەروەها سەدان کرێکار کارەکانیان لەدەستداوە، هەروەها سەدان خوێندکاری کامپەکە لە زانکۆ بێبەشبوون.
لە دوای شکستهێنانی هێرشی گرووپە چەتەکانی داعش لە مەخمور، لە ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠٢٠ دوو هێرشی دیکەیان ئەنجامدا و دیسان شکستیانهێنا لە داگیرکردنی کامپەکە، هەربۆیە هەمان سیناریۆی ڕۆژئاوای کوردستان دووبارە بوویەوە و ئەمجارە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاستەخۆ، خۆی دەستی بە ئەنجامدانی هێرشکرد لە دژی هاوڵاتییانی کامپەکە.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ئەمڕۆ نۆ جار بە فڕۆکەی جەنگی و بێ فڕۆکەوان، بۆردوومانی کامپەکەی کردووە و لەئەنجامدا ١٤هاوڵاتی کامپەکە شەهیدبوون و دەیانی دیکەش برینداربوون، جگە لە ڕووخانی چەندین ماڵی مەدەنی و وێرانبوونی ڕەز و باخی هیاوڵاتییان.
بەگوێرەی ئاماری فەرمی ئەنجومەنی دیموکراسی گەلی مەخمور، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بەمشێوەیەبوون:-
١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ لە هێرشێکدا، چوار هاوڵاتی کامپەکە کۆمەڵکوژکران و چەند ماڵێکیش ڕووخان و زەرەریان بەرکەوت.
لە ١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨، کۆمەڵکوژییەکی دیکەیان ئەنجامدا و چوار ژن شەهیدبوون و زیانێکی گەورە بە ڕەز و باخی هاوڵاتییانی کامپەکە گەشت.
لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٩، لە هێرشێکی دیکەدا، دوو هاوڵاتی برینداربوون و زیانێکی گەورە بە ڕەز و باخی هاوڵاتییانی کامپەکە گەشت.
لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٠ جارێکیتر هێرشیان کردە سەر کامەپەکە و سێ ژنی گەنجیان کۆمەڵکوژکرد و و زیانێکی گەورە بە ڕەز و باخی هاوڵاتییانی کامپەکە گەشت.
لە ١٥ی حوزەیرانی هەمان ساڵ، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەورووبەری کامپەکە بۆردوومان کرا و بەوهۆیەوە زیان بە ڕەز و باخی هاوڵاتییان گەشت.
لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە نزیک پارکێکی منداڵان بۆردوومانیان ئەنجامدا بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
لە ١ی شووباتی ٢٠٢٢ جارێکیتر کامپەکە بۆردوومانکرا و بەوهۆیەوە دوو ئەندامی پاراستنی جەوهەری شەهیدبوون و ١٧کەس بەهۆی کاریگەری بۆردوومانەکەوە برینداربوون و چەند چەند ماڵێکیش ڕووخان و زەرەریان بەرکەوت.
لە ٥ی تەمموزی ئەمساڵ دیسان ماڵێکی مەدەنی کامپەکەیان بۆردوومان کرد و بەوهۆیەوە چەند هاوڵاتییەک برینداربوون و زیان بە ماڵی چەند هاوڵاتییەک گەیشت.
کۆتا هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢١ی ئایاری ئەمساڵ بوو، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بەناوی (حاجی میرزا) شەهیدبوو.
فلیس بوداک هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموراسی گەلی مەخمور لەم بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و پێیوایە، تا ئەمڕۆش مەترسی و هێرشی گرووپە چەتەکانی داعش بۆسەر مەخمور و شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، بەهەمان شێوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەبێ وەستان هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە کە داعش تێیدا شکان، ئایا دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیەوێت تۆڵەی گرووپە چەتەکانی داعش بکاتەوە؟.
بوداک وتیشی: ئەو هێرشانە بۆ لێدانە لە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی و کۆمەڵگای دیموکراتی و ناسنامەی کوردی ئازاد، هەروەها ئەو هیزانەی کە وابەستەی دوژمنن و لە بەری خیانتن وەک ماڵی بارزانی، دەبێت باش بزانن لەدوای قڕکردنی کوردی ئازاد سرەی ئەوانیش دێت و ئەوانیش لەناودەبرێن.
ب.ل