کاڵکان هۆشداریی گرنگ دەدات و بانگەوازیی لە هێزەکانی باشور دەکات

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە، ڕەخنەی لە بێدەنگی پارتی و یەکێتی لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک کرد و ڕایگەیاند:"ئێمە ئامادەین پێکەوە دژی ئەم داگیرکارییە بەرخۆدان بکەین، پێویستە یەکێک بین، هۆشدارییش دەدەمە پارتی کە ئەگەر بیەوێت وەک ١٩٩٧ هەوڵبدات لە پشتەوە لە گەریلا بدات، شەڕ ڕوو دەدات".


دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی میدیا هەبەر، تیشکی خستە سەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر هەرێمی خواکورک، کاڵکان ڕەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان کرد و هۆشداریی گرنگی دا و بانگی تێکۆشانی هاوبەشی کرد دژی داگیرکاری.

"ئاشکرایە لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕێککەوتوون"

دوران کاڵکان، سەرنجی ڕاکێشایەسەر بێدەنگییەکانی لایەنە کوردییەکان و دەوڵەتی عێراق لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و وتی: ئاشکرایە کە لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕێککەوتنیان کردووە،  چونکە ئەو گوندانە بۆردوومان دەکرێن سەربازی سەربە عێراقی تێدایە، وترا کە فڕۆکەکانی تورکیا لە پێشمەرگەیان داوە، میدیاکانیش باسی ئەوەیان کرد، دیارە ڕێگەیان پێیدراوە، بڕیارگەی ناوەندی ئێمەش ڕاگەیەندراوی بڵاو کردەوە، ئەگەر ئەوان (پارتی و دەوڵەتی عێراق) ڕێگەیان نەدابا، دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی جارێکیش هێرش بکات، ساڵی ڕابردوو داوای کردبوو کە لە بەرزاییەکان بکەونە ناو باشوری کوردستان، بەڵام خەڵک لە هەندێک دەڤەر ڕێگەیان نەدا، نەیانتوانی بێن، لە هێرشەکانی ئەمجارەش هەر وەها دەبێت، پێویستە ئەوە ببینرێت.

"دەوڵەتی تورک بەنیازە کوردەکان لەسەر خاکی باپیرانیان دەربکات"

کاڵکان ئاماژەی بەوە داوە کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە ئامانجی داگیرکارییە و وتوویەتی: بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەستەنوڵ دەنگی زیاتر بە دەست بێنێت و داگیرکاریی و کۆمەڵکوژی لەسەر کوردەکان پێکبێنێت، هێرش دەکات، ئەو مافەی نییە و لە دۆخێکی بێچارەیی دایە، گەنجی تورک دەخاتە ناو ئاگر، دەیەوێت کوردستان چۆڵ بکات و لەسەر هێڵێ کۆمەڵکوژیی کورد لە وڵاتی باپیری خۆی ببڕێت و کۆچبەریان بکات، وەک ساڵی ١٩٩٤ لە باکور هەموو گوندەکانی سووتاند و وێرای کردن لە باشوریش ئەوە دەکات.

"بانگەوازیی بۆ پارتی و یەکێتی"

دوران کاڵکان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەنگێک لە حکومەتی باشورەوە نایەت و وتی: بەرپرسانی پارتی و یەکێتی هەڵوێستیان نیشان نەدا، لێدوانێکیان نەدا، بۆیە هەم ئەو هێزانە هۆشیار دەکەینەوە و هەمیش بانگەوازییان لێدەکەین.

هۆشدارمان ئەوەیە: هێرشێک وداگیرکارییەک هەیە، ئەوە لەدژی هەموو کوردانە.

بانگەوازیشمان ئەوەیە: ئێمە ئامادەین پێکەوە لەدژی ئەو داگیرکارییە بەرخۆدان بکەین، پێویستە یەکێک بین.

هۆشداریی بۆ پارتی

کاڵکان لە بەردەوامییدا ڕەخنەی لە پارتی گرت و ڕایگەیاند: لەسەر ئەو بنەمایانە چەند قسەیەکمان بۆ پارتی هەیە، ئێمە دەڵێین پارتی لەگەڵ دەوڵەتی تورک لەناو ڕێککەوتنێک دایە، دەڵێین کاتێک دەوڵەتی تورک دەیەوێت چیا بەرزەکان بگرێت، پارتیش دەیەوێت گرد و چیای بەرامبەر ئەوانە لە باشور بگرێت، پارتی دەیەوێت هێڵی گۆشینە، گەوریا بەربزنان، کانی قڕێژ، گردە بڵندەکانی ژوورووی سیدەکان و دەڤەری برادۆست بە پێشمەرگەکانی خۆی بگرێت، ئەگەر دۆخەکە وەها بێت، ئاشکرا دەبێت کە بەو شێوەیە پارتی و دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لەدژی گەریلاکانی پەکەکە بەڕێوە دەبەن، ئەگەر قسەکان و ئەو شتانەی دەوترێت ڕاست بێت، ئەوە یارییەکی مەترسیدارە، ئێستا ئەگەر بەڕێوبەری پارتی کەوتبێتە ناو پیلانێک وەک ئەوەی ساڵی ١٩٩٧، با باش بزانێت کە خۆی بە کارێکی مەترسیدارەوە خەریک کردووە، ئەگەر هەوڵبدات ئەو شوێنانەی کە ناویان هات بیگرێت و بە ئامانجی ئەوەی بەرخۆدانی گەریلا و گەل لە بەرامبەر داگیرکاریی تورک لە باشور سنووردار بکات،  هەوڵدان بکات، ئەوە بە واتای ئەوەیە کە دەکەوێتە ناو شەڕ، ئەنجامی ئەم هەوڵدانە شەڕ دەبێت، با هەموو کەسێک بزانێت.

"با کەس گەریلا تۆمەتبار نەکات"

کاڵکان، وتیشی: من لێرەوە و بە ئاشکرا دەڵێم و هۆشداریی دەدەم: ئەگەر پارتی هەوڵبدات وەک ساڵی ٩٧ بکات، ڕێکبکەوێت لەگەڵ دەوڵەتی تورک و لە پشتەوە لەگەریلا بدات، شەڕ دەقەومێت، ئێمە منداڵ نیین، ئەوە ١٢ ساڵە بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی تورک و ئەمریکا هەموو بارەگاکانی پەکەکە دەداتە بەر بۆردوومانەوە، بەو هۆیەوە ١٠٠ گەنجی کوردیان دابەکوشت، تۆ دەڵێی جوگرافیای کوردستان و مرۆڤی کورد گوێنی خەسڵن دەوڵەتی تورک چێی دەوێت با بۆردوومانی بکات، شتێکی وەها چون دەبێت؟ بۆیە با رای گشتیی و بەتایبەت ڕای گشتی کوردستان بزانن، دوایی کەس ئێمە تۆمەتبار و تاوانبار نەکات، پارتی ئەگەر لە بارەگاکانی خۆی کە هەیەتی، بێتە دەرەوە و بەرەو مەیدانەکانی گەریلا و بەرەو هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بکەوێتە ناو جموجوڵ، ئەوە دەبێتە شەڕ لەدژی گەریلا، لە بەرامبەر ئەوشدا بێگومان وەڵامی گەریلا شەڕ دەبێت، ئێمە وەها تێدەگەین و وەهاش دەجۆڵێنەوە، جگە لەمە ڕێگەیەکمان نییە، نامانەوێت شتێک وەها ڕووبدات.

"وەرن با پێکەوە لەدژی داگیرکاریی شەر بکەین"

دوران کاڵکان، بانگەوازیی کرد: وەرن با پێکەوە لەدژی داگیرکاریی شەر بکەین، ئێمە گوندەکان دەپارێزین، با گوندییەکان برادۆست لەسەرخاکی خۆیان بە ئازادیی بژین، بە سەربەستی کشتوکاڵی خۆیان بکەن، دەیانوت پەکەکە گوندییەکان لە گوندەکان دەردەکات، ئەمە ڕاست نییە، بە پێچەوانە دەیانپارێزین، گەریلا هێزێکی پاراستنە بۆ گوندییەکان، ئەگەر ببنە هاوبەشی دەوڵەتی تورک لە سووتاندنی و شێواندنی گوندەکان، دەبنە هاوبەشی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک، پێویستە وەها نەبێت، بە ئاشکرا هۆشداریی دەدەینە پارتی، و بە ڕوونی دەڵێین کە نامانەوەێت وەها بێت، ئێمە بۆ تێکۆشانی هاوبەش ئامادەین، ئێمە بێگومان دژی شەڕی ناوخۆیی و شەڕی براکوژین، بەڵام ئەگەر وەکو جاشەکانی باکوری کوردستان بکەونە پێش دەوڵەتی فاشیست و کۆمەڵکوژکەری تورک کە شارەکانی باکوری سووتاند و وێرانی کردن، عەفرینی وێران کرد، ئێستا دەیەوێت سیدەکان بسووتێنێت و وێرانی بکات، ئەو کاتە با ئەو هێزە بەخۆیدا بچێتەوە و بزانێت کەوتوەتە چ حاڵێک، لەبەرامبەر هێزێکی وەها هەر شەڕ دەبێت، دۆخێکی وەها شەڕ لەگەڵ خۆی دێنێت، با کەس نەکەوێتە دۆخێکی وەها، با ئاگادار و هۆشیار بن، بانگەوازیی ئێمە لە بەرامبەر داگیرکاری بەرخۆدانی هاوبەشە.

بانگەوازیی بۆ خەڵکی باشور

دوران ،کاڵکان بۆ خەڵکی باشوری کوردستان بە تایبەت خەڵکی ناوچەی برادۆست بانگەوازیی کرد و وتی: بەڕێوبەریی ئێمە بۆ خەڵکی باشور بانگەوازییەکی کرد، ئێمەش دووبارەی دەکەینەوە، پێویستە بە ڕۆحی شیلادزێ بەرخۆدان بکەن، بەرخۆدان لە هەر مەیدانێک بەرز بکەنەوە و لە خەڵکی برادۆست و گوندەکانی برادۆست خاوەنداریی بکەن.

بانگەوازیی بۆ خەڵکی برادۆست

دووران کاڵکان، بۆ خەڵکی برادۆستیش بانگەوازیی کرد و وتی: خەڵکی برادۆست هەیە، دۆستی ئێمەن، سڵاو لە هەموویان دەکەین، لە نزیکیشەوە دەیانناسین، بانگەوازیی دەکەین، ڕاستینەی دووژمن باش بناسن، هێزی بەرامبەرتان بناسن، ئێمە نامانەوێت دۆخێکی وەها ڕووبدات، بەڵام دووژمن ئەو دۆخەی بەسەر ئێمە سەپاندووە، ڕێگەیەک جگە لە بەرخۆدانمان نییە، لەوانەیە ئێشێکی قورس ببینین، گورزمان لێبدرێت، زەحمەتێکی زۆر ببینین، چێ دەبێت با ببێت، ئێمە بەرخۆدان دەکەین، گەریلا ئێوە دەپارێزێت، پشتیوانیی گەریلا بکەن، هێزی پێ بدەن، لەدژی دووژمن و نۆکەرانی بوەستنەوە، دەوڵەتی تورک تەنگاو بووە و بێگومان تێکدەشکێت، با کەس لەمە نەترسێت و پاشگەز نەبێتەوە، ئەگەر ئێمە یەکبگرین، بەرخۆدان بکەین، لەو مەیدانانەدا ناتوانێت بە ئاسانی هەنگاو بنێت، ناتوانیت زیاتر بمێنێتەوە، ناچارە هەڵبێت و لێرە بڕوات، بۆیە لە بەرامبەر یارییەکانی ئاکەپە و خائینەکان لە ناویاندا ئەوانەی هاتوون بە حیساب عەشیرەتەکان فریو بدەن، هۆشیار بن، تەنازول نەکەن، گوێیان پێمەدەن و بیانتارێنن، لە بەرامبەر داگیرکاریی فاشیستی قڕکەر ئێوەش لەگەڵ گەریلا ببنە یەک و بەرخۆدان بکەن، ئەوە شکۆیە، شەرەفە، پێشەڕۆژە، ئازادییە، هەموو گەلی برادۆست بە هێزێک کە لە مێژووی خۆی دەگرێت پێویستە ئەوە بکات، بێگومان ئەگەر بەرخۆدان بکەن، سەردەکەون، ئێمە بەرخۆدان دەکەین و سەردەکەوین.

ش.ف