کۆماری کوردستان، ئەزمونێک بۆ ئێستا

٧٢ ساڵ بەسەر شکستێکی دیکەی گەلی کورد و لەناوبردنی دەستکەوتێکی مەزن بەهۆی یەکنەبوونی کورد و پشت بە ستن بە هێزی دەرەکیی تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا نەبووە بە وانەیەکی باش بۆ ئێستا و لایەنە سیاسییەکان ئەزموونیان لێوەرنەگرتووە.


ئەمڕۆ ساڵیادی ڕووخانی کۆماری کوردستانە، کە بە پێشەنگایەتیی قازی محەمەد لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندرا و دوای ١١ مانگ و لە ١٧/کانونی یەکەمی ١٩٤٦ ڕووخا.

ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو

خاکی کوردستان کە پێشتر لە مانگی ئابی ساڵی ١٥١٤ دابەشکرابوو لە نێوان دوو جەمسەری شیعە و سونە واتا ئیمپراتۆرییەتەکانی سەفەویەکان و عوسمانیەکان، ئەمجارە و بە ڕووخانی دوو ئیمپراتۆری ناوچەکە لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و دامەزرانی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە دابەشکرا بە سەر سێ وڵاتی دیکەدا، (عێراق، تورکیا و سوریا) کە دوای ڕووخانی عوسمانی بووبوون بە دەوڵەت، بەشی چوارەمی خاکی پارچەکراوی کوردستان واتا ڕۆژهەڵات-یش لە ژێر دەستی ئێران مایەوە.

بە دەستپێکردنی شەڕی دووەمی جیهانی و جارێکی دیکە داگیرکردنی ئێران لەلایەن ڕوس و ئینگلیزەوە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بەسەر وڵاتەوە نەما و بۆشایی هێز وڵاتی ئێرانی گرتەوە، ڕەزاشا لەژێر فشاری بەریتانیا، لە ئەیلولی ١٩٤١ دەستی لەکارکشایەوە و ئێرانی جێهێشت و دەسەڵات کەوتە دەستی کوڕەکەی واتا محەمەد ڕەزاشا.

داگیرکردنی ئێران لەلایەن سۆڤییەت و بەریتانیاوە، کەمبوونەوەی تەرکیزی حکومەتی ناوەندی لەسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران، هەروەها نیشاندانی پشتیوانییی لەلایەن سۆڤیەتەوە بۆ گەلانی بندەست، ئەو هەلەی ڕەخساند کە لە شارەکانی مهاباد و تەبرێز دوو کۆمار بە ناوەکانی "کۆماری کوردستان" و کۆماری "ئازەربایجان" دابمەزرێن.

هەوڵەکانی دامەزراندنی کۆماری کوردستان

ڕۆژی ١٦ی ئابی ١٩٤٢ "حسەین فروھەر، عەبدولڕەحمان زەبیحی، عەبدولڕەحمان ئیمامی، عەبدولقادر مودەریسی، نەجمەدین تەوحیدی، محەمەد نانەوازادە، عەلی مەحمودی، محەمەد ئەسحابی، عەبدولڕەحمان کیانی، سدیق حەیدەری، قاسم قادری" لە باخێکی تەنیشت مەهاباد بە ناوی "سیسە" کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان-یان ڕاگەیاند، قازی محەمەد کە کەسایەتییەکی ناسراوی مهاباد بوو، ساڵی ١٩٤٤ پەیوەست دەبێت بە "کۆمەڵەی ژێ کاف" و دوای زیندانیبوونی سێ کەس لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە ڕۆڵی سەرکردە لە (ژ.ک) دەگێڕێت و لە ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دەچنە "باکۆ" چاویان بە "جەعفەر باقرۆڤ" سەرۆک وەزیری کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت دەکەوێت و داوای پشتیوانیی و یارمەتی سۆڤیەت بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەکەن.

کۆمارەکە ڕاگەیەندرا

دوای گەڕانەوەی شاندەکە، کۆمەڵەی ژێ کاف ناوەکەی دەگۆڕێت بۆ حزبی دیموکراتی کوردستان و یەکەم کۆنگرەی خۆی لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ دەبەستێت، دوای ماوەیەک بە سوودوەرگرتن لە بارودۆخی ئەو کاتەی ئێران و نەمانی هێزەکانی لە ناوچەکە و پشتیوانیی سۆڤیەت، لە ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٥دا حزبی دیموکراتی ئازەربایجان بە سەرۆکایەتیی جەعفەر پیشەوەری، پارێزگای ئازەربایجان (ناوەندی تەبرێز)یان لە چنگی سوپای ئێران ڕزگار کرد و کۆماری ئازەربایجان ڕاگەیاند.

پێنج ڕۆژ پاش ئەوە لە هەوڵێکی هاوشێوەدا، مەهاباد لە چنگی هێزەکانی سوپای ئێران ڕزگار کرا و لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦دا، کۆماری کوردستان لە مهاباد ڕاگەیەندرا و ئەو دوو کۆمارە پەیونەدییەکی توندوتۆڵیان هەبوو.

ئامانجەکانی کۆماری کوردستان ڕادەگەیەنرێن و لە لایەن گەلەوە پێشوازیی لێدەکرێ، سەرەکییترین خاڵەکان ئەمانە بوون: زمانی کوردیی بکرێتە زمانی راگەیاندن ‌و خوێندن‌ و ئیدارە، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێریی دەوڵەت‌ و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن، یەکێتی‌ و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازربایجان، یاسایەک ھەبێت کە بە یەکچەشن مامەڵە لەگەڵ کرێکار ‌و کەسایەتییە باڵاکان دا بکات.

ڕێککەوتنی سۆڤیەت و حکومەتی ئێران

لە مانگی کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا، سۆڤییەت لەگەڵ حکومەتی ئێران ڕێککەوت، لە ٢٦ی ئازاری‌ ١٩٤٦، بەھۆی‌ فشاری‌ ھێزە ڕۆژئاواییەکان بە تایبەت ئەمەریکا، پەیمانی بە حکومەتی ئێران دا، کە لە باکووری ئێران بکشێتەوە.

سۆڤیەت پشتی لە کورد و ئازەر کرد

هەرچەندە سۆڤییەت بەپێی هزری لینین پابەندبوو بە هاوکاریکردنی گەلانی بندەست بۆ گەیشتن بە ئازادی و خۆبەڕێوەبەری، هەر بەهۆی یارمەتییەکانی سۆڤییەتەوە ژمارەیەکی زۆر لە گەلانی باشوری سۆڤییەت بە خۆبەڕێوەبەری گەیشتن، بەڵام لە بارەی کورد و ئازەرییەوە ئەو پابەندییەیان پێشێل کرد.

 دوای کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت، لە مانگی حوزەیراندا، ئێران دەستی گرتەوە بەسەر کۆماری ئازەربایجاندا، ئەمەش بووە ھۆی‌ دابڕانی کۆماری‌ کوردستان و پچڕانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ سۆڤیه‌ت و ڕاگیرانی پاڵپشتی ماڵی و سەربازیەکانی کە پشتی پێبەستبوو.

خیانەتی ناوخۆیی

سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری کوردستان بۆ بەشدارییپێکردن و پەیوەستبوونی خێڵەکانی دیکەی کورد لەناو کۆمار، بەڵام نەیتوانی پشتیوانیی بەدەستبهێنێت و سنوورەکانی لە موکریان و دەوروبەری مهاباد بەرفراوانتر بکات، هەربۆیە زۆرجار بە کۆماری مهاباد ناو دەبرێت و دەناسرێت.

نەک هەر ئەوە، بەڵکو ، خێڵە کوردەکان کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لە کۆمار دەکرد، دوای پشتتێکردنی سۆڤیەت بەرھەم ‌و سەرچاوەی‌ داراییان نەما، ئیتر خێڵەکان هیچ بیانوویەکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەبوو، هەربۆیە زۆرێک لە خێڵەکان قاز‌یان بەجێھێشت، لە کاتی گەیشتنی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر سنوور، زۆربەیان هەڵهاتن و بەرەکانی بەرگرییان لە مهابادیان چۆڵ کرد، مەلا مستەفای بارزانی کە پلەی ژەنەراڵی لە کۆمار و پێشەوا قازی وەرگرتبوو لەگەڵ چەکدارەکانی هەڵهاتن بۆ سۆڤیەت و کۆماری کوردستانیان جێهێشت.

کۆماری کوردستان ڕووخا

سەرەنجام لە ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦دا، سوپای ئێران توانی بچێتە ناو شاری مهاباد کە ناوەند و پایتەختی کۆماری کوردستان بوو، دەستی بەسەر شارەکەدا گرت. دەوترێت، قازی محەمەد بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکە نەکەونە بەر کوشتاری هێزەکانی پاشایەتی ئێران خۆی بەدەستەوەدا و دواتریش لە ڕۆژی ٣١ی ئازاری ١٩٤٧دا، قازی محەمەد و هاوڕێیانی لە سێدارە دران.

پشکۆ حه‌مه‌ تاهیر، مامۆستای به‌شی مێژوو له‌ زانکۆی سلێمانی، باس لەوە دەکات، کە "پشتتێکردنی یەکێتی سۆڤیەت و تێنەگەیشتن لە سیاسەتی دەوڵەتە گەورەکان، هۆکاری سەرەکیی ڕووخانی کۆمارەکە بوو، هه‌روه‌ها هۆکارێکی دیکه‌ش له‌ سیاسی نێوده‌وڵه‌تی پشتێکردنی ئه‌مریکا و به‌ریتانیا بوو له‌و کۆماره‌ ڕێگه‌یان بۆ ئێران خۆشکرد که‌ به‌ ئاسانی هێرش بکاته‌ سه‌رناوچه‌کانی کۆمار"، ئەمە نیشانی دەدات کە پشت بەستن بە هێزی دەرەکیی خاڵی هەرە لاوازی کۆماری کوردستان بووە.

پشکۆ حەمەتاهیر، ئاماژە بەهۆکارەکانی دیکەی ڕووخانی کۆمارەکە دەکات، کە ناکۆکیی و خیانەتی ناوخۆیی و تەسکیی سنووری جوگرافیای کۆمارەکەیە، کە نەیتوانیوە مهاباد تێبپەڕێنێت، ئەمە جگە لە خراپی ڕه‌وشی ئابووریی کۆماره‌که‌.

٧٢ ساڵ تێدەپەڕێت، ئایا ئایا کورد وانەی لە شکستەکانی وەرگرتووە؟

عه‌لی که‌ریمی، چاودێری سیاسیی، پێیوایە، یه‌کێک له‌ سیفاته‌ خراپه‌کانی جوڵانه‌وه‌ی کورد ئه‌وه‌یه‌ که‌ وانه‌ له‌مێژووی خۆمان و ئه‌زموونه‌کانی ده‌وروبه‌ر وه‌رناگرین و ئێستاش له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچکه‌ین به‌بێ پلان کار ده‌که‌ین له‌ سیاسه‌تدا.

 عەلی کەریمی، وتیشی: کورد به‌ گشتیی له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ لاوازه،‌ ‌ که‌م نه‌ته‌وه‌یی چل ملیۆنی هه‌یه‌ له‌ جیهاندا که‌ نه‌یتوانیبێت به‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆی بگات، بەڵام کورد نەیتوانیوە پێیبگات و ستراتیژی نەتەوەیی خۆی دیاریی بکات.

ش.ف