کۆمەڵکوژیی هەولێر، ئەو تاوانەی ویژدانی کوردی هەژاند

بە ڕۆژی ڕووناک تیغی مەرگ دەخەنە سەر ملی دەیان ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و بریندار و کۆمەڵکوژیان دەکەن، کۆمەڵکوژییەک کە بەتاوانی نەتەوەیی ناودەبرێت و هەتا ئەمڕۆش سوێی برینەکەی ساڕێژنەبووە،٢٣ ساڵە چارەنووسی قوربانییەکانی دیارنییە و حکومەت و پەرلەمانیش گوێیان لێی خەواندووە.


کۆمەڵکوژیی هەولێر، تاوانێک هەتا ئەمڕۆش لەگوێی هەولێردا دەزرنگێتەوە و مێژوو ناتوانێت خۆی بگرێت لە بەردەمیدا، ئەمڕۆ ٢٣ ساڵ بەسەریدا تێپەڕدەبێت و هێشتا لەدڵی ئازادیخوازانی کوردستاندا دەرنەچووە.

گەلەکۆمە شوومەکەی گوڵانی ١٩٩٧

دامەزراندنی ستاتۆی باشوری کوردستان ئومێدێکی گەورەی بەخشییە پارچەکانی دیکەی کوردستان، لەدوای کۆماری کوردستانەوە یەکەم قەوارەبوو کورد ئیدارەی خۆی بدات، پارچەکانی دیکەی کوردستانیش چاویان لەوەبوو ئەو ستاتۆیە ببێتە زەمینەیەک بۆ کۆکردنەوەی ناوماڵی کورد و پشتیوانبێت بۆ تێکۆشانیان دژی داگیرکەران.

بەڵام ئەزموونەکانی سەرەتا پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییە بوون، شەڕی ناوخۆ بووە یەکەم ئەزموونی تاڵی هەرێمی کوردستان، لێکەوتەکانی ئەو شەڕە وایکرد، لایەنەکان بۆ دژایەتییکردنی یەکتر سڵیان لە هیچ نەدەکردەوە، تا ئەو ئاستەی هێزی عێراق و تورکیا و ئێرانیان پەلکێش دەکرد بۆ ناو باشوری کوردستان و دژ بەیەک بەکاریان دەهێنا.

هێزە دەرەکییەکانیش ئەو ناکۆکییانەیان قۆستەوە و لایەنە کوردییەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی خۆیان بەکاردەهێنا، کوردیان بەدەستی کورد شەهید دەکرد و ئەزموونەکەیان بەرەو هەڵدێر دەبردن، زۆرترین جاریش دەوڵەتی تورک ئەم سەرکێشییەی کردووە.

دەوڵەتی تورک لەساڵی -١٩٨٣وە هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان، هەوڵدەدات بە بیانووی بوونی هێزی پەکەکە باشوری کوردستان داگیربکات، بۆ ئەوەی دەستی بە سنووری ئەو میساقە میللە بگات کە خۆیان دیارییان کردووە، گەورەترین هێرشیشی لە ١٤ی ئایاری ١٩٩٧ ئەنجامدا، کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەرباز و هەزاران پێشمەرگەی پارتی تێیدا بەشداربوون.

لە بەرامبەریشدا گەریلاکانی پەکەکە بەرخۆدانێکی مێژووییان نیشاندا و هێرشەکەیان تێکشکاند.

بەگوێرەی هەندێک هەواڵ کە لەزاری سوپای تورکەوە بڵاوکرابوویەوە، دەیانوت، کە پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، داوای لە تورکیا کردووە کە لەدژی هێزەکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان هێرش ئەنجامبدات، لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەشدا پێشمەرگەکانی پارتی هاوشانی جەندرمەیتورک شەڕیان دەکرد.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوانە کە نەیویست ناوی بهێندرێت، هەمان ڕۆژی دەستپێکردنی هێرشەکەی تورکیا، مەسعود بارزانیی لەگەڵ سەرکردەیەکی ئەوکاتی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و"به‌ڵێنی شه‌ره‌فی داوە و سوێندی به‌ گۆڕی باوكی خواردووە، كه‌ ئه‌وان وه‌ک پارتی به‌شداری ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ نابن".

کۆمەڵکوژیی هەولێر

دوو ڕۆژ دوای ئه‌و دیدارانە، كۆمه‌ڵكوژیی هەولێر ئەنجامدرا، ڕۆژ ١٦ی ئایاری ١٩٩٧ە و هێزەکانی پارتی لەیەک کاتتدا هێرشدەکەنە سەر بارەگاکانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامیا، یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان، نەخۆشخانەی گەریلا بریندارەکانی مانگی سووری کورد، ڕۆژنامەی وڵات و ڕۆژنامەی وەتەن شەمس.

بەپێی بەڵگەنامەکان، ٨٣ بریندار، ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار و هونەرمەند لەو هێرشانەدا بەردەکەون، بەشێکیان شەهید دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان بێسەروشوێن دەکرێن، هەتا ئێستاش چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکان نازانرێت، کە ئاخۆ ئەوانیش شەهیدکراون یاخود هێشتا لە ژیاندان و زیندانییکراون؟.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی چەتریش کە لە ژمارە ٥٦ی ساڵی ٢٠١١دا بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو، کە تەرمی بەشێک لە شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە لە شوێنێک لەسەر ڕێگای هەولێر-مەخمور نێژراون، کە ناسراوە بە مەعمەل قیر.

ئەو کۆمەڵکوژییە بڵێسەی ناڕەزایەتیی لەناو خەڵکدا گەشکرد، هەرچەند هەلومەرجی سیاسیی ئەوکاتیش لەبار نەبوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی، بەڵام لە سلێمانی جەماوەر ڕژانە سەر شەقام و ئەو تاوانەیان شەرمەزارکرد.

کاوە نادر، چالاکوانێکی دیاری شاری هەولێرە، ئەوکات نزیکایەتیی لەگەڵ یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان هەبووە و شاهیدحاڵی کۆمەڵکوژییەکەیە، ئەو باس لە هەڵوێستی خەڵکی هەولێر دەکات و دەڵێت: هەتا ئێستا ئەو تاوانە لەدڵی خەڵکی هەولێر و کەسانی  ئازادیخوازدا دەرنەچووە، لە سەردەمی خۆشیدا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر خەڵکی هەولێر دروستکرد و خەڵکێکی زۆر ناڕازییبوون لەوەی، کە بەڕۆژی ڕووناک ئەو تاوانە دژ بەو شۆڕشگێڕانە ئەنجامدرا.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٠یشیەوە مەودایەکی فراوانتر بۆ وروژاندنی ئەو کەیسە فەراهەم بوو و کەسوکاری شەهیدەکان زنجیرەیەک هەوڵیاندا بۆ ڕوونکردنەوەی ئایندەی ڕۆڵەکانیان، دواتیش کۆمەڵەی پشتیوانی قوربانیانی جەنگ لە ساڵی ٢٠١٠ دامەزرا و بەچڕی دەستی بە کارکردن کرد لەسەر ئەو کەیسە.

ساڵی ٢٠١١-ش لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستی بە کارکردن لەسەر ئەو کەیسە کرد و یاداشتێکیشی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کرد و تێیدا داوای ڕوونکردنەوەی ئایندەی بیسەروشوێنکراوەکانی کرد.

ساڵی٢٠١٢ وەزارتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە به‌یاننامه‌یه‌كدا بەفه‌رمیی دانی به‌وه‌دانا‌ كه‌ هیچ یەکێک له‌ به‌ركه‌وتووانی ئەو كۆمه‌ڵكوژییە نه‌ماون و هه‌موویان کۆمەڵکوژکراون، به‌ڵام شوێنی گۆڕه‌كانیانی ئاشكرا نەکرد و ڕوونی نەکردووەتەوە كێ كوشتوونی و چۆن کۆمەڵکوژکراون؟.

وەزارەتی ناوخۆ ئامادەییشی دەربڕیبوو کە ئیمتیازاتی شەهید بۆ شەهیدانی کۆمەڵکوژیی هەولێریش دابینبکرێت، کەچی هەتا ئێستا ئەو بەڵێنەشی نەبردووەتە سەر.

کۆمەڵکوژیی لە تۆڵەی شکستی سوپای تورک

بەشێک لەوانەی چاودێریی ئەو کەیسەیان کردووە و هەڵسەنگاندنی لەسەر دەکەن، پێیان وایە ئەوەی ڕوویدا لە تۆڵەی شکستی هێرشەکەی سوپای تورکدا بووە، کە لەسەر دەستی گەریلا چەشتیان، شایەتحاڵانی ڕووداوەکە ئەوە ئاشکرا دەکەن، کە میتی تورک لەناو ئەو پێشمەرگانەدا هەبووە کە کۆمەڵکوژییەکەیان پێکهێناوە.

کاوە نادر، دەڵێت:"شێوازی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکە لە کاری پارتی نەدەچوو، بەڵکو لەکاری میتی تورک دەچوو، تەنانەت هەندێ کەسیان بە زیندوویی لە سەربانی نەخۆشخانەی گەریلا بریندارەکانەوە فڕێدابووە خوارەوە".

پاش ٢٣ ساڵیش لەو تاوانە، ئێستا ئەو شوێنانەی کۆمەڵکوژییەکەیانتێدا ئەنجامدراوە خاپوورکراون و بینا و باڵەخانە لە شوێنەکانیان دروستکراوە، لەکاتێکدا گومان هەیە هێشتا ئێسکوپروسکی شەهیدانی ئەو تاوانە لەو شوێنەدا هەبن.

 

ش.ف