گرێكوێرەی هەشت وەزارەتەكە نەكراوەتەوە

دوێنێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بری ئەوەی پەرلەمانتاران دەست بۆ دیارییكردنی وەزیرەكانی دیكەی كابینەكەی عەبدولمەهدی بەرزبكەنەوە، دەستیان بۆ لێدانی یەكتر بەرزكردەوە، ناكۆكیی سەرەكیی لەبارەی كاندیدانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگرییە، كوردیش لەناوخۆیدا ناكۆكە لەبارەی پشكەكانی خۆی.


دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە، بڕیاربوو تیادا پێكهێنانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی تەواوبكرێت، كە تا ئێستا هەشت وەزارەتی بە بەتاڵیی ماوەتەوە، بەڵام ناكۆكیی لایەنەكان لەبارەی كاندیدی وەزارەتەكانەوە دانیشتنەكەی بێئەنجام هێشتەوە، بڕیارە سبەینێ دووبارە ئەنجومەنەكە كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدی وەزارەتەكان.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ناوی هەشت كاندیدی بۆ پڕكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی كابینەكەی، كە پڕنەكراونەتەوە، ناردووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام بەشێك لە كاندیدەكان ناكۆكیی كوتلە جیاوازەكانی لەسەرە، بەتایبەت هەردوو كاندیدی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریی، عەبدولمەهدی بۆ وەزارەتی ناوخۆ، كەپشكی شیعەیە، فالح فەیاز-ی كاندیدكردووە، فەیسەل جەربا-شی بۆ وەزیری بەرگری كاندیدكردووە كە لە پشكی سوننەكانە.

دوێنێ چەند فراكسیۆنێك بایكۆتی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كرد، بەتایبەت هاوپەیمانیی چاكسازی بە سەركردایەتی هاوپەیمانییەكەی موقتەدا سەدر، هەروەها فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان-یش نەچووە كۆبوونەوەكە و گلەیی هەیە كە وەزارەتی داد-یان پێنەدراوە.

لە كۆبوونەوەكەی دوێنێدا، هەوڵ هەبوو بە فێڵ، ڕێژەی یاسایی ئامادەبووان كۆبكرێتەوە و دەنگ لەسەر هەشت وەزیرەكە بدرێت، بەڵام پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی چاكسازی فیڵەكەیان ئاشكراكرد، كە ژمارەیەك ڕاوێژكار و خەڵكی دیكەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران هێنرابوونە ناو ئەنجومەنەكەوە بۆ تەواوكردنی ڕێژەی یاسایی، بۆیە دوای ئاشكرابوونی ئەو هەوڵە، گرژیی و ئاڵۆزیی دروستبوو، چەند پەرلەمانتارێك، بەتایبەت لە کوتلەکانی سائیرون-ی سەدر و فەتح-ی عامری، دەستیان لەیەكدی بەرزكردەوە.

زوڵاڵترین دەنگی ناڕازیی نێو ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی ئەو دوو كاندیدەوە، هاوپەیمانیی سائیرون-ی موقتەدا سەدرە، هاوپەیمانییەكەی سەدر، كە گەورەترین پێكهاتەی نێو هاوپەیمانیی چاكسازییە، دووپاتیدەكاتەوە، دوو كەسی تەكنۆكرات و دوور لە دەستی حزب و لایەنەكان و پشكپشكێنە، هەڵبژێردرێن بۆ وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریی.

سائیرون پێیوایە، فالح فەیاز كاندیدی عادل عەبدولمەهدی نییە، بەڵكو هاوپەیمانیی بونیاد و بەدیاریكراوی كوتلەی فەتح-ی هادی عامری كاندیدیانكردووە، تەنانەت پێیان وایە كە ئێران لەپشت كاندیدكردنی فەیاز-ەوەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ، ئەمەش وەكو هەوڵێك بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی لەگەڵ سعودیە، كە دەیەوێت فەیسەل جەڕبا بكاتە وەزیری بەرگریی، دوای شكستی كۆبوونەوەكەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەران، عەواد عەوادی، پەرلەمانتاری سائیرون ئەم ڕایەی كوتلەكەی دووپاتكردەوە، پێش كۆبوونەوەكەی دوێنێش، پەرلەمانتارانی سائیرون لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێكەوە هاواریاندەكرد "بڕیارەكەمان عێراقییە".

پێشتر فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بوو، بەڵام بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، دواتر فەیاز پەیوەندیی بە هاوپەیمانیی فەتح-ی هادی عامری-یەوە كرد، بۆیە عەوادی پێی وایە، عامری دەیەوێت وەكو ڕێزلێنانێك لەو هەنگاوەی فەیاز، ناوبراو بكاتە وەزیری ناوخۆ.

ڤیتۆی سائیرون تەنها لەسەر فەیاز نییە، بەڵكو دژی ئەوەیە فەیسەل جەڕبا ببێتە وەزیری بەرگریی، بەوپێیەی بەوتەی جاسم  حلفی وتەبێژی هاوپەیمانیی سائیرون، هاوپەیمانییەكە دەیەوێت وەزارەتە ئەمنییەكان (بەرگریی و ناوخۆ)  دووربێت له‌ دەستی حیزب و پشكپشكێن و كه‌سی شیاو ئەو وەزارەتانە بەڕێوەببات.

حاكم زاملی، كە پەرلەمانتاری سائیرون-ە، دوێنێ دوای شكسهێنانیان بە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، دووپاتیكردەوە، هەر حكومەتێك لە عێراق، مەرجەعی باڵای شیعەكان، موقتەدا سەدر و شەقام پشتگیریی نەكات، ناتوانێت بەردەوام بێت.

ئەوەی دۆخەكەی بەرەو بنبەست بردووە، ئەوەیە كە دوێنێ دوای شكستی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، عەبدولمەهدی ئاشكرایكرد كە هیچ لیستێكی دیكەی كاندیدانی وەزارەتەكان نانێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، واتە سوورە لەسەر ئەو هەشت كاندیدەی لە لیستێكدا ناردوونی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پڕكردنەوەی هەشت وەزارەتە بێوەزیرەكە.

دوای گرژییەكانی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی، وته‌بێژی هاوپه‌یمانیی فه‌تح-ی هادی عامری، سووربوونی هاوپەیمانییەكەی لەسەر كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ دووپاتكردەوە، هاوپەیمانیی سائیرونیشی بە نانەوەی پشێوی لەناو ئەنجومەنی نوێنەران تۆمەتباركرد.

كوردیش لەبارەی پشكەكانی خۆیەوە لە وەزارەتە پڕنەكراوەكان ناكۆكە، یەكێتی كە هەوڵی دەدا وەزارەتی داد وەربگرێت و خالید شوانی بكاتە وەزیر، بەڵام وا دیارە سەردانەكەی ئەم دواییەی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەن و سەركردە جیاوازەكان، وەزارەتی دادی لە چنگی یەكێتی دەرهێنا، ئێستا عەبدولمەهدی، دارا نوره‌دین-ی بۆ پۆستی وەزیری داد كاندید كردووە و وەكو كاندیدێكی تەكنۆكرات ناوی هێناوە، لەكاتێكدا باس لەوە دەكرێت كە كەسایەتییەكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستانە.

بۆیە فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، دژی پێنەدانی وەزارەتی داد بە حزبەكەیان، بایكۆتی دانیشتنەكەی دوێنێی نوێنەرانی كرد، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و هۆشدارییدا لە پەراوێزخستنی حزبەكەی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا.

تا ئێستا، وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ، بەرگریی، کۆچ و کۆچبەران، پلاندانان، ڕۆشنبیری، خوێندنی باڵا و پەروەردە لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی بێ وەزیرن، بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە و دەنگ لەسەر هەشت وەزیر بۆ ئەم وەزارەتانە بدات، بەڵام دیار نییە سەركەوتوو دەبێت یان نا.

ش.ف