گیانلەدەستدانی مەجید ئیبراهیم ناکۆکیی نێوان یەکێتی و پارتی گەرم دەکاتەوە

گیانلەدەستدانی گوماناویی پێشمەرگەکەی یەکێتی لە زیندانی ئاسایشی هەولێر-دا، ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتیی و پارتیی گەرم کردەوە و ئاسایش وەڵامی توندی سەرکردەیەکی یەکێتی دەداتەوە.


ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە لە شارۆچکەی هەریر ئاسایشی پارتی  پێشمەرگەیەکی یەکێتیی بەناوی مەجید ئیبراهیم، دەستگیر کرد و دوو ڕۆژ دواتر بە کەسوکارەکەیان وت، کە تەرمەکەی وەربگرنەوە، گوایە بە ٦٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراوە و خۆی لە زینداندا خۆی خنکاندووە، بەپێچەوانەی ئەو وتانەش کەسوکارەکەی و ئەندامانی یەکێتی تۆمەتەکان ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن، کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە.

لەو چوارچێوەیەدا و ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە، مەحمود سەنگاوی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتیی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان لە مەراسیمی چلەی شەهیدانی كوڵەجۆدا، ڕاستەوخۆ پارتی بە کوشتنی پێشمەرگەکەیان تۆمەتبار کرد و وتی:"ئەوانەی وایان لەو پێشمەرگەیەی یەكێتی كرد هیچیان كەمتر نییە لەوەی داعش كردوویەتی، چونكه‌ داعش پێشمەرگەكانمان شەهید دەكات و پارتییش پێشمەرگەمان دەخنكێنێت".

ئەمڕۆش ئاسایشی هەولێر، بە ڕاگەیەندراوێک وەڵامی مەحمود سەنگاوی دایەوە و دەڵێت:"مەحمود سەنگاوی بە ناڕەوا و بە ئاستێکی نزمی وەک خۆی پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی دا و ناماقوڵی زۆری کرد".

ئاسایشی هەولێر جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە، کە گوایە "مەجید ئیبراهم لەسەر مامەڵەکردن بە ٦٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراوە" و ئاشکراکردنی گروپێکی بەو جۆرەش بە دەستکەوت ناودەبات، هەروەها دووپاتی دەکاتەوە، کە "مەجید ئیبراهیم لە بەندینخانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێر-دا پەنجەی تۆمەت بۆ مەحمود سەنگاوی ڕاکێشراوە و هاتووە:"جێگای سەرسوڕمان نییە قاچاخچییەکی ناسراوی مەرزەکانی گەرمیان، کە تێوەگلاوە بە بازرگانیی ڕەش و ئەندامی تۆڕی ڕەشی بازرگانی ناشەرعییە، بەرگریی لە تۆڕی مافیا بکات و لەسەریان بێتە دەنگ و وەرەقەکانیان تێکەڵی پەیوەندیی نێوان حزبەکان بکات".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، باس لەوە کراوە، کە دەزگاکەیان بە مافی خۆی دەزانێت لە بەرامبەر هەر تۆمەتێکی ناڕەوا و ناوزڕاندنێک بەرامبەر دەزگا و هێزەکانیان، ڕێکاری یاسایی بگرنە بەر.

لە ڕابردووشدا ناکۆکیی هاوشێوە لەنێوان ئەو دوو حزبەدا ڕوویداوە بەتایبەت لەسەر دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان لە سنووری یەکتردا، دواتریش پەیوەندییەکانیان ئاسایی بووەتەوە.

ش.ف