عەبدولرەحمان گۆک ڕۆژنامەنووسی باکووری کوردستان لە درێژەی گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای سەردانەکەی بۆ پیرانشار ئەمجارەیان ڕوودەکاتە شاری بۆکان، کە تەنیا لە ماوەی پێنج ڕۆژدا زیاتر لە ١١ خۆپیشاندەر لەو شارە گیانیان بەخت کردبوو.
یاداشتەکانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە بارەی سەردانەکەی بۆ شاری بۆکان بەم جۆرەیە:
بۆکان بە بەراورد لەگەڵ زۆربهی شارهکانی دیکهی ڕۆژهەڵات و ئێران شارێکی گەنجە. ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس دەبن. هەم لە ڕووی پیشەسازی و هەمیش لە ڕووی کشتوکاڵەوە شاریکی بەرهەمهێنەرە، هەربۆیە خەڵکی ناوچەکانی دەورەبەر بەرەو بۆکان کۆچ دەکەن، ئەم شارە ١٨٥ کیلۆمەتر لە ورمێ، ٢٠٤ کیلۆمەتر لە تەورێز و ٦٤٩ کیلۆمەتریش لەتاران دوورە. لە ڕووی کۆمەڵایەتی، کلتوری، وەرزشی، ئابوری و سیاسیەوە یەکه لە شارە کاریگەرەکان لە ئێراندا. لەم شارەدا ئاستی خوێندەواریش بەرزە. بۆکان، کە گۆری حەسەن زیرەکیشی تێدایە، ماوەی دوومانگە پێشەنگایەتی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات دەکات. تا ١٥ی تشرینی دووەم لەم شارەدا ناوەناوە چالاکی هەبوون، بەڵام دوای ئەوەی ڕژێم هێزێکی زۆری لەم شارەدا جێگیر کرد، گەل ڕژانە شەقام و ناڕەزایەتیان دەربڕی.
لە نێوان ١٥-٢١ی تشرینی دووەمدا لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە ئەنجامی هێرشی قورسی هێزهکانی ڕژێمدا “میلاد مەعروفی، سامان قادربەگی، محەمەد حەسەن زادە، ئەسعەد ڕەحیمی، سالار مجاور، غەفور مەولودی، هەژار مام خوسرەوی، هیوا جانان، ئەمجەد عینایەتی، موستەفا شەعبانی و شەهریار موحەمەدی” گیانیان بهختکرد. زۆر کەسیش برینداربوون. هاوڵاتیان چوونە سەر شارەوانی و هێرشیان کردە سەر زۆر فەرمانگەی دەوڵەت. لەبۆکان سەدان کەس دەستگیرکراون، زیندانی کراون و ڕفێنراون، شەوانەش ناوەناوە هێزەکانی دەوڵەت هەڵدەکوتنە سەر ماڵان، بەڵام گەل، سەرباری هەموو هێرشە قورسەکانیش خۆڕاگری دەکات. دوکانداران لە دژی ئەو هەڵوێستەی دەوڵەت ماوەی هەفتەیەک دوکانەکانیان نەکردەوە.
“لە نێوماندا ئازاترینمان منداڵێکی تەمەن ١٥-١٦ ساڵ بوو”
زاگرۆس بۆکان (بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ئەو ناوە خوازراوە بەکاردەهێنرێت) لە یەکەم چالاکییەکانی بۆکاندا لە لایەن پۆلیس و جاشەکانەوە بە ڕادەیەک، کە لە هۆش خۆی چووبوو لێیدرابوو و دواجاریش بە داری کارەبایی لێیاندابوو. زاگرۆس بۆکان دەڵێت: تا لە ژیاندا بێت ئەو ستەمەی لەبیر ناچێت و لە ڕژێم خۆش نابێت.
دەڵێت: پاش ئەوەی ژینا ئەمینی لە سەقز بەخاکسپێردرا، دوای ڕۆژێک لە بۆکان خۆپیشاندان دەستیپێکرد و بەم جۆرە دوا: “خۆپیشاندانەکان دوا کوژرانی بە ناحەقی ژینا ئەمینی دەستیان پێکرد. ڕۆژی دووەم ژمارەیەکی زۆر لە سەر شەقام بوون. من چوومە سەر شەقام. تا دەهات خەڵکی زۆر کۆدەبوونەوە و ژمارەیان زیادی دەکرد. ئێمە نە دروشمێکمان دەوتەوە و نە ڕێپێوانیش هەبوو. پۆلیسەکان بەرامبەرمان وەستابوون. ئەو پۆلیسانە لە شارهکانی بناو و تەورێزەوە هێنرابوون. هەروەها لە تەنیشت پۆلیسەکانەوە هەندێک جاشی چەکداری بۆکانیش هەبوون.
زاگرۆس لە درێژەی قسەكانی باس لەو كەسە دەكات، كە بۆ یەكەمجار لە شاری بۆكان دروشمی ژن، ژیان، ئازادی وتۆتەوە و دەڵێت: منداڵێکی تەمەن ١٥-١٦ساڵی باڵابەرز، وەک ئەوەی خوشکی ئەو کوژرابێت بە توڕەییەوە لەناو ئێمەدا هاتەدەرەوە و بەرامبەر بە پۆلیسەکان وەستایەوە و هاواری کرد “ژن، ژیان، ئازادی”. ئەو پۆلیسانەی لە بناو و تەورێزەوە هێنرابوون ڕەنگە لێی تێنەگەیشتبن دەنگیان نەکرد، بەڵام ئەو پۆلیس و جاشانەی، کە کورد بوون سەری ئەو منداڵەیان گرت و لێیاندا. من و هاوڕێیەکم خۆمان پێنەگیرا و چووینە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەو منداڵە لە دەستیان ڕزگار بکەین. منداڵەکە هەڵات ئەمجارە من کەوتمە دەستیان”.
“هەتا بوورامەوە لێیاندام”
زاگرۆس بۆکان دەڵێت: بەردەوام بە دار، لەقە و کلکی دەمانچە لێیانداوە و ئەویش خۆڕاگری کردووە دواجار بە داری کارەبایی لێیانداوە و لە جوڵەیان خستووە. دەڵێت: ئەگەر بە هۆی هاوڕێکانیەوە نەبوایە پۆلیسەکان دەیانخستە ناو ئەمبوڵانسەوە و دەیان ڕفاند.
دوای ئەوەی چالاکوانان زاگرۆس بۆکان لە دەست پۆلیسەکان ڕزگار دەکەن دەیبەنە ماڵێک، تا دێتەوە هۆش خۆی. بەڵام بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەکان پارێزراو نین هەر لە ماڵەوە چارەسەری بۆ دەکرێت و زاگرۆس بەم جۆرە بەردەوام دەبێت: “من نەمهێشت منداڵێک بکەوێتە دەست ئەو دڕندانە. چالاکوانانیش نەیانهێشت پۆلیسەکان من بهرن. من ڕشابوومەوە و لە هۆش خۆم چووبووم. تا دوو کاتژمێر دواتریش بڕوام نەدەکرد، کە زیندووم. هێشتاش بەتەواوەتی نەهاتوومەتەوە سەرخۆم”.
هێشتاش شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەی زاگرۆسەوە ماوەتەوە. لەلایەکی دیکەوە وێنەی ئەو ڕۆژە بە من نیشان دەدات، کە گرتوونی و لەلایەکی تریشەوە شوێنی لێدان لە سەر جستەییم پێ نیشان دەدات.
“ئەو منداڵە ١٥-١٦ ساڵە لە هەموومان ئازاتر بوو”
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی “سەرباری ئەوەی دەتزانی کاتێک منداڵەکە لە دەست پۆلیسەکان ڕزگار دەکەیت، هەمان شت بەسەر خۆشدا دێت، چی هانیدای بەرەو لای ئەو منداڵە بچیت؟” زاگرۆس بۆکان دەڵێت: “کاتێک لەو منداڵەیان دەدا وەک ئەوە وابوو لە کوڕەکەی منیان دەدا. مەگەر ئەو منداڵە لەبەر کوردبوون و داواکاری بۆ ئازادی نەهاتبووە سەر شەقام. منیش هەر لەوپێناوەدا لەوێ بووم. کەسێکی ناسیاویش نەبێت ئەگەر لەوکاتەدا کەسێک نەیاری تۆش بێت هەموو شتێک دەخەیتەلاوە و بەهانایەوە دەچیت. بۆ مەگەر هەموو ئەو هاوڕێیانەمان، کە شەهید دەبن هەر بە جۆرە نەبوون. لەبر ئەوەی چیتر خۆیان پێناگیرێت و خاوەنداری لە شەهیدەکانی پێش خۆیان دەکەن ئەوانیش شەهید دەبن. کەس هەنگاو بۆ دواوە نانێت و پاشەکشە ناکات.
زاگرۆس له درێژهی قسهکانی بهم جۆره باسی بوێری ئهو منداڵه دهکات: بەڵێ ئەو منداڵێکی ١٥-١٦ ساڵ بوو، خوێنگەرم بوو. بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین بوێری و ئازایەتی ئەو منداڵە چەند هێندەی من بوو. کەس لە ئێمە نەیوێرا دروشمێک بڵێتەوە، بەڵام ئەو گەنجە چووە بەردەم پۆلیسەکانە و سەری بەرزکردەوە و بە بێ ترس وتی “ژن ژیان ئازادی”. لەبەر ئەوەش دەبوایە ئێمە لەدەست پۆلیس ڕزگارمان بکردایە. ئەگەر لەو ساتەشدا بکوژرامایە بۆ من شانازی دەبوو. هەر بۆیە ئەو منداڵەم لە دەست ئەو دڕندانە ڕزگار کرد. بەم جۆرە من کەسێک، کە لە من ئازاتر و بوێرتر بوو، ڕزگارم کرد. هەندێکجار لەگەڵ هاوڕێیانمان قسەدەکەین، هەمووان وادەڵێن. ئەگەر نەوەی ئێمە ئازایەتی ئەو گەنجانەمان هەبوایە ڕەنگە ئێستا لە قۆناغێکی باشتردا بووینایە”.
“دەوڵەت نکۆڵی لە دەستبەسەرکردنەکان دەکات”
پرسیاری ئەوەی لێدەکەم ‘ئەگەر ئەو منداڵە بخرایە ناو ئەو ئەمبوڵانسە و دەستبەسەر بکرایە چی بەسەر دەهات؟’ زاگرۆس بۆکان لەوبارەوە زانیاریی سەرنجڕاکێشی پێدام و وتی، “لە ڕۆژهەڵات و ئێران دوای خۆپیشاندانەکان و هەروەها هەڵکوتانە سەر ماڵان بەسەدان کەس دەستبەسەرکراون. ماوەی دەستبەسەرکردن هەندێک جار زیاتر لە دوو مانگ دەخایەنێت. هەروەها دەوڵەت نکۆڵی لە دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دەستبەسەرکراوان دەکات. هەندێک بنەماڵەش وابیردەکەنەوە کە ئەگەر دەنگ هەڵنەبڕن و باسی نەکەن زووتر منداڵەکانیان ئازاد دەکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە. هێزەکانی ڕژێم زۆر ستەمکار و توندوتیژن. من زۆر لەوانە دەناسم، کە لە زیندان ئازاد بوون، کاتێک باسی بەسەرهاتی خۆیان دەکەن تەزوو بە لەشی مرۆڤدا دێت. ئەگەر لەو کاتەدا ئەو منداڵەیان بخستایە ناو ئەو ئەمبوڵانسەوە کەس نازانێت چی بەسەردا دەهات. بۆ مەگەر ژینا هەر بەو جۆرە دەستبەسەر نەکرا و تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە”.
“دەیان ساڵە خوێنی ئێمە دەڕێژن”
زاگرۆس بۆکان ٣٦ ساڵ تەمەنیەتی و کوڕێکی هەیە. دەڵێت: لەو ٣٦ ساڵەی تەمەنیدا زۆر ڕووداوی لە کوژرانی ژینا خراپتری بینیووە و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: “دەیان ساڵە لەم نیشتمانەماندا خوێنی ئێمە دەڕێژن. ئێمە لە ژێر ستەم و زۆرداریداین. منداڵەکانمان ناتوانن بە زمانی خۆیان پەروەردە بکرێن. ئەو برایانەمان، کە خاوەنداری لەمافەکانیان دەکەن و تێدەکۆشن لەسێدارە دەدرێن. ئەوەی بەسەر ژیناشدا هات ئاڵقەیەک لە کردهوە دڕندانەیە بوو، بەڵام ئەو بوو بە هێما و ڕەمز. هەموو ئامانجی ئێمە و شەهیدبوونی ئەو هەموو مرۆڤە لە پێناو منداڵەکانماندایە، کە تەمەنیان لە خوار ٢٠ ساڵەوەیە، بۆ ئەوەی ئەو ستەم و زۆردارییەی ئێمە بینیومانە ئەوان نەیبینن. لەوپێناوەدا لە ماوەی ئەم دوومانگەدا سەدان کەس گیانیان بەخت کردووە”.
“ئێرانییەکان ئیتر شەرم دەکەن بڵێن ئێمە ئێرانین”
زاگرۆس بۆکان دەڵێت: خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٩ی لەبیر ماوە و بەم جۆرە دوا: “لە خۆپیشاندانانەدا گەل لە دژی بێکاری، گرانی و هەڵاوسان ناڕەزایەتی دەردەبڕی، بەڵام ئەمجارە بەرامبەر بە شکاندنی شکۆ چالاکی دەکەن. هەر بۆیە ئەگەر ئابڕو و شکۆی مرۆڤێک بشکێنن، هیچی بۆ نامێنێتەوە. هەروەها هیوای ئێمە بەهێزن، چونکە هەموو گەلی ئێران دەزانن ئەوەی کراوەتە ئامانج کەسایەتی و شکۆی ئەوانە. لێرەدا ناڕەزایەتیەکان تەنیا بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ نییە، لەبەرامبەر لە قاڵبدانی ژیانی ئێمەیە. بیر لەوە بکەنەوە وڵاتێک و کلتورێکی لەمێژینەی بەم جۆرە هەیە، بەڵام ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات شەرم دەکەن بڵێن ئێرانین. لەبەر ئەوەیە گەلانی ئێرانی دەیانەوێت وڵاتەکەیان وەربگرنەوە. ئێمە لەو بڕوایەداین ئەم نەوە نوێیە لە سایەی ئەم خۆپیشاندانانە هەناسەیەکی بە بەردا دێتەوە و هەر هیچ نەبێت لە وڵاتێکی ئازادتردا دەژین.
“ئاخۆ مرۆڤەکان بکوژرێن و منیش لە ماڵ پاڵ بدەمەوە؟”
زاگرۆس بۆکان بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: ” شەرەف و کەرامەت بۆ هەر مرۆڤێک گرنگترین شتە. ئەگەر لە شەقامدا خەڵک بکوژرێن دەبێت من لە ماڵی خۆم بە ئاسودەیی پاڵ بدەمەوە؟ ناتوانم ئەوە قەبوڵ بکەم. دەهێندەی ئەوەی بەسەرم هاتووە ئەگەر بەسەرم بێتەوە جارێکی تر دەچمەوە سەر شەقام خاوەنداری لە شکۆی خۆم دەکەم، ئەگەر بە دڵی خۆم نەتوانم کوڕەکەم بنێرمە خوێندنگە، ئەگەر نەتوانم دەستی بگرم و لە شەقامدا لەگەڵیدا پیاسە بکەم، کەواتە ژیان چ واتایەکی هەیە. مردن لەو ژیانە باشترە”.
“ئێمە لەگەڵ ژن و ژیان دەگەینە ئازادی”
زاگرۆس بۆکان لە کۆتاییدا لەبارەی بڵاوبوونەوەی دروشمی “ژن ژیان ئازادی” وتی: “واتایەکی ئەو دروشمە چەندین ساڵە لە ڕۆژهەڵات هەیە. هەروەها لە مێژە ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان هەیە. لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهابادیش ژن پێشەنگایەتیان دەکرد. لە باکوور و رۆژئاوا دەبینین کە شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان گەیشتووەتە چ ئاستێک. بەوە سەربەرزین و شانازی پێوەدەکەین. لەو بڕوایەداین ئەو پێشەنگایەتییە لە ڕۆژهەڵاتیش وەک سەردەمە مێژوویەکانی دەگەڕێتەوە. لە بۆکان گەل لەو بڕوایەدایە کە لەگەڵ ژن و ژیان دەگات بە ئازادی”.
گهشته مهترسیدارهكهی ڕۆژنامهنووسێكی باكوور بۆ ناو جهرگهی خۆپیشاندانهكانی ڕۆژههڵات- بەشی یەکەم
گەشتە مەترسیدارەكەی ڕۆژنامەنووسێكی باكوور بۆ ناوجەرگەی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵات- بەشی دووەم
گەشتە مەترسیدارەكەی ڕۆژنامەنووسێكی باكوور بۆ ناوجەرگەی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵات- بەشی پێنجەم
ڕ. ڕ